فەلسەفەی کیشوەری
فەلسەفەی کیشوەری لە کاربردی ھاوچەرخدا، ئاماژە بە کۆمەڵێک نەریت دەکا لە فەلسەفەی سەدەی نۆزدەھەم و بیستەمی بەژی سەرەکیی ئەورووپا. ئەم ڕاستێنەیە لەنێوان فەیلەسووفانی ئینگلیزی-ئاخێو و لە نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەمدا سەرچاوکەی گرتووە. ئەوان ئەم زاراوەیەیان بۆ ئاماژەدان بە بیرمەندەکان و نەریتەکانی دەرەوەی بزاڤی شیکارانە بەکار دەھێنا. فەلسەفەی کیشوەری داگری ئەم بزاڤانەیە: ئایدیالیزمی ئەڵمانیی، دیاردەناسی، ئێگزیستانسیالیزم (و پێشینییانی، وەکوو بیرەکانی کیەرکەگۆ و نیچە)، ھێرمینۆتیک، ستراکتورالیزم، پۆست-ستراکتورالیزم، فێمینیزم، بیردۆزی ڕەخنەگرانەی قوتابخانەی فرانکفۆرت و لقە پێوەندیدارەکانی مارکسیزم، و بیردۆزی دەروونشیکارانە.
مێژوو
[دەستکاری]وا بڕوا دەکرێت کە مێژووی فەلسەفەی کیشوەری (بەو واتایەی کە مەبەست لێی تایبەتمەندی جوگرافیای ئەورووپای کیشوەرییە) بە دەرکەوتنی بزووتنەوەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی دەستیپێکردبێت. ئەم بزووتنەوەیە، بە ڕابەرایەتی کەسایەتییە دیارەکانی وەک فیختە، شێلینگ و دواتریش ھیگڵ، بە توندی لەژێر کاریگەریی کارەکانی کانتدا بوو لە دەیەکانی ١٧٨٠ و ١٧٩٠، و پەیوەندییەکی نزیکی بە بزووتنەوەی ڕۆمانسیزم و سیاسەتە شۆڕشگێڕییەکانی بزووتنەوەی ڕۆشنگەرییەوە ھەبوو. لە پاڵ ئەو کەسایەتییە سەرەکییانەی کە باسکران، ئەمانەش بەرھەمەکانیان بەخشیوە بەم بزووتنەوەیە: فریدریش ھاینریش یاکۆبی، گۆتلۆب ئێرنست شوڵتس، کارڵ لیۆنھارد ڕاینھۆڵد، و فریدریش شلایەرماخەر.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرێک لە قوتابخانە کیشوەرییەکان لە بنەڕەتدا لە زانستی دیاردەگەری وەرگیراون، جێی سەرسووڕمان نییە کە ئێدمۆند ھوسێرڵ کەسایەتییەکی سەرەکی بێت بە درێژایی مێژووی فەلسەفەی کیشوەری. بگرە لە ناوەندەکانی فەلسەفەی شیکاریشدا جێگەی ڕێز و گفتوگۆی بەردەوامە. ھوسێڕڵ ھێشتا جێگەی بایەخی فەیلەسوفە شیکارییەکانە بەھۆی بۆچوونەکانی لەسەر سروشتی لۆژیک، و نامەگۆڕینەوەکانی لەگەڵ فەیلەسوف گۆتلۆب فرێگە.
مێرکیوور پێی وایە یەکەم کەس کە ناکۆکی نێوان فەلسەفەی کیشوەری و شیکاری دروست کرد، ھێنری بێرگسۆن بوو، کە کارەکانی سەبارەت بە زانستە سروشتییەکان و ڕێبازی ئینتوویزمی ڕێگەیان بۆ دەرکەوتنی فەلسەفەی بوونگەری خۆشکرد.
یەکێک لە گرنگترین نموونە ڕوونکەرەوەکان کە جیاوازی نێوان شێوازی کیشوەری و شیکاری لە فەلسەفەدا ئاشکرا دەکات، وتارێکە بە ناونیشانی «سڕینەوەی مێتافیزیک لە ڕێگەی شیکاری لۆژیکی زمانەوە» لە نووسینی ڕودۆڵف کارناپ، کە ھەندێک لە شیکارکاران بە بابەتێکی تایبەت جێی مشتومڕ و ناکۆکییان زانیوە. کارناپ لە وتارەکەیدا وای دەبینێت کە وتارەکەی فەیلەسوف ھایدگەر بە ناونیشانی «مێتافیزیک چییە؟» پێچەوانەی یاساکانی داڕشتنی ڕستەی لۆژیکییە بۆ ئەوەی بانگەشەی درۆزنانە دروست بکات. بە ھەمان شێوە، کارناپ زۆرێک لە مێتافیزیکزانە ئەڵمانەکانی ئەو کاتەی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە یاری بە داڕشتنی قسە دەکەن بۆ دروستکردنی ڕستەی بەتاڵ لە واتا.
لەگەڵ سەرھەڵدانی نازیزم، زۆرێک لە فەیلەسوفە ئەڵمانەکان، بەتایبەتی ئەوانەی بە ڕەچەڵەک جوو بوون یان بۆچوونی چەپڕەوانە یان مەیلیان بۆ چەپڕەوی ھەبوو، وەک شوێنکەوتووانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، ناچار بوون ھەڵبێن بۆ وڵاتە ئینگلیزی زمانەکان. ئەوانەی لە ئەکادیمییەکان کە مانەوە لە ئەڵمانیا، ناچار بوون مل بۆ دەسەڵاتی نازییەکان لە زانکۆکاندا بدەن. کەسانی دیکەش وەک مارتن ھایدگەر، سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ حیزبی نازی دوای گەیشتنی بە دەسەڵات.
لە فەڕەنسا، حەز و کنەکردن لەبارەی ڕێبازە فەلسەفییە ئەڵمانییەکانەوە پەرەی سەند، و ئەم بایەخپێدانە پێش و پاش جەنگی جیھانیی دووەم بەردەوام بوو لە گەشەکردن. یەکێک لە بەرھەمەکانی ئەم حەزە، زیادبوونی بایەخ بوو بە کۆمۆنیزم کە لە زیادبوونی بایەخ بە بۆچوونەکانی مارکس و ھیگڵدا ڕەنگی دایەوە. لە ھەمان کاتدا کاریگەریی کارەکانی ھوسێرڵ و ھایدگەر کە لە فەلسەفەی دیاردەگەریدا خۆی دەبینییەوە، زیادی کرد. ڕەنگە ئەمە بگەڕێندرێتەوە بۆ گونجانی بۆچوونەکانیان لەگەڵ ڕێبازە فەرەنسییەکان، کە بایەخ و کێشێکی زۆر دەدەن بە ڕوانگەی مرۆیی و ئەزموونی کەسی (کە ئەمەش خەسڵەتێکی ھاوبەشە لە چەندین ڕێبازی جیاوازدا زاڵە وەک: کارتێزیانیزم، ڕۆحانییەت، و بێرگسۆنیزم). یەکێک لە لایەنگرانی فەلسەفەی دیاردەگەری، کە زۆرترین شانازی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕێبازەی پێدەدرێت، نووسەر و فەیلەسوف ژان پۆڵ سارتەر بوو، کە ناوی بوونگەری لە ڕێبازەکەی خۆی نا. پاشان نەوەیەکی نوێ لە ڕێبازە کیشوەرییەکان دەرکەوت، ئەویش فەلسەفەی پێکھاتەگەری و پاش-پێکھاتەگەری بوو. ھەندێک لە مرۆڤناسەکان وەک کڵۆد لێڤی-شترۆس لەژێر کاریگەریی زمانەوانیی پێکھاتەگەریی فێردینان دۆ سۆسۆردا بوون، و شترۆس دەستی کرد بە جێبەجێکردنی بنەماکانی پێکھاتەگەری لە زمانەکاندا لە بواری مرۆڤایەتیدا. پاشان ھەندێک لە ڕەخنەگران وەشانی دەستکاریکراوی پێکھاتەگەرییان پەرەپێدا و ناویان نا پاش-پێکھاتەگەری. لەوانەش: ژاک لاکان، ژاک دێریدا، میشێل فۆکۆ، و ژیل دۆلۆز.[١][٢][٣][٤][٥]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Critchley 2001 and Solomon 1988 date the origins of continental philosophy a generation earlier, to the work of جان جاك ڕوسو
- ↑ E.g. , the largest academic organization devoted to furthering the study of continental philosophy is the Society for Phenomenology and Existential Philosophy.
- ↑ Kenny, Anthony (ed). The Oxford Illustrated History of Western Philosophy. (ردمك 0-19-285440-2)
- ↑ Merquior, J.G. (1987). Foucault (Fontana Modern Masters series), University of California Press, (ردمك 0-520-06062-8).
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢١ی ئابی ٢٠٠٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.