پیرباڵ مەحموود

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پیرباڵ مەحموود ئیبراھیم (لەدایکبووی ١٩٣٤ لە ھەولێر، عێراق – مردووی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٤ لە ھەولێر) شاعیر و نووسەرێکی کورد بوو.

وێنەیەکی پیرباڵ مەحموود

ژیان[دەستکاری]

پیرباڵ تەنیا بەناوی خۆی و باوکی لە ناوخەڵکیدا ناسراوە و لە ژیانی ئەدەبیدا بەکاری ھێناوە. خوێندنی سەرەتای لە ھەولێر تەواو کردووە. لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی گەیشتووەتە پلەی پێنجەم بەڵام تەواوی نەکردووە. لە سەردەمی لاوییەتیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە، چێژی لە ئەدەب وەرگرتووە، لە سیاسەت نزیک کەوتووەتەوە، بیری لەگەڵ بێ نەوایان و زەحمەتکێشاندا بووە. بۆ دابینکردنی گوزەرانی لە دوای وازھێنانی لە خوێندن بە مووچەخۆر لە کارگێڕی شارەوانی ھەولێر دامەزراوە. لە دوای کودەتا فاشیستییەکەی ٨ی شوباتی ١٩٦٣ی بەغدا لەگەڵ کەسانێکی یەکجار زۆر گیراوە. لە پاش ئازادبوونی لە دوای دوو ساڵ گەڕاوەتەوە ھەولێر. لە ساڵی ١٩٦٥ بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی دارایی خەریکی کاری ئەرزوحاڵ نووسی بووە و کاروباری زەوی و خانوو فرۆشتنی لە تاپۆ بۆ خەڵکی گەیاندووەتە ئەنجام. لە ساڵی ١٩٦٨ بە مووچەخۆر گەڕاوەتەوە کارگێڕی شارەوانی ھەولێر و لە بەشی تایپرایتەر (ئامێری چاپ) دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٨٣ خانەنشین کراوە.

مردن[دەستکاری]

لە ساڵانی دوایی ژیانیدا نەخۆشی دڵ ئازاری دەدا، تا ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٤ لە نەخۆشخانەی کۆماری (حکومی) ھەولێر کۆچی دوایی کرد.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

یەکەمین نووسینی پیرباڵ پارچە شیعرێک بووە لە عەرەبییەوە وەریگێراوەتە سەر کوردی و لە ساڵی ١٩٥٥ لە گۆڤاری ھەتاو بڵاوی کردووەتەوە.

لە بەرھەمەکانی:

  • لافاو (کەرکووک، ١٩٥٧)
  • بەھەشتی دڵداری (کەرکووک، ١٩٥٨)
  • بزەی سروشت (بەغدا، ١٩٥٨)
  • مەرگی نەوجەوانێ (ھەولێر، ٢٠٠٤)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، لاپەڕەکانی ٦٤١ تا ٦٤٨، مارف خەزنەدار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٦.