مافی مەدەنی و سیاسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

مافی مەدەنی و سیاسی جۆرێک مافن کە پارێزگاری ئەکەن لە ئازادی تاکەکان لە بەرامبەر پێشێلکارەکان وەک دەوڵەتەکان، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و کەسەکان. ئەم مافانە گرەنتی و دڵنیایی ئەدەن بە تاکەکان کە بتوانن لە ناو کۆمەڵگا یان وڵاتێکدا و بێ ھیچ جیاوازیدان و پێشێلکارییەک، ژیانی مەدەنی و سیاسی خۆیان بەرنە سەر.[١]

مافی مەدەنی ئەمانە لە خۆ ئەگرێ: گرەنتی تەندورستی جەستەیی و دەروونی، ژیان، ئاسایش، پاراستن لە جیاوازیدان بەپێی نەژاد، ڕەگەز، ڕەچەڵەک (نەتەوایەتی)، ڕەنگ، تەمەن، پێوەندی سیاسی، قەومیەت، ئایین و کەم ئەندامێتی.[٢][٣] ھەروەھا مافەکانی تاکەکەسی وەک ژیانی نائاشکرا و ئازادی بیرکردنەوە، قسە کردن، دین، ڕۆژنامەگەری، کۆبوونەوە و جووڵانەوە.

مافی سیاسی ئەمانە لەخۆ ئەگرێ: دادپەروەریی سرووشتی لە یاسادا وەک مافی تۆمەتبار ھەروەک مافی دادوەری دادپەروەرانە، پڕۆسەی یاسایی، مافی داواکاری قەرەبووی زیانەکان یان چارەسەری یاسایی، ھەروەھا مافی بەشداریکردن لە کۆمەڵگای مەدەنی و سیاسی وەک ئازادی جڤات و کۆمەڵ، مافی کۆبوونەوە، مافی سکاڵا و دادخواز، مافی خۆپاراستن و مافی دەنگدان.

پاراستنی مافەکان[دەستکاری]

لە زۆربەی وڵاتان دا، مافەکان بە مافی دەستووری ناسراون و لە نوسراوی (یاسای مافەکان) یان بەڵگەنامەیەکی ھاوشێوەدا تۆمارکراون. ھەروەھا لە دەستەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیھانی دا پێناسەکراون وەک (ڕاگەیاندنی جیھانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨) و (ڕێکەوتنامەی مافی مەدەنی و سیاسی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٦٧.)

مافە مەدەنی و سیاسیەکان دەبێت تۆماربکرێن و بپارێزرێن، زۆربەی دیموکراسیەکانی جیھان خاوەنی مسۆگەرێکی نووسراوی فەرمی مافە مەدەنی و سیاسیەکانن وە مافە مەدەنییەکان بە مافی سروشتی مرۆڤ ھەژماردەکرێت. تۆماس جێڤرسن لە کتێبی " تێڕوانینێکی کورت لەسەر مافەکانی ئەمریکای بەڕیتانی" نووسویەتی کە " خەڵکی خاوەنی مافەکانی خۆیانن کە بەپێی یاساکانی سروشت بۆیان دەستەبەرکراوە، نەک وەک دیارییەک لەلایەن فەرمانڕەوا دەسەڵاتدارەکانەوە."[٤]

پرسیاری ئەوەی کە مافی مەدەنی و سیاسی بەسەر کێ دا دەچەسپێت و کاری پێ دەکەرێت بابەتێکی یەکلانەبۆوە و مشتومڕکەرە. ھەرچەندە مافە مەدەنی و سیاسییەکان بە مافێکی جیھانی و گشتگیر دادەنرێت بۆ ھەموو مرۆڤەکان بەڵام لە زۆرێک لە وڵاتان دا ھاوڵاتیانی خاوەن ناسنامەی ئەو وڵاتە خاوەنی مافێکی زیاتر و بەربڵاوترن وەک لە ھاوڵاتیانی بێ ناسنامەی ھەمان وڵات.

بەپێی بیروبۆچوونی زانای سیاسی سیلڤادۆر ف. ڕێگلیمێ ھەڵسەنگاندنی نەبوون و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە نیوەی بازنەی باشوری گۆی زەوی دا دەبێت جەخت بکاتەوە لەسەر مامەڵە و دیاریکردنی ھۆکارە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان کە زۆرجار بە دەستی ئەنقەست ئەو ھۆکارانە فەرامۆش کراون لەلایەن زانستی کۆمەڵایەتییەوە.

مافی دیکە[دەستکاری]

بەھەمان شێوە دیاردە باوەکان ئەرکێکی گرنگ دەبینن لە دیاریکردنی مافە نەزانراو و پێناسەنەکراوەکان کە لە دادگادا بوونی ھەیە تەنانەت ئەگەر بە تەواوی دەرنەبڕابێت یان تۆمار نەکرابێت. نموونە لەسەر ئەم دیاردەیە بریتییە لە مافی پاراستنی تایبەتمەندێتی کەسێتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ھەمواری نۆیەم لە دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ڕوونی پیشاندەری ئەوەیە کە چەندەھا مافی دیش ھەیە بۆ پاراستن.

لە ڕاگەیەندراوی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکان دا ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی چەند مافێکییان ھەیە کە جێگەی پێشێڵکاری نییە وەک: مافی ژیان، مافی ئازادی و مافی خۆشبەختی. ھەندێک لە ڕوناکبیران و سیاسەتمەداران پێیان وایە کە تاکە ئامانجی سەرەکی ھەبوون و دروستبوونی حکومەتەکان بریتییە لە پاراستنی ژیان، ئازادی و موڵکی خەڵک. جوڵانەوەکانی مافە مەدەنییەکان

لە سەرانسەری جیھان دا کۆمەڵێک جوڵانەوەی سیاسی ھاتنە کایەوە بەمەبەستی بانگەشەی یەکسانی یاسا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٨٠ دا. ئەم جوڵانەوانە ڕوانگەیەکی یاسای و دەستوورییان ھەبوو کە بوونە سەرچاوەی دانانی چەندەھا یاسا لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی. ئەم جوڵانەوە و دەستانە لایەنێکی چالاکەوانیشیان ھەبوو بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە پێشلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بەربڵاوبوو.

ھەندێک لەو جوڵانەوانە بریتیی بوون لەمانە:

  • جوڵانەوەی مافە مەدەنییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچانەی مافەکانی ھاوڵاتییە ڕەش پێستەکان پێشێلدەکرا.
  • یەکێتی مافە مەدەنییەکانی باکووری ئێرلەندا. لەساڵی ١٩٥٧ دا دامەزراوە دوا بە دوای شکست ھێنان و رێزنەگرتنی شانشینی یەکگرتوو لە کەمینەکانی سەر بە کلێسای کاسۆلیکی ناوچەکە.
  • جوڵانەوەکان لە چەندەھا وڵاتی شیوعی دا، وەک: بەھاری پراگ، بەیاننامەی ٧٧ لە چیکۆسلۆڤاکیا و ڕاپەڕینەکان لە ھەنگاریا.

زۆربەی جوڵانەوە مەدەنیەکانی پشتیان دەبەست بە شێوازی بەرەنگاری مەدەنییانە لەڕێی بەکارھێنانی ڕێگەی ئاشتییانە و ناتوندوتیژ بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیان.[٢١] لە ھەندێک وڵات دا، خەباتی مەدەنییانە ھاوشان بوو بە مانگرتنی مەدەنیانەی کۆمەڵانی خەڵک یان تەنانەت ڕاپەڕینی چەکداری. لە ٦٠ ساڵی ڕابردوودا جوڵانەوە مەدەنییەکان بوونەتە ھۆی بەرەوپێشبردنی مافە مەدەنی و سیاسیەکان بەڵام ھەندێکی تر لەو جوڵانەوانە نەیانتوانیوە ئامانجەکانی خۆیان بەدەست بھێنن.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ بەشداربوانی ویکیپیدیای ئینگلیسی. "Civil and political rights". 
  2. ^ The Civil Rights act of 1964. "ourdocuments.gov". 
  3. ^ Americans with Disabilities Act of 1990. "accessboard.gov". 
  4. ^ "Human Rights: 1500-1760 - Background". Nationalarchives.gov.uk. لە ڕێکەوتی ٢٠١٢-٠٢-١١ ھێنراوە.