ستۆیسیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
زینۆنی ڕەواقی

ستۆیسیزم (بەئینگلیزی: Stoicism، بەعەرەبی: الرواقیة)، وەکوو فەلسەفە، وەکوو ڕەوتێکی زیندووی خاوەن ھێڵی دیاریکراو، نزیکەی پێنج سەدە بەردەوام بوو. ستۆیسیزم پێی وایە بەدەر لەعەقڵ ھیچ دەسەڵاتێکی بەرزتر بوونی نییە. لەھەڵھێنجانی سەرەنجام لە بۆچوونەوە دەگەینە ئەوەی بنەمای ھەرە گرنگ لەفەلەسەفەی ستۆیسیزمدا بریتییە لەوەی؛ جیھان ئەوەیە کە عەقڵ بۆمان دەردەخات. واتە جیھانی سرووشتی، ھەموو ڕاستی کەبوونی ھەیە. ھیچ شتێکی بەرزتر نییە و خودی سرووشتیش ئەو پرەنسیپانە بەڕێوە دەبات کە عەقڵ دەتوانێت پەیان پێبەرێت. ئێمە خودی خۆمان بەشێکین لەسرووشت. ئەو چوارچێوە عەقڵییەی ئێمەی تیا دەژین و ھەموو شتێکیشی گرتۆتەوە بریتییە لەوەی بەخودا ناسراوە. بەم جۆرە تێگەیشتنەبێت، خودا لەدەرەوەی جیھان نییە و لێی دابڕاو نییە، بەڵکو ھەموو جیھانی تەنیوەتەوە، وەک بگووترێت ئەو عەقڵ و ئاگامەندی جیھانە.

مێژوو[دەستکاری]

لەگەڵ سەرھەڵدانی ئەمدا و لەمیانەی ئەمەوەی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی لەچوارچێوەی گریکی ھاتە دەرەوە و شێوازی ئینتەرناسیۆناڵی وەرگرت. ئەمە بەکاریگەریی ڕاستەوخۆی داگیرکارییەکانی ئەسکەندەری مەزن ڕوویدا، ئەو کاتەی کە کەلتووری گریکی ھەموو شارستانییەتی ناسراوی ئەو سەردەمانەی گرتبۆوە. زۆربەی ستۆیسیستە سەرەتاییەکان خەڵکی سوریا بوون و زۆربەی ئەوانەی دواتریش ڕۆمانی بوون، بەناوبانگترینیان لەو کۆمەڵگە زۆر چینایەتییەدا کۆیلەیەک بووە بەناوی ئیپیکتیتۆس لەگەڵ تزارێکی ڕۆمانی بەناوی مارکۆس ئاوریلیۆس.

پێدەچێت ئەم فێرگەیە زیاتر سەرنجی ترازەکانی بەلای خۆدا راکێشابێت. بەبۆچوونی توێژەرێکی شارەزا ھەموو ئەوانەی دوای ئەسکەندەر حوکمیان کردووە، بەتابەتی ھەموو ئەو ادشا ناودارانەی یەک بەدوای یەک حوکمیان گرتۆتە دەست لایەنگری ئەم فێرگەیە بوون.

دامەزرێنەری ئەم فێرگەیە زینۆنی ڕەواقی بوو کە خەڵکی کیتیۆن ی قوبڕوس بووە (نابێت ناو ئەم بەھەڵە لەگەڵ زینۆنی خەڵکی ئیلیا تێکەڵ بکرێت، کە یەکێک بووە لە فەیلەسووفەکانی بەر لەسۆکرات).

فەلسەفەکە بەگشتی[دەستکاری]

جگە لەوەی کە لەسەرووتر باسکراوە، بەبڕوای ستۆیسیزم ئێمە وەک مرۆڤ لە سرووشت دانەبڕاوین و ھیچ مەملەکەتێکی بەرزتر بوونی نییە. بۆیە ناکرێت باس لەوە بکرێت کە دوای مردن بچین بۆ "شوێنێکی تر"، شوێنیتر بوونی نییە تا بۆی بچین، لەناو سرووشتدا دەتوێینەوە. لەمیانەی ئەو ئیتیکەی لەم باوەڕەوە سەرچاوەی گرت، ستۆیسیزم گەورەترین کاریگەریی و ناوبانگی بۆخۆی مسۆگەر کرد.

لەبەرئەوەی پرەنسیپە عەقڵییەکان سروشت ئاڕاستە دەکەن، کەواتە مەبەستێک بۆ بوونی ھەموو شتێک ھەیە، کە بەو شێوەیە بێت کە ھەیە. ئێمە ناتوانین بیان گۆڕین و ناشبێت ئاواتەخوازی جۆر و شێوازیتر بین بۆیان. ھەر لەو ڕوانگەیەوە دەبێت مەرگی تایبەت خۆمان کە لەتراژیدیای تاکەکەس و تایبەت دەچێت، دەبێت زۆر بەلامانەوە ئاسایی و پەسەند بێت. گەر ھەستەکانمان دژ ئەو ئەنجامە بن، ئەوا ئەوە ھەستەکانمانن کە بەھەڵەداچوون. بەلای ستۆیسیستەکانەوە ھەستەکانمان پێوەر و بەھادانەرن و ھەروەھا سەرچاوەن بۆ زانیاری و ھۆکاری فێربوون.[١]

گەر ئێمە ھەموو ھەستەکانمان بخەینە ژێر دەسەڵاتی عەقڵەوە، ئەو کاتە تەنیا؛ ڕێگا بەپێوانە ڕاست و درووستەکان دەدەین خۆیان بنوێنن. ئەو کاتە ئێمەش لەگەڵ ڕاستی و حەقیقەتی شتەکاندا دەبین بەیەک.

ئەو کەسانەی فەلسەفەی ستۆیسیزمییان بەلاوە پەسەند بووە، زیاتر ئەو کەسانە بوون، کە سەختی و ناخۆشییەکانی ژیانیان بە ئارامی و ڕێزەوە پەسەند کردووە. بەڵام بۆ ئەوانیش ڕۆژی وا ھاتۆتە پێشەوە کە نەیانوویستووە بەردەوامبن لەژیاندا. بۆ نموونە لەکاتی ھەرەسھێنانی کەسایەتی یان لەکەداربوونی ئابڕوو یان دووچاربوونی نەخۆشیی بێ چارەسەر. لەم بارانەدا، بەلای ئەمانەوە کارێکی عەقڵانییە گەر بەبێ ئازار کۆتایی بەژیانی خۆیان بھێنن. ھەڵبەتە زۆر لەلایەنگرانی ئەم فێرگەیە پەیڕەوی ئەمەیان کردووە. زۆر لەناودارانی ستۆیسیزم بەخۆکوشتن کۆتاییان بەژیانی خۆیان ھێناوە. پڕجۆشرین و سەرنجڕاکێشترین بیرۆکەی سیتۆیسیزمی لەنووسینەکانی ستۆیسیستەکانی دواتردا دەردەکەون کە ھەموویان بەزمانی لاتینی نووسراون. نوێنەرەی ھەرە دیار لێرەدا سینیکا (بەئینگلیزی: Seneca) و مارکۆس ئاوریلیۆسن، ئەمان خۆیان بیرمەندی ڕەسەن نەبوون بەو واتەیەی کە شتی زیادەیان بۆ فێرگەی ستۆیسیزم بەرھەمھێنابێت، بەڵکو شاکارەکانیان وا ڕازاندۆتەوە کە تائێستاش خەڵکی نائەکادیمییش دەیانخوێنێتەوە. گەریەکێک بیەوێت سەرچاوە سەرەتاییەکانی ستۆیسیزم بخوێنێتەوە، دەبێت بەدوای دەقە شاکارەکانی ئەماندا بگەڕێت. [٢]

بەشێوەیەکی گشتی، ئیتیکی ستۆیسیزمی مایەی سەرسوڕمان و ستایشکردن بووە، تەنانەت لەلایەن ئەوانەشەوە کە بەتەواوی لایەنگری ئەم فێرگەیە نین. ئەم ئیتیکە پۆ پراکتیزەکردن ئاسان نییە. بەڵام ڕەنگە خەسڵەتی ئەو ئیتیکانەی شایای ناوەکانیان بن، ھەر بەو جۆرە بێت، کارپیکردنیان سەخت بێت.

کاریگەریبوونی ستۆیسیزم بە ئیتیکی مەسیحییەت حاشا ھەڵنەگرە. کە لەسەردەمی سینیکا و ئیپیکتیتۆس و مارکۆس ئاوریلیۆسدا دەستی بەبڵاوکردنەوە کردووە. تەنانەت تاڕۆژی ئیمڕۆش وشەی "ستۆیسیست" یان "ستۆیسیزم" زۆر جار بەکاردەھێنرێن. بەتایبەتی لەپیاھەڵدانی نائارەزوومەندانە بۆ واتای: "ڕووبەرووبوونەوەی تەنگژە و شەختی بەبێ بۆڵە گلەیی". بێگوومان لەمڕۆژگارەدا خەڵکانێکی زۆر ھەن پەیڕەوی نموونەی ئیتیکێکن، کە زۆر لە ئیتیکی ستۆیسیستەکان دەچێت. گەرچی ھەرگیز خۆیان بەئاگامەندییەوە دانیان پێدا نەنابێت.

بەکارھێنانی بەھاکانی ستۆیسیزم لە ئەوروپادا[دەستکاری]

لەبەرئەوەی باشترین قوتابخانەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەم چەند سەدەیەی دوایدا بەرنامەکانیان خوێندنی ئەدەبیاتی لاتینی گرتبوەخۆ، ئەوا ناڕاستەوخۆ چەندین نەوە مرۆڤی خوێندەوار لە ئەوروپا بەشێک لە بەھاکانی ستۆیسیزمیان وەرگرتووە. بۆ نموونە دەستەواژەی بەناوبانگی "Stiff upper lip" بەواتای نەبەزیی یان خۆڕاگریی نموونەیەکە لەبەھاکانی ستۆیسیزم لەپراکتیکدا، کەلەبەرنامە کلاسیکییەکانی قوتابخانە ئینگلیزییەکاندا ڕەگی داکوتاوە. [٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ پەڕتووکی مێژووی فەلسەفە، لاپەڕە ٨٩
  2. ^ پەڕتووکی مێژووی فەلسەفە، لاپەڕە ٩٠
  3. ^ پەڕتووکی مێژووی فەلسەفە، لاپەڕە ٩١