ویکیپیدیا:قسەی ناڕاست دروست مەکە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مەبەست لە قسەی ناڕاست نووسین و بڵاوکردنەوە یاخود دروستکردنی شتێکە کە وا نییە، بۆ ئەوەی وا لە خوێنەران بکرێت کە باوەڕ بە شتێک بکەن کە لە ڕاستیدا وا نییە، ھەندێکجار ئەمە بە مەبەستی لایەنگری ڕوودەدات. ھەمووکەسێک ئازادە لە دەستکاریکردن و کارکردن لەسەر ویکیپیدیا، بۆیە ویکیپیدیا زۆر ڕووبەڕووی ئەم جۆرە کردارانە دەبێتەوە. ویکیپیدیا داوا لە ھەموو بەکارھێنەران، دەستکاریکەران و خوێنەران دەکات کە خۆیان بەدوور بگرن لە دانانی زانیاری ھەڵە بۆ ئەوەی ویکیپیدیا تاقی بکەنەوە، لە ویکیپیدیا ھەموو دەستکارییەکان دەتوانرێن بە ئاسانی ببیندرێن و بەڕێوەبەران و بەکارھێنەرانی تر دەتوانن زانیاری ناڕاست و خراپەکارییەکان کە دەکرێن بیانگەڕێننەوە و ئەگەر بەکارھێنەر دوای ئاگادارکردنەوەی ھەر لەم جۆرە کردارانە بەردەوام بوو، ئەوا بەربەست دەکرێت.

ئەو وتارانەی کە پێویستە بە ھەمووشێوەیەک لە خراپەکاری بەدووربگیرێن[دەستکاری]

ئەگەر ھاتوو وتارێک لەبارەی کەسێکەوە (یان کەسایەتییەکەوە) کە لە ژیاندایە خراپەکاری تێداکرا و پەڕەکەی شێواندرا، دەتوانێت ویکیپیدیا تووشی کێشەی یاسایی بکات و ئەو بەکارھێنەرەی کە ئەو خراپەکارییەشی کردووە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، چونکە ئەمە کردەوەیەکی نایاساییە. ھەروەھا بەتایبەتی وتارەکان کە ڕێنمایی دەدەن لەسەر تەندروستی و فێرکاری دەبێت بە ھەموو شێوازێک لە خراپەکاری بەدوور بگیرێن. چونکە زۆرجار خوێنەرەکان تاقیدەکەنەوە و دەبێتە ھۆی ئازار پێگەیشتنیان یان، لە ھەندێک حاڵەتدا، مردن. ئەو وتارانەی کە زانیاری زانستی دەدەن دەبێت لە ھەڵە، زانیاری ناڕاست و خراپەکاری بپارێزرێن. لە ئێستادا قوتابییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر پشت دەبەستن بە ویکیپیدیا و ئەگەر زانیاری ھەڵە پێشکەش بکەن لەوانەیە ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە و تووشی شەرمەزاری ببن. بۆیە تکایە ویکیپیدیا بۆ خراپەکاری و دروستکردنی قسەی ناڕاست بەکارمەھێنە.

ویکیپیدیا باشتر بکە[دەستکاری]

لەجیاتی ئەوەی خراپەکاری بکەیت، ھەوڵبدە ویکیپیدیا چاک بکەیت، تاکو ببێت بە سەرچاوەیەکی زانیاری پوخت و باش. لەجیاتی ئەوەی خراپەکاری بەکاربێنیت بۆ ئەوەی بزانیت ویکیپیدیا ڕاستی دەکاتەوە یان نا، بەدوای ھەڵە بگەڕێ لە وتارەکاندا و بزانە تە چەندێکە ئەو ھەڵەیە ھەیە، وە ئەگەر کراش دەتوانیت ھەڵەکە ڕاستبکەیتەوە. لەبیرتبێت کە ویکیپیدیا داوای سەرچاوەی باوەڕپێکراو دەکات بۆ ھەر زانیارییەک یاخود بانگەشەیەک کە دەکرێت لە وتارەکاندا.