نەورۆز (گۆرانی)
| « نەورۆز » | |
|---|---|
| ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە | |
| گۆرانی لە لایەن حەسەن زیرەک تیپی مۆسیقای مەولەوی | |
| بڵاوبوونەوە | ١٩٦٠ەکان |
| تۆماربوون | ڕادیۆی کوردیی کرماشان |
| چەشن | فۆلکلۆر |
| ماوە | ٠٣:٤٤ |
| نووسەر | پیرەمێرد |
| زمان | کوردی |
نەورۆز شیعرێکی شاعیری کورد پیرەمێردە کە بە شێوەی گۆرانی بە دەنگی ھونەرمەند حەسەن زیرەکەوە لە ڕادیۆی کوردیی تاران و ڕادیۆی کرماشان تۆمار کراوەتەوە. ئەم گۆرانییە پەیوەندی سەرەکی ھەیە بە جەژنی نەورۆزەوە، کە ساڵی نوێی کوردییە و لە ٢١ی ئازار دەستپێدەکات. گۆرانییەکە باس لە خۆشی و شادی ھاتنی بەھار و ساڵی نوێ دەکات.[١][٢]
دەستپێکی گۆرانییەکە بەم شێوەیەیە:
ئەم ڕۆژە ساڵی تازەیە، نەورۆزە ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەھاتەوە
ئەم گۆرانییە بووەتە بەشێکی گرنگ لە میراتی مۆسیقای کوردی و ھەموو ساڵێک لە جەژنی نەورۆزدا لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان دەگوترێتەوە و گوێی لێ دەگیرێت. دەقی گۆرانییەکە ھی شاعیری ناوداری کورد، پیرەمێردە و حەسەن زیرەک کردویەتی بە گۆرانی.
بەپێی بەڵگەنامە و لێدوانی ھونەرمەندان، مێژووەکەی بۆ نەورۆزی ساڵی ١٩٤٨ دەگەڕێتەوە. ئاوازی گۆرانییەکە بەزۆری دەدرێتە پاڵ ھونەرمەندی شاری سلێمانی حەمە ساڵح دیلان، وە حەسەن زیرەک ئەم گۆرانیەی لە دەنگی حەمە ساڵح دیلانەوە وەرگرتووە، بەڵام لەسەر شێوازە بەناوبانگەکەی خۆی، زیرەک گوتویەتییەوە، بە ڕۆڵی کەمانچەژەنیی موجتەبا میرزادە؛ بەڵام ئەوەی بەفەرمی گوتراوە دەربارەی ئاوازی گۆرانییەکە، دەگەڕێندرێتەوە بۆ قادر دیلان کە لە سەرەتاکانی فێربوونی مۆسیقادا دایناوە.[٣]
قادر دیلان لەم بارەیەوە دەڵێت:
ئەمڕۆ ھیچ مناڵێکی کورد نیە سروودی «ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە» نەزانێت، کە من نیـو سەدە لەمەوبەر ئاوازم بۆ داناوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Corporation، Nalia. «سێ گۆرانی وەک سیمبولی جەژنی نەورۆز». nrttv.com. لە ٣ی تەممووزی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ Foundation، Encyclopaedia Iranica. «Welcome to Encyclopaedia Iranica». iranicaonline.org (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ عەتا، محەممەد (٢١ی ئازاری ٢٠٢٣). «کێ خاوەنی ئاوازی «نەورۆز» بوو؟ - Muziknas». لە ڕەسەنەکە لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٣ی تەممووزی ٢٠٢٤ ھێنراوە.