گورجستان

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
Georgia cities01.png
  • پایتەخت: تبلیس
  • رێژەی دانیشتوان: ٤.٦ملیۆن کەس.
  • روبەری‌ خاک: ٦٩,٧٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە
  • زمان: گورجی
  • ئایین: مەسیحی
  • داھاتی سەرانە بۆ ھەر تاکێک: ٤,٦٩٤ دۆلار
  • دراو: لاری
  • ھێمای ئینتەرنێتی: ge
  • کۆدی تەلەفۆن: ٩٩٥+

وڵاتی گورجستان دەکەوێتە ناوچەی قەوقاز، لەنێوان ئەورووپا و ئاسیا. بە گشتی وڵاتانی جیھان ئەم وڵاتە بە جۆرجیا دەناسن بەڵام لە ئێران و وڵاتە تورک رەگەزەکان بە گورجستان ناوی‌ دەھێنرێت. بەڵام ھاوڵاتیانی‌ گورجستان بە وڵاتەکەی خۆیان دەلێن ساکارتۆلۆ و خۆیشیان بە کارتۆلبی ناوزەد دەکەن و بە زمانەکەشیان دەڵێن کارتۆلی.

لە باکورەوە روسیا ھاوسنوری‌ ئەو وڵاتەیە و لە باشورەوە ئەرمەنستان و لە رۆژھەڵاتەوە ئازەربایجان داروسێی‌ ئەو وڵاتەن و لە رۆژئاواشەوە دەچێتە سەر دەریای رەش. گورجستان لە باشوری رۆژئاواوە، سنوری ھاوبەشی لەگەڵ تورکیادا ھەیە. دوو لە سەر سێی روبەری خاکی‌ ئەو وڵاتە لە ناوچە شاخاوی و کوێستانیەکان پێکھاتوەو ڕێژەی باران بارینیشی زۆرە. لە ئاوی روبارەکان بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و ئاودێری کردنی‌ کێڵگە و باخەکان سود وەردەگیرێ. لە رابردودا ئەم وڵاتە لە دوبەش پێک ھاتبو: بەشی رۆژھەڵات کە بە ئیبریا ناسرا بوو لەگەڵ بەشی رۆژئاوا کە بە ئیگرێسیا ناوزەد کرابوو. بەشی ئیبریا لە کۆندا بەشێک بووە لە ئێران، بەڵام ئیگرێسیا لە نێوان ئێران و بیزەنت دەستاودەست کراوە.

لە ساڵی ١٨١٢ دا بەپێی رێکەوتنی "گوڵستان" گورجستان لە ئێران جیاکرایەوە و خرایە سەر روسیای قەیسەری‌. لەو کاتەشەوە تا ساڵی ١٩١٧ واتە شۆڕشی ئۆکتۆبر وەک بەشێک لە رووسیا مایەوە. لە سەردەمی سۆڤیەت دا یەکێک بوو لە کۆمارەکانی ئەو یەکێتیە. جۆزیڤ ستالین سەرۆکی‌ پێشووی‌ سۆڤیەت بە رەچەڵەک گورجی بوو. پاش رووخانی‌ یەکێتی‌ سۆڤیەت ئەم کۆمارەش وەکوو کۆمارەکانی دیکەی‌ ئەو یەکێتیە لە ساڵی ١٩٩١دا سەربەخۆیی راگەیاند. کۆماری گورجستان کۆمارێکی دیموکراتی وعەلمانییە. لەم کۆمارەدا دو ھەرێمی ئۆتۆنۆم بە ناوەکانی ئۆسیتیای‌ باشوور و ئابخازیا ھەن کە دەکەونە سنورەکانی باکوور و نزیک روسیان. لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا پێگەی‌ ئەم دوھەرێمە بوونەتە جێی ناکۆکی روسیا و گورجستان. لە ساڵی‌ ٢٠٠٨دا لە دوای‌ جەنگی‌ روسیا و گورجستان، ئەو دوو ھەرێمە بە پشتیوانی‌ روسیا سەربەخۆیی‌ خۆیان راگەیاند بەڵام لە ئاستی‌ نێودەوڵەتیدا ھێشتا دانیان پێدا نەنراوە. ئێدوارد شواردنادزە وەزیری دەرەوەی پێشوی یەکێتی‌ سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١دا بووە یەکەم سەرکۆماری گورجستان. شواردنادزە پەیوەندیێکی پتەوی لەگەڵ رووسیا ھەبو، بەو ھۆیە و ھەروەھا لەبەر لاوازی وڵاتەکەی‌، رازی بوو کە دەست لە کاروباری ناوخۆیی ھەر دوو ھەرێمی ئۆسیتیای‌ باشور و ئابخازیا وەر نەدات و رێگە بدات ھێزەکانی رووسیا لەو ھەرێمانە جێگیر بکرێن. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ بەھۆی شورشە پرتەقاڵییەکەی ساکاشیفیلییەوە کە ئەمریکا پشتگیری لێدەکرت، کۆتایی بە حکوومەتی سەر بە رووسیای شواردنادزە ھات و میخاییل ساکاشفیلی بوو بە سەرکۆمار. لەوەبەدواوە دیپلۆماسی و پەیوەندیەکانی دەرەوەی گورجستان گۆڕا و ئەو وڵاتە دورکەوتنەوە لە رووسیا و خۆنزیک کردنەوەی‌ لە رۆژئاواو ئەمریکا کردە بنەمایەکی‌ سیاسەتی‌ دەرەوەی‌ خۆی‌. گورجستان بەنیازە ببێتە ئەندامی‌ یەکێتی ئەورپا و رێکخراوی ناتۆ، ئەمەش ناکۆکییەکانی‌ ئەو وڵاتە و رووسیای‌ قوڵتر کردۆتەوە.

ھەرێمی ئۆتۆنۆمی ئوستیای باشوور بەپاڵپشتی‌ روسیا، سەربەخۆیی راگەیاند و لە ھاوینی ٢٠٠٨دا ھاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی یاریەکانی ئۆڵۆمپیکی پەکیندا سوپای گورجستان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئۆستیای باشوور ھێرشی کردە سەر ئەو ھەرێمە، بەڵام کاردانەوەی توندی سەربازیی رووسیای لێکەوتەوە و گورجستان ناچارکرا ھێزەکانی لەئۆستیا بکشێنێتەوە. بەناوبژیوانی فەرەنسا و بە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان،دوای چەنین رۆژ شەڕ، ھەردوو لا رازی بوون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست. چاودێران پێیانوایە ساکاشڤیلی بە خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکی ھەڵە سەبارەت بە پشتگیری‌ ئامریکا بۆ وڵاتەکەی‌، دەستی‌ بەشەڕ کرد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]