نەورۆز لە کوردەواری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە نەورۆز لە کوردستانەوە)
Jump to navigation Jump to search
مناڵێک بە جلی کوردییەوە ئاگری نەورۆزی بە دەستەوەیە لە دێی پاڵنگان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان
جەژنی نەورۆز لە ئەستەنبۆل، ٢٠٠٦

نەورۆز یان سەرساڵ یەکێک لە بۆنە مێژوویییە گرنگەکانی کوردە لە ھەموو شوێنێکی کوردستاندا. کوردەکان لە ھەر شوێنێکدا و لە ژێر دەسەڵاتی ھەر دەوڵەتێکدا نەورۆزیان پیرۆز کردووە.[١] نەورۆز ھەروەھا کاردانەوەی لە وێژە، فەرھەنگ و سیاسەتی کورددا ھەبووە.

مێژوو[دەستکاری]

نەورۆز بەر لە ھاتنی ئیسلام لەناو کورددا ھەبووە و جەژنێکی گرنگ بووە لەناو زەرتەشتییەکاندا، ئەگەرچی لە ئەڤێستای کۆندا ئاماژەی پێ نەکراوە.[٢] دوای ھاتنی ئیسلامیش لەناو گشت پێکھاتە ئایینییەکاندا، واتە موسڵمانان و یارسانیان و ئێزدییان بە زیندوویی ماوەتەوە.

ڕێوڕەسمی نەورۆز[دەستکاری]

دابونەریتی نەورۆز لەناو کورداندا بەپێی سەردەم تا ڕادەیەک گۆڕاوە، بەڵام بڕێک لەم ڕێوڕەسمانە لە سەرچاوەکاندا تۆمار کراون. بۆ نموونە ئەحمەدی خانی لە مەم و زیندا باسی سەیران و چوونە دەرەوەی کوردان دەکات لە ڕۆژی نەورۆزدا. عارف قەزوینی کە لە سنە بووە باسی ھەڵپەڕکێی کوردەکان لە سەرساڵدا دەکات. بڕێک لە توێژەران نووسیویانە نمایشی میرە نەورۆزە ھەتا سەدەی بیست لە کوردستان ھەبووە.[٣]

ئاگر وەک ھێمایەکی نەورۆز[دەستکاری]

بەگشتی ئاگر لە باوەڕی کۆنی کوردیدا ھێمایەکی دێرین و پیرۆزە. ھەر لە کۆنەوە بۆچوونیان وەھا بووە کە ئاگر نەک پیس و ئاڵوودە نابێت بەڵکوو شتە پیسەکانیشی پێ پاکژ دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە یەکێک لە بنەما باوەڕییەکانی ئایینی زەردەشت بوونی دوو ھێزی دژ بە یەکە، واتە ئەھریمەن و ئەھورامەزدا. تاریکی ھێمای ئەھریمەنە و ڕووناکی ھێمای ئەھۆرامەزدایە. لە سەردەمی بەر لە ئیسلامەوە خەڵک لە سەربانەکانیان ئاگریان دەکردەوە کە لە ڕۆژی نەورۆزدا فەڕڕی خودایی یا ڕوحی مردووەکان کە دێنەوە بۆ ماڵەوە ماڵەکەیان بدۆزنەوە. ئەم ڕەسمە ئیستە لە نێوان بڕێک لە زەرتەشتییەکاندا ھەر ماوە.[٤]

لە باکووری کوردستان[دەستکاری]

نەورۆز لە ئاکرێ لە باشووری کوردستان

دەوڵەتی تورکیا نەورۆزی بە فەرمی دانەدەنا و تەنانەت قەدەغە بوو. بەڵام دوای سەرھەڵدانی ناسیۆناڵیزمی کوردی لە ١٩٩٠ەکاندا مەجبوور بوو بۆنەی نەورۆز بە فەرمی بکات، بەڵام نووسینی نەورۆز بە کوردی (واتە وەک Newroz) قەدەغە بوو و دەبوا ڕێنووسە فەرمییە تورکییەکە واتە Nevruz بەکار بھاتایە.[٥] تا بەر لە ساڵی ٢٠١٢ خەڵک بۆ نووسینی نەورۆز بە w حوکمی زیندانیان دەدرا.[٦] ئەمە تەنیا بۆ نەورۆز نەبوو و سێ پیتی کوردی واتە Q, W و X قەدەغە بوون.[٧]

نەورۆز لە شیعری شاعرانی کورد[دەستکاری]

ھەرچەند مەلای جزیریش لە شیعرێکدا ناوی نەورۆز و سەرساڵی بردووە، بەڵام یەکەمین نووسەر یان شاعیری کورد کە بە کوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی کردبێ ئەحمەدی خانی بووە. بۆ نموونە دەڵێ:

بیلجوملە دەچوونە دەر ژ مالان
حەتتا دەگەھیشتە پیر و کالان
ڕۆژا کو دەبوویە عیدێ نەورۆز
تەعزیم ژ بۆمە دەما دل ئەفرۆز

نالی:

تەشریفی نەوبەھارە کە عالەم دەکا نوێ
دڵ چونکە میسلی خونچەیە بۆیە دەپشکوێ

مەولەوی:

نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن
یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن

وەفایی:

نەسیمی بایی نەورۆزی شەمیمی عەبھەری ھێنا
موریدی عاشقان دیسان پەیامی دولبەری ھێنا
نەوید ئەی عاشقانی دڵفگار یار ھاتە سەر خەندە
سەڵا ئەی بولبولان دیسان درەختی گوڵ بەری ھێنا

حاجی قادری کۆیی:

ڕۆژتە ئەی بایی نەورۆزی لەبن بەفری گران
کانی پێی سڕ بوو چناریش دەستی چوو پەنجەی تەزی
سونبولی زوڵف و گوڵی ڕوخسار و سەروی قامەتی
مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخی وزەوی

حەمدیی ساحێبقران:

نەورۆزە، جەژنە بۆیە چراغانی عالەمە
یا ئاگرە لە عومری شێتا کوژایەوە
عەرعەر لە لەنجەدایە، لە ڕەقسایە سەروەکان
بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زومڕەد کرایەوە

حەریق:

دەڵێن وا جەژنی نەورۆزە دڵم پڕ ئاتەش و سۆزە
وەرە بۆ جەژنە پیرۆزە بدەم ڕۆحم لەبەر ماوم
وەرە سەر چاوەیی چاوم، دەڵێی دەریای عەممانە
تەماشای ئەشکی گوڵنارم لە سایەی چاوی خوێناوم

پیرەمێرد:

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە

قانع:

ھەوای شنەی بای نەسیم دیارە
مەعلوومە وادەی گوڵ و گوڵزارە

حەقیقی:

مزگێنی بێ ھات ساڵی نوێ
خۆشی دوای خۆشی جوێ بە جوێ
بڵێن بەخت چیدی نەنوێ
ئەستێرەی مەش سەری ناسوێ
وەبیرت دێ چمان دی دوێ
زوو ڕاپەڕن مەبن شلوێ
ئەوا ھات پەیکی ئازادی
بە ڕووخۆشی و کەیف و شادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیھ
مەعلووم بەشی مەشی پێیە

گۆران:

ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ
ڕۆژی نەورۆز دای بە ھەوری زستان دڕ

دڵدار:

گوڵی سوور ئەی کچی نەورۆز ئەرێ کام دەس لەباغی ژین
بۆ یەک دەفعە بۆنکردن بەناکامی ئەتۆی ھێنا

ھێدی:

جێژنی کۆن و ساڵی تازەی کوردەواری ھاتەوە
ھاتەوە ئاگری خەباتی ئەو گەلە خۆش کاتەوە
ھاتەوە جوانتر لە جاران جێژنی کاوەی قارەمان
شوێنەواری میدیا باپیرە گەورەی کوردەکان

ئاوات:

ھەی ھەی چ بەھارێکە وەک جەننەتی مەئوایە
وەک بولبولی زار عاشق ئاو بردەیی سەحرایە

ھەژار:

مزگێنی دا بە سروە بای بەھاری
وا ھاتەوە نەورۆزی کوردەواری

عەبدوڵڵا پەشێو:

ئەمساڵ بێ چیا نەورۆز ناکەم. بێ بۆنی گیا نەورۆز ناکەم.
نەورۆز ناکەم بێ بڵێسەی سووری ئاگر. نەورۆز ناکەم گەر ڕەشبەڵەک تۆز نەکات وبەخۆم نەبمە سەرچۆپیگر.

شپرزە:

شەماڵ لە لووتکەی کێوی نەکەرۆز
ھێنایە سەقز پەیامی نەورۆز
وتی ئەم جەژنەی کاوە و فەرەیدوون
لە کوردانی پاک پیرۆز بێ پیرۆز

ڕەحیم لوقمانی:

ڕۆژ لە ئاسۆی سوور شەوق ئەداتەوە
دەڵێ ئەمساڵیش نەورۆز ھاتەوە..
کەوی دڵداری ئازادی و جوانی
دەروونی کەیلی سۆزی گۆرانی
بەری حەسرەتی دڵ ئەکاتەوە
بانگی پەڕاوپەڕ دەنگ ئەداتەوە
لە سەر قەندیل و شاھۆ و نەکەرۆز
دەڵێ: گەلی کورد نەورۆزتان پیرۆز

زاری:

سەبا ھەستە لە خەو نەورۆز واھات
بڵێ با لەشکری زستان بڕوات
بەسە جەور و جەفای بەھمەن و دەی
لە دڵ سەبر و لە تەن خۆ گیان دەرھات
بە سەرمانا کڕێوەی بەفر تاکەی
بدات و دابپۆشێ شار و دێھات
ھەتا کەی تەم بەری خورشێد بگرێ
لە ڕووناکی بەری بن ھەردو باغات..
لە بەندیخانەکەی دەردێ گوڵاڵە؟
ئیلاھی تا بولبول بگات بە ئاوات
بە ئاوی شەونمت پێویستە سەوزە
سەر و زڵف و دەم و چاوێک بشوات
سەبا بێ دێرە نازانی کە «زاری»
لە جەوری بەھمەن و دەی چی بە سەر ھات؟

دەروێش فەھیمی:

دوێنێ شاخ سەری ھەڵبڕی:
ئەمڕۆ سینگی گوللەم دڕی
لەشم کێڵگەی ئەرغەوانھ
دێتە دەرێ نەورۆزانە

محەممەد ساڵەح سووزەنی:

بەھارە، جێژنە، ڕۆژی پێکەنینە
بەھار گۆوەندی ئاسمان و زەمینە
ئەوا جێژنی سەری ساڵ و سروشتە
زەماوەندی گوڵانە، ھەڵپەڕینە
وەرە ئەی دڵبەرم خۆت دامەشارە
کە ئەمرۆ ڕۆژی دڵداری و ئەوینە..

ئاسۆ:

بووکی بەھار ڕازایەوە سروشت پڕ پڕ لە جوانییە
دەنگی شەتاو جریوەی مەل بەسۆزترین گۆرانییە
لە گڤەی باڵی تەیری مەست مەلی خەیاڵ ڕادەچڵەکێ
لە ھەرچی دەڕوانی جوانە چی دیمەنە نەھەر یەکێ

ئەمین گەردیگلانی:

بە زەبری مشتی تیشکی خۆر شکا پشتی ڕنوو ئەمڕۆ
شنەی با دای ڕنی کفنی سڕی داران بەفوو ئەمرۆ
چلوورە و بەستەڵەک پاکی بەجارێ تەفرو توونا بوون
عەتر دەڕژێ لە ئاسمان و نەما باوی کولوو ئەمڕۆ

مەلا عومەر ساڵحی ساحێب|کۆلیل:

بەھارێکم گوڵی شێن ھەردەکەم شین
لە «حەوسین» م نراوە ناوی حەو شین
شەل و شێت و شەق و شڕ، شێعر و شیوەن
شەوی تاریکی یەلدای بێ گڕ و تین

مەلا غەفوور کەسنەزانی:

سەری ساڵە و سەحەر بۆنی عەنبەری
ئەپڕژێنێ لە حەیفی زمھەریری
دەبا بولبول بکا شاباش لە بۆ گوڵ
کە بووکی ئارەزووی ھاتن بەپیری

ژیلا حوسێنی:

وا نەورۆز دێ و شاخ، دارستان دائەسپارێ
کانی و ڕووبار وەک ساڵی پار
گوڵاڵەکان بکەن بە ئەڵقەو ملوانک بۆ مل کۆسار
زۆر بەپڕتاو نامەی دڵداری دەنێرێ بۆلای ھەتاو
دەستی بەسەرخاکدا دێنێ
بە ھێمنی ئەیدوێنێ

مەلا ئاوارە:

یادگاری چەکوشی کاوەیە نەورۆز
قەڵای زوحاکی کرد بە تەپ و تۆز
ئاوری تۆڵەیە، بۆ کوردەواری
لە ڕەش و ڕووتی کودستان پیرۆز

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Encyclopedia Iranica: Nowruz II". iranicaonline.org. لە ڕێکەوتی 2021-03-22 ھێنراوە. 
  2. ^ "Encyclopedia Iranica: Nowruz I". iranicaonline.org. لە ڕێکەوتی 2021-03-22 ھێنراوە. 
  3. ^ "Encyclopedia Iranica: Nowruz II". iranicaonline.org. لە ڕێکەوتی 2021-03-22 ھێنراوە. 
  4. ^ "BBCPersian.com". www.bbc.com. لە ڕێکەوتی 2021-03-22 ھێنراوە. 
  5. ^ Yanik، Lerna K. (2006-03-01). "'Nevruz' or 'Newroz'? deconstructing the 'invention' of a contested tradition in contemporary Turkey". Middle Eastern Studies. 42 (2): 285–302. ISSN 0026-3206. doi:10.1080/00263200500417710. 
  6. ^ "Why the Letters Q, W, and X Were Once Illegal in Turkey". www.mentalfloss.com (بە زمانی ئینگلیزی). 2018-10-31. لە ڕێکەوتی 2021-03-22 ھێنراوە. 
  7. ^ "Ban on Kurdish letters to be lifted with democracy package – Turkey News". Hürriyet Daily News (بە زمانی ئینگلیزی). لە ڕێکەوتی 2021-03-22 ھێنراوە.