مەلا ئاوارە
مەلا ئەحمەدی شەڵماشی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٣١٣هەتاوی شەڵماش، سەردەشت |
مەرگ | ١١.٦.١٣٤٧هەتاوی جەڵدیان |
نەتەوە | کورد |
پیشە | شاعیر، سیاسەتمەدار |
شار | سەردەشت |
مەلا ئاوارە نازناوی مەلا ئەحمەد، کوڕی مەلا موحەممەد ئەمینی ھەمەوەند (١٣١٣ - ١٣٤٧)، شۆڕشگێری کوردە و یەکێکە لە دامزرێنەرانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە لایەن ڕەژیمی محەممەدڕەزا پەھلەوی گولەباران کرا.[١]
دوو ژیانناوە[دەستکاری]
مەلا ئاوارە خەڵکی گوندی شەڵماشی لە شارستانی سەردەشتە، ساڵی ١٣١٣ ھەتاوی ھاتە دنیا. شێخ مەردۆخی رۆحانی ئاوا نووسیوە کە مەلا ئاوارە لە لای باوکی خوێندنی دەسپێکرد و پاشان چووە ناو جەرگەی فەقێیان و لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر و لە قوتاخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر، زۆر شوێن و ناوچەی کوردستان گەڕا و بە شێلگیرییەوە خوێندی و بوو بە مەلا. مەردۆخ نووسیوە کە مەلا ئاوارە مرۆڤێکی ھێژا، ئاگا، دیندار، خاوەن ھەستی نەتەوایەتی و خەڵکدۆست بووە کە ھەر لە کاتی خوێندنەوە، بینینی نابەرامبەری و حاڵ و باڵی دڵتەزێنی بێدەستان و زۆربێژی و خەڵک رووتاندنەوەی دەسەڵاتداران، ئازاری دەدا و سەرەنجام لێبڕا بە ھەموو گیانیەوە، بۆ نەھێشتنی ئەم کارەساتە تێکۆشی و بەم جۆرە چووە ناو حیزبی دیموکراتی کوردستانەوەو ساڵی ١٣٤٣ھەتاوی لەگەڵ چەند ئەندامی کارای تری حیزبدا گەڕاوە رۆژھەڵات و و لە ناوچەی موکریان، بە تایبەت دێھاتی دەوروبەری سەردەشت و بانە و ئالان و چەند شوێنێکی تر، کەوتە گەڕان و و دانیشتن لەگەڵ خەڵکی چەوساوە و تێگەیاندنیان لە ھۆی دواکەوتنیان و ئاشنا کردنیان لەگەڵ بەرنامەی حیزبدا.[٢]
بەڵام مەھدی خانبابا تارانی لە ھاوپەیڤینێک لەگەڵ حەمید شەوکەتدا گۆتووە کە مەلا ئاوارە، برای مستەفا شەلماشی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانە و خوێندکاری یاسا لە زانستگەی تاران بووە و پەیوەندیشی بووە لەگەڵ ڕێکخراوەی شۆڕشگێری پارتی توودەی ئێران.[٣]
ھەڵبەستەکانی مەلا ئاوارە[دەستکاری]
مەلا ئاوارە ھەڵبەستیشی گۆتووە. نموونەیەک لە ھەڵبەستەکانی لە ژێرەوە ھاتووە:
تووتنوانێکی ھەژارم | بێ خانوو و زەوی و زارم | |
بێ پووڵ و باغ و بزن و مەڕ | دوورم لە خێر، نزیک لە شەڕ | |
مناڵم رووت و برسییە | ژیانم پڕ مەترسییە |
شێعری لەتیف ھەڵمەت بۆ مەلا ئاوارە[دەستکاری]
لەتیف ھەڵمەت شێعرێکی لە ژێر ناوی "بڕگەیەکی بڵاونەکراوە لە ڕۆژژمێرەکەی مەلائاوارە، وێنەی نەمر" بۆ مەلا ئاوارە نووسیوە؛ ئەوە دەقی شێعرەکەیە:
- من دڵنیام ... چەندێ بژیم
- ڕۆژێ مەرگ دێ بۆ پێشوازیم
- بەڵام ھەزاران ھەزار ساڵ
- لە دوای مردن
- دەرمبێنن لە گۆڕ و چاڵ
- ئەگەر سینگم بە نەشتەرێ ھەڵبدڕن
- ھێشتا دیارە لە سەر برینی دڵی من
- خۆڵەمێشی گوندەکەم و
- جێ زنجیری تانکی دوژمن...!
- بست بە بستی ... ئائەم خاکە
- جێ بزماری چەکمەی پاسدار و ساڤاکە...![٤]
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ تاریخ مشاھیر کرد، جلد دوم : عرفا، علما، ادبا، شعرا
- ^ مێژووی ناودارانی کورد: بابە شێخ مەردۆخ رۆحانی "شیوا" وەرگێڕانی : ماجد مەردۆخ رۆحانی، بەرگی دووھەم ، لاپەڕەی ٨٣١، لە کتێبەکانی ئەکادیمیای کوردی، ھەولێر ، ٢٠١١ ز. چاپی یەکەم
- ^ شوکت، حمید، نگاهی از درون به جنبش چپ ایران (گفتگو با مهدی خانبابا تهرانی)، تهران: شرکت سهامی انتشار، چاپ دوم: ۱۳۷۲، ص۱۵۴.
- ^ کۆی بەرهەمە شێعرییەکانی لەتیف هەڵمەت، بەرگی دووهەم، ل ۲۰۱، بڵاوکەرەوەی مانگ، بانە ۲۰۱٦