ویکیپیدیا:سیاسەتی دەستکاریکردن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ویکیپیدیا ماڵی ھەزاران لە نووسەر و بەکارھێنەرانە و لە ئێستادا ٥٤٬١٨٣ وتاری ھەیە. ھەموو ئەو وتارانە لە لایەن بەکارھێنەرانەوە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە نووسراونەتەوە. ویکیپیدیا پارە بە بەشداربووانی پرۆژەکە نادات بۆ نووسینەوەی وتار. لەم پرۆژەیەدا، چەندین بەکارھێنەر پێکەوە کار دەکەن لە ژێر چاودێری بەکارھێنەرە پێشکەوتووترەکان بۆ چاکسازیکردن و پەرەوپێشبردنی پرۆژەکە. ویکیپیدیا بەخێرھاتنی ھەموو بەشداربووان دەکات و ھانی ھەمووان دەدات بە ھەر شێوەیەک بێت یارمەتی ئەم پرۆژەیە بدەن تا ببێتە ئامرازێک بۆ داھاتوویەکی گەشتر و پڕ زانیاری.

زیادکردنی زانیاری بۆ ویکیپیدیا[دەستکاری]

ویکیپیدیا سەرچاوەیەکە کە پوختەی ھەموو زانیارییە زانستنامەییەکان دەخاتە ڕوو بە بێ بەرامبەر. ھەموو ئەو ناوەرۆکانەی لە ویکیپیدیا ھەن ئازادن و ھەموو کەسێک بە بێ پرسیارکردن لە ھیچ لایەنێک مافی بەکارھێنانیان پێ دراوە. دەتوانیت وەک زانستنامەیەکی ئازادی سەر ھێڵ سەیری ویکیپیدیا بکەیت. ویکیپیدیا داوا لە ھەموو بەکارھێنەران دەکات کە ئازا بن لە پەرەپێدان بە وتارەکان و بەشداریکردنیان، بەڵام ھەمیشە لەبیرتان بێت کە لەگەڵ ئازایەتییەکەتاندا، سیاسەتەکان مەشکێنن و یاری بە سیستم مەکەن. ھەمووان دەتوانن پەرە بە ویکیپیدیا بدەن، یان بە دروستکردنی وتاری نوێ، چاکسازیکردن لە وتارێکدا کە ھەیە، ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەران لە کێشە تەکنیکییەکان، و ھتد. ھەزارەھا ڕێگە ھەیە بۆ پەرەپێدان بە ویکیپیدیا. ھەموو بەشداربووان بە بێ جیاوازی داوالێکراون کە لە کاتی نووسینەوەی وتار ئاماژە بە سەرچاوەکانیان بدەن و خۆیان لە دروستکردنی قسەی ناڕاست و وتەی بێسەرچاوە بەدوور بگرن. پێویستە ھەمووان بزانن کە توێژینەوەی سەرەتایی قەدەغەیە و ویکیپیدیا تەنیا پشت بە سەرچاوەی جێباوەڕ دەبەستێت. ئەو وتارانەشی کە بێسەرچاوەن یان سەرچاوەکانیان لاوازە، لەوانەیە بە خێرایی بسڕدرێنەوە، بە تایبەتی ئەگەر لەسەر ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکان بوون. باشترین شێواز بۆ زیادکردنی سەرچاوە لە ڕیزی دەقە ھێنراوەکەیە بە بەکارھێنانی<ref> (وپ:ئبس ببینە بۆ تێگەیشتن و فێربوون لە چۆنێتی ئەنجامدانی ئەمە).

شتێکی تر کە ھەموو بەکارھێنان پێویستە ئاگاداری بن مافی لەبەرگرتنەوەیە. ویکیپیدیا ناوەرۆکی ئازادە، واتە ناوەرۆکەکانی وەک وتار و دارێژەکان مافیان نەپارێزراوە و ھەمووان بە بێ جیاوازی مافی بەکارھێنانەوەی دەقەکانی ویکیپیدیایان ھەیە، بەڵام زۆرێک لە ماڵپەڕ و کتێبەکان و سەرچاوەکانی تر وا نین و مافی دەقە بڵاوکراوەکانیان پارێزراوە، واتە بە پێچەوانەی ویکیپیدیاوەن. بە ھۆی ئەمەوە ھەمووان دەبێت ئاگاداری لەبەرگرتنەوە و دانانەوە (کۆپی پەیست) بن و بە ھەموو شێوەیەک خۆیان لە ئەنجامدانی ئەمە لابدەن. کاتێک دەقێک وەک سەرچاوەیەک بەکاردێنیت، پێویستە گۆڕانکاری لە دەقەکەدا ئەنجام بدەیت. بۆ نموونە با بڵێین ئەو سەرچاوەیەی زانیاری لێ وەردەگریت ئەمەی نووسیوە: ویکیپیدیا بە ھەزاران وتاری ھەیە و سەرچاوەیەکی باشە بۆ دەرھێنانی زانیاری و کارکردنی بە کۆمەڵ. تۆ دەبێت ئاوای لێ بکەیت: بە پێی فڵان سەرچاوە، ویکیپیدیا ھەزاران وتاری ھەیە و دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ دۆزینەوە و دەرھێنانی زانیاری.

وەک پێشووتر باسکرا، چەندین ڕێگە ھەیە بۆ پەرەپێدان بە ویکیپیدیا جگە لە نووسینەوەی وتار، وەک: بەسەرداچوونەوەی ئەو وتارانەی کە ھەن، دروستکردنی داڕێژەی بەسوود، دۆزینەوەی ھەڵە لە ئامراز و مۆدیوول و داڕێژەکاندا، خستنەڕووی کێشە تەکنیکییەکان بۆ کۆمەڵگە تا چارەسەر بکرێن، گەڕان و دۆزینەوەی سەرچاوە بۆ وتارە بێسەرچاوەکان و، ھتد.

نایابی پێویست نییە[دەستکاری]

ویکیپیدیا بەردەوام لە پەرەسەندندایە. کاتێک وتارێک دەنووسیت، لە بیرت بێت پێویست ناکات کە نایاب و دووروودرێژ بێت. تەنانەت ئەو وتارانەشی کە کۆلکەن و کورتن ئەگەریان ھەیە بە تێپەڕبوونی کات چاک بکرێن و بگەیندرێنە ئاستێکی باش لە لایەن بەکارھێنەرێکی ترەوە. بەڵام، ھەتاکو باشتر بێت، سوودی زیاتر دەبێت. ئەو وتارانەی کە ئاستیان بەرزە دەبن بە وتاری ھەڵبژێردراو و وتاری باش؛ بەڵام تەنانەت ئەو جۆرە وتارانەش تەواو نین و جێگەی چاکسازی و باشترکردنیان بۆ کراوەیە. ھەرچۆنێک بێت، ئەمە واتای ئەوە نادات کە ئیتر ئاساییە وتارێکی خراپ بنووسرێتەوە، چوونکە وتارەکانی کە زۆر بە ھەژارانە نووسراونەتەوە و پابەندی سیاسەتەکان نەبوون، دەسڕدێنەوە. ھەرچەندە نایابی وتارەکان پێویست نییە، ھەندێک جۆری وتارەکان، وەک ئەوانەی لەبارەی ژیاننامەی کەسایەتییە زیندووەکانەوەن، پێویستە بە توندی لەگەڵ سیاسەتەکانی ویکیپیدیا بگونجێن.

ھەوڵبدە کێشەکان چارەسەر بکەی[دەستکاری]

کێشەکان چارەسەر بکە ئەگەر توانیت، دەستنیشانی بکە یان لای ببە ئەگەر نەتتوانی. ئەگەر ڕاستیەک یان بیرۆکەیەک لە ئینسایکلۆپیدیایەکدا ھەبن، ئەبێ لە ویکیپیدیادا بھێڵرێنەوە. ویکیپدیا ئینسایکلۆپیدیایە.

بەھەمان شێوە، تا ئەوکاتەی ھەریەک لە ڕاستی و بیرۆکە نوسراوەکانی ناو بابەتێک "سەربە" بابەتێکی "تەواوکراو" بن، ئەبێ بھێڵرێنەوە ئەگەر ھاتوو سێ مەرجەکەی مانەوەیان تێدابوو: بیروو ڕای بێلایەن (مەبەست لەوە نیە ھیچ ڕایەکت نەبێ، ڕایەک ھەبێ کە بێلایەن بێت)، پشتڕاستکردنەوە و سێیەمیش توێژینەوەی ئەسڵی تێدا نەبێت.