ئیسماعیل قەمەندار
ئیسماعیل قەمەندار فەتاح | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٥١ |
نەتەوە | کورد |
پەروەردە | دکتۆرای زمانناسی |
پیشە | لێکۆڵەر و زمانناس |
خەڵاتەکان | خەڵاتی بلە |
ئیسماعیل قەمەندار فەتاح (Fattah, Ismaïl Kamandâr)، (١٩٥١ لە بەغدا - ) ئەکادیمیست، لێکۆڵەر و زمانناسی کوردە کە بە ھۆی نووسینی کتێبی بنزارەکانی کوردیی باشووری: خوێندنەوەی زمانناسی و شێوەزارناسی بە زمانی فەڕەنسی ناسراوەتەوە.[١] قەمەندار ئێستاکە لە پاریسدا دەژێت.[٢]
ئیسماعیل قەمەندار لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن دەزگای ئیبراھیم ئەحمەدەوە خەڵاتی زێڕینی بلەی پێبەخشرا.[٢]
ژیان
[دەستکاری]ئیسماعیل قەمەندار فەتاح لە ساڵی ١٩٥١ لە بنەماڵەیەک لە خێڵی عەلیشیروانی بەدرە، لە شاری بەغدا لەدایک بووە. خوەندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە بەغدا تواو کرد و دواتر چوو بۆ شاری پاریس و لەوی مایەوە. ئەو لە فەڕەنسا چووبۆ زانستگا و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە وێژەی فەڕەنسی وەرگرت. دواتر لە بواری زمانناسییەوە درێژەی بە خوێندن دا و ماستەریش لە بەشی زمانەوانیی زانکۆی سۆربۆن خوێند و لە ساڵی ١٩٨٨ بڕوانامەی دکتۆرای زمانناسی لە زانکۆی پاریسی حەوت وەرگرت. تێزە دکتۆراکەی سەبارەت بە شێوەزارەکانی کوردیی باشووری نووسی و ھەروەھا بڕوانامەی دیپلۆمای دیالێکتەکانی کوردی لە زانکۆی پاریسی حەوت وەرگرتووەتەوە.[٢]
ئیسماعیل قەماندار فەتاح جگە لە کوردیی باشووری، سەبارەت بە زمانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان وەکوو لەکی، گۆرانی و زازا لێکۆڵێنەوەی کردووە لە کتێبی بنزارەکانی کوردیی باشووری: خوێندنەوەی زمانناسی و شێوەزارناسی کە زیاتر لە ٣٥ ساڵ لێکۆڵێنەوەی لەسەری کردووە، باس لە گرفتەکانی دیالێکتەکانی کوردی لە باشووری کوردستان کردووە، و چارەسەرییەکانی خۆی بۆ چارەکردن ئەو گرفتانە لە هەردوو دیوی سنوور لە ئێران و عێراقدا ئاشکرا کردووە.[٢]
ڕوانگەکان
[دەستکاری]ئیسماعیل قەمەندار دەڵێت لە سەردەمی دەسەڵآتداری حیزبی بەعس لە بەغدادا و لەو کاتەدا کە لە ساڵی ١٩٦٣ کوردە فەیلییەکان کەوتنە بەر کوشتن و ئاوارەبوون، ھەستی بەرپرسایەتیی گەورەیەکم کرد بۆ ئەوەی کە سەبارەت بە شۆناس و زمانی نەتەوەکەم لێکۆڵێنەوە بکەم.[٢]
کتێبەکان
[دەستکاری]- بنزارەکانی کوردیی باشووری: خوێندنەوەی زمانناسی و شێوەزارناسی (Les Dialectes Kurdes Meridionaux: Etude Linguistique et Dialectologique)، لۆڤێن: پیتێرز، ٢٠٠٠.[٣]
- دراسة اللهجات الكردية الجنوبية، د. اسماعيل قمندار، دارومكتبة عدنان، بغداد، ٢٠١٤.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئەچار، ڤەنسان: سەبارەت بە کتێبی بنزارەکانی کوردیی باشووری: خوێندنەوەی زمانناسی و شێوەزارناسی نووسینی ئیسماعیل قەمەندار فەتاح (بە فەڕەنسی)؛ سەردان لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١.
- ^ ئ ا ب پ ت شەفەق نیوز: ڕێزگرتن لە نۆ سیمبول بە خەڵاتی زێڕینی ئیبراھیم ئەحمەد.. یەکێک لەوانە توێژەری کوردی فەیلی ئیسماعیل قەمەندار (بە کوردیی باشووری)، نووسراو لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٤.
- ^ ئامازۆن: ئیسماعیل قەمەندار فەتاح؛ سەردان لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١.