ویکیپیدیا:ئاکار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شارستانییەت یەکێکە لە سیاسەتەکانی وتووێژی ویکیپیدیا و یەکێکە لە پێنج کۆڵەکە. سیاسەتی شارستانییەت داوای چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەکات کە دروست دەبن بە بەڕێزی و داوا لە ھەموو بەشداربووانی ویکیپیدیا دەکات کە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتری بکەن و بە شارستانی ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن. بەخێرھاتنی ھەموو بەشدارییەکانی بەکارھێنەران لە ویکیپیدیا دەکەین، بەڵام پێویستە لەگەڵ دەستکاریکردن و پێشخستنی ویکیپیدیاش، ئارامیی کۆمەڵگەکە بپارێزرێت و بەردەوام ڕێز لە یەکتری بگیرێت لەکاتی وتووێژکردندا. ھەرچەندە وتووێژەکە گەرمیش بێت، دەبێت بەکارھێنەران خۆیان بە ئارامی ڕابگرن و لەجێی ئەوەی ھەوڵ بدەن بە بێڕێزی بەکارھێنەرانی تر دەمکوت بکەن، ھەوڵ بدەن بە سەرچاوەوە قسە بکەن. تکایە ھەرگیز لە بابەتی وتارەکە لامەدەن و لەسەر پەڕەی وتووێژەکان باسی گشتی بابەتەکە مەکەن. پەڕەکانی وتووێژ بۆ چاکسازی وتارەکان و ئاماژەدان بە کێشەکانی داندراوە، نەک بەکارھێنانی بۆ باسکردنی بابەتی وتارەکە.

یەکگرتوویی[دەستکاری]

لە ویکیپیدیا بەردەوام بیر و بۆچوونی جیاواز ھەیە و زۆرجار ئەمەش دەبێتە ھۆی دەمەقاڵێی گەرم لە نێوان ئەنداماندا. لەم پڕۆسەیەدا، لەوانەیە ھەندێک لە بەکارھێنەران بە شێوەیەکی ناپێویستانە ھێرش بکەن یاخود توند بن لە وەڵامەکانیاندا. ئێمە داوا لە بەکارھێنەران دەکەین کە ھەرچەندە ئەوان ڕاستیش بن لەکاتی وتووێژدا، بەردەوام خۆڕاگر بن و ھێرشی کەسی بە ھیچ شێوەیەک نەکەن. ھەروەھا داوا لەو بەکارھێنەرانە دەکەین کە ھێرشی بەردەوامیان دەکرێتە سەر، کە لەجێی ئەوەی وەڵام بدەنەوە، سکاڵایەک تۆمار بکەن بۆ بەڕێوەبەران تاکو ئەو بەکارھێنەرەی کە ھێرشی بەردەوام دەکات بەربەستی بکەن، یانیش نێوبژیوانی بکات. داوا لە ھەموو بەکارھێنەران دەکەین کە لێکدانەوەیان باش بێت، لەوانەیە ھەندێک کات قسەیەکی ئاسایی بە ھێرش تێبگەن.