ھەرێمی کوردستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Kurdistan Region
ھەرێمی کوردستان
ئاڵای ھەرێمی کوردستان نیشانی ھەرێمی کوردستان
سروود: ئەی ڕەقیب
(ئینگلیزی: "Oh Enemy")
سنووری ھەرێمی کوردستان (ناکۆکبوون) ‏
[[File:Map |280px |center |alt=|]]
سنووری ئێستای ھەرێمی کوردستان
پایتەختھەولێر

گەورەترین سلێمانی *بە ئیدارەی گەرمیانەوە
زمانە فەرمییەکان کوردی(سۆرانی)
زمانە ناوچەییەکان سۆرانی، بادینی، ھەورامی
گرووپە ڕەگەزییەکان  کورد، عەرەب، تورکمان، کلد و ئاشووری، ئەرمەنی
دەوڵەت پەرلەمانی فێدراڵیزم
 -  سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی
 -  سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی
دیموکراسی دەنگدان 
 -  ڕاپەڕین ٥ی ئازاری ١٩٩١ 
ڕووبەر
 -  ٨٣٦٤٣ کیلۆمەتری چوارگۆشە ()
ھەڵەی دەربڕین: پیتێکی نەناسراو ھەیە "٨" مایلی چوارگۆشە 
 -  ئاو (%) ٩٫٥ ‏
 - 
ژمارەی دانیشتوان
 -  بەراوردی  ٦٬١٧١٬٠٨٣ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە 
 -  سەرژمێریی ٢٠١٨ ٧٫١٥٨٫١٩٧ 
 -  چڕی ٤٠ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (١١٥ ‏)
ھەڵەی دەربڕین: پیتێکی نەناسراو ھەیە "٤"کەس لە مایلی چوارگۆشە
GDP (PPP) بەراوردی ٢٠١٥ ‏
 -  سەرجەم مەزەندەکردن ‏ ($26.5 billion ‏)
 -  سەرانە $٧٬٠٠٠ ‏ ($٤٠٠٠ ‏)
GDP (nominal) بەراوردی ٢٠١٥ ‏
 -  سەرجەم مەزەندەکردن ‏ ($26.5 billion ‏)
 -  سەرانە $٧٬٠٠٠ ‏ ($٤٠٠٠ ‏)
Gini (٢٠١٢ ‏) ٣٢ ‏ (ناوەند) (٤ ‏)
HDI (٢٠١٤ ‏) ٠٫٧٥ ‏ (بەرز) (٧ ‏)
ناوچەی کاتی کاتی کوردستان (UTC+٣:٠٠ ‏)
شێوازەکانی ڕێکەوتنووسین yyyy.mm.dd زایینی
لای لێخوڕین ڕاست
پاوانی ئینتەرنێت .krd

ھەرێمی کوردستان (بە ئینگلیزی: Kurdistan Region) ھەرێمێکی خۆبەڕێوەبەرە، شاری ھەولێر پایتەختەکەیەتی، ئەم ھەرێمە دەکەوێتە باکووری عێراق، پێک ھاتووە لە چوار پارێزگا دھۆک، ھەولێر، ھەڵەبجە، و سلێمانی و ھاوسنوورە لەگەڵ ئێران و سووریا و تورکیا. ھەرێمی کوردستان زۆربەی باشووری کوردستان دەگرێتەوە بەڵام ناوچە جێناکۆکەکانی باکووری عێراق ناگرێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق لە بەغدا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە شاری ھەولێر، کاتێک سوپای عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ لە زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان کشایەوە بەھۆی ھێرشی داعش بۆ باکووری عێراق، ھێزەکانی پێشمەرگە چوونە ناوچە جێناکۆکەکان کۆنترۆڵی کرد تا عێراق لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ناوچەکانی وەرگرتەوە. بەدرێژایی سەدەی بیستەم، کورد لە عێراق ھەوڵی بەدەستھێنانی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیدەدا. حکومەتەکانی پێشووی سەدەی بیستەمی عێراق بەتایبەت لەسەردەمی بەعس چەندین ئۆپراسیۆن و سیاسەتی لە دژی کوردەکانی باشووری کوردستان پەیڕەوکرد لەوانە بەعەرەبکردن و جینۆساید و کیمیبارانکردن. بڕیاری ناوچە دژەفڕینەکانی عێراق بەسەر ئاسمانی باشووری کوردستان لە دوای ئازاری ١٩٩١ دەرفەتی پێکھێنانی حکوومەتێکی ئۆتۆنۆمی بە کوردەکان بەخشی بەشێوەی دیفاکتۆ ئەمەش یەکەمجار بوو دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان کوردەکان حکوومەتێکی خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێنن. ئەم حکوومەتە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەپێی دەستووری ٢٠٠٥ دانی پێدانرا.[١] ساڵی ٢٠١٧ ھەرێمی کوردستان بڕیاری گشتپرسی دا بۆ سەربەخۆی لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧ پەسەند کرا، کە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر توانی سنووری دەسەڵاتی لە ئاژاوە و خراپی بارودۆخی ئەمەنی ڕزگار بکات کە عێراق لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣دا بەخویەوەبینی. ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠١٤ تووشی قەیرانی دارایی ھاتووە.[٢][٣]

