دیاردەناسی
دیاردەناسی یان فینۆمینۆلۆژی تاوتوێکردنی شتەکانە ئەو جۆرەی کە دیاری دەدەن.[١] لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ئێدمۆند ھووسێرل وەک بزاڤێکی فەلسەفی دایمەزراند و دواتر کۆڕی شوێنکەوتووانی لە زانستگاکانی گۆتینگن و میونیخدا پەرەیان پێ دا. پاشان بە فەڕانسە و ئەمریکا و شوێنی تردا بڵاو بۆوە، ئەڵبەت زیاتر لە تانوپۆگەلێکدا دوور لە کار و مەبەستە سەرەتایییەکەی ھووسێرل. [٢]
دیاردەناسی بزاڤێکی یەکپارچە و یەکشێوە نییە؛ لە ڕاستیدا، نووسەرانی جیاجیا وێڕای ئەوە کە وەکوو ئەندامانی یەک بنەماڵە لە ڕواڵەتدا ھاوبەشن، گەلێک جیاوازیی بەرچاویشیان ھەیە. گابریێلا فارینا دەڵێ:
لەبەر ئەوەی کە دیاردەناسی لەو کوانووە گەرمە بێبەشە کە گشت باس و بابەتەکانی لە دەور خڕ بێتەوە، پێناسەیەکی تاقانە و یەکلاکەرەوە بۆی، مەترسیدار و ڕەنگە تەنانەت بێمانا و بەکارنەھاتوو بێ. لە واقیعدا، نە دوکتۆرینێکە و نە قوتابخانەیەکی فەلسەفیشە، بەڵکوو زیاتر شێوازێکە بۆ تێفکرین، میتۆدێکە، ئەزموونێکی کراوە و ھەمیشە نوێیە بە ئاکامگەلی جیاجیاوە و، ئەمە لەوانەیە ھەر کەس بیەوێ مانای دیاردەناسی دەسنیشان بکا بە لاڕێدا بەرێ. [٣]
دیاردەناسی، به بۆچوونی ھووسێرل، پێش ھەموو شتێ دەبێ کەڵکەڵەی ئەوە بێ کە پێکھاتەکانی ھۆش و دیاردەگەلێک کە لە کردارەکانی ھۆشدا[تێبینی ١] خۆ ئاشکرا دەکەن بەرێکوپێکی لێک بداتەوە و تاوتوێ بکات. دەکرێ دیاردەناسی زۆر بەڕوونی لە میتۆدی شیکردنەوەی دێکارتی جیا بکرێتەوە کە جیھانی بە لاوە کۆمەڵێ ئۆبژەی کارلەیەککەرە.
پوختە[دەستکاری]
لە بنەڕەتیترین شێوەی خۆیدا، دیاردەناسی تێدەکۆشێ ھەلومەرجی پێویست دروست بکا بۆ تاوتوێکردنی ئۆبژەکتیڤی ئەو بابەتانەی کە زۆربەی جار سوبژەکتیڤ لە بەر چاو دەگیردرێن: ھۆش و ناوەرۆکەکانی ئەزموونگەلی وشیارانەمان، وەک حوکم و ئیدراک و ھەستەکانمان. ئەگەرچی تەقالای دیاردەناسی ئەوەیە زانستی بێ، بەڵام نایەوێ لە ڕوانگەی سایکۆلۆژیی کلینیکاڵ یان نۆرۆلۆژییەوە ھۆشیاری تاوتوێ بکا. بەڵکوو وا بە شوێن ئەوەوە کە لە ڕێی تێڕامان و تێفکرینی ڕێکخراو و سیستماتیکەوە پێکھاتەکان و سیفەتە زاتییەکانی ئەزموون بناسێنێ.[٤]
چەند گریمانێک لە پشت دیاردەناسییەوەن کە یارمەتی دەدن بنەڕەتەکانی ڕوون ببێتەوە:
- دیاردەناسان لێکۆڵینەوەی ئۆبژەکتیڤ ڕەت دەکەنەوە. وایان پێ باشترە لە ڕێگای پرۆسەیەکەوە کە ئیپۆخێی پێ دەوترێ فەرزەکان گرۆ گرۆ کەنەوە.
- باوەڕیان ئەوەیە شیکردنەوەی ئاکارەکانی ھەرڕۆژەی مرۆڤ دەتوانێ تێگەیشتووییمان لە بابەت سروشتەوە زۆرتر بکات.
- سوورن لەسەر ئەوە کە دەبێ لە کەسەکان بکۆڵدرێتەوە. ئەمە بۆ ئەوەیە کە کەسەکان بە ھۆی ئەو ڕێگا بێوێنە و بێھاوتایانەوە کە ڕەنگی کۆمەڵگای شوێنی ژیانی خۆیان دەدەڵێننەوە، شیاوی لێحاڵیبوون و لێتێگەیشتن دەبن.
- پیان باشترە کاپتا کۆ کەنەوە نەک داتا.
- بۆ ئەوان دیاردەناسی ڕۆیشتنە بەرەو خستنەدەرەوە و ئاشکراکردن. بۆیە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا میتۆدگەلێک بە کار دێنن کە لە چاو زانستەکانی تر کەمتر بەرتەسک و دەستوپێگرە.[٥]
وتارە پەیوەندیدارەکان[دەستکاری]
- مەبەستدارێتی (intentionality)
- ھێرمینۆتیک
تێبینییەکان[دەستکاری]
- ^ acts of consciousness واتە ئەو ئاکار و ھەڵسوکەوتانەی کە نیشان دەدن کەسێ ئاگادارە لەوەی کە شتێ ئاوەھا و ئاوەھایە و جۆرێ تر نییە.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ "Phenomenology | Internet Encyclopedia of Philosophy" (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-07-10.
- ^ Zahavi, Dan (2003), Husserl's Phenomenology, Stanford: Stanford University Press
- ^ Farina, Gabriella (2014) Some reflections on the phenomenological method. Dialogues in Philosophy, Mental and Neuro Sciences, 7(2):50-62.http://www.crossingdialogues.com/Ms-A14-07.htm
- ^ Menon, Sangeetha; Anindya Sinha; B.V. Sreekantan (2014). Interdisciplinary Perspectives on Consciousness and the Self. New Youk, Dordrecht, London: Springer. p. 172. ISBN 978-81-322-1586-8. Retrieved 17 December 2015.
- ^ Orbe, Mark P. (2009). Phenomenology. In S. Littlejohn, & K. Foss (Eds.), Encyclopedia of communication theory. (pp. 750-752). Thousand Oaks, CA: SAGE Publications, Inc.