پۆڵەندا
پۆڵەندا یان پۆڵۆنیا، بە فەرمی کۆماری پۆڵەندا (بە زمانی پۆڵەندی: Rzeczpospolita Polska) وڵاتێکە لە ناوەڕاستی ئەورووپا.لەگەڵ ئەڵمانیا، چیک، سلۆڤاکیا، ئۆکرانیا، بیلاڕووس و لیتوانیا ھاوسنوورە. ڕووبەری پۆڵەندا ٣١٢،٦٧٩ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و دانیشتووانی پۆڵەندا زیاتر لە ٣٨،٠٠٠،٠٠٠ کەسن.
پێرست |
[دەستکاری] ناوی وڵات
ناوی ئەم وڵاتە لە ناوی نەتەوەکەیانەوە گیراوە کە لە زمانی خۆیاندا بە تاکێکی نەتەوەکەیان دەڵێن Polak و بە کۆ دەڵێن Polacy. لە بڕێک لە زمانەکاندا وەک فارسی ناوی ئەم وڵاتە لە نەتەوەی Lechici وەرگیراوە کە لە ڕابردوودا لەو ناوچەیەدا نیشتەجێ بوونە. لە فارسیدا بەم وڵاتە «لھستان» (لەھستان) دەڵێن.
[دەستکاری] جوگرافیا
پۆڵەندا دەکەوێتە خۆرھەڵاتی ئەوروپاوە، دەریای بەلتیک دەکەوێتە سەرووی پۆڵەنداوە، بەڵام لە باکووری خۆرھەڵات ھەریەک لەھەرێمی لینینگرادی ڕووسی و لیتوانیا ھاوسنورن لەگەڵیدا، ھاوسنوریشە لەگەڵ بیلاڕووس و ئۆکرانیا لە خۆرھەڵات و سلۆڤاکیا و چیک دەکەونە باشوورییەوە، ئەڵمانیاش دەکەوێتە خۆراوای ئەم وڵاتەوە.
سروشتی پۆڵەندا واھەڵکەوتووە کە لە باکوور دەشت و ڕێکی زۆرە، بەڵام تا بەرەو باشوور بڕۆین بەرزاییەکانی زیاتر دەبن. بەرزترین لووتکە لە وڵاتی پۆڵەندا لوتکەچیای ڕیسی (Rysy)یە کە بەرزییەکەی دەگاتە ٢٤٩٩ مەتر، ڕووباری فیسوا درێژترین ڕووباری ئەم وڵاتەیە، ڕووباری ئەودرا سنورێکی سروشتی لەگەڵ ئەڵمانیادا دروستکردووە، دارستانەکان نزیکەی ٢٨%ی ڕووبەری وڵاتیان داگیرکردووە، گرنگترین شارەکانی بریتین لەکراکۆف و بۆزنان و بەندەرە سەرەکیەکانیشی بریتین لە گدانیسک و شچاچیتن کە دەکەونە سەر دەریای بەلتیک.
[دەستکاری] مێژوو
لە ساڵی ١٠٢٥ خرۆبەری (Chrobry) وەک یەکەم پاشای وڵات، دەسەڵاتی پۆڵەندای گرتەدەست، زۆرینەی بەشەکانی پۆڵەندا لە ساڵی ١١٦٣ خرایە سەر ئیمپراتۆریەتی پیرۆزی ڕۆمان، ساڵی ١٢٤١ ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی دوژمنکارییەکی سەخت بووەوە کە ئەویش ھێرشی مەغۆلەکان بوو بۆ سەر پۆڵەندا بە سەرکردایەتی باتۆخان، مەغۆلەکان میرنشینەکانی باشووریان خاپوورکرد. ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئەڵمانی - پۆڵەندی لەگەڵ مەغۆلەکان سوودی نەبوو لەشەڕی لیکنیتچادا، دوای ئەو کێشانەی کە پۆڵەندا تووشی بوو، لەسەدەی پانزەھەم ھەوڵی یەکخستنەوەی ئەم وڵاتە درا. ساڵی ١٤٤٧ پۆڵەندا لەگەڵ لیتوانیا یەکیگرت. پۆڵەندا سێجار دابەشکراوە، ئەویش لەساڵانی ١٧٧٢ و ١٧٩٣ و ١٧٩٥، دوای ئەوەی ناپلیۆن شکستی ھێنا دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگ کە نەمسا، پرووسیا و ڕووسیا بوون لە ساڵی ١٨١٥ ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆڵەندا، بەم شێوەیە پۆڵەندییەکان بوونە قوربانی و بە بێ دەوڵەت مانەوە تا ساڵی ١٩١٦ شانشینی پۆڵەندا ڕاگەیەنرا.
لە ساڵی ١٩١٨دا لە نێوان ساڵانی جەنگی جیھانیی یەکەم کۆماری پۆڵەندا ڕاگەیەندرا. ساڵانی دواتر پۆڵەندا ئەو زەوییانەی گێڕایەوە سەر خاکی خۆی کە لە دەستی دابوون، ئەو ماوەیەی کە کەوتە نێوان دوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم، واتە لە نێوان ساڵانی ١٩١٩- ١٩٣٩ وڵاتی پۆڵەندا تووشی بارودۆخی ناجێگیری سیاسی و ئابووری بوویەوە، لاوازی و بێھێزی پۆڵەندا وایکرد کە نەتوانێت ڕووبەڕووی مەترسی بەردەوامی ھەر دوو دەوڵەتی ئەڵمانی و سۆڤیەتی ببێتەوە، ھەر لەبەر ئەمەش ئەو ڕێکەوتننامەیەی کە لە نێوان ھێتلەر و ستالیندا واژۆکرا لە ساڵی ١٩٣٩ بەوەی کە کاری دوژمنکاری نەکەنە سەر یەکتری پۆڵەندا باجەکەی دا، چونکە جارێکی تر ئەم وڵاتە دابەش کرایەوە. بەو شێوەیە ئەڵمانیا جەنگی جیھانی دووەمی بەرپاکرد لە ئەیلولی ١٩٣٩دا، بەھۆی ئەوەی بەشێکی پۆڵەندای داگیرکرد، ھەروەھا ئەمە وایکرد کە ھێزەکانی سۆڤیەت لای خۆرھەڵاتی پۆڵەندا داگیر بکەن و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا پێگەی لەسەر نەخشەدا نەھێڵن، بەڵام ئەڵمانیا بە خێرایی لە ساڵی ١٩٤١ جەنگی بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت ڕاگەیاند و توانی دەست بەسەر خۆرھەڵاتی پۆڵەندا دابگرێت کە ھێزەکانی سۆڤیەت پێشتر داگیریان کردبوو، بەڵام ھێزەکانی سۆڤیەت جارێکی تر توانیان کە ھێزەکانی ئەڵمانیا تێک بشکێنن و لە ساڵی ١٩٤٥دا دەست بەسەر پۆڵەندا بگرنەوە.
لە ساڵی ١٩٩١دا وڵاتی پۆڵەندا لەگەڵ ھەنگاریا و چیکسلۆڤاکیا چوونە ناو بەرەی خۆرئاواوە و ھەمان ساڵ پۆڵەندا بوو بە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، لە ساڵی ١٩٩٩ش بوو بە ئەندام لە پەیمانی ئەتڵەسی باکووری (ناتۆ)، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٤دا بوو بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.
[دەستکاری] سەرچاوەکان
|
|||||||
|
||||||||||||||||||||||||