زاراوەناسی

کوردستان بە واتای «نیشتمانی کوردان» دێت. چەمکی «کورد» لە وشەی لاتینی Cordueni داتاشراوە کە بە مانای دانیشتووانی پاشایەتی Corduene دێت، کە بوو بە ناوچەیەکی ئیمپراتۆری ڕۆمان لە ٦٦ پ.ز. لە دەستووری عێراقیدا، بە «ھەرێمی کوردستان» ئاماژەی پێکراوە. حکوومەتی ھەرێم بە «کوردستان - عێراق»، یان «ھەرێمی کوردستان» ناوی دەبات بەڵام دەستەواژەی «کوردستانی عێراق» بەکارناھێنێت. ناوی حکوومەتەکە «حکوومەتی ھەرێمی کوردستان»ە کە کورتەکەی لە زمانی ئینگلیزیدا KRG یە.[٤] کوردەکان بە کوردستانی باشووریش ناوی دەبەن ئەوەش بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە کە بەشی باشووری کوردستانی گەورەی پێکھێناوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعسدا لە حەفتاکان و ھەشتاکاندا، ھەرێمەکە بە «ھەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان» ناودەبرا.

مێژوو

مێژووی کۆن

لە سەردەمی مێژووی کۆن ناوچەکە شوێنی نیشتەجێ بوونی مرۆڤی نیاندەرتاڵ بووە پاش ئەوەی لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٠ پاشماوەی ئێسکی مرۆڤی ئەو سەردەمە لە ئەشکەوتی شانەدەر دا دۆزرایەوە .ناوچەی چەرمۆ شوێنی دەستپێکردنی ژیانی نوێ بووە یەکێک لە کۆنترین کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکانە کە تا ئێستا دۆزراوەتە کە کۆنترین ئاسەوارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی ٧٠٠٠ساڵ پێش زایین. ڕووبەرەکەی ١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠ مەتری چوارگۆشەیە و لە ٨٠٠ مەتر بەرزتر لە ئاستی دەریاکاندایە .سەرەتاییترین شوێنی سەردەمی نیۆلیسیک لە کوردستان لە تل حەسونە کە ناوەندی حەسونە، نزیکەی ٦٠٠٠ ساڵ پێش زایین.

ناوچەکە لە ڕووی جوگرافییەوە بە ناوچەی سوباریەکان ناسرابوو هەروەها شوێنی نیشتەجێ بوونی گوتیەکان و لولوبیەکانیش بووە. لە ساڵی ٢٢٠٠ پێش زایین نارام-سینی ئەکەد ی ناوچەکەی داگیرکرد ،لە ساڵی ٢١٥٠ پێش زایین کەوتە ژێر دەسەڵاتی گوتییەکان.شارە سەرەکییەکانی ناوچەکە کە لە نووسراوە کۆنەکان ئاماژەی بۆکراوە بریتین لە مەردامان، عەزوهینوم،نەینەت (نەینەوائەرابخا، ئوربیلوم(هەولێر)، کوردە.

لە سەدەی ١٦ی پێش زایین میتانییەکان ناوچەکەیان خستە ناو ئیمپراتۆریەتی خۆیانەوە. دوای لەناوچوونی ئیمپراتۆریەتی میتانی لەلایەن هیتییەکانەوە، لە نێوان سەدەی ١٤-١٣ پێش زایین ناوچەکە وردە وردە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئاشوورییەکانەوە.توکوڵتی-نینورتەی یەکەم لە سەدەی ١٣ی پێش زایین دواجار هەموو ناوچەکەی داگیرکرد و یەکێک لە فەرماندەکانی وەک حاکمی گوند و شارۆچکەکانی کوردە دامەزراند.ناوچەی کوردە بۆ پارێزگایەک بچوککرایەوە .ناوی هەولێر بە ئەکەدی کرا بۆ ئوربیلم و لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی نوێی ئاشوریدا شارەکە بە کولتوری جیاوازی عەشتار ناوبانگی دەرکرد. ناوچەکە بەشێکی لە ژێر دەسەڵاتی ئورارتو و شانشینی موساسیردا بوو لە سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زایین. ناحیەی ڕەواندیزی ئێستا ناوەندێکی گرینگی ئایینی ئورارتییەکان بوو.[٥][٦]

مادەکان لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین ڕوویانکردە ناوچەکە و توانیان دەستی بەسەردا بگرن. دواتر کەوتە ژێر دەسەڵاتی هەخامەنییەکان و وەک بەشێک لە ساتراپی میدیا مایەوە. کاتێک زینۆفۆن بە ناوچەکەدا تێپەڕی لە سەدەی چوارەمی پێش زایین، لەلایەن مادەکانەوە نیشتەجێ بوو. لە ساڵی ٣٣٢ پێش زایین ناوچەکە کەوتە دەست ئەسکەندەری گەورە و دواتر بوو لەلایەن ئیمپراتۆریەتیی سلووکی یۆنانیەوە فەرمانڕەوایی کرا تا ناوەڕاستی سەدەی دووەمی پێش زایین کاتێک کەوتە دەست میتریداتی یەکەمی پاشای ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانی. لە ماوەی چوار سەدەی سەردەمی ئەشکانی دا (٢٤٧ پێش زایین تا ٢٢٦ ز) ناوچەکە لەلایەن میرنشینە نیمچە سەربەخۆکانی بارزان و شارەزوورەوە بەڕێوەدەبرا،و لە سەدەی یەکەمدا بەشێکی لە ژێر دەسەڵاتی شانشینی جولەکەکانی ئەدیابین بوو.لە نێوان سەدەی ٣ و چوارەمدا ناوچەکە لەلایەن کایۆسیدەوە فەرمانڕەوایی دەکرا تا لە ساڵی ٣٨٠ی زایینیدا خرایە ناو ئیمپراتۆریەتی ساسانیەوە . ناوچەکە وردە وردە لە نێوان سەدەی یەکەم و پێنجەمدا ئاینی مەسیحی لەناوخەڵکەکەدا بڵاوبووەوە هەولێریش بووە بنکەی سەرەکی کەنیسەی ڕۆژهەڵات.[٧][٨]

سەردەمی ئیسلامی

ئەم ناوچەیە لە ناوەڕاستی سەدەی ٧ زایینیدا لەلایەن موسوڵمانە عەرەبەکانەوا داگیرکرا کاتێک توانیان بەسەر هێزە داگیرکەرەکانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی سەربکەون، ناوچەکە کەوتە دەست موسڵمانان ، عوتبەی کوڕی فەرقاد لە ساڵی ٦٤١ هەولێری داگیرکرد.ئەم ناوچەیە بوو بە بەشێک لە موسوڵمانانی خەلاغەتی ڕاشیدین و ئومەوی و دواتر خەلافەتەکانی عەباسی، پێش ئەوەی ببێتە بەشێک لە میرنشینە جۆراوجۆرەکانی ئێران و تورک و مەغۆل. دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاق قۆینەلو، هەموو خاکەکانی بە کوردستانیشەوە لە سەرەتای سەدەی ١٦دا لەلایەن سەفەوییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

لە نێوان سەدەی ١٦ بۆ ١٧ ئەو ناوچەیەی کە ئێستا بە کوردستانی باشوور ناسراوە، لەلایەن میرنشینی بابان و بادینان و ئەردەلان و سۆرانەوە فەرمانڕەوایی دەکرا ،بەردەوام لە نێوان ململانێی نێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا بوو جارێک سەفەوی دەستی بەسدا دەگرت جارێک عوسمانییەکان ، تا ئەو کاتەی عوسمانییەکان توانیان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن ئەمەش دوای جەنگێکی درێژخایەن لەنێوان عوسمانی-سەفەوی (١٦٢٣-٣٩) و پەیماننامەی زەهاویان لە نێوان خۆیان مۆرکرد بەپێی ئەم پەیماننامەیە ناوچەکانی کوردستان دابەشکرا بەسەرخۆیاندا و کوردستانی باشوور کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان .بەڵام ئەفشارییەکان بە سەرکردایەتی نادرشا جارێکی دیکە دەستیان بەسەر ئەم ناوچەیەدا گرتەوە ، دواجار لە ساڵی ١٨٣١دا دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی عوسمانی دامەزرا کە تا جەنگی جیهانی یەکەم بەردەوام بوو، کاتێک عوسمانییەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوا شکستیان هێنا و ئیمپراتۆریەتەکەیان ڕووخاند .

ئینتیدابی بریتانی

لە یەکی کانوونی دووەمی ١٩١٨ لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانی لەگەڵ کۆڵۆنێڵ ئارنۆڵد وێڵسن، مەندوبی سیڤیلی میسۆپۆتامیا بە وەکالەت، سەرکردە کوردەکان داوای پاڵپشتیی بریتانیایان کرد بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی یەکگرتوو سەربەخۆ لەسایەی پاراستنی بریتانیادا. لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٢، شێخ مەحموود بەرزنجی کە سەرکردەیەکی کوردی کاریگەر بووە لە سلێمانی، حکوومەتێکی کوردیی پێکھێنا و دوو شۆڕشی دژی حوکمی بریتانیا کرد. دوو ساڵی پێچوو تا دەسەڵاتی بریتانی توانی ڕاپەڕینەکانی سەرکوت بکات. یەکەم شۆڕشی لە ٢٢ی مایسی ١٩١٩ دەستی پێکرد و کە تێیدا ئەو کارمەندە بریتانیانەی لە سلێمانی بوون دەستگیرکران و شۆڕشەکە بەخێرایی بە مووسڵ و ھەولێردا بڵاوبووە. بریتانیا بۆ سەرکوت کردنی ڕاپەڕینەکە بۆمبارانی ھەوایی، تۆپباران، شەڕی زەمینی و یەکجاریش گازی کیمیایی بەکارھێنا. بریتانییەکان مەحموودیان دوورخستەوە بۆ ھندستان. لە حوزەیرانی ١٩٢٠، ٦٢ سەرکردەی خێڵەکیی ناوچەکە، داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کرد لەژێر سایەی ئینتیدابی بریتانیا. ڕەتکردنەوەی بریتانییەکان بۆ حوکمی سەربەخۆی کوردەکان لەوەوە سەرچاوەی گرت کە سەرکەوتنی حوکمی سەربەخۆی کوردەکان لە ناوچەکەدا وا دەکات عەرەبەکانی تر لە ھەردوو ناوچەی بەغداو بەسرە داوای سەربەخۆیی بکەن و بەمەش کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی بریتانییەکان بەسەر میسۆپۆتامیادا لەناودەچێت. لە ساڵی ١٩٢٢، بریتانیا شێخ مەحموودیان گێڕایەوە سەر دەسەڵات، بەو ھیوایەی شێخ مەحموود کوردەکان ڕێکبخاتەوەو دژایەتی تورکەکان بکات کە داوای مووسڵ و کەرکووکیان دەکرد. شێخ مەحموود مەملەکەتی کوردستانی ڕاگەیاند و خۆی وەک مەلیکی کوردستان ناساند، دواتر ڕەزامەندی دەربڕی بە ئۆتۆنۆمییەکی سنووردار لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی تازە پێکھێنراودا. لە ساڵی ١٩٣٠ و دوای ڕاگەیاندنی وەرگیرانی عێراق لە «عوسبەتول ئومەم»، شێخ مەحموود سێیەم ڕاپەڕینی دەستپێکرد کە بە ھێزە زەمینی و ئاسمانییە بریتانییەکان سەرکوتکرا.

بە ھاتنی ١٩٢٧، ھۆزی بارزانی بوونە پشتیوانی مافەکانی کورد لە عێراق. لە ساڵی ١٩٢٩، بارزانییەکان داوای ناوچەیەکی کوردییان کرد لە باکووری عێراق. بە پاڵپشتیی ئەم داوایانە، لە ساڵی ١٩٣١ ناسراوەکانی کورد سکاڵایەکیان دایە «عوسبەتول ئومەم» و داوای دامەزراندنی حکوومەتێکی سەربەخۆی کوردییان لێرد. لەژێر حکوومەتی عێراقی و بریتانییەکان، لە ساڵی ١٩٤٥، سەرکردەی ھەرە کاریگەری ھۆزەکە، مستەفا بارزانی ناچار کرا بڕواتە ئێران. دواتر چووە یەکێتی سۆڤێت، ئەمەش دوای ڕووخانی کۆماری مھاباد لە ