دەڕەشار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ماداکتۆەوە ڕەوانە کراوە)
دەڕەشار
ماداکتۆ
شاری مێژوویی سەیمەرە
وڵات ئێران
پارێزگائیلام
شارستاندەڕەشار
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم١٨،٢١٤
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (لەکیلوڕی
 • ئایینئیسلام (شیعە)
کۆدی تەلەفۆن0842522
دۆڵی بارام لە شاری ماداکتۆ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان

ماداکتۆ، Madakto، دەڕەشار یان شاری مێژوویی سەیمەرە، (بە فارسی: درە‌شھر)، یەکێک لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە لە پارێزگای ئیلام ھەڵکەوتووە. زۆربە دانیشتووانی ئه ام شاره و لەکی و لوڕی قسە دەکەن. ماداکتۆ یەکێک لە مێژوویی‌ترین شارەکانی کوردستانە و پێشینەیەکی دوور و درێژی ھەیە. بە درێژایی مێژوو ئەم شارە چەندین جارە وێران کراوە و دووبارە ئاوەدان کراوەتەوە. لە ھێرشی عەرەب و ئاشوورییەکان دا ئەم شارە چەند جار خاپوور کراوە و سەر نوێ دامەزراوەتەوە. بەپێی بیروڕای شارەزایان، ئەو شارەی کە ئێستا لە ئێران بە دڕەشەھر ناسراوە لە سەر وێرانەکانی ماداکتۆ، پێتەختی ئیلامیەکان ئاودان کراوەتەوە. وا دیارە کە ماداکتۆ یەکەمین شاری ئیلامی بووە کە لە ھێرشی ئاشوور بانی پاڵ دا وێران کراوە. لە سەردەمی ئەخمینیەکان دا ئەم شارە یان بە وێرانەیی ماوەتەوە یان چیتر بایەخی و گرینگایەتی پێشووی نەبوو. بەڵام لە سەردەمی ئەشکانیەکان ئەم شارە دووبارە ژیاوەتەوە و نۆژەن کراوەتەوە وە لە سەردەمی ساسانیەکان دا بە تەواوی ئاوەدان کراوەتەوە و پەرەی سەندووە.

سکە و پارە ئاسنیە دۆزراوەکان لە کەلاوەکانی ماداکتۆ دەگەڕێتەوە بۆ خوسرەوی سێیەم و جێنشینەکانی. ئێستاکە ئەم شارە لە بناری کێو و لە داوێنەی کلاوەکانی شارەکەی سەردەمی ساسانی و لە سەر کەناری ڕووباری سەیمەرە دایە. ئەم شارە لە بواری کشت و کاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان، لەوەڕگە و دارستانەوە زۆر پڕپیت و بەھێزە.

پردی مێژوویی گامێشان لە شاری ماداکتۆ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان

ھەڵکەوتەی جوگرافیایی[دەستکاری]

ماداکتۆ ١٢٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای ئیلام، واتە شاری ئیلام دوورە و لە ھەڵکەوتەی جوگرافیایی N٣٣ ٠٧ ٥٠،E٤٧ ٢١ ٥٥ دایە و ٧٢٠ میتر لە ئاستی دەریا بەرزە. ئەم شارە لە بناری کەویرکێو، لە زاگرۆسی ناوەندی دامەزراوە. ئەم ناوچەیە کە جوگرافیزانان، مێژووناسان و شوێنەوارناسان بە دەشتی سەیمرە ناوی دەبەن ١٥٠٠ کیلۆمتری دووجا یەکێک لە ناوچە مەزنە مێژووییەکانی کوردستانە.

مێژووی ئەم ناوچە دەگەڕێتەوە بۆ دە ھەزار ساڵ لەمەوپێش وە دۆزراوە مێژووییەکانی پشتی بەنداوی سەیمەرە و شوێنەوارگەلی نوێسەنگی ھەتاوەکوو سەردەمی قاجار ئەمە دەسەلمێنێت.

شاری مێژوویی سەیمەرە (ماداکتۆ) کە ئێستا شاری نوێی دەڕەشار لە لایەنی خۆرھەڵاتی و خۆرھەڵاتی باکووری ئەو ئاوەدان کراوەتەوە، بەشێکی زۆری شارەکە لە خۆ دەگرێت وە ئێستا زیاتر لە نیوەی شوێنەوارە مێژووییەکە ماوەتەوە.

شاری کۆنی بەجێماو لە شارستانیەتی سەردەمی ساسانییەکان ھەندێ شوێنەواری مەیدان و خیابان و بازاڕی دانوساتان لە خۆ دەگرێت کە لە ڕووبەرێکی ٦٠ ھێکتاری دا خۆی دەنوێنێت. خانوو و بیناکانی ئەم شارە کە لە سەردەمی ساسانییەکان دروست کراون لە بەرد و گیراوەی گەچ (بەرد و سارووج) پێکھاتوون و ژمارەیەکی زۆرە لە تاقە کەوانییەکان شوێنی ژیانی خەڵکی ئەو ساتە بوونە. لە بەرزاییەکانی نزیک بە ڕووبارەی ئەم شارە مێژووییە کلاوەکانی قەڵایەکی گەورە بەدی دەکرێت کە لەوبەرییەوە شوێنەواری ئاتەشگایەکی ھەمان سەردەم دەبینرێت.

خاکی ماداکتۆ زۆر بەپیتە و ھەر لەبەر ئەمە لە ڕۆژگارانی زۆر کۆنەوە ئەم شارە ئاوەدان بووە و مرۆڤی تێدا ژیاوە. لە ڕاستی دا دوو شاری ماداکتۆ و شیروان گرینگترین شوێنە ھەرەباستانیەکانی پارێزگای ئیلامن.

بوومەلەرزە (ئەردھەژێن)[دەستکاری]

لە کتێبی بوومەلەرزەکانی ئێران (زمین لرزە ھای ایران) باس لە بوومەلەرزەیەک کراوە کە لە ساڵی ٢٥٨ـی کۆچی ناوچەی سەیمەرەی لە ناو بردووە. ھەژانەھێزی ئەم بوومەلەرزە ئەوەندە زۆر بووە کە بە پێی بەراوردەکان لەو کاتە دا ٢٠ ھەزار کەسی کوشتووە. بە وتەی شوێنەوارناسان لە خودی شاری ئێستای ماداکتۆ و ڕێگای ماداکتۆ بۆ گامێشان لە لای ڕۆژھەڵاتی شارەوە، ڕمان و تێکشکانی بەردەکانی ناوچەکە نیشاندەری بوومەلەرزەیەکی زۆر توندە کە بەتەواوی ئەم شارەی وێران کردووە.

شوێنە گەشتیارییەکان[دەستکاری]

  1. دۆڵی بارام
  2. ڕووباری سەیمەرە
  3. کلاوەکانی ماداکتۆ
  4. ئاتەشگای دێی سوورئاوا
  5. قەڵای شێخمەکان
  6. ئیمامزادە باوە سەیفەدین
  7. پردی کۆنی سەیمەرە (دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان)
  8. قەڵای ھاشم‌ئاوا
  9. بەرزاییەکانی کەویرکێو
  10. قەڵای ھەزاردەر

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ماڵپەڕی ھەواڵنێری ئیرنا (بە فارسی)[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  2. ماڵپەڕی ئیلامی ئەمڕۆ (بە فارسی)
  3. بۆماوەی کولتووری ئیلام (بە فارسی)