سپوتنیک-١

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

سپوتنیک–١ بە ئینگلیزی (Sputnik ١ ) ، بە روسی (Спутник-١) ، یەکەم مانگی دەستکرد بوو کە یەکیەتی سۆڤیەتی جاران بۆ یەکەم جار لە مێژودا دروستیکرد و سەرکەوتوانە رۆژی ٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٥٧ بەرەو بۆشایی ئاسمان ھەڵیدا.. ئەوێ دەمێ جەنگی سارد لەنێوان بلۆکی خۆرھەڵات و خۆرئاوا زۆر گەرم بوو، بەم کارەش یەکیەتی سۆڤیەت ھەموو دنیای خۆرئاوای بە تایبەت ئەمەریکاییەکانی سەرسام و توشی شۆک کرد. ھەڵدانی ئەم مانگە دەستکردە یەکێکە لە روداوە گرنگەکانی سەدەی بیستەم کە بەھۆیەوە پێشبڕکێ و کێبەرکێ ی تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان سەریھەڵدا و مرۆڤایەتی گەیشتە چاخێکی نوێ کە بە چاخی بۆشایی ئاسمان ناو دەبرێت.. ئەم کارەی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران بووە ھۆی ئەوەی لە نێو ئەمەریکا بانگەوازی ریفۆرمکردن و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی سیستەمی خوێندنی زانستی بکرێت . ئەم مانگە دەستکردە وەک تۆپێکی خڕ لە کانزای ئەلەمنیۆمی نەرم دروست کرابوو کە تیرەکەی ٥٨ سەنتیمەتر بوو، کێشەکەشی ٨٣ کیلۆگرام بوو، ، ئەم مانگە دەستکردە لە رێگای دوو دەزگای رادیۆیی ( ٢٠ و ٤٠) میگاھێرزەوە زانیاریەکانی خۆی لە شێوەی پەیامی رادیۆییدا بۆ زەوی دەناردەوە، سپۆتنیک – ١- بە درێژایی ٢٢ رۆژ زانیاری زۆر بەنرخ و گرنگی رەوانەی زەوی کردەوە بەڵام ئیتر پاش خاڵی بوونەوەی پاتریەکانی پەیوەندیە رادیۆییەکانی پچڕان و دووای سێ مانگیش لە یەکەم رۆژی ھەڵدانیەوە و بڕینی ماوەی ٦٠ ملیۆن کیلۆمەتر، لە رۆژی ٤ی ژانیوەی ١٩٥٨ دا بەھۆی دروست بوونی لێخشانێکی زۆر لەگەڵ بەرگی ھەوایی ئەتمۆسفیر سوتا و لەناو چوو. سپۆتنیک – ١ – بەھۆی رۆکێتێکی تایبەتەوە لە جۆری R-٧ روانەی بۆشایی ئاسمان کراو لە بەرزی ٢٢٧ – ٩٤٥ کیلۆمەترەوە بە دەوری زەویدا دەسوڕایەوە و بە ٩٨ خولەک یەک سوڕی تەواوی بەدەوری گۆی زەویدا لێدەدا و زانیاری لەسەر بەرگە ھەوای ئیۆنۆسفیر Ionosfeer بۆ زەوی دەناردەوە، ئەم زانیاریانە زۆر گرنگ بوون بۆ ئەوەی زاناکان چڕیی بەرگە ھەواییەکانی دەوری زەوی بزانن وبتوانن لە داھاتودا ئامێری پەیوەندی پێشکەوتوو دروست بکەن بەجۆرێک لە رەوشێکی وەک لەدەستدانی کێش و سەنگ و تەرازوو لە بۆشایی ئاسمان بتوانن مامەڵە بکەن..دوای سپۆتنیک – ١ – دیسانەوە سپۆتنیک – ٢ – ئەوجا سپۆتنیک – ٣ – روانەی بۆشایی ئاسمان کران...