بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ناسیاریناسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ناسیاریناسی، مەعریفەتناسی، ئێپیستێمۆلۆژی یان بیردۆزی زانین (بە ئینگلیزی: Epistemology، بە عەرەبی: نظریة المعرفة) لە لقەکانی فەلسەفەیە کە گرنگی بە سروشت و سنوورەکانی زانین دەدات. مەعریفەتناسی خۆی ڕووبەڕووی ئەم پرسانە دەکاتەوە:

  • زانین چییە؟
  • زانین چۆن بەدەست دێت؟
  • مرۆڤ چی دەزانێت؟
  • ئەو شتە کە ئێمە دەزانین، چۆن دەیزانین؟

زۆرینەی گفتوگۆکان لەم گۆڕەپانەدا وردبوونەتەوە لەسەر شیتەڵکاریی سروشتی زانین و ئەوەی کە زانین چلۆن گرێدراوە بە تێگەیشتەکانی دیکەوە، لەوانە: دروستی، باوەڕ و پاساوھێنانەوە. لەگەڵ واتای بەرھەمھێنانی زانینیشدا سەروکاری ھەیە و ھەروەھا لەگەڵ گومانکاری لە بانگەشە جۆربەجۆرەکانی مەعریفەتدا.

وشەی «ئێپیستێمۆلۆژی» (Epistemology) لە یۆنانییەوە وەرگیراوە: episteme - ἐπιστήμη، «زانین، زانست» + λόγος، لۆگۆس.

زانین چییە؟

[دەستکاری]

لە وەڵامی ئەم پرسیارە دوو ڕێباز (ڕێباوەڕ)ی سەرەکی ھەن:

ڕێبازی ڕاستی (بە ئینگلیزی: Philosophical Realism) دەڵێت: ئەو شتانەی بە ھەستەکان یان بە ژیری (ھۆش) دەیانزانین شتانێکی ڕاستەقینەن و لە دەرەوەی بیر و ھۆشی ئێمەدان، بەو پێیە شتەکان ھەن جا ئێمە ھەستیان پێبکەین یان نا؛ و زانین درک پێکردنی شتەکانە وەک چۆن لە واقیعدا ھەن.

لە بەرامبەردا ڕێبازی نموونەیی (بە ئینگلیزی: Philosophical Idealism) کە دەڵێت: ئەو شتانەی ئێمە دەیانزانین (ھەستیان پێدەکەین) بوونیان بەندە بە بیر و ھزری ئێمەوە. بەو پێیە زانین درک پێکردنی شتەکانە وەک چۆن بۆ مرۆڤ دەردەکەوێت نەوەک ڕاستی بنچینەیی شتەکان.

کێشەی گومان

[دەستکاری]

گومانکاران پرسیار دەکەن کە ئایا زانین ئەگەری ھەیە یان نا، و ئیدیعا دەکەن کە باوەڕبوون بە شتێک پاساو بۆ ئەوە ناھێنێتەوە کە ئایا ئەو شتە ڕاستە یان نا. وەسفکردنی زانین بە بەھێز یان لاواز پشت بە بۆچوون و پێناسەی ھەر کەسێک بۆ زانین دەبەستێت. زۆربەی زانیارییەکانی ئێمە دەربارەی تیۆریی زانین (ئیپیستمۆلۆژی) بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە گومانە عەقڵی و فەلسەفییەکانەوە وەرگیراوە.

گومانکاران دژایەتیی ئەوە دەکەن کە پێی دەوترێت «بناغەخوازیی دۆگمایی»، کە باس لەوە دەکات کە دەبێت ھەندێک ھەڵوێستی بنەڕەتی ھەبن کە پاساو بۆ خۆیان دەھێننەوە یان ناتوانرێت پاساویان بۆ بھێنرێتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوانی تر.

ئەم کێشەیە بە تێپەڕبوونی کات دەستکاری کراوە و لە ڕووی فەلسەفییەوە باشتر کراوە، و لەم دەستکاریانە: خەیاڵگەرایی ئیدیعای خاوەندارێتیی زانین ناکات، بەڵام پابەندە بە ھەندێک دەرەنجامەوە دەربارەی چەند پێوەرێکی کەم وەک سوود و قازانج، و جوانیناسی، و پێوەرە کەسییەکانی تر، بەبێ ئەوەی ئیدیعای ئەوە بکات کە ھیچ دەرەنجامێک لە واقیعدا «ڕاستە».[١][٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]