پراگماتیزم
پراگماتیزم یان کردەوەخوازی یان کردارخوازی[١] ھۆرتەوبەرەیەکی فەلسەفییە کە وشە و ھزر بە ئامرازی پێشبینیکردن و چارەسەرکردنی پرس و دەستبەکاربوون دەزانێ و، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە ئەرکی ئەندێشە گێڕانەوە و نواندنەوەی واقیعە. پراگماتیستەکان دەڵێن بۆ ئەوەی کە فەلسەفیترین مژارەکان - وەک سروشتی مەعریفەت و زمان و تێگەیشتەکان و مانا و باوەڕەکان و زانست - بە باشترین شێوە خۆیان نیشان بدەن، پێویستە بە کردەوە بە کار بگیرێن و ڕادەی سەرکەوتن یا پەککەوتنیان لە کردەوەدا ھەڵبسەنگێندرێ.[٢] پراگماتیزم پێی وایە ئێمە ھەقیقەتی ڕەھامان نییە، بەڵکوو ھەقیقەتی سوودبەخش یا مەعریفەتی سوودبەخشمان ھەیە و ئەزموون ئەمەی سەلماندووە. ھەقیقەت بە ئاکامەکانیەوە دەناسرێ و خۆی دەردەخا. ھەرچی قازانج و سوودی بێ ئەوە ھەقیقەتە و ڕاستە.[٣]
پراگماتیزم لە ۱۸۷۰کان لە ویلایەتە یەکگرتووکاندا دەستی پێ کرد. سەرچاوەکەی زۆرتر دەگەڕێننەوە بۆ چارڵز سەندێرز پێرس و ویلیام جەیمز و جۆن دیوویی.[٣]
وشەی پراگماتیزم
[دەستکاری]پراگماتیزم لە وشەی یۆنانیی پراگما بە مانای کردەوە گیراوە. یەکەم جار ساڵی ۱۸۷۸ چارڵز سەندێرس پێرس ئەم زاراوەیەی ھێنایە نێو فەلسەفە. پێرس لە وتارێکدا بە ناونیشانی «چۆن فکرەکانمان بەڕۆشنی دەرببڕین؟»[٤] کە لە کۆواری «مانگنامەی زانستی خەڵکپەسەند»[٥] -دا بڵاوی کردەوە، دوای وەبیرھێنانەوەی ئەوە کە باوەڕەکانی ئێمە لە ڕاستیدا دەستوورگەلێکن بۆ کردەوە، ڕایگەیاند کە بۆ ئەوەی بزانین تێگەیشتەیەکی ناو زەین ئاماژە بە چی دەکا لە دنیای دەرەوەی زەیندا، پێویستە ئەوە دیاری بکەین کە ئەو تێگەیشتەیە دەبێ بە ھۆی چ ئاکار و کردەوەیەک. تێگەیشتەکان و ئیدیاکان و باوەڕەکان و فکرەکانمان ھەرچەندەش کە لێک نزیک بن و لە یەکتر بچن، ھێشتا ھەر جیاوازییەکەیان ئەوەندە بچووک نییە کە فەرقێک نەخاتە ناو کردار و ئاکارمانەوە. کەوابوو، بۆ ئەوەی زەینمان دەرحەق بە بابەتێک ڕوون بێتەوە پێویستە سەرنج بدەین کە ئەو فکرەی کە ھەمانە ئاکامەکانی لە کردەوەدا دەبن بە چی و کاریگەرییەکانی چۆن دەبێ.[٦]
میتۆدی پراگماتیکی
[دەستکاری]میتۆدی پراگماتیکی میتۆدێکە بۆ چارەکردنی ململانێیە مێتافیزیکییە دوایینەھاتووەکان: ئەوەی کە ئاخۆ بنچینەی جیھان یەکێتییە یان زۆرێتی؟ ماددییە یان ڕۆحی و ناماددی؟ جەبرە یان ئیختیار؟ ئەمانە تێگەیشتەگەلێکن کە ھەر کامەیان بە جیا دەتوانێ ڕاست بێ، دەشتوانێ ڕاست نەبێ. مشتومڕیش لەسەریان ھەر دوایی نایە. لەم حاڵەتانەدا، میتۆدی پراگماتیکی بریتییە لە ھەوڵدان بۆ ڕاڤەکردنی ھەر تێگەیشتەیەک بە چاولێکردنی ئاکامە کردارییەکانی. ئەگەر فڵانە تێگەیشتە ڕاست بێ، چ جیاوازییەکی کرداری لە نێواندا دەبێ؟ ئەگەر ھیچ جیاوازییەکی کرداری نەدۆزرێتەوە ئەوسا ئاڵتەرناتیڤە جیاکان ھەمان مانایان ھەیە و، ململانێ و مشتومڕ بێھوودەیە. ململانێ و مشتومڕی ڕاستەقینە و بەدوور لە گاڵتە و گەپ ئەوەیە کە بتوانین ئەو جیاوازییە کردارییە دەستنیشان بکەین کە بە ھۆی بە بەرحەق دانانی ھەر کام لە لایەنەکانی ململانێ بەرھەم دێ. بە درێژاییی مێژووی مێتافیزیک، جیھان ھەمووکات وەکوو مەتەڵێک خۆی لە بەرامبەر زەینی مرۆڤەوە نواندووە؛ مەتەڵێک کە وەڵامەکەی تاقە وشەیەکە و دەبێ مرۆڤ بە ھێزی ئەقڵی، ھەڵی بێنێ. ئەو وشەیە ناوی بنواشەی جیھانی لە خۆیا ھەڵگرتووە. «خوا»، «ماددە»، «زەین»، «ڕەھا» و، «ھێز» لەو ناوە ڕاییکەرانەی مێژووی فەلسەفەن. میتۆدی پراگماتیکی ھیچ یەک لەم ناوانە بە دواوەڵام نازانێ و دەڵێ پێویستە ئێمە لە ھەموو ناوێک و لە ھەموو وشەیەک بایەخە کردارییەکەی دەربکێشین و لە ناو ئەزموونماندا بیگرینە کار. کە وا بکەین ئینجا گشت تیۆرییەکان وەکوو ئامرازیان لێ دێ و چیدیکە وەڵامی سوکناییبەخش نین بۆ مەتەڵی جیھان.[٦]
کاکڵەی باوەڕە پراگماتیستییەکان
[دەستکاری]دەربارەی ناسیاری
[دەستکاری]پراگماتیستەکان لایان وایە ناسین جۆرێ جموجووڵ و ھەڵسووڕاوییە. پێداویستییەک یا کەمایەسییەک یا گومانێک ھانمان دەدا بۆ لێکۆڵینەوە، بۆ ئەوەی بزانین و بناسین. جا ناچار دەبین بارودۆخەکە یا پرسەکە ھەڵبسەنگێنین. تێدەکۆشین مەعلوومی بکەین چی کەمە و، عەیب لە چیدایە و، ڕێگاکانی چاککردنی کامانەن. کەوایە، ناسین یا زانین شتێکە ئێمە بە ئەنجامی دەگەیێنین و باشترە وەکوو کردارێک چاوی لێ بکەین. ئەم قسانە لە سەردەمی خۆیدا زۆر تازە و ئۆریجیناڵ بوون و، بۆچوونێکی کۆنیان دەربارەی مەعریفەت و ناسیاری ڕەت دەکردەوە کە زانایان نزیکەی دوو سەدە و نیو قەبووڵیان کردبوو، بۆچوونێ کە ناسیاری بە واقیعێکی ناکەسەکی حیساب دەکرد. زانایان دەیانوت مرۆڤ لە دەرەوەی جیھانەوە سەیری جیھان دەکا و، لەو سەیرکردن و ڕوانینە ناسیاری و زانایی و مەعریفەت بە دەست دێنێ. بەڵام پراگماتیستەکان دەیانوت ھەرگیز وا نییە. ئێمە بۆ گەیشتن بە ناسیاری دەبێ بەشدار بین نەک ڕوانەر. ئێمەش بەشێکین لە جیھان، لە بگرە و بەردەی جیھاندا ژیان بە سەر دەبەین و، زیاتر لەبەر مانەوەیە کە دەمانەوێ ناسیاری و مەعریفەت بە دەست بێنین. ناسیاری جۆرێ ئامرازە. ڕەنگە گرنگترین ئامرازی ئێمە بێ بۆ زیندوومانەوە. ئێمە ئەم ئامرازە بە «کار» دەگرین. وە لەبەر ئەوەی کە سوودمەندترین لایەنی ئەم ناسیارییە ھێزی ڕوونکردنەوەیەتی، وەکوو ھەر ڕوونکردنەوەیەکی تر، مادام کە بەکار بێت، مادام کە ئاکامەکانی تەماوی نەبن، پشتی پێ دەبەستین. ئەگەر ئەو کاتەی بە کاری دەگرین و ئەرکی خۆمانی پێ ڕێ دەخەین تووشی لەنگییەک یا گێچەڵێک ببین، ھەوڵ دەدەین چاکی بکەین، یا جێگرەوەیەکی بۆ بدۆزینەوە. ئەمە یانی ناسیاری و مەعریفەتی زانستی کۆمەڵەیەک لە دڵنیایییەکان نییە بەڵکوو کۆمەڵەیەک لە ڕوونکردنەوەکانە. گەشەی مەعریفەتی زانستی بە مانای ئەوە نییە کە دڵنیاییی تازە بخەینە سەر دڵنیاییگەلی پێشوو، بەڵکوو بە مانای گۆڕینەوەی ڕوونکردنەوەگەلی پێشوو لەگەڵ ڕوونکردنەوەگەلی باشترە.[٧]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ سەجادی، بەختیار (٢٠٢٢). فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی. ماڵی وەفایی. لاپەڕە ٣٦٢.
- ↑ «Pragmatism»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە
- 1 2 ئەحمەد ئەسوەد، نەوزاد. فەرھەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان. غەزەلنووس. لاپەڕە ١٠٧.
- ↑ How to make our ideas clear
- ↑ Popular Science Monthly
- 1 2 جەیمز، ویلیام. پراگماتیزم (بە فارسی). لەلایەن عەبدولکەریمی، بیژەن وەرگێڕدراوە. تاران: علمی و فرھنگی. لاپەڕە ٤٠, ٤٥.
- ↑ مەگی، برایان. سەربوردەی فەلسەفە (بە فارسی). لەلایەن کامشاد، حەسەن وەرگێڕدراوە. نەشری نەی. لاپەڕە 186.