نەورۆز لە کوردەواری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە نەورۆز لە کوردەواریداەوە)
Jump to navigation Jump to search
جەژنی نەورۆز لە پاڵنگان
جەژنی نەورۆز لە ئەستەنبۆل، ٢٠٠٦

نوێ ڕۆژ یان نەورۆز لە کوردەوارییەکەی خۆماندا ،لە کەس شاراوە نییە کە کورد ھەر لە بنەچەکدا (بنێڕا)، گەلێکی ئاژەڵدار بووە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە کشتوکاڵیشی کردووە. کەوابوو گەڕیانی وەرزەکانی و گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرینگی تایبەت بە خۆی ھەبووە. بە تایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای ھەبووە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە کە جاری جاران (ساڵی ساڵان) بەفرێکی قورس دەباری و جار ھەبووە ھەتا دوو مانگ لە بەھاریش تێپەڕیوە و بەفر ھەر نەتواوەتەوە و زەوی و ڕێ و بانی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار دەکەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئازوقەیەیی (ئاوردوویی). بە پێی ھەموو ئەو ھۆکارانە، کە ھەم سرووشتی و ھەمیش ھەرێمییە کورد تەواو بوونی وەرزی تووش و سەرمای (سەرما و سۆڵەی) زستانی کردبێتە جەژن.

مامۆستا ھێمن موکریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو ڕۆژە ڕۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد ڕانە مەڕەکەی لەو ڕۆژەدا دەزێ بۆیە ڕۆژەکەی کردووەتە جەژن.

لە مێژووی جەژنە ئێرانییەکاندا جەژنێکیش ھەیە بە ناوی جەژنی مێھرەگان. ئەو جەژنە یەکەم رۆژی پاییز بووە. مەڕدار لەو رۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە. واتە ئەو ڕۆژە ڕۆژی بەرانگرتنی مەڕ بووە. بۆیە ئەو ڕۆژەش کراوە بە جەژن و بە مێھرەگان ناوی دەرکردووە و مامۆستا ھێمن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ھەر ئەو ناوی جەژنی مێھرەگانە دواتر بووەتە مێھرەجان و بە تایبەتی عەرەبەکان بە زۆربەی جەژن و کۆڕەکانی خۆیان دەڵێن مێھرەجان. بە گشتی مەودای نێوان جەژنی مێھرەجان و جەژنی نەورۆز پێنج مانگە. "مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەر دێ و مەترسیی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە. جەژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن "بێڵن دانا"، پێوەندیی لەگەڵ ئەم باسە ھەیە. دوو مانگ پایز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی یەکەمی بەھاردا زەوی مەڕ دێ و جەژنی ھەرە گەورەی مەڕدارە.

بۆچوونەکەی مامۆستا ھێمن زۆر لە ڕاستییەوە نزیکترە لەو بەناو مێژوونووسانەی کە بە ویستی دەسەڵات مێژوویان بە ئارەزووی خۆیان و ئەربابەکانیان نووسیوەتەوە. پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی میدییەکان، ئەوانەی دێن و سەربردە و مێژوو دەنووسنەوە، دەبێ بەو شێوەیە بینووسنەوە کە دەسەڵات دەفەرموێ. کەوابوو ئەگەر ڕوخسارێکی سامناک لە دوایین پاشای میدییەکان واتە ئاستیاگ پیشان بدەن، شتێکی سەیر نییە. ئەگەر زۆر زۆر دووریش نەگەڕێینەوە و وردبینانە لە مێژووی ھاوچەرخی خۆمان بڕوانین و لێی وردبینەوە، دەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، چۆن لە ھەموو ڕێگەیەکەوە ھەوڵ دەدەن ڕوخساری راستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناو ناتۆرەی دزێوەوە. دوور نەڕۆین ئەگەر بۆ مانای وشەی پێشمەرگە بگەڕێینەوە نێو قامووسی بەعسییەکان، پێتانوایە چ پێناسەیەک لە پێشمەرگە کرابێت؟ ئەوە لە سەردەمێکدایە کە ئێمەش ئەگەر ھاوسەنگی ئەوانیش دەستمان بە قەڵەم ودامودەزگای ڕاگەیاندن نەگەیشتبێ بۆ وەڵامدانەوەیان، لانیکەم دەرفەتی ئەوەمان ھەبووە، لە ھەندێ کەناڵەوە حەق بوون و ڕەوا بوونی داواکانمان بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە. جا وەرن سەیری سەردەمێکی کۆنی کۆن بکەن کە کوردی لێقەوماو خاوەنی ھیچ خوێندەوارییەک نەبووە و دەسەڵاتدارەکانی زاڵ بەسەر نیشتیمانەکەیدا چۆن دڵیان ویستوویەتی مێژوویان بۆی نووسیوەتەوە. بۆیە ئەفسانەی کاوە و زوحاک تەنیا فێڵێکە لە مێژووی ئێمە کراوە. لانیکەم ئەگەر تەنیا بە مەبەستی ئەوەش بووبێت کە ھیچ کات لە ڕوومان ھەڵ نەیەت، بە شانازییەوە باسی ئیمپراتۆریەتی میدییەکان بکەین.

ئاگر سومبوڵی نەورۆز لای کوردان

ئاگر وەک ھێمایەکی کۆنی کورد[دەستکاری]

سەرەڕای ئەوەی کە لە ھەندێ لە ئەفسانە کۆنەکاندا باس لەوە دەکرێ کە ئەو ڕۆژەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار ئاگری تێدا دۆزیوەتەوە، دەکەوێتە کۆتا شەوی زستان و یەکەم ڕۆژی نەورۆز و ھەموو ساڵێک ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژێکی ئەگەر نەشڵێین پیرۆز لانیکەم سەیر و سەمەرە سەیر کردووە، بەڵام بە گشتی ئاگر لە باوەڕی کۆنی کوردەواریی خۆماندا ھێمایەکی لە مێژینەیە. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە بەر لە ھاتنی ئایینی ئیسلام کوردەکان زەردەشتی بوون. ئەوان ئاگرپەرست نەبوون. بەڵکو ئاگر بەلایانەوە وەک ھێمایەکی پیرۆز پارێزراوە.

ھەر لە کۆنەوە مرۆڤ کە بیری لە پێکھاتەی جیھان کردووەتەوە، پێی وا بووە کە ئەم جیھانە لە چوار توخم پێک ھاتووە:-

  1. ـ خاک
  2. ـ ئاو
  3. ـ با
  4. ـ ئاگر

سێ دانە لەو چوار توخمە واتە، «خاک و با و ئاو» پیس و ئاڵوودە دەبن. ھەر سێکیان ھێزی کێش کردنی زەوی ڕایاندەکێشێت. لەو نێوەندەدا ئەوەی نەک پیس و ئاڵوودە نابێت بەڵکو شتە پیسەکانیشی پێ پاکژ دەکەنەوە، ئاگرە. ئاگر لەگەڵ ئەوەدا کە توخمێکی پاکژ کەروەیە، ھێزی زەویش نەک پەلکێشی ناکات بەرەو خۆی بەڵکو بەردەوام لە ھەڵکشاندایە بەرەو ئاسمان. ھەر لە کۆنی کۆنیشەوە ھەتا ئێستاش کە مرۆڤ پێی وایە خوا لەسەر عەرشی عەزیمە و لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەکانە و ئەوەش لە (ڕووداوی میعراجیشدا) باسی دەکرێت، کە بۆ وێنە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بە سواری باڵی (بوڕاق) بەرەو میعراج دەڕوات، ئەو باوەڕە بە بوونی خوا لە ئاسمان، شتێکی زۆر زۆر کۆنە. ھەر بۆیەش ھەڵکشانی بەردەوامی ئاگر وەک ھێزێکی پاکژکەرەوە بەرەو ئاسمان نیشانەی ھەڵچوونی ڕۆحی پاک و بێ خەوش و بێ تاوانە بەرەو سەرچاوەی خۆی واتە خوا.

لە لایەکی دیکەشەوە، یەکێک لە بنەما باوەڕییەکانی ئایینی زەردەشت بوونی دوو ھێزی دژ بە یەکە، واتە ئەھریمەن و ئەھورامەزدا. تاریکی ھێمای ئەھریمەنە و ڕووناکی ھێمای ئەھۆرامەزدایە.

دەبینین، لە نێو چوار توخمە پێکھێنەرەکەی جیھاندا، سێیان تاریکن. تەنیا ئەوەی ڕووناکە، ئاگرە. ئاگریش بەردەوام لەگەڵ تاریکیدا لە شەڕێکی نەبڕاوەدایە. ھەروەک ئێستاش دەڵێن: ئەنگوستەچاوترین شەویش «ئەنگوستەچاو واتە: ئەو شەوەی کە ڕووناکی زۆر کەمە یاخود ھەر نییە ڕادەی بینینیش بە قەد ئەنگوستێکە (پەنجەیەکە)» ناتوانێ تەنانەت تیشکی مۆمێک بشارێتەوە. ئاگر ھێمای شەڕی دەسەڵاتی حەق و ڕاستییە بەسەر تاریکی و دزێویدا. لە شیعری ئەو شاعیرانەشدا کە باری نەتەوەیی و بەرەنگارییان ھەیە، ئەوە ڕەنگی داوەتەوە و ھەمیشە دەسەڵات بە شەوەزەنگ وەسف کراوە و لایەنی ئازادیخوازیش بە ڕووناکی و مزگێنیدەری ڕووناکی.

بە گشتی بەپێی ھەموو ھێماکان نەورۆز کۆنترین جەژنی کوردە و لە کوردستانیشەوە بە ناوچەکانی دیکەی ئاسیادا بەتایبەتی بە ناوچەکانی ئێراندا بڵاو بۆتەوە و ئێستا زۆر گەل و نەتەوە ھەن، خۆیان بە خاوەنی ئەو جەژنە دەزانن. لەو نێوەدا ئەوەی زیاتر لە ھەموویان بە ھێما و باوەڕی کۆنەوە لە جەژنی نەورۆزدا بوونی ھەیە و مۆرکە مێژوویی و کۆنەکانی کە بە ڕوخساری ئەو جەژنەوە دیارن، کوردە.


نەورۆز لە شیعری شاعرانی کورد[دەستکاری]

ھەرچەند مەلای جزیریش لە شێعرێکدا ناوی نەورۆز و سەرساڵی بردوە، بەڵام یەکەمین نووسەر یان شاعیری کورد کە بە کوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی کردبێ ئەحمەدی خانی بووە. بۆ نموونە دەڵێ:

بیلجوملە دەچوونە دەر ژ مالان
حەتتا دەگەھیشتە پیر و کالان
رۆژا کو دەبوویە عیدێ نەورۆز
تەعزیم ژ بۆمە دەما دل ئەفرۆز

نالی:

تەشریفی نەوبەھارە کە عالەم دەکا نوێ
دڵ چونکە میسلی خونچەیە بۆیە دەپشکوێ


مەولەوی:

نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن
یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن



وەفایی:

نەسیمی بایی نەورۆزی شەمیمی عەبھەری ھێنا
موریدی عاشقان دیسان پەیامی دولبەری ھێنا
نەوید ئەی عاشقانی دڵفگار یار ھاتە سەر خەندە
سەڵا ئەی بولبولان دیسان درەختی گوڵ بەری ھێنا


حاجی قادری کۆیی:

رۆژتە ئەی بایی نەورۆزی لەبن بەفری گران
کانی پێی سڕ بوو چناریش دەستی چوو پەنجەی تەزی
سونبولی زوڵف و گوڵی روخسار و سەروی قامەتی
مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخی وزەوی




حەمدیی ساحێبقران:

نەورۆزە، جەژنە بۆیە چراغانی عالەمە
یا ئاگرە لە عومری شێتا کوژایەوە
عەرعەر لە لەنجەدایە، لە ڕەقسایە سەروەکان
بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زومڕەد کرایەوە



حەریق:

ئەڵێن وا جەژنی نەورۆزە دڵم پڕ ئاتەش و سۆزە
وەرە ‌بۆ جەژنە پیرۆزە بدەم رۆحم لەبەر ماوم
وەرە سەر چاوەیی چاوم، دەڵێی دەریای عەممانە
تەماشای ئەشکی گوڵنارم لە سایەی چاوی خوێناوم



پیرەمێرد:

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە



قانع:

ھەوای شنەی بای نەسیم دیارە
مەعلوومە وادەی گوڵ و گوڵزارە



مامۆستا حەقیقی:

مزگێنی بێ ھات ساڵی نوێ
خۆشی دوای خۆشی جوێ بە جوێ
بڵێن بەخت چیدی نەنوێ
ئەستێرەی مەش سەری ناسوێ
وە بیرت دێ چمان دی دوێ
زوو راپەڕن مەبن شلوێ
ئەوا ھات پەیکی ئازادی
بە رووخۆشی و کەیف و شادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیھ
مەعلووم بەشی مەشی پێیە



گۆران:

ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ
رۆژی نەورۆز دای بە ‌ھەوری زستان دڕ



دڵدار:

گوڵی سوور ئەی ‌کچی نەورۆز ئەرێ کام دەس لەباغی ژین
لەبۆ یەک دەفعە بۆن کردن بەناکامی ئەتۆی ھێنا



ھێدی:

جێژنی کۆن و ساڵی تازەی کوردەواری ھاتەوە
ھاتەوە ئاگری خەباتی ئەو گەلە خۆش کاتەوە
ھاتەوە جوانتر لە جاران جێژنی کاوەی قارەمان
شوێنەواری میدیا باپیرە گەورەی کوردەکان



سەید کامیل ئیمامی(ئاوات):

ھەی ھەی چ بەھارێکە وەک جەننەتی مەئوایە
وەک بولبولی زار عاشق ئاو بردەیی سەحرایە



ھەژار:

مزگێنی دا بە ‌سروە بای بەھاری
وا ھاتەوە نەورۆزی کوردەواری



عبدوڵڵا پەشێو:

ئەمساڵ بێ چیا نەورۆز ناکەم . بێ بۆنی گیا نەورۆز ناکەم .
نەورۆز ناکەم بێ بڵێسەی سووری ئاگر . نەورۆز ناکەم گەر ڕەشبەڵەک تۆز نەکات وبەخۆم نەبمە سەرچۆپیگر .



شێخ نافێع مەزھەر (شپرزە):

شەماڵ لە لووتکەی کێوی نەکەرۆز
ھێنایە سەقز پەیامی نەورۆز
وتی ئەم جەژنەی کاوە و فەرەیدوون
لە کوردانی پاک پیرۆز بێ پیرۆز



رەحیم لوقمانی:

رۆژ لە ئاسۆی سوور شەوق ئەداتەوە
ئەڵێ ئەمساڵیش نەورۆز ھاتەوە..
کەوی دڵداری ئازادی و جوانی
دەروونی کەیلی سۆزی گۆرانی
بەری حەسرەتی دڵ ئەکاتەوە
بانگی پەڕاوپەڕ دەنگ ئەداتەوە
لە سەر قەندیل و شاھۆ و نەکەرۆز
ئەڵێ: گەلی کورد نەورۆزتان پیرۆز



مەلا کەریمی زاری:

سەبا ھەستە لە خەو نەورۆز واھات
بڵێ با لەشکری زستان بڕوات
بەسە جەور و جەفای بەھمەن و دەی
لە دڵ سەبر و لە تەن خۆ گیان دەرھات
بە ‌سەرمانا کڕێوەی بەفر تاکەی
بدات و دابپۆشێ شار و دێھات
ھەتا کەی تەم بەری خورشێد بگرێ
لە رووناکی بەری بن ھەردو باغات..
لە بەندیخانەکەی دەردێ گوڵاڵە؟
ئیلاھی تا بولبول بگات بە ئاوات
بە ئاوی شەونمت پێویستە سەوزە
سەر و زڵف و دەم و چاوێک بشوات
سەبا بێ دێرە نازانی کە "زاری"
لە جەوری بەھمەن و دەی چی بە سەر ھات؟



دەروێش فەھیمی:

دوێنێ شاخ سەری ھەڵبڕی:
ئەمڕۆ سینگی گوللەم دڕی
لەشم کێڵگەی ئەرغەوانھ
دێتە ‌دەرێ نەورۆزانە



موحەممەد‌ ساڵەح سووزەنی:

بەھارە، جێژنە، رۆژی پێکەنینە
بەھار گۆوەندی ئاسمان و زەمینە
ئەوا جێژنی سەری ساڵ و سروشتە
زەماوەندی گوڵانە، ھەڵپەڕینە
وەرە ئەی دڵبەرم خۆت دامەشارە
کە ئەمرۆ رۆژی دڵداری و ئەوینە..


سەعید نەجاری (ئاسۆ):

بووکی بەھار رازایەوە سروشت پڕ پڕ لە جوانیە
دەنگی شەتاو جریوەی مەل بەسۆزترین گۆرانیە
لە گڤەی باڵی تەیری مەست مەلی خەیاڵ رادەچڵەکێ
لە ھەرچی دەڕوانی جوانە چی دیمەنە نەھەر یەکێ



ئەمین گەردیگلانی:

بە ‌زەبری مشتی تیشکی خۆر شکا پشتی رنوو ئەمڕۆ
شنەی با دایڕنی کفنی سڕی داران بەفوو ئەمرۆ
چلوورە و بەستەڵەک پاکی بەجارێ تەفرو توونا بوون
عەتر دەڕژێ لە ئاسمان و نەما باوی کولوو ئەمڕۆ



مەلا عومەر ساڵحی ساحێب (کۆلیل):

بەھارێکم گوڵی شێن ھەردەکەم شین
لە "حەوسین"م نراوە ناوی‌ حەو شین
شەل و شێت و شەق و شڕ، شێعر و شیوەن
شەوی تاریکی یەلدای بێ گڕ و تین



مەلا غەفوور کەسنەزانی:

سەری ساڵە ‌و سەحەر بۆنی عەنبەری
ئەپڕژێنێ لە حەیفی زمھەریری
دەبا بولبول بکا شاباش لە ‌بۆ گوڵ
کە بووکی ئارەزووی ھاتن بەپیری



ژیلا حسەینی:

وا نەورۆز دێ و شاخ، دارستان دائەسپارێ
کانی و رووبار وەک ساڵی پار
گوڵاڵەکان بکەن بە ‌ئەڵقەو ملوانک بۆ مل کۆسار
زۆر بەپڕتاو نامەی دڵداری ئەنێرێ بۆلای ھەتاو
دەستی بەسەرخاکدا دێنێ
بە ھێمنی ئەیدوێنێ



مەلا رەحمان ئاوارە:

یادگاری چەکوشی کاوەیە نەورۆز
قەڵای زوحاکی کرد بە ‌تەپ و تۆز
ئاوری تۆڵەیە، بۆکوردەواری
لە رەش و رووتی کودستان پیرۆز



حەسەن ئەمینی:

دژ کردەوھ
بە بەژنی بەرزی تابلۆیەک
رەنگێ ھەرە رەشیان بڕی
بێ‌ سێ ‌و دوو
شەوی نەخشاند
رەنگی سووریان لە سەرپژان
سوور یادێ بوو لە شەھیدان
رەنگی سەو‌زیان لە سەڕۆ کرد
سەرھەڵدان بوو و بووژانەوھ
رقیان ھەستاو چوون بۆ سپی
وتی حاشا
شەڕو ئاشتی..
چارە ملی
ئاگریان ‌دا
بەرز و پیرۆز
تابلۆیەتر بوو بە نەورۆز.

سەرچاوەکان[دەستکاری]