زرێبار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە زرێبار (گۆل)ەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

پۆتانەکان: ٣٥°٣٢′N ٤٦°٠٨′E / ٣٥.٥٣٣°N ٤٦.١٣٣°E / 35.533; 46.133

Disambig RTL.svg  ئەم وتارە سەبارەت بە گۆلی زرێبار نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە زرێبار (ڕوونکردنەوە).

زرێبار

زرێبار یان زرێوار دەریاچەیەکی گەورەی سروشتیی ئاوی شیرینە کە لە ٣ کیلۆمەتریی ڕۆژاوای شاری مەریواندایە. ئاوی زرێبار لە سەرچاوە ئاوییەکانی بنی خۆیەوە ھەڵدەقوڵێت و ھیچ ڕووبارێکی تر ناڕژێتە ناوی و ھەروەھا ساڕێژی ئاوەکەشی چەمی زرێبار پێک دێنێت کە بە دەشتی مەریواندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە سەر ڕووباری سیروان. زرێبار و سروشتی دەوروبەری کە دەشت و کێو و دارستان و گیانلەبەری جۆراوجۆری تێدایە، یەکێک لە سەیرانگا بەناوبانگە گەشتیارییەکانی کوردستان و ئێرانە. بەرزاییەکەی لە ئاستی دەریاکان ١٢۹٠ مەترە[١] و درێژییەکەی (ئاڕاستەی باشووری-باکووری) زیاتر لە ٨ کیلۆمەترە و پانییەکەشی (ئاڕاستەی ڕۆژھەڵات-ڕۆژاوا) نزیکەی ٣ کیلۆمەترە.[٢] لە ھەندێک لە زستانە ساردەکاندا ڕووی زرێبار بە تەواوی سەھۆڵ دەبەستێت.

ئەفسانەی زرێبار[دەستکاری]

قەبری دەروێش لە ڕۆژھەڵاتی زرێباردا

سەبارەت بە پێکھاتنی زرێبار، ئەفسانەیەک لە ناو خەڵکی ناوچەکەدا ھەیە کە گوایە لە جێگەی ئێستای زرێباردا شارێک ھەبووە کە حاکمەکەی ناوی فەیلەقووس بووە. دەروێشێک لەگەڵ ژنە دووگیانەکەیدا بە سواریی کەرێکەوە دەگەن بە شارەکە. پیاوانی فەیلەقووس کلکی کەرەکەی دەقرتێنن و ژنەکەی دادەکەوێت و مناڵەکەی لەباردەچێت. دەروێشەکە سکاڵا دەکات لە حاکم. فەیلەقووس بە خراپتر وەڵامی دەداتەوە و بێگاریی پێدەکات. دەروێشەکە دەچێتە سەر کێوێک و سەری لە سەر زەوی دادەنێت و دەپاڕێتەوە لە خوا. کە سەر بەرز دەکاتەوە شارەکە بووە بە ژێر ئاوەوە و گۆلی زرێبار بەم شێوەیە دروست دەبێت. لە بەرزایییەکانی ڕۆژھەڵاتی زرێباردا قەبرێک ھەیە کە دەوترێ قەبری ئەو دەروێشەیە. ئەنوەر ڕەوشەن لێکۆڵینەر و نووسەری مەریوانی، لە ساڵی ٢٠٠٨دا، فیلمێکی بەڵگەیی بەناوی زرێبار، شوناسێکی دێرینی ئەم ھەرێمە ئامادە کرد. لە بەشی یەکەمی فیلمەکەدا پسپۆڕان و لێکۆڵینەرانی شاری مەریوان لەسەر ناو و مێژووی زرێبار لێدوانێکی زۆر دەکەن و چەند پیرەوەپیاوی ناوچەکە ئەفسانەی دروست بوونی زرێبار دەگێڕنەوە.

مەترسییەکان لە سەر ژینگەی زرێبار[دەستکاری]

بەنداوی زرێبار

بەنداوی زرێبار لە ساڵی ١٩٩٥دا لە باشووری زرێبار و لەسەر چەمی زرێباردا دروست کراوە. بەرزییەکای ٤ مەترە و ھۆکاری دروستکردنی، دابین کردنی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵی دەشتی مەریوان بووە.[٣] بەڵام بە ھۆی وشکەساڵییەکانەوە تەنھا چەند ساڵێک بە قازانج بوو و ئێستا وەک مەترسییەک بۆ ژینگەی زرێبار و ماس ھەژمار دەکرێت.[٤]

لە زۆربەی کەنارەکانی زرێباردا قامیش (زەل) دەڕوات کە بە بیروڕای ھەندێ کەس، ماوەیەکە خەریکە زیادتر دەبێت و مەترسیی بۆ زرێبار دروست کردووە.[٥]

زرێبار لە ئەدەبی کوردیدا[دەستکاری]

زرێبار لە ئەدەبی کوردیدا زۆر بەر چاو دەکەوێت. ھەم لە ھۆنراوەی شاعیراندا و ھەم لە گۆرانییە فۆلکلۆرەکاندا. چەند نموونە لەو شیعرانەی کە ناوی زرێباریان تێدایە:

ناری لە ھۆنراوەیەکدا کە بۆ شێخ مەحموودی حەفیدی وتووە دەڵێت:

کە من غەرقی زرێباری خەمی تۆ بم لە بێلوودا لە ناڵە و شیوەن و دەرد و خەمی ئەغیار و یارم چی[٦]

مەولەوی لە شیعرێکی ھەورامیدا دا دەڵێت:

ساتێک قافڵەکەت ساکن کە سەیر بۆ یە عەرزێ دێرم ئۆغرت خێر بۆ
گێجی زرێبار ھەرسم مەوج وەردەن سارای مەریوان تەمام ھەڕ کەردەن
بازش ھەناسەم ، سوب وەنەش دەرۆ یەخ کەرۆ ، قەتار ئاسان بوویەرۆ

پێشانگا[دەستکاری]

وێنەی پانۆڕاماییی زرێبار لە ھاوینی ٢٠٠٧دا
وێنەی پانۆڕاماییی زرێباری لە زستانی ٢٠٠٨دا کە سەرانسەری بەستوویە و خەڵک بەسەریدا دەچن
وێنەی پانۆڕاماییی زرێبار لە بەھاری ٢٠١٥دا کە لە بەری بەگزادەوە لە ئاوایی یەنگیجەوە گیراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. نەخشەی ١:١٠٠٠٠ شاری مەریوان، بەرھەمی «مسکن و شهرسازی استان کردستان»، ساڵی ٢٠٠٠.
  2. https://www.openstreetmap.org/#map=13/35.5368/46.1105&layers=C
  3. سد زریوار- مدیریت منابع آب ایران
  4. دریاچه زریوار مریوان در آستانه خشک شدن - همشهری‌ آنلاین
  5. زرێبار لە مەترسیدایە- ڕووداو
  6. ناری، مەلا کاکە حەمە، دیوانی ناری، ساغ کردنەوەی کاکەی فەلاح، ١٩٨٦.