عەلی فەتاح دزەیی
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
عەلی فەتاح دزەیی (لەدایکبووی ١٩٢٨ – مردووی ١٩٩٢) نووسەر و شاعیر و ڕۆشنبیرێکی ھاوچەرخی کورد بوو لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. ھەموو قۆناغەکانی شیعری کوردی دەورکردبووەوە. بەشداریکردنی لە چەسپاندنی (شیعری نوێ) لە ڕووی ڕوخسار و ناوەڕۆکەوە بەرچاوە. جگە لە بەرھەمی داھێنراو لە شیعر و پەخشان، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی ھەیە، بەتایبەتی لە بارەی کێش و قافیەی شیعری کوردی مەم و زین و نەوباری بچووکانی خانییەوە.
ژیان
[دەستکاری]عەلی کوڕی فەتاح کوڕی حەوێز کوڕی سلێمان، باب و باپیرانی لە بنەماڵەی دزەیین، لە ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی دووگردکانی لای باشووری شاری ھەولێر لەدایکبووە. لە تەمەنی منداڵی سەرەتای خوێندنی لە گوندی دووسەرەی خۆیان لای مەلای گوند مەلا خەلیلی سنجاوی (موخڵیسی شاعیر) بووە. کە لە گوندی قازیخانە قوتابخانەی سەرەتایی کراوەتەوە تا پۆلی یەکەمی لەوێ تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٣٦ ھاتووەتە ھەولێر قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئوولا تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٤٢ ڕووی کردووەتە قوتابخانەی ناوەندی و ئینجا ئامادەیی، لە ساڵی ١٩٤٨ خوێندنی ئەم قۆناغانەی بەئەنجام گەیاندووە.
لە پاییزی ساڵی ١٩٤٨ لە کۆلێژی مافی بەغدا (حوقووق) وەردەگیرێ، ھەمووی چەند مانگێکی پێ ناچێ لە کانوونی دووەمی ١٩٤٩ لەسەر جموجۆڵی سیاسی دەگیرێ. دادگا بڕیاری سێ ساڵ بەند و ساڵێک دەستبەسەری بۆ دەردەکات. ماوەی سێ ساڵەکە لە بەندیخانەکانی بەغدا و کووت و کەرکووک دەباتە سەر و ئینجا دەگەڕێتەوە ھەولێر. ماوەی دەستبەسەرییەکەی لە ھەولێر دەبێ، لە ساڵی ١٩٥٣ داوای گەڕانەوە دەکات بۆ قوتابییەتی لە کۆلێژی مافی بەغدا، بەڵام ڕێگەی نادەن. بۆ تەواوکردنی خوێندن ڕوو دەکاتە شاری دیمەشق و لە بەشی زمانی عەرەبی کۆلێژی بەشی ئەدەبیاتی زانکۆی دیمەشق دەبێتە قوتابی. ساڵی یەکەم تەواو دەکا و سەردەکەوێ بۆ پۆلی دووەم، بەڵام کەسوکاری کۆلێژەکەی پێ دەگۆڕن و کۆلێژی مافیان پێ باشتر دەبێ. بەم جۆرە کۆلێژی ئەدەبیات بە کۆلێژی ماف دەگۆڕێتەوە و لە ھاوینی ١٩٥٨ باوەڕنامەی زانکۆ وەردەگرێ. لە ساڵی ١٩٥٩ بە مووچەخۆر لە دادگای ھەڵەبجە دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٦٠ گواستراوەتەوە و بووە بە کارگێڕی پێنجوێن. دوای ئەوە وەک مووچەخۆرێکی میری گواستراوەتەوە بۆ ھەندێک لە شارەکانی عێراق. لە ساڵی ١٩٦٦ گەڕاوەتەوە کوردستان بووە بە کارگێڕی میری لە برادۆست و دیانە. لە دوای بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ کراوە بە قایمقامی شارباژێڕ، دواتر بۆ قایمقامی دەربەندیخان گواستراوەتەوە، تا ساڵی ١٩٧٤ لەوێ ژیاوە. لەگەڵ تێکچوونی نێوان دەسەڵاتی بەغدا لەکەڵ شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ی کورد، شار و کاری فەرمی جێھێشتووە و ڕووی کردووەتە ناو شاخ. لە دوای لەناوچوونی شۆڕش لە بەھاری ١٩٧٥ گەڕاوەتەوە سەر کاری میری لە ھەولێر لە ساڵی ١٩٧٧ گواستراوەتەوە شاری ناسریە لە باشووری عێراق. لەو ماوەیەدا عەلی ھەوڵی دابوو لە کاروباری میری دوور بکەوێتەوە، لە ساڵی ١٩٨٣ خانەنشین کرا و گەڕایەوە ھەولێر، بۆ یەکەم جار دەستی کرد بە کاروباری ئەوقاتی (محامییەتی).
مردن
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٨٦ تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی قوڕگ بوو، چەند ساڵێک ئازاری ئەم نەخۆشییە کوشندەیەی چێشت تا لە ڕۆژی ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ کۆچی دوایی کرد و لە ھەولێر نێژرا.
شیعر
[دەستکاری]بە وتەی خۆی شاعیر دەڵێ ساڵی ١٩٤٤ بیری لە شیعر وتن کردووەتەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٦ شیعری نووسیوە، لە ساڵی ١٩٤٧ شیعری بۆ ئاھەنگی نەورۆزی ئەو ساڵە وتووە کە لە ھەولێر نیشتمانپەروەران لە مێرگی بەھاری قەراغ شار گێڕاویانە. بەلایەوە قۆتاغی دووەمی شیعری لە ساڵی ١٩٥٣ دەست پێ دەکات.
سەرجاوەکان
[دەستکاری]- مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٥٧٥ تا ٥٨٣، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.
- «تێکۆشەری پێشکەوتنخواز و شاعیری شیعری بەرگریی عەلی فەتاح دزەیی». historyofkurd.com.
ئەم ژیاننامە وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |