ئیندۆنیزیا
ئێندۆنیزیا (بە فەرمى کۆمارى ئێندۆنیزیا)، وڵاتێکە ئەکەوێتە باشورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا، ئێندۆنیزیا ١٧،٥٠٨ دوورگە لە خۆ ئەگرێت، و ژمارەى دانیشتوانى ئەگاتە نزیکەى ٢٣٨ ملیۆن کەس، چوارەم وڵاتى جیهانە لە ڕووى ژمارەى دانیشتوانەوە، گەورەترین وڵاتى ئیسلامییە لە جیهاندا کە زۆرترین ژمارەى موسڵمانان لە خۆ ئەگرێت، پایتەختەکەى جاکارتایە، و سنورى وشکانیەکەى لەگەڵ پاپوا گینێی نوێ و تەیموورى ڕۆژهەڵات و مالیزیادا هاوسنوورە، و وڵاتەکانى ترى دەوروپشتى سینگاپور و فلیپین و ئوسترالیا و زەویە هیندیەکانە.
پێرست |
ناونانى [دەستکاری]
ناوى ئێندۆنیزیا لەدوو وشەوە هاتووە، وشەى (ئیندۆ)ى لاتینى کە بەماناى هیند یەت و وشەى یۆنانى (نیسۆس] کە بە ماناى دوورگە یەت، واتە دوورگەى هیند، ئەم ناونانە ئەگەڕێتەوە بۆ سەدەى ١٨، پێش پێکهێنانى کۆمارى ئێندۆنیزیا، لە ساڵى ١٨٥٠ زاناى ئینگلیزى جۆرج ئیرل پێشنیارى زاراوەى ئیندۆنیزیەکان و زارەوەى مالایۆنیزیەکانى کرد بۆ دانیشتوانى ئەرخەبیلى هیندى یان مەلایۆ، و هەروەها یەکێک لە خوێندکارەکانى ئیرل، ئەم زاراوەى بەکار هێنا بۆ ئەرخەبیلى هیندى، ناوى ئێندۆنیزیا زۆر بڵاو بوو لە سەرەتاى سەدەى بیست، و کۆمەڵە نیشتیمانییە ئیندۆنیزییەکان ئەم زاراوەیان وەک دەربڕینێکی سیاسی بەکارهێنا، و یەکەم زانای ئیندۆنیزی کە ئەم زاراوەیەی بەکارهێنا هجر دیونتارا بوو کاتێک نووسیگەی ڕۆژنامەوانی ئیندۆنیزی دامەزراند ساڵی ١٩١٣.
مێژوو [دەستکاری]
لە زۆربەی مێژووەکەیدا، ئەو ناوچەیەی ئێستا بە ئیندۆنیزیا ناسراوە لە چەند ویلایەتێک پێکهاتووە هەندێکیان گەورە و هەندێکیان بچوک، و لە ڕابردوودا ناوچەکە ناسرابوو بە دوورگەکانی هیندی ڕۆژهەڵاتی، و ئەو بەشەی کە ئێستا بە ئیندۆنیزیا ناسراوە ناودەبرا بە دوورگەی هیندی هۆڵەندی، و ناوی ئیندۆنیزیا بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٥٠ز بەکارهات، و نەتەوەی ئیندۆنیزی نوێ پێک نەهات تا چلەکانی سەدەس بیست، دوای ئەوە دانیشتوانەکانی خۆیان ناونا ئیندۆنیزییەکان.
زاناکان زۆر لە بارەی نەژادی ئیندۆنیزییەکان نازانن، لە دوورگەی جاوە، ئێسک دۆزرانەوە کە ئەگەڕێنەوە بۆ جۆرێکی دێرینی مرۆڤ لە پێش مێژوودائەمەش لە ساڵی ١٨٩١دا بوو، پاشان پەیکەری مرۆڤ دۆزرایەوە کە مێژووەکەی ئەگەڕایەوە بۆ پێش نیو ملیۆن ساڵ و ئەم پەیکەرەش بە مرۆڤی جاوە ناسراوە، و زاناکان هیچ بەلگەیەکیان نەدۆزیووەتەوە کە مرۆڤی جاوە ئەسڵی ئیندۆنیزییەکان بن.
مەلایۆییەکان کە زۆربەی باپیرەکانی ئیندۆنیزییەکان پێک دەهێنن لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە هاتوون، لە کۆمەڵێک کۆچکردندا لە ساڵەکانی ٢٥٠٠ تا ٢٠٠ی پێش زایینی، ئەو مەلایۆییانە لە گوندێکدا ژیان و فێری پیشەسازییەکانی بڕۆنز و ئاسن و چنیین و دروستکردنی کەشتی بوون.
مێژوونووسەکان چەند ئاماژەیەکیان دۆزیوەتەوە کە دەسەڵاتی هیندی ئەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی پێنجی زایینی لە ئیندۆنیزیا، هەرچەند پێش ئەوە دەسەڵاتیان پەرەی سەند پێش سەدان ساڵ، موستەعمەریان دانەمەزراند تیایدا بەڵکو هەندێک لە دیاردە شارستانییە هیندییەکان چوونە ئیندۆنیزیاوە لە ڕێگەی بازرگانییەوە. ئەو مامەلیکانەی لە جاوە و سومتەڕە (دووانن لە دوورگەکانی ئیندۆنیزیا) دروستبوون لە ژێر دەسەڵاتی هیندییدا ڕکەبەرییان ئەکرد نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ، لە سەدەی هەشتی زایینی شانشینی هیندۆنووسی لە ناوەندی جاوە پێک هات ناودەبرا بە ماتارام و سانجایا حوکمی ئەکرد و لە هەمان کاتدا خێزانێکی بوزی بە شیلندرا ناسرابوون حوکمی شاخەکانیان ئەکرد و لە ساڵی ٨٥٠ ئەم دوو دەسەلاتە یەکیان گرت لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە.
بازرگانی پیشکەوت لە دوورگەکان مالایۆ بە هۆی هیند و عەرەب و فارس و چینییەکان کە شتو مەکەکانیان ئەفرؤشت لە کەنارەکانی ئاسیادا و ئەم بازرگانییە لە چینەوە درێژدەبووبەوە بۆ نیمچەدوورگەی عەرەبی.
ئیسلام گەیشتە ئیندۆنیزیا لە ڕێگەی بازرگانە موسڵمانەکانی هیند و دوورگەی عەرەبییەوە، و وردە وردە ئیسلام لە ناویاندا بڵاوبویەوە، لە کۆتاییەکانی سەدەی سیانزەی زایینی حاکمە ناوخۆییەکانی ئیندۆنیز موسڵمان بوون. پاشان بە هێواشی ئیسلام بڵاوبوویەوە لە هەموو دوورگەکانی ئیندۆنیزیادا، و هەتا ئێستا بڵاوبوونەوەی بەردەوامە و ڕێژەی موسڵمانان تیایدا لە ئێستادا ئەگاتە زیاتر %٨٥.
بازرگانە ئەورووپیەکان گەیشتنە دوورگەکانی هیندی ڕۆژهەڵاتی لە سەرەتای سەدەی شانزەوە، و پێش ئەوە هەندێک گەشتیار نەبێت ئەورووپیەکان سەردانیان نەکردبوون، پورتوگالییەکان لە نیو ئەورووپادا بۆ یەکەم جار پەیوەندییان دامەزراند لەگەڵ ئیندۆنیزیا. لەبەرئەوەی موسڵمانەکان دەستیان بەسەر زۆربەی بازرگانییەکانی کەنارەکاندا گرتبوو پرتوگالییەکان بەشەڕ ئەهاتن لەگەڵیان لەبەرئەوەی ئیسلامیان بە دوژمنی مەسیحییەت دائەنا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئیسلام زیاتر پەرەی ئەسەند و پورتوگال تەنها یەک موستەعمەرەیان مایەوە تا ساڵی ١٩٧٥.
ساڵی ١٦٠٠ کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی بەریتانی دامەزرا و ساڵی ١٦٠٢ لە شارەکانی هۆڵەندادا کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی هۆڵەندی دامەزرا، و ئەم دوو کۆمپانیا هۆڵەندی و بەریتانییە بوو بە ناکۆکییان لەسەر دەستگرتن بەسەر بازرگانی دوورگەکانی هیندی ڕۆژهەڵاتی. گەیشتنی ئەورووپیەکان کاریگەری زۆری هەبوو لە میژووی ئیندۆنیزییادا، هۆڵەندییەکان بە کەشتیگەلی گەورەوە هاتن و فەرمانڕەوا ناوخۆییەکانیان مل کەچ کرد تا بازرگانیان لەگەڵدا ببەستن بە پێی مەرجی خۆیان.
لە ماوەی سەدەی حەڤدەدا هۆڵەندییەکان دەسەڵاتیان گرت بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیادا، کەوتنە ناکۆکی لەگەڵ شانشینی ماتارامی موسڵمان و ساڵی ١٦٧٤ هۆڵەندییەکان هەندێک ناوچەی ماتارام و جاوەیان وەرگرت لە بەرامبەر ئەوەی یارمەتی شا بدەن لە ڕووبەڕووبونەوەی یاخی بووەکاندا.
کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی هۆڵەندی داڕما لە ماوەی پێکدادانەکانی میژووی ئەورووپیدا، لە ماوەی ١٨٠٢ تا ١٨١٥ شەڕی ناپلیۆن هەڵگیرسا بوو، فەڕەنسا دەستی گرت بەسەر هۆڵەندا و بەریتانیا لە شەڕدا بوو لەگەل فەڕەنسا، و بەریتانیا دەستی گرت بەسەر هیندی ڕۆژهەڵاتی هۆڵەندی، و سالی ١٨١٦ جارێکی تر هۆڵەندا دەستی گرت بەسەر جاوەدا و شێوازی نوێی بەکارهێنا لە کشتوکاڵ و باجداناندا.
وەرگرتنی سەربەخۆیی [دەستکاری]
لەبەرئەوەی ئیندۆنیزییەکان یەکگرتوو نەبوون لە بەرامبەر هۆڵەندییەکان یەک لە دوای یەک دوورگەکانی ئەکەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیستیعماری هۆڵەندی. خوێنەوارە ئیندۆنیزییەکان دەستیان کرد بەوەی لە خۆیان بپرسن بۆ لە ژێر ئیستیعماری هۆڵەندادا بژین، و ئەو هەستەیان تیا دروستبوو کە پێویستە هۆڵەندا دەرکەن و سەربەخۆیی بە دەست بهێنن، وەک نەتەوەکانی تر، ڕیکخراوە نیشتیمانییەکان دەستیان بە دامەزراندن کرد لە هیندی ڕۆژهەڵاتی لە سەرەتای سەدەی بیستدا و هەموویان داوای سەربەخۆیی تەواویان ئەکرد. و هەندێکیان داوای بەشداری ئیندۆنیزییەکانیان ئەکرد لە دەسەڵاتدا.
هۆڵەندا رێگەی دا بە گەشەکردنی بزوتنەوە نیشتیمانییەکان، نەتەوەییە ئیندۆنیزییەکان دەوڵەتێکیان ڕاگەیاند کە هەموو زمانی ئیندۆنیزی یەک بخات، لە کۆنگرەیەکدا کە ساڵی ١٩٢٨ لە جاکارتا بەستیان، سوکارنۆ وەک دیارترین سەرکردە نەتەوەییەکان دەرکەوت، هۆڵەندییەکان گرتیان ساڵی ١٩٢٩ و ساڵی ١٩٣١ ئازادیان کرد و ساڵی ١٩٣٣ جارێکی تر دەستگیریان کردەوە لەگەڵ محەمەد حاتا.
ژاپۆن ئیندۆنیزیای داگیرکرد ساڵی ١٩٤٢، دەسەڵاتی گرنگیان دا بە ئیندۆنیزییەکان و هۆڵەندییەکانیان لێ ئەبوارد، هەروەها ژاپۆنییەکان هەندێک دان پێدانانیان دابوو بە سەرکردە نەتەوەییەکان تا زیاتر قبوڵ بکرێن، سوکارنۆ سوودی لەم فرسەتە وەرگرت تا لەگەڵ سوپای ژاپۆنییدا لە دژی ئیستیعمار بجەنگن، لە ١٤ی ئابی ١٩٤٥ ژاپۆن خۆی دا بە دەستی هاوپەیمانانەوە، لە ١٧ی ئابی هەمان ساڵدا سوکارنۆ و حاتا کۆماری ئیندۆنیزیای سەربەخۆییان راگەیاند، بەڵام هۆڵەندییەکان دانیان نەنا بەم ڕاگەیاندنە.
دوای خۆبەدەستەوادانی ژاپۆن هێزە بەریتانییەکان گەیشتنە ئیندۆنیزیا، و بینییان حکومەتی نەتەوەییان پێک هێناوە، کاتێک هۆڵەندییەکان گەڕانەوە، هێزە بەریتانییەکان ئیندۆنیزیایان بە جێهێشت لە کۆتایی ١٩٤٦دا کاتێک هۆڵەندی و ئیندۆنیزییەکان ململانێیان بوو لەسەر دەسەڵات.
شەڕی سەربەخۆۆی لە ماوەی سێ ساڵی دواتردا هەوڵێکی بێووچانی بە خۆوە بینی و لە سالی ١٩٤٦ هۆڵەندی و ئیندۆنیزییەکان گەیشتنە ڕێکەوتنێک کە سەربەخۆییەکی سنورداری ئەدا بە ئیندۆنیزییەکان لە چوارچێوەی یەکێتی هۆڵەندی، و لە کانوونی یەکەمی ١٩٤٩ کۆماری ئێندۆنیزیای فیدڕالی لە دایکبوو، سەرۆکی یەکەمی سوکارنۆ بوو و سەرۆک وەزیران محەمەد حەتا بوو.
ئیندۆنیزیا بوو بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٥٠، بەمەش دانپیانانی نێودەوڵەتی بە دەستهێنا. سەرەتا حکومەت لە ژێر دەستووری یەکێتی هۆڵەندادا ئیشی ئەکرد ، فەرمانڕەواکانی ئیندۆنیزیا لە ئابی ١٩٥٠ دەستووریان گۆڕی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ١٩٥٥ز پاڵێوراوەکانی نزیکەی ٣٠ پارت بەشدارییان تێداکرد و ئەمەش تاکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بوو لە سەردەمی سوکارنۆ.
کاتێک مالیزیا پێک هات ساڵی ١٩٦٣، ئیندۆنیزیا ناکۆک بوو لەگەڵی لەسەر هەردوو دوورگەی سرواک و سەباح کە بە دوورگەی ئیندۆنیزییان دادەنان، و سوپایان نارد بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ئەم هەوڵە شکستی هێنا لەبەر پاڵپشتیکردنی سەربازی بەریتانیا بۆ مالیزیا، و ئێندۆنیزیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کشایەوە ساڵی ١٩٦٥ لەسەر هەڵبژاردنی مالیزیا بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی.
ساڵی ١٩٦٥ سوهارتۆ بوو بە سەرۆکی سوپا بە بی ویستی سوکارنۆ دوای ئەوەی دەستی گرت بەسەر هەوڵێکی کودەتادا هەندێک لە ئەفسەرە شیوعییەکان سەرکردایەتییان ئەکرد،لە دوای ئەوە هێزی ڕاستی بە دەست سوهارتۆ بوو، لە ساڵی ١٩٦٦ ویستیان ناکۆکی لەگەڵ مالیزیا کۆتایی پێ بهێنن و ئەندامێتییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێننەوە، لە ئازاری ١٩٦٧دا سوکارنۆ ناچارکرا دەسەڵات بداتە دەست سوهارتۆ.
لە سالی ١٩٩٨ ئەزمەیەکی ئابووری وڵاتی گرتەوە، پەرلەمان جارێکی تر سوهارتۆی هەڵبژاردەوە بەڵام لە ٢٠ی ئایاری هەمان ساڵدا پارتی فەرمانڕەوا ڕایگەیاند ئەیەوێت سوهارتۆ لاببات.
جوگرافیا [دەستکاری]
ئێندۆنیزیا بەشیکە لە ئەرخەبیلی مەلایۆ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەو دەوڵەتەیە کە زۆرترین دوورگە لە خۆ دەگرێت لە جیهاندا، ژمارەی دوورگەکانی ئەگاتە ١٧٥٠٨ دوورگە، نزیکەی ٦٠٠٠ دوورگەیان دانیشتوانی لەسەرە، لەوانە دوورگەی جاوە، کە بە چڕترین ناوچەکانی جیهان دادەنریت لە ژمارەی دانیشتواندا، چڕی دانیشتوان تیایادا دەگاتە ٢٠٠ کەس لە میلێکی چوارگۆشەدا. هێڵی ئیستیوا پیایدا تێپەڕ دەبێت.
ئێندۆنیزیا کەشو هەوایەکی گەرم و شێداری هەیە، تێکڕای پلەی گەرما لە سەر خاکە نزمەکانی ئەگاتە ٢٧ پلە، بەڵام لە ناوچە بەرزەکاندا لەوە کەمترەن و جیاوازییەکی زۆر نییە لە پلەکانی گەرمادا بە درێژایی ساڵ، لەبەر ئەوە وەرزەکان تیایدا جیادەکرێنەوە بە جیاوازی لە بڕی باران بارین نەک گۆڕانکارییەکانی گەرما.
لە ناوچە وشکەکانییدا لە نێوان ٩٠-١٩٩ سم باران دەبارێت ساڵانە، بەڵام لە خاکە نزمەکانییدا ١٨٠-٣٢٠سم ئەباریت ساڵانە، و ڕێژەی باران بارین زیاد دەکات لە ناوچە بەرزەکاندا، و هەندێک لە ناوچە شاخاوییەکان تێکڕای باران بارین تیایاندا دەگاتە ٦٤٠سم لە ساڵێکدا.
ئێندۆنیزیا لە هەموو دەوڵەتەکانی جیهان زیاتر ڕووبەڕووی بوومەلەرزە و بورکان دەبێتەوە.
نەخشەی ئێندۆنیزیای زۆربەی جوگرافی ناسەکان دوورگەکانی ئەکەن بە سێ بەشەوە دوورگەکانی سوندای گەورە و دوورگەکانی سوندای بچوک و مولۆکاس.
هەروەها ئێندۆنیزیا ئیریان جایا ئەگەرێتەوە کە بەشێک لە گینیای نوێ پێک دەهێنێت. گینیای نوێ بە دووەم دوورگەی گەورە دادەنرێت لە جیهاندا، بەشی ڕۆژئاواکەی بە ئیریان جایا ناسراوە و بە یەکێک لە کەرتەکانی ئێندۆنیزیا دانراوە، بەڵام بەشی ڕۆژهەڵاتەکەی دەوڵەتی پاپوا گینێی نوێ پێک دەهێنێت، ئیریان جایا بە کەمترین ناوچەی ئێندۆنیزیا دانراوە لە ڕووی گەشە و ژمارەی دانیشتوانەوە و چری دانیشتوان تیاییدا لە دوو کەس لە یەک کم² تێناپەڕیت.
ئێندۆنیزیا بەشدارە لە سنووردا لەگەڵ مالیزیا لە باکوورەوە (سنووری نێوانیان ئەگاتە ١٧٨٢کم)، لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنورە لەگەڵ پاپوا گینێی نوێ (سنووری نێوانیان ئەگاتە ٨٢٠کم)، هەروەها لەگەڵ تەیمووری ڕۆژهەڵاتدا (سنووری نێوانیان ئەگاتە ٢٢٨کم).
سیاسەت [دەستکاری]
سەرۆک کۆمار بە سەرۆکی حکومەت دادەنرێت لە لە ئێندۆنیزیا، بە پێی ئەو دەستکارییانەی لە دەستووردا کرا ساڵی ١٩٩٩، کۆمەڵەی نەتەوەیی ڕاویژکاری لە ٧٠٠ ئەندام پێک دێت، ٥٠٠ ئەندامیان نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان خەڵکن، و ١٣٥ ئەندامی کەرت و ناوچەکان و ١٦٥ ئەندامی کۆمەڵە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ترن. و خەلک ٤٦٢ ئەندام هەڵدەبژێرن و ٣٨ ئەندامی تریان لە هیزە چەکدارەکان دادەنرێت و کە ئیشەکانی ئەم کۆمەڵەیە هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەتە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و دوو تەنها بۆ دووجار یەک کەس هەڵدەبژێردرێتەوە.
هەتا ساڵی ١٩٩٨ ڕێکخستنی جولکار بەهێزترین ڕێکخستنی سیاسی بوو لە ئیندۆنیزیا، و جولکار پارتێکی سیاسی ئاسایی نییە بەڵکو لە لێهاتوو و سەربازییەکان پێک هاتووە، و لە سەردەمی سوهارتۆ توانیان زۆرترین ژمارەی ئەنجومەنی نوینەران بە دەست بهێنن.
هیزە چەکدارەکان فەرمان بە سوپا و هیزە دەریایی و ئاسمانی و هیزەکانی پۆلیس دەکات، و لە ڕێزەکانی هێزە چەکدارەکاندا نزیکەی ٢٨٤،٠٠٠ پیاو هەیە و ٤٠٠،٠٠٠ لە رێزی یەدەکدان.
دابەشبوونی کارگێڕی [دەستکاری]
ئیندۆنیزیا دابەش دەبێت بۆ ٣٣ کەرت، وئەم کەرتانەش دابەش دەبن بۆ شارەوانی و ناوچەکان، و هەروەها چەندین گوند لە خۆ دەگرن، حکومەتی ناوەندی فەرمانبەری حکومی دادەنێت لە ناوچەکاندا بێجگە لە گوندەکان کە دانیشتوانی گوند خۆیان بەرپرسەکانیان هەڵدەبژێرن، و کەرتەکان ئەمانەن؛
بالی ، بانجکا - بلیتونج ، بانتن ، بنجکۆلو ، جاوەی ڕۆژهەڵات ، جاوەی ڕۆژئاوا ، جاوەی ناوەند، کلیمنتنی باشوور ، کلیمنتنی ڕۆژهەڵات ، کلیمنتنی ناوەند ، کلیمنتنی ڕۆژئاوا ، سولاوسی باکوور ، سولاوسی ناوەند ، سولاوسی ڕۆژئاوا ، سولاوسی باشووری ڕۆژهەڵات ، سولاوسی باشوور ، نوسا تونجارای ڕۆژهەڵات ، نوسا تونجارای ڕۆژئاوا ، سومتەرەی باکوور ، سومتەرەی باشوور ، سومتەرەی ڕۆژئاوا ، جامبی ، جورۆنتالو ، لامبونج ، مالوکۆ ، مالوکۆی باکوور ، پاپوا (ئیریان جایا) ، ئیریان جایای ڕۆژئاوا ، ریاو ، ریاو کبولاوان.
یوجیاکارتا تا ئێستا حوکمی سوڵتانییە و سوڵتانەکەی جەماوەرییەکی زۆری هەیە.
پایتەختی ناوچەکە جاکارتایە لەگەڵ ئەوەی شارە بەڵام وەک کەرت بەڕیوە دەبڕیت لە رووی کارگێڕییەوە.
تەیمووری رۆژهەڵات، کەرتێکی ئیندۆنیزی بوو دوای ئەوەی پورتوگالییەکان چۆڵیان کرد سالی ١٩٧٦، و ئێندۆنیزیا وازی لە سەرکردایەتی کردنی هینا ساڵی ١٩٩٩، لە دوای ماوەیەکی بەڕێوەبردنی ئینتیقالی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ساڵی ٢٠٠٢ وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناسرا.
دانیشتوان [دەستکاری]
ساڵی ٢٠٠٢ ژمارەی دانیشتوانی ئێندۆنیزیا بە نزیکەی ٢١٧،٣١٤،٠٠٠ کەس خەمڵێنراوە، و %٦٠ی چڕی دانیشتوانی ئێندۆنیزیا دەکەوێتە دوورگەی جاوە لەگەڵ ئەوەی ڕووبەری جاوە تەنها لە %٧ی ڕووبەری ئێندۆنیزیا پێک دەهێنێت لەبەرئەوە حکومەت هانی کۆچکردن دەدات لە جاوەوە بۆ ناوچەکانی تر، هەروەها گەورەترین شارەکانی ئێندۆنیزیا بە جاکارتای پایتەختەوە هەر دەکەوێتە جاوەوە، لە هەمان کاتدا کەمترین چڕی ژمارەی دانیشتوان ناوچەی ئیریان جایایە.
لە سالی ١٩٤٥ ئەوانەی خوێندەوارییان هەبوو کەمتربوون %١٠ی دانیشتوان، حکومەت پڕۆگرامێکی تایبەتی گرتە بەر بۆ هاندانی خوێندن لە گوندەکان و ڕێژەی خوێنەوارەکان لەوانەی کە لە سەرەوەی تەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو گەیشتە سێ بەشی دانیشتوانی، حکومەت خوێندنی سەرەتایی بە بێ بەرامبەر دابین دەکات بۆیان، هەروەها پاڵپشتی خوێندنگە تایبەتەکان دەکات، و بە پێی یاسا مناڵان پێویستە بچنە خوێندنگەی سەرەتاییەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ، هەندێک ناوچەکانی ئێندۆنیزیا کێشەیان هەیە لە کەمی خوێندنگە و مامۆستاکان ئەمەش بە هۆی ئەو زیادبوونە خیرایەی لە ژمارەی دانیشتواندا ڕوو ئەدات.
هەروەها لە دوای سەرەتایی قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی دێت کە هەر یەکیکیان ماوەکەی سێ ساڵە، هەروەها لە ئێندۆنیزیادا نزیکەی ٥٠ زانکۆی تایبەت و حکومی هەیە.
زۆربەی دانیشتوانی ئەگەڕینەوە بۆ مالایۆ، کە پێشینەکانیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە هاتووە، هەروەها لە دانیشتوانەکەی تیایاندا ئەگەڕیتەوە بۆ ئەسڵی عەرەبی و چینی و ئەوانی تر، بەڵام زمانی نەتەوەیی باهاسا ئێندۆنیزییە، کە مناڵ لە خوێنگاکان فێری دەبن، و زمانی فەڕمییە لە خوێندنگە و زانکۆکان، وئێستا زۆرترینی دانیشتوانەکەی پێی ئەدوێن، لەگەڵ بوونی ٢٥٠ زمانی تر.
زیاتر لە ٨٧%ی دانیشتوانی ئێندۆنیزیا ئیسلامن، ئەوانی تر لەسەر ئاینی ترن وەک مەسیحی و بوزی و هیندۆسی.
برنج بە خواردنی سەرەکی دادەنرێت لە ئێندۆنیزیا، برنج ئەخۆن زۆربەی کات لەگەڵ گۆشت و ماسی و سەوزە، خواردنەکانیان خۆش دەکەن بە شیر و گوێزی هیندی و زەیت، و ئەو گۆشتەی لە ئێندۆنیزیا دەخورێت گۆشتی گامووسی ئاوی و مانگا و مریشکە، هەروەها گەنمەشامی بە خواردنی سەرەکی دادەنرێت لە هەندێک لە ناوچەکاندا.
گەلەری وێنە [دەستکاری]
سەرچاوەکان [دەستکاری]
- سایتی مەعریفە
|
|||||||||||||||||||||