ھەوری (شاعیر)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
أ. ب. ھەوری

لەدایکبوون١٩١٢
مەرگ١٩٧٩
پیشەشاعیر، نووسەر


أ. ب. ھەوری (ناوی تەواو: ئەبووبەکر کوڕی شێخ جەلال کوڕی شێخ تەھا)، شاعیر و نووسەرێکی سەدەی بیستەمی کورد بوو. لە ساڵی ١٩١٢ لە گوندی چنارەی نزیک دەربەندیخان لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٧٩ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

ژیان[دەستکاری]

سەرەتای فێربوونی نووسینی لەلای باوکی بووە. ساڵی ١٩٢٥ ماڵیان گواستووەتەوە سلێمانی. ساڵی ١٩٢٦ لە قوتابخانەی زانستیی شەوان خوێندوویەتی، پاشان قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانی تەواو کردووە. ساڵی ١٩٣٥ بووە بە قوتابی خانەی مامۆستایانی سەرەتاییی (دار المعلیمین) لە بەغدا. ساڵی ١٩٣٨ خوێندنی ئەوێی تەواو کردووە و بووە بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە ھەڵەبجە. ئینجا لە ساڵی ١٩٣٩ گوێزراوەتەوە قوتابخانەی ئەیووبییە و دواتر فەیسەڵییەی سلێمانی. لە دوای ئەوە کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی سوورداش. ساڵی ١٩٤٥ گوێزراوەتەوە سلێمانی و لە چەند قوتابخانەیەک مامۆستا بووە، تا لە ساڵی ١٩٤٩ بووە بە بەڕێوەبەری کانی ئاسکانی شاری سلێمانی، ماوەیەکی زۆر کەم لەم کارەیدا ماوەتەوە تا ساڵی ١٩٦٩ خانەنشین کراوە.

پەخشان[دەستکاری]

بەشێکی زۆر لە بەرھەمی ھەوری بە پەخشان کەوتووەتە ناوەوە، کارە گرنگەکانی لەم بەرھەمانەدا دەکەونە بەچاو:

١- دڵداری و پەیمانپەروەری: شانۆگەرییەکی حەوت پەردەییە. لە دڵداریی ڕاست دەدوێ لە پێناوی پێکەوەنانی خێزانێکی بەختیار.
٢- بووکی ژێر دەواری ڕەش: چیرۆکێکی دراماتیکییە ھەوری بەم قسانە بەخوێنەری دەناسێنێت «ئەو کچەی لێوی بەخوێنی دەستگیرانەکەی ئاڵ کرد، خەنەی شاییەکەی خوێنی لاوان و تارای بووکێنی دەواری ڕەش بوو».
٣- زینەت خان: شانۆگەرییەکی دوو پەردەییە، ناوەڕۆکی دڵداری دراماتیکییە.
٤- ڕۆژانی دێرین ١٩٢٥ – ١٩٥٨: بەشێکە لە یاداشتەکانی ھەوری جگە لە نرخی جوانکاری وەک پەخشانێکی ھونەری داھێنراو نرخێکی مێژوویی خۆی ھەیە، ھەندێ لایەنی ژیانی تایبەتیی خۆی و ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە ڕوون دەکاتەوە.

ھۆنراوەکان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٣٩ لە لیریکێکدا دەڵێ:

ئەی وەتەن تۆ وا مەزانە شادمانم ئارەزووی سەیران ئەکەم
حەز بەلەنجەولار و شێوەی دیدە مەخمووران ئەکەم
سەد چاوی خوماری عیشوەداری کەچ کولاھ
بۆ سەعاتێک شادمانی خاکەکەت قوربان ئەکەم
نامەوێ بۆ چیمە بەزم و دەبدەبە جانانی شەو
من تەمەننامەی بەزمی وەسڵی خاکەکەی کوردان ئەکەم
شەو لە داخی تۆیە ڕۆژ بەیادی شەوتەوە
مەیلی دەشتی چۆڵی پەستی گەرمی گوێی سیروان ئەکەم
شەرتە ئێسکم تا نەبێتە خاک لە بۆ کۆشکی ووڵات
من لە قەبرا بۆ کەساسیت شیوەن و گریان ئەکەم
ئەی وەتەن با جارێ وابێ تا ھەلێکت دێتە پێش
تێدەگەی ئەوسا شێرانە ئارەزووی مەیدان ئەکەم
ئەی وەتەن من خام و خامەش دەردی تۆی گرتۆتە بەر
ئەم قسانەش ئاگرە و (ھەوری) بێ بەرپا ئەکەم

لە ھۆنراوەیەکدا بەناوی «تاوانی ئەتۆم» لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ ھیرۆشیما و ناگازاکی دەڵێ:

تاوانی ئەتۆم
لەسەر ئەم زەوییەی تەوەرە کۆماو
ڕاستی نابینیت تۆ ھەرگیز بەچاو
بۆ بەرەی بێ دەست نییە ترووسکە
گەر باوەڕ ناکەیت لە ژاپۆن پرس کە
لە ھیرۆشیما بەڵگەی نام و نەنگ
بۆچ مافی ژیان وا کرا بەپەند
بۆ ئەوەی زۆردار زیاد بێت بەدەستدار
ئەبێت بێ دەستان بمرن بەھەزار
ھەر بەیەک بۆمبای ئەتۆمی بەدناو
دوو سەد ھەزار کەس بوو بەھەڵمی ئاو
بۆمبا ھاوێژیش بەھیچ تەر نەبوو
بێدەنگ بێ سزا بەگورجی دەرچوو

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەرەکانی ٢٢٩ تا ٢٣٥، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.
  • مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی سێیەم، سدیق بۆرەکەیی، لاپەڕە ١٠٥ تا ١٠٩، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر ٢٠٠٨.