مافەکانی مرۆڤ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە مافی مرۆڤەوە)
Jump to navigation Jump to search
یەکێک لە یەکەمین بەڵگەکانی مافنامەی جیھانی مرۆڤ

مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک بنچینە یان ڕێسای ڕەوشتین ڕەوا دەکرێت، ئەمەش لەسەر کۆمەڵێک پێوانەیی ئاکاری مرۆڤەکان کە بە گوێرەی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پارێزگاریان لێ دەکرێت.[١] بەگشتی ئەم بنەمایانە مافی ڕەوای ھەموو مرۆڤێکن و شیاوی گۆڕین و دەستکاریی نین.[٢] کە بە یەکسانی بەھۆی مرۆڤبوونی کەسەکەوە (بە تایبەتمەندی مرۆڤبوونیانەوە بەندە) پێی ڕەوا بینراوە.[٣] بێ گوێدانە تەمەن، نەتەوە، ئایین، زمان، ڕەنگ و ڕەگەز، ھەموو وەکو مرۆڤ ھاوتاین.[٢] ئەم مافانە لە ھەموو شوێنێک و لە ھەموو کاتێکدا جێبەجێ دەبن بەسەر مرۆڤەکاندا، لە ھەر کوێیەک بن لە جیھاندا، بێ جیاوازی.[٤] لە سایەی سەروەریی یاسا و سۆزی مرۆڤانەوە[٢][٤] چاوەڕوان دەکرێت کە ھەموو پێڕەوی ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤی ھەبێت بۆ مرۆڤەکانی تر،[٤] ھیچ کات ئەو مافانە لە مرۆڤ ناترازێن، مافی مرۆڤ بۆ هەموو کەسێک مافێکی ڕەسەنە و پێوەی لکاوە، مەگەر لە دۆخێکی یاسایی تایبەتی و بەھۆکاریی سەپاندنی لە ڕەوتێکی یاسایدا.[٢]

بنەمای مافەکانی مرۆڤ ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە داڕشتنی یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیھانی و ھەرێمەکاندا.[٥] کار و کردەی وڵات و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بنچینەن بۆ پێکھێنانی سیاسەتی گشتی، لەسەرانسەری جیھاندا. ھزری مافەکانی مرۆڤ پێشنیارێکە بۆئەوەی «کە بتوانرێ بوترێ وتاری گشیی کۆمەڵگا لە سەردەمی ئاشتی و تەبایدا زمانێکی ڕەوشتی ھاوبەشی ھەیە، ئەویش زمانی مافەکانی مرۆڤە».

تاکوو ئەمڕۆ ڕێڕەوی ئاراستەی مافەکانی مرۆڤ گومان و گفتوگۆی بەردەوامیان لەسەرە، لە ڕووی ناوەڕۆک و سروشتی بەڵگەھێنانەوەی مافەکانی مرۆڤ. واتای تەواوەتی بۆ زاڕاوەی ماف، گێرمەوکێشەی دروست کردوە، بووە بە بابەتێکی فەلسەفی درێژخایەن،[٦] ھاوکات کۆدەنگی تەواو ھەیە کە مافەکانی مرۆڤ دەستەیەکی جۆراوجۆرن لە مافەکان،[٧] وەکوو بوونی دادگایەکی دادپەروەر، یان پاراستن لە زۆرداریی، یان دوورخستنەوە لە کۆمەڵکوژی و زەودکردنی ئازادیی ڕادەربڕین[٨] یان مافی فێربوون، ھەندێک ناکۆکی ھەیە لەوەی ئایا ئەم بەندانەش بکرێنە ناو مافەکانی مرۆڤەوە. ھەندێک لە ڕووناکبیرانی مافەکانی مرۆڤ پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێویستە ئاستێک دیاری بکرێت بۆ نواندنی کەمترین ماف، تاکو دەستدرێژی بۆ سەر مافەکان نەکرێت و مرۆڤەکان پارێزراو بن، ھەندێکی تر پێیان وایە دەبێت پێوانەی پێچەوانەی ئەمە، واتە بەرزترین ھەبێت.[٩][١٠]

مافی مرۆڤ مافێکی ناوخۆیی یان ناوچەیی نییە، واتە تایبەت نییە بە وڵات و کەلتورو کیشوەرێکی دیاریکراو، بەڵکو مافێکی گەردونی و سنوربەزێنە. لە ڕاستیدا شتێک نییە ناوی مافی مرۆڤی کوردی یان عەرەبی، فارسی یان تورکی، ئینگلیزی یان فەرەنسی، ئەمریکی یان ئەڵمانی بێت. مافێک نییە پێی بوترێت مافی مرۆڤی رۆژئاوایی و مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی، مافی مرۆڤی ئیسلامی و مافی مرۆڤی مەسیحی، مافی مرۆڤی هیندۆسی و مافی مرۆڤی جوولەکە، مافی مرۆڤی جیهانی سێیەم و مافی مرۆڤی جیهانی ئەوروپی. ئەوەی هەیە کۆمەڵێک مافە، بۆ سەرجەم مرۆڤەکانە لە هەرکوێیەکی ئەم دونیایەدابن[٢]. مرۆڤی نێو جەنگەڵە چڕەکان و مرۆڤی نێو شارە رووناک و پێشکەوتووەکان، یەک مافیان هەیەو لە رووی مرۆڤبوونەوە هیچ جیاوازییەکیان نییە.

زۆر لەو ڕووداوە بزوێنەرانەی کە بوونە هۆی ورژاندنی مافەکانی مرۆڤ، لە ئاکارەکانی جەنگی جیهانیی دووەم و ڕوودانی هۆلۆکۆست بوون[١١]. لە ساڵی ١٩٤٨ دا و لە پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پاریس، باسی مافی مرۆڤ گەیشتە لوتکە و وەرچەرخانێکی بەخۆیەوە بینی کە پێشتر گەلان بۆچوونی تریان لەسەری هەبوو[١٢].

لە ئێستادا، مافی مرۆڤ بووەتە ئەو پێوانەیەی گەشەکردن و پێشکەوتنی وڵاتانی پێ دەپێورێت. تەنانەت دیدێک هەیە پێی وایە گرنگ نییە بە چ سیستەمێکی سیاسی وڵات بەڕێوە دەبەیت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە تا چەند هاوڵاتییەکانت خاوەنی مافەکانی مرۆڤن و تا چەند سوودیان لەو مافانە وەرگرتووە؟ ئەو مافانە رۆژانە تا چ ئاستێک لە ژیانی سەرجەم چین و توێژەکاندا رەنگیداوەتەوەو لە سایەیدا ژیانێکی شەرافەتمەندانە دەژین؟[١٣].

مافەکانی مرۆڤ لە یاسا دا[دەستکاری]

مافەکانی مرۆڤ تێهەڵکێشی هەموو ئەو بەند و یاسایانە کراون کە حکومەتەکان دایدەڕێژن لە هەموو وڵاتانی جیهاندا. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کات کاریان پێ نەکراوە، و هەندێکیان دەبنە کورتهێنان لە ڕەوایەتی مافەکانی مرۆڤ. بەڵام پێوانە نێودەوڵەتیەکان جەخت لە ڕەوایەتی ئەم مافانە دەکەنەوە کە حکومەتەکان زەودی دەکەن و ناتوانن مافەکان بەو شێوەیەی پێویستە دەستەبەر بکەن. ڕێکخراوی نێونەتەوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵستاوە بە داڕشتنی مافەکان و ڕێکخستنیان تاکوو پارێزگاریی لێ بکا و هەڵوێست بنوێنیێ و لەکاتی پێویستدا پێداچوونەوەیان بۆ بکات[١٤]. هەموو وڵاتێکی سەربەخۆ، نوێنەری هەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاکوو بتوانن لەسەر مافەڕەواکانی هاووڵاتیانی خۆیان بدوێن. هەروەها ئەم ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەهاوکاریی ڕێکخراوەکانی تری مافەکانی مرۆڤ، بەدواداچوون بۆ زەودکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن لە وڵاتانی جیهاندا. لەڕێی پێوەندیە نوێێەکانی وەکو تەلفۆن و ئینتەرنێتەوە، ئاڵوگۆڕی زانیاریی و هەواڵی هاووڵاتیان لە جیهاندا ئاسان بووە، ئەمە وای کردووە کە کاری ئەم ڕێکخراوانەش ئاسانتر بێ و بتوانن باشتر ئاگاداری ڕەوتی مافەکانی مرۆڤ بن لە هەر وڵاتێک و بەردەوام لەڕێی میدیاکانەوە، وەکوو بڵاوکراوەکان و بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکانەوە، کاردانەوەی خۆیان و بانگهێشتەکانی خۆیان بگەیەنن.

جۆرەکانی مافەکان مرۆڤ[دەستکاری]

دەکرێت جۆرەکانی مافەکانی مرۆڤ پۆلێن بکرێن بە چەندین شێواز. یەکێک لەو شێوازانە پۆلێنکردنە لە ڕووی جۆری مافەکەوە، کە دەکرێن بە سێ کۆمەڵەوە:

لەو جۆرانە، هەر کۆمەڵە و بوارێک دەگرێتەوە، کە بەهەموویان کۆبەندی مافەکانی مرۆڤن[١٣].

مافەکانی تاکە کەس[دەستکاری]

ئەو مافانەیە مرۆڤ وەک تاکێک لەناو کۆمەڵدا هەیەتی. ئەم مافانە، تاکەکەس، لە بەرامبەر دەستوەردانی ناڕەواو دڵڕەقانەی دەوڵەت دەپارێزێت. ڕەوابوونی ئەم مافانە وا دەکات تاکەکەس لە کۆمەڵگەدا هەست بە سەربەزی و سەربەخۆیی خودی خۆی بکات. لەوانە مافی بەندنەکردن و ئەشکەنجەنەدان، مافی بیرکردنەوە، مافی خوێندن، مافی کارکردن و هیتر.

مافی دەستەجەمی[دەستکاری]

ئەمە ئەو مافانەیە کە دەکرێت گروپێک پێکەوە ببنە خاوەنی و کاری پێبکەن، واتە تایبەت نییە بە تەنها تاکە کەسێکی دیاری کراو. لەوانە مافی پێکهێنانی کۆمەڵە و رێکخراو.

مافە شارستانییەکان[دەستکاری]

مافی پاراستن و ئاسایش، مافی ئازادی هاتوچۆو نیشتەجێبوون، مافی رێزگرتن لە مرۆڤ.

مافە سیاسییەکان[دەستکاری]

مافی کۆیلەنەبوون، مافی بەشداری سیاسی، مافی دروستکردنی حیزب و پارتی سیاسی، مافی ئەشکەنجەنەدان

مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان[دەستکاری]

مافی خواردن و خواردنەوە، مافی چاودێری تەندروستی، مافی خوێندن، مافی بیمەی بێکاری، مافی ئاستێکی باشی ژیان.

مافە کلتووریی و ژینگەییەکان[دەستکاری]

نموونە بۆ ئەم جۆرە مافانە مافی پۆشینی جلوبەرگ، مافی یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەیی و کلتوورییەکان، مافی ئەنجامدانی هەڵپەڕکێی میللی، مافی ژیان لە ناو ژینگەیەکی پاک و تەندروست، مافی بوونی ژینگەیەکی خاڵی لە وێرانکاری.


مافەکانی مرۆڤ لە پەیمان و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکاندا[دەستکاری]

لە ساڵێ ١٩٦٦ دا، نەتەوە یەکگرتووەکان یادداشتنامەی هەردوو ێکەوتنامەی نێودەوڵەتی مافە شارستانییەکان و مافە سیاسیەکان (ICCPR)، و ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان (ICESCR) بۆ پەسەند کرد و کردیە مەلزەمەیەک بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام[١٥]. بەڵام تاکو ساڵی ١٩٧٦ نەخرانە ژێر بواری جێبەجێبوونەوە. کە ئەو کاتە کۆمەڵێک لە وڵاتان دانیان پێدانا.

لە ساڵی ٢٠٠٨ دا، ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەستا بە دانانی «کۆنووسی ئارەزوومەندانە لە ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان» کە ماف و ڕێگە دەدات بە وەرگرتنی داواکاریی ئەو کەسانەی مافەکانیان پێشێل کراوە بەپێی ڕێکەوتنامەکە لەلایەن دامەزراوەیەکی حوکمییەوە و کۆنووسەکە لە ڕێکەوتی ٥ی ئازاری ٢٠١٣ دا چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.

چەندین پەیمان و ڕێکەوتنامەی تر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەن کە وەکو ئامراز بۆ سەپاندنی مافەکانی مرۆڤ ناسێنراون، لەوانەش:

مێژوو[دەستکاری]

بەراورد بە ئەمڕۆ، لای گەلانی پێشوو چمکی مافەکانی مرۆڤ تێگەیشتنێکی جیاوازی ھەبوو.[١٢] لە چەرخەکانی ناوەڕاستدا، پێشەنگی ڕاستەقینەی وتاری مافەکانی مرۆڤ لە دیدی مافە سروشتیەکانەوە ڕێچکەی گرتبوو، وەکوو بەشێک لە یاسای سروشت. کە دەڵێ مافەکانی مرۆڤ پێدراوێکی سروشتییە و پەیوەستە بە بوونی مرۆڤەوە، هەر لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە تاکوو ئەو کاتەی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات، ئەمە لە سەردەمی ھەستانەوەی ئەورووپادا بەدی دەکرێت. لەسەر ئەم بنچینەیە، مافەکانی مرۆڤ لە دوا نیوەی سەدەی بیستەمەوە بەشێوەی نوێ و ھۆکاری نوێوە دانرا.[١٦]

لە سەدەی حەڤدەھەمدا، فەیلەسوفێکی ئینگلیز بەناوی جۆن لۆک، لەسەر مافە سروشتییەکان دوا لە میانەی کارەکانیدا. مافە سروشتییەکانی بەوە دیاری کرد کە بریتین لە «ژیان، ئازادی، و خاوەندارێتی». جۆن لۆک پێداگری لەسەر ئەم مافانە کرد وەکو پێکھاتنێکی کۆمەڵایەتی، کە نابێت لە مرۆڤەکان بسەنرێن.


مافەکانی مرۆڤ لە یۆنانی کۆندا[دەستکاری]

لە رۆژگاری دێرینی یۆناندا، بیرمەندە یۆنانیەکانی ئەو سەردەمە، هەوڵیانداوە لە نووسین و بەرهەمەکانیاندا، هەندێک بایەخ بە مرۆڤ و بە مافەکانی بدەن. ئەمەش لە میانەی ئەو وتەیەی بیرمەندی یۆنانی سۆفۆکلێس، کە ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین وتوویەتی: "مرۆڤ مەزنترین موعجیزەی سەر ئەم گۆی زەوییەیە". لەگەڵ ئەوەشدا شارستانییەتی یۆنانی، بەدەر نەبووە لە کۆمەڵێک پێشێلکاری گەورە کە بەرامبەر بە مرۆڤی ئەو چاخە کراوە، لەوانە بوونی کۆیلە، ئیشکردنی زۆرەملێ بەم کۆیلانە لە پێناو خۆشگوزەرانی چینی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکان. هەروەها باوک لە ناو خێزاندا دەسەڵاتێکی رەهای بەسەر منداڵەکانییەوە هەبووە، بۆی هەبوو منداڵەکانی بفرۆشێت یان بیانکوژێت یاخود فڕێیان بدات و وازیان لێبێنێت. دۆخی ئافرەت هیچی ئەوتۆی لە دۆخی کۆیلە زیاتر نەبووە، ئافرەت بە تەواوی لە مافە شارستانییەکانی بێبەش کرابوو، وەک موڵکی پیاو تەماشای دەکرا. جگە لەوانە کۆمەڵگای یۆنانی لەسەر بنەمای چینایەتی دابەش ببوو، ئەم دابەشبوونە بیرۆکەی یەکسانیی و دادپەروەری نێوان دانیشتوانی نەهێشتبوو[١٣].


بەشی ژوورووی بەردی حەمووڕابی

ناوچەی نێوان دوو ڕووبار (میزۆپۆتامیا)[دەستکاری]

بەپێی توێژینەوەکان، بەردی حامورابی (١٧٩٢ - ١٧٥٠ پ.ز) کە لە ٢٨٢ ماددە پێکهاتووە، کۆنترین یاساکانی ناوچەی میزۆپۆتامیایە (نێوان دوو ڕووبار)، عێراقی ئەمڕۆ، یاسای گوزەران و مافەکانی تیا هۆنراوەتەوە و لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس پارێزراوە. لەم بەندانەدا، کە ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵ دیاری کراون، مافەکانیشیان بۆ ڕوون کراوەتەوە، هەر کەسە و بەگوێری پلە و ئاستی ئەرکەکانی لە کۆمەڵگادا[١٧]. لە بەندەکاندا یاسای ماف و سزادان و پەیڕەویکردنی تیا ڕوونکراونەتەوە بەشێوەیەکی شارستانی. لەو سەردەمەدا حامورابی توانی لە هەموو شوێنەکانی دەسەڵاتی هەبوو ئەم یاسایانە جێبەجێ بکا. ئەم یاسایانەی حامۆڕابی بە یەکێ لە کۆنترین یاساکانی مرۆڤایەتی دا ئەنرێت کە بەندی بۆ مافەکانی تاکەکەس تەرخان کردوە[١٨].

ئایینە ئاسمانییەکان[دەستکاری]

دەرکەوتنی ئایینە ئاسمانیەکان، بەتایبەتی ئایینی جوولەکە، مەسیحی و ئیسلام، بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت لە گۆڕینی دیدی کۆمەڵگا بۆ مرۆڤ. ئایینە ئاسمانیەکان بانگەشەیان بۆ ڕێزگرتن لە مرۆڤ دەکرد[١٩]، مرۆڤی وەک بوونەرەوەرێکی گەورە دەناساند، نرخی یەکسانیی و دادپەروەی بەرز ڕادەگرت[٢٠].


سەربەخۆیی ئەمریکا[دەستکاری]

دوای ئەوەی ئەمەریکا توانی سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و لەژێر دەستی بەریتانیا ڕزگاری ببێت، لە ساڵی ١٧٧٦ دا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکای بڵاوکردەوە، تێیدا جەخت لەسەر بنەماکانی ئازادیی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو کراوەتەوە، بێ بوونی هیچ کۆت و بەندو مەرجێکی دیاری کراو[٢١].

شۆڕشی فەرەنسی و ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ[دەستکاری]

ڕوونکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیان پەسەندکراوە لە لایەن کۆمکاری نەتەوەیی فەرەنسا لە ٢٦ی ئابی ١٧٨٩ دا

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی فەرەنسی و گرتن و روخاندنی باستیل لە ساڵی ١٧٨٩، لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیەندرا. ئەم جاڕنامەیە لە هەمو ئەوانی دیکە کە لە بارەی مافەکانی مرۆڤەوە ڕاگەیانرابوون جیاوازتر و بەرفراوانتر بوو. یەکەم جاڕنامە بوو تا ئەو رۆژگارە بە شێوەیەکی گرنگ بایەخ بە مافەکانی مرۆڤ بدات و رەهەندێکی جیهانی وەرگرت. چونکە کاریگەری سنووری فەرەنسای تێپەڕاند و پەڕییەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، کە پاشان بوو بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ هەمو ئەو دەستوورانەی دوای شۆڕشی فەرەنسا نووسرانەوە[١٣].

ئەم جاڕنامەیە چوار بنەمای بنچینەیی لەخۆگرتبوو:

  • خەڵکی بە ئازادی لە دایک دەبن و لە مافەکاندا یەکسانن.
  • ئازادیی بیروڕا و گوزارشتکردن.
  • مافی هاووڵاتیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان.
  • هاوسەنگی لە نێوان مافەکانی تاکەکەس لەگەڵ بەرژەوەندیی کۆمەڵگا/بەرژەوەندیی گشتی.

ئەم جاڕنامەیە لە پێشەکییەک و حەڤدە ماددە پێکهاتبوو، دوای بڵاوبوونەوەی بووە بنەمایەکی سەرەکی بۆ نووسینەوەی دەستوورەکانی فەرەنسا، لە دەستووری کۆماری یەکەم ساڵی ١٧٩٣ بۆ دەستووری کۆماری پێنجەم ساڵی ١٩٥٨. بەڵام ئەم دەستورەی دواییان، جگە لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٧٨٩[٢٢]، چەندین ماددەی دیکەی بۆ زیادکرا کە پەیوەستبوون بە ئازادییە گشتییەکانەوە، ئەم زۆرکردنە لە ئەنجامی گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگای فەرەنسی هاتە ئاراوە. هەمو ئەو قۆناغانەی مافەکانی مرۆڤی پێدا تێپەڕی، ڕێگایان بۆ ئەوە خۆش کرد مافەکانی مرۆڤ ببێتە بابەتێکی جیهانی و گەلانی جیاواز جیاوازی دونیا لە دەوری کۆببنەوە[٢٣].

ڕوودانی هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، کوشتن و کەم ئەندام بوونی ملیۆنەها مرۆڤ و ئاوارەبوونی بێ شوماری خەڵک لە ئەنجامی ئەو دوو جەنگە[٢٤]، وێرانبوونی سەدان و هەزاران شار و شارۆچکە و گوند و تێکچوون و خراپبوونی بەشی هەرە زۆری ڕێگاوبانەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان[٢٥]. بینینی رۆژانەی ئەو کوشتن و وێرانبوونەی جەنگ دەیخستەوە، ترسێکی گەورەی خستە دڵی دانیشتوانی جیهانەوە، بە تایبەتی دانیشتوانی ئەو وڵاتانەی هەم بەشداربوون لە جەنگەکەدا و هەم وڵاتەکانیان ببوون بە گۆڕەپانی جەنگ و رۆڵەکانیان لەبەرەکانی شەڕ وەک گەڵای دار هەڵدەوەرین[٢٦]. ئەمە وڵاتانی ئەوروپای ناچارکرد، بەجۆرێکی دیکە بیربکەنەوە و سنوورێک بۆ ئەو هەمو مەرگە بە کۆمەڵەی مرۆڤەکان دابنێن[١٣]. لێرەوە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ١٩٤٥ لە سان فرانسیسکۆ واژۆ کرا، لەم پەیماننامەیەدا ڕێزگرتن لە مرۆڤ و کەرامەتی و مافەکانی، بە ڕوونی و ئاشکرا رەنگی دایەوە. هەر ئەم پەیماننامەیە بوو رێگای بۆ دەرکردن و بڵاوکردنەوەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨ خۆش کرد.

لە نێوان دوو جەنگی جیهانی (یەکەم و دووەم) دا[دەستکاری]

کۆمەڵەی نەتەوەکان لە ساڵی ١٩١٩ دا دامەزرا، لەو ساتەی کە وتووێژ لەسەر ڕێکەوتنامەی ڤێرسای (لە فەڕەنسا) دوای کۆتایی هاتنی جەنگیی جیهانیی یەکەم بەردەوام بوو. ئامانجەکانی ئەم کۆمەڵەیە داماڵینی چەک، ڕاگرتنی ڕوودانی شەڕ و کووشتار، کۆتایی هێنان بە ناکۆکیەکانی نێوان وڵاتان لە ڕێگەی دانوستانەکان و وتووێژ و خۆشکردنی گوزەزان لە جیهاندا. لە کۆبەندی ئەمەش جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیەنرا.

لە میانەی ئەو ئەرکانەی کۆمەڵەی نەتەوەکان، ڕێکخراوێکی کار بۆ بەدواداچوون و کارکردن لەسەر پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ پێک هێنرا، کە دواتر بوو بە بەشێک لێی بۆ پشتیوانی و پاراستنی مافەکان بە گشتی (UDHR).


جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٨[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٤٨ لە پاریس، کۆمکاری نەتەوە یەکگرتووەکانی توانی مافنامەی مرۆڤ گەڵاڵە بکات[٢٧]، وڵاتانی جیهان بە جیاوازی ئایین و زمان و کلتوور و سیاسیەت و مێژوو و سیستەمی حکومڕانیەوە، پاش هەر دوو جەنگە خوێناوییە مێژووییەکەی یەکەم و دووەمی جیهان، مافەکانی مرۆڤ لە چوار چێوەی ٣٠ ماددەدا داڕشت و کردیانە بنەمایەکی ڕەوشت و یاسایی نوێ بۆ دابینکردنی ژیانێک کە شایستە بێت بە مرۆڤی سەردەم. لە کۆی ٥٨ وڵاتی ئەندام ٤٨ لەگەڵ بوو، ٨ ئەندام بێدەنگ و هەندۆراس و یەمەنیش دواتر دەنگیان دا[٢٨]. نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی جاڕنامەی ساڵی ١٩٤٨، هەنگاوێکی گەورەی نا بەرەو چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا. هەر دەوڵەتێک ئەم پەیماننامەیەی واژۆ بکردایە، پێویست بوو چیتر ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و بیپارێزێت و سزای هەر کەسێکیش بدات دەستدرێژی دەکاتە سەر مافی خەڵکانی دیکە[٢٩].


ئەم جاڕنامە نێودەوڵەتییە جیهانییە کە لە سی ماددە پێکهاتووە، لە مادەی یەکەم و دەستپێکیدا دەڵێت: هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایکدەبن و لە کەرامەت و مافدا یەکسانن. جاڕنامەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مافەکانی مرۆڤ چ مافی سیاسی یان شارستانی، مافی کۆمەڵایەتی یان ئابووری، هەموویان پێکەوە یەکەیەکی گشتگیر و بەناویەکدا چوو پێکدەهێنن و بەیەکەوە بەستراون، بە هیچ شێوەیەک لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. بۆ خوێندنەی تەواوی بەندەکان تەماشای مافنامەی مرۆڤ بکە[١٣].

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کیشوەرەکان[دەستکاری]

چەندین ڕێکەوتنامەی نێوان کیشوەر و هەرێمەکان لە پێناو مافەکانی مرۆڤدا هەن، هەندێکی ڕاستەوخۆ لە لایەن حکومەتەکانی وڵاتانەوە سەرپەرشتیان دەکرێ و هەندێکیشی وەکو ڕێکخراوی ناحکومی و پشتبەست بە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریان ڕێک خستووە.

ئەفریقا[دەستکاری]

ئەفریقای یەکگرتوو کە لە یەکبوونی ٥٥ دەوڵەتی ئەفریقا پێکهاتووە[٣٠]، لە ساڵی ٢٠٠١ دا دامەزراوە و کۆشش دەکەن لە پێناو دەستەبەرکردنی دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ و ئابووریەکی جێگیر لە ئەفریقادا[٣١].

کۆمیسیۆنی باڵای گەلانی ئەفریقا بۆ مافەکانی مرۆڤ وەکو دەزگایەکی دادوەری ڕاسپێردراوە بە پشتیوانی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی گەلانی هەموو کیشوەری ئەفریقا، لەگەڵیدا لێکدانەوەی دەستووری ئەفریقا پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤی لە ئەستۆ گرتووە. ئەم کۆمیسیۆنە لە سێ بواری فراواندا ئەرکەکانی ە ئەنجام دەگەیەنێت[٣٢]:

  • پشتیوانی مافەکانی مرۆڤ
  • پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافی گەلان
  • لێکدانەوەی دەستووری ئەفریقا بۆ مافەکانی مرۆڤ و گەلان

هەردوو ئەمەریکا[دەستکاری]

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەمەریکا (OAS) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیە و بنکەکەی لە واشنتۆنی پایتەختی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. ئەندامەکانی بریتین لە ٣٥ وڵاتی سەربەخۆ لە هەردوو ئەمەریکای باشوور و باکوور[٣٣]. کارەکانی ئەم ڕێکخراوەش بریتین لە:

  • پشتیوانی دیموکراتی
  • کارکردن لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی
  • پاراستنی مافەکانی مرۆڤ
  • کارکردن بۆ نەهێشتنی گەندەڵی
  • مافەکانی گەلانی ڕەسەن و هاووڵاتیان
  • پشتیوانی گەشە و پەرەپێدانی بەردەوام


ئاسیا[دەستکاری]

لەسەر ئاستی ئاسیا هیچ ڕێکخراوێکی سەرتاسەری یان ڕێکەوتنامەیەک نیە کە هەموو وڵاتانی ئاسیا تیایدا هاوبەش بن. وڵاتانی ئاسیا لەسەر مافەکانی مرۆڤ و تۆماری پاراستنی مافەکان ئاراستەی جیاوازیان هەیە[٣٤][٣٥].

کۆمەڵەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا (ASEAN) ڕێکخراوێکی جیۆپۆلیک و ئابووریە لە ١٠ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا پێکهاتووە. ساڵی ١٩٦٧ لە لایەن وڵاتانی ئیندۆنوسیا، مالیزیا، فیلیپین، سەنگافورە و تایلاند دامەزرا. ئەمڕۆکە ڕێکخراوەکە وڵاتانی برونای، دارئەلسەلام، ڤێتنام، لاوس، میانمار و کەمبۆدیای چووەتە سەر[٣٦]. ساڵی ٢٠٠٩ لیژنەی ماڤەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوەکە وەکو بەشێک دروست کرا. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ دا بە کۆی دەنگ هەموو ئەندامانی کۆمەڵەکە مافەکانی مرۆڤیان پەسەند کرد.

لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبیەکان، کۆمکاری عەرەبی لە ٢٢ی مایسی ساڵی ٢٠٠٤ دا پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی پەسەند کردوە[٣٧].

ئەوروپا[دەستکاری]

ئەنجومەنی ئەوروپا لە ساڵی ١٩٤٩ دا دامەزرا. ئەمەش کۆنترین ڕێکخراوە لە ئەوروپادا کە بۆ هاودەنگی و تەواوکاریی ئەوروپا کۆشش دەکا. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، دانی پێدا نراوە و بە یاسای نێونەتەوەی گشتی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و وەکو چاودێرێک بۆ ئەوروپا ئەژمار دەکرێت[٣٨]. بنکەی سەرەکی ئەم ڕێکخراوە لە ئەوروپا کەوتووەتە فەڕەنسا و لە شاری ستراسبورگ. ئەم ڕێکخراوە بەرپرسە لە هەموو پەیمان و ڕێکەوتنامەیەکی مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا.

لەڕێی ڕێکارە یاسایی و دەستووریەکانی ڕێکخراوەکەوە پەستان لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەکرێت بۆ پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ، کە لە ئەوروپا و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش تاووتوێیان لەسەر دەکرێت. ئەندامبوون کراوەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەمەرجێک هاوڕا بن لەسەر ئامانجەکان و بنەماکانی دەستەبەرکردنی ئازادیی و دیموکراتی و مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ[٣٩].



ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان[دەستکاری]

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) تاکە ڕێکخراوە کە چەندین وڵات لە کیشوەری جیاجیاوە پشتیوانی دەکات و دەسەڵاتێکی یاسایی و دادی نێودەوڵەتی هەیە کە لەسەر ئاسی جیهان بەندی یاسایی و بڕیار لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەرئەکات[٤٠].

کومیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان[دەستکاری]

کومیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

بە پیکهاتەیەکی ٥٣ ئەندامییەوە، ئەم کۆمیسیۆنە لە ساڵی ١٩٤٦ دا بە مەبەستی داڕشتنی بەندی یاسایی نێونەتەوەیی پارێزوانی لە ماف و ئازادییە بنەڕەتیەکان دامەزرا. ئێستا وەکو سەکۆیەک، کە لە ڕێگەیە هەموو وڵاتانی جیهان، گرووپ و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە هەموو گۆشەیەکی دونیاوە پەرۆشییەکانی خۆیانی تێدا دەهێننە سەر زمان.

ئەو بابەتە سەرەکییانە کە کومیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دەیانخاتە ڕوو، بریتین لە[٤١]:

  • مافی دیاریکردنی چارەنووس.
  • ڕەگەزپەرستی.
  • مافەکانی پێشکەوتن.
  • بابەتی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە سەر زەوییە عەرەبییە داگیر کراوەکاندا، بە فەڵستینیشەوە.
  • بابەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەماییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
  • مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان.
  • مافە شارستانییەکان و ڕامیارییەکان، وەکو ئەشکەنجە و قۆڵبەست کردن، بێ سەروشوێن کردن و لە سێدارەدان، ئازادیی ڕادەربڕین، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بێ مافی و ناڵێبوردەیی ئایینی، مافە بنەماییەکانی ژنان، منداڵان، کرێکارە کۆچەرەکان، کەمینە و ئاوارەکان، خەڵکی خۆجێیی.
  • پێشخستن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە ژێر-کومیسیۆنەکان، ئۆرگانی پەیماننامەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکان.
  • خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری و هاوکاریی تەکنیکی لە بواری مافەکانی مرۆڤ دا.

فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤ[دەستکاری]

هەندێک تیۆری پەرەی پێدراوە بۆ لێکدانەوە و شی کردنەوەی پرسی مافەکانی مرۆڤ، ئاخۆ بۆچی و چۆن مافەکانی مرۆڤ دەبنە بەشێک لە چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵگا. یەکێک لە کۆنترین فەلسەفەکانی ڕۆژئاوا لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەڵێت کە "مافەکانی مرۆڤ دەرەنجامی یاسا سروشتیەکانن و لە کانگای چەند بنچینەیەکی فەلسەفی و ئایینیەوە هەڵقوڵاون".


ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Morsink, Johannes (1999). The Universal Declaration of Human Rights. Origins, Drafting, and Intent. Philadelphia.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ, What are human rights?. Retrieved 14 August 2014
  3. ^ ئ ا Magdalena., Sepúlveda, M. (2004). Human rights. University for Peace. ISBN 9977-925-24-0. OCLC 773787350.
  4. ^ ئ ا ب پ Bass, Gary J. (2010-10-20). "The Old New Thing". The New Republic. ISSN 0028-6583. Retrieved 2021-04-24.
  5. ^ ئ ا Beitz, Charles R. (2009-08-06). The Idea of Human Rights. Oxford University Press. ISBN 978-0-19-957245-8.
  6. ^ Shaw, Malcolm N. (15 January 2021). یاسا نێودەوڵەتییەکان International Law. Published online by Cambridge University Press.
  7. ^ "Human rights". Encyclopedia Britannica. Retrieved 2021-04-24.
  8. ^ "Macmillan, Hugh Pattison, Baron Macmillan (1873–1952)", Oxford Dictionary of National Biography, Oxford University Press, 2018-02-06, retrieved 2021-04-24
  9. ^ International technical guidance on sexuality education: an evidence-informed approach (PDF). Paris: UNESCO. 2018. p. 16. ISBN 978-9231002595.
  10. ^ James Nickel, with assistance from Thomas Pogge, M.B.E. Smith, and Leif Wenar, 13 December 2013, Stanford Encyclopedia of Philosophy, Human Rights. Retrieved 14 August 2014
  11. ^ Moyn, Samuel (2010). The New Republic.
  12. ^ ئ ا Freeman, Linda H. (2002-10). "Foreword". Holistic Nursing Practice. 17 (1): vi–viii. doi:10.1097/00004650-200210000-00002. ISSN 0887-9311. Check date values in: |date= (help)
  13. ^ ئ ا ب پ ت ج "گرنگی و بایەخی مافەکانی مرۆڤ". Archived from the original on ٢٦ی نیسانی ٢٠٢١. Retrieved ٢٦ی نیسانی ٢٠٢١. Check date values in: |access-date=, |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= (help) Archived ٢٦ی نیسانی ٢٠٢١, لە وەیبەک مەشین.
  14. ^ "The Resource : Part II. International Human Rights System, 11/11". www.un.org. Retrieved 2021-04-26.
  15. ^ ئەمە وڵاتی ڤاتیکان ناگرێتەوە، ئەگەرچی وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێنراوە و نوێنەری خۆی هەیە.
  16. ^ Moyn, Samuel (2010). "Zionism and the Roads Not Taken: Rawidowicz, Kaplan, Kohn (review)". American Jewish History. 96 (4): 307–309. doi:10.1353/ajh.2010.0028. ISSN 1086-3141.
  17. ^ Klengel, Horst (1991). König Hammurapi und der Alltag Babylons. Düsseldorf/Zürich. ISBN 3-491-69122-2.
  18. ^ موسوعة حضارة العالم (بە عەرەبی). 2000.
  19. ^ "1.Mose 1,27 | Einheitsübersetzung 2016 :: BibleServer". www.bibleserver.com (بە ئەڵمانی). Retrieved 2021-04-26.
  20. ^ "Freiheit - Gleiches Recht für alle". www.freitag.de (بە ئەڵمانی). Retrieved 2021-04-26.
  21. ^ "Everything you need to know about human rights in United States of America". www.amnesty.org. Retrieved 2021-04-28.
  22. ^ Albert., Colliard, Claude (1990). La declaration des droits de l'homme et du citoyen de 1789, ses origines, sa perennite. Documentation francaise. OCLC 843401568.
  23. ^ texte, France Assemblée nationale constituante (1789-1791) Auteur du (1875–1889). Archives parlementaires de 1787 à 1860 ; 8-17, 19, 21-33. Assemblée nationale constituante. 8. Du 5 mai 1789 au 15 septembre 1789 / impr. par ordre du Sénat et de la Chambre des députés ; sous la dir. de M. J. Mavidal,... et de M. E. Laurent,... (بە فەرەنسی).
  24. ^ "BBC NEWS | Special Report | 1998 | 10/98 | World War I | The war to end all wars". news.bbc.co.uk. Retrieved 2021-04-30.
  25. ^ "بۆمبەکانی جەنگی جیهانیی دووەم".
  26. ^ Lauren, Paul Gordon (1983-02-XX). "First Principles of Racial Equality: History and the Politics and Diplomacy of Human Rights Provisions in the United Nations Charter". Human Rights Quarterly. 5 (1): 1. doi:10.2307/761870. ISSN 0275-0392. Check date values in: |date= (help)
  27. ^ NRT (20.10.2020). "بەشێک لە ماددەکانی مافی مرۆڤ بزانە". Check date values in: |date= (help)
  28. ^ "گەشەی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان".
  29. ^ "UNBISnet". web.archive.org. 2019-01-21. Retrieved 2021-04-30.
  30. ^ "AU Member States". web.archive.org. 2008-01-05. Retrieved 2021-04-27.
  31. ^ "African Union in a nutshell". web.archive.org. 2007-12-30. Retrieved 2021-04-27.
  32. ^ "African Commission on Human and Peoples' Rights | Mandate". web.archive.org. 2008-01-20. Retrieved 2021-04-27.
  33. ^ OAS (2009-08-01). "OAS - Organization of American States: Democracy for peace, security, and development". www.oas.org. Retrieved 2021-04-27.
  34. ^ Repucci, Sarah; Slipowitz, Amy (2021). "Democracy in a Year of Crisis". Journal of Democracy. 32 (2): 45–60. doi:10.1353/jod.2021.0018. ISSN 1086-3214.
  35. ^ "ASEAN", Wikipedia, 2021-04-25, retrieved 2021-04-28
  36. ^ The Bangkok Declaration.
  37. ^ "ACIHL - English Version of the Statute of the Arab Court of Human Rights". acihl.org. Retrieved 2021-04-28.
  38. ^ "ئەنجومەنی وڵاتانی ئەوروپا".
  39. ^ "Council of Europe". www.coe.int. Retrieved 2021-05-06.
  40. ^ Bevis, Charlie (2007-09-01). "Economic Anatomy of an 1891 Minor League Ball Club". Base Ball: A Journal of the Early Game. 1 (2): 78–92. doi:10.3172/bb.1.2.78. ISSN 1934-2802.
  41. ^ سەڵواتی, ئازاد. "کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان".