پرۆپاگەندە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پرۆپاگەندەی ئەمریکا بۆ ترساندنی خەڵک لە کۆمۆنیستەکان

پرۆپاگەندە یان بانگەشەی سیاسی شێوازێک لە پێوەندییە کە تێیدا زانیاری بە شێوازێکی ھاوھەنگاو و لە جەھەتێکی تایبەت بۆ شکڵدانی بیرۆکەی کۆمەڵگا بۆ لایەنێکی تایبەتی سیاسی و گۆڕان و کەڵک گرتن لە بیرۆکەی خەڵک بڵاو دەبێتەوە.[١]

ئەم بانگەشەیە تایبەتە بۆ چوونە نێو پۆستێکی سیاسی، لەوانە سەرۆکی وڵات، یان بوونە ئەندام پەرلەمان. ئەم بانگەشەیە زۆرجار کەسەکە لە کەناڵێکی ڕاگەیاندن وەک بانگەشە بەڵێن بە خەڵک یان جەماوەرەکەی دەدات کە ئەگەر ھاتوو ببێتە خاوەن ئەو پۆستە چ کارێک دەکات، یان زۆر جار دەبینرێت کەسەکە بۆ بانگەشە دەچێتە نێو خەڵک و ڕای ئەوان وەردەگرێت کە ئەو چی بکات کاتێک بگاتە ئەم پۆستە. زۆر جار پرۆپاگەندە بووەتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە پلەیەک لەلایەن سیاسەت مەداران و لە جیھانی ئەمڕۆ سیاسەتمەدارەکان تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک ئامرازێک بەکاردەھێنن بۆ خۆنزیککردنەوە لە کۆمەڵگە و زانینی بار و گوزەرانی خەڵکی وڵات.

لە سەدەی بیستەم بەشێوەیەکی گشتی دەستەواژەی پرۆپاگەندە پەیوەست بوو بە ھەر کردەیەکی ھەڵخڵەتێن و فێلبازانە.

ژمارەیەک ئامراز و ڕاگەیاندنی زۆر و بەرفراوان بەکاردێن بۆ گواستنەوە و گەیاندنی نامەکانی پرۆپاگەندە کە ئەم ئامرازانەش لەگەڵ گۆڕان و بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆژیای نوێ گۆرانکاڕییان بەسەر ھاتووە، وەک وێنەی کێشراو، کارتۆن، پۆستەر، بڵاوکراوە، فیلم، بەرنامەی ڕادیۆیی، بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی و ماڵپەرە ئەلکترۆنییەکان. لەم ساڵانەی دوایی سەردەمی دیجیتاڵی بووەتە ڕێخۆشکەر لە سەرھەڵدانی ڕێگەی نوێ لە بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندە وەک بەکارھێنانی ھاوکێشەی ماتماتیکی بۆ دروستکردنی پرۆپاگەندەی ئەلکترۆنی، ھەواڵی ساختە و ھەواڵی لایەندار، بەمەبەستی بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

پرۆپاگەندەی ئایینی[دەستکاری]

زۆرجار پرۆپاگەندە بەکارھاتووە بەمەبەستی کارتێکردنی بۆچوون و باوەڕی کۆمەڵانی ھاوڵاتی لەسەر کێشە ئایینییەکان و بەتایبەتی ئەو کێشە دیاریکراوانەی ھۆکاری سەرەکیی جیاوازیی نێوان ڕێبازی کەنیسەی کاتۆلیکیی ڕۆمانی لەگەڵ کەنیسە پرۆستانتەکان بوون. ھەروەھا پرۆپاگەندە بەشێوەیەکی بەرچاو لە گفتوگۆی جوڵانەوە ئایینییە نوێیەکان بەکاردێت، لەلایەن ئەو کەسانەی لایەنگری ئەم جوڵانەوانە و ئەو کەسانەشی دژی ئەو جوڵانەوانەن.[٢]

پرۆپاگەندەی کاتی جەنگ[دەستکاری]

لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە، بەکارھێنانی وشەی «پرۆپاگەندە» زۆرجار بۆ مەبەستی سیاسی یان نەتەوەیی بووە یان بۆ مەبەستی ھاندانی چەند بیرۆکەیەکی دیاریکراو. پرۆپاگەندە چەکێکی یەکجار بەھێزە لە جەنگەکان و بەکاردێت بۆ لە مرۆڤخستن و دروستکردنی کینە بەرامبەر بە دوژمنێکی دیاریکراو، لەڕێی دروستکردن و کێشانی وێنەیەکی ھەڵە لە مێشکی سەرباز و ھاوڵاتیانی وڵاتەکە، کە دەکرێت ئەو دوژمنە ناوخۆیی یان دەرەکی بێت. دروستکردنی ئەم وێنەیە دەکرێت لەڕێی بەکارھێنانی دەستەواژەی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری یان دروستکردنی تۆمەت لەسەر پێشێلکارییەکانی دوژمن. لە کاتی جەنگ، زۆرینەی ھەوڵەکانی دروستکردنی پرۆپاگەندە دەبێت وا لە دانیشتووانی نیشتمانەکە بکات کە زانیارییەکان ڕاست و دروستن و ھۆکاری بەرپاکردنی جەنگ لەلایەن وڵاتەکەیانەوە ھۆکارێکی دادپەروەرانەیە. بەپێی بنەماکانی ڕێکخراوەی ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (NATO) پرۆپاگەندە پێناسەکراوە بە «ئەو زانیارییانەی لایەندارن یان سروشتێکی ھەڵخلێتەنەریان ھەیە کە بەکاردێت بۆ ھاندانی دۆزێکی سیاسیی یان گۆشەنیگایەکی دیاریکراو.» بەپێی ئەم پێناسەیە ئەو زانیارییەی بڵاودەکرێنەوە مەرج نییە «ھەڵە» بن، بەڵکوو تەنھا پێویستە پەیوەستدار بێت بە ئامانجەکانی ئەو کەسە یان دامەزراوەیەی کردەکە ئەنجام دەدات و کارەکتەری سەرەکیی کردەکەیە.[٣][٤]

پرۆپاگەندەی ڕێکلام[دەستکاری]

ئامرازەکانی پرۆپاگەندە ھاوبەشی و ھاوشێوەیییان ھەیە لەگەڵ ئامرازەکانی ڕیکلام و پەیوەندییە گشتییەکان. دەکرێت بیریان لێ بکەیندەوە وەک پرۆپاگەندەیەک کە ھەڵدەستێت بە لایەنگریی کردن یان کێشانی وێنەیەک بۆ ڕێکخراو، کەس یان بەرھەمێکی بازرگانی. بۆ نموونە، لە دوای سەرکەوتنیان لە (جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ی لوبنان) حیزبوڵا ھەستا بە ڕێکخستنی کۆبوونەوەی جەماوەری گەورە کە سەرۆکی حیزبەکە "حەسەن نەسروڵا" لە وتار و قسەکانی چەند توخمێکی شێوەزاری عەرەبی ناوچەکەی تێکەڵ بە عەرەبی کلاسیکی دەکرد بەمەبەستی گەیشتن و بڵاوبوونە بە کۆمەڵانی دەرەوەی لوبنان. لەگەڵ دەرکردنی چەندین بەرھەم کە نیشانە، ڕەنگی ئاڵا و ناو و وێنەی حیزبەکەی لەسەربوو و بەرھەمەکان بۆ تەواوی تەمەنەکان ئامادەکرابوو. ئەم شێوازە لە پرۆپاگەندە یارمەتیدەر بوو لە ناساندنی حیزبەکە لە تەواوی ناوچەکە.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ http://www.etymonline.com/index.php?term=propaganda ٢ی تەممووزی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "Online Etymology Dictionary". Retrieved 6 March 2015.
  3. ^ Bernays L, Edward (1928). Propaganda. Liveright: Horace. p. 9.
  4. ^ Martin, Everett Dean (March 1929). Leach, Henry Goddard (ed.). "Are We Victims of Propaganda, Our Invisible Masters: A Debate with Edward Bernays" (PDF). The Forum (بە ئینگلیزی). Forum Publishing Company. 81: 142–150. Retrieved 22 February 2020.
  5. ^ Davison, W. Phillips (1971). "Some Trends in International Propaganda". The Annals of the American Academy of Political and Social Science. 398: 1–13. doi:10.1177/000271627139800102. ISSN 0002-7162. JSTOR 1038915. S2CID 145332403.