بەڵگە (لۆژیک)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئارگیومنتەوە ڕەوانە کراوە)

لە لۆژیکدا، بەڵگە کۆی چەن قەزیەی زانراوە کە قەزیەیەکی نەزانراوی پێ بدۆزرێتەوە.[١] بەو قەزیە زانراوانە دەڵێن پێشەکییەکان و، بۆ ئەوە دێن کە ڕادەی دروستی و ڕەواییی قەزیە نەزانراوەکە کە پێی دەڵێن ئاکام، دیاری بکەن.[٢]

بەڵگەھێنانەوە چەن شێوەی هەیە: ھەڵھێنجان، ئیستیقرا، پێکچوواندن، ڕفاندن و، چەن شێوەی تریش. لە ناو ئەمانە، ھەڵھێنجان (کە قیاسیشی پێ دەوترێ) و ئیستیقرا ناسراوترن.

ناسینەوەی بەڵگە لۆژیکییەکان[دەستکاری]

بەڵگە دەتوانێ تەنیا یەک دێڕ بێ، دەشتوانێ بە قەد کتێبێ درێژ بێ. بەدواداڕۆیشتن و سەرلێدەرکردنی دەتوانێ ئاسان بێ، دشتوانێ دژوار بێ. لەوانەیە بێبایەخ بێ، لەوانەشە زۆر گرنگ بێ. لەوانەیە بە ھەڵەی جۆربەجۆر ئاخنرابێ، لەوانەشە بێ نوقسان و کەموکووڕی بێ. ھەر چۆنێک بێ، یەک شت گومانی تێدا نییە: ئەوەی کە ھەر بەڵگەھێنانەوەیەک لە دوو بەش دروست بووە: بەشێکی «ئیددیعا»یەکە کە بەڵگەھێنانەوەکە دەیەوێ بیسەلمێنێ؛ واتە ئەوەی کە گشت ئەم قسانە بۆ نیشاندانی ڕاستیی ئەو دەکرێ. ئەمە پێی دەوترێ ئەنجام یا ئاکامی بەڵگەھێنانەوەکە. بەشەکەی تر، ئەو قسانەیە کە لەسەر ئیددیعاکە دەکەنەوە و پشتیوانیی لێ دەکەن، واتە ھەر گرۆڤ یا ھۆیەک کە دەخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی ئیددیعاکە زۆرتر شیاوی قەبووڵکردن بکات. بەم بەشە دەوترێ پێشەکییەکانی بەڵگەکە. ھەمیشە وا نییە، بەڵام زۆربەی جارەکان پێشەکییەکان و ئاکامەکە لە دوای ھەندێ وشەی تایبەتەوە دێن. ناسینی ئەم وشانە دەتوانێ یاریدەدەر بێ بۆ دەسنیشانکردنی پێشەکییەکان و ئاکامەکە. بۆ نموونە، ئاکام زیاتر لە دوای ئەم وشانەوە دەوترێ: کەوایە، بەم بۆنەوە، ئەمە ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە، ئەمە ئەوە بە دوای خۆیا دێنێ کە، ئەمە نیشان دەدا کە، ئەمە دەیسەلمێنێ کە و، ئەمە ئیسپاتی دەکا کە. پێشەکییەکانیش زیاتر لە دوای ئەم وشانەوە دێن: لەبەر ئەوەی کە، بە ھۆی ئەوە کە، بە ڕەچاوکردنی ئەوە کە و، بە سەرنجدان بەوە کە.[٣]

بەڵگەھێنانەوە چەشنێک دەستەودامێنی ئەقڵ بوونە. ئیددیعاکردن بەبێ پاڵپشت و پشتیوان، ئەمرکردن و فەرماندان، پرسیارکردن و، دەربڕینی ھەست و کوڵی دەروون، بەڵگەھێنانەوە نییە.[٣]

بەڵگەھێنانەوەی قیاسی[دەستکاری]

بەڵگە قیاسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕاستبوونی بەشی کۆتایی، ئاکام یان شوێنھاتی لۆژیکیی پێشەکییەکانە. بۆ وێنە: کاتێک باران دەبارێ، چیمەنەکان تەڕ دەبن. ئێستاش باران دەبارێ، کەوایە، چیمەنەکان تەڕن.

پێشەکییەکان:

  • کاتێک باران دەبارێ، چیمەنەکان تەڕ دەبن
  • ئێستا باران دەبارێ

کۆتایی (ئاکام):

  • ئێستا چیمەنەکان تەڕن.

بەڵگەھێنانەوەی ئیستیقرایی[دەستکاری]

بەڵگە ئیستیقرایییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕاستبوونی بەشی کۆتایی لەلایەن پێشەکییەکانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێ. بۆ وێنە: ھەرجار کە باران باریوە چیمەکانیش تەڕ بووگن. کەوایە، کاتێک باران ببارێ، چیمەنەکان تەڕ دەبن.

پێشەکییەکان:

  • ھەرجار کە باران باریوە چیمەکانیش تەڕ بووگن.

کۆتایی (ئاکام):

  • کاتێک باران ببارێ، چیمەنەکان تەڕ دەبن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ خوانساری, محمد (1356). فرھنگ اصطلاحات منطقی. بنیاد فرھنگ ایران. p. 73. حجت: مجموع قضایای معلوم [است] کە موجب کشف قضیەای مجھول شود.
  2. ^ Ralph H. Johnson, Manifest Rationality: A pragmatic theory of argument (New Jersey: Laurence Erlbaum, 2000), 46–49.
  3. ^ ئ ا Tittle, Peg. Critical thinking, an apeal to reason. pp. 22–23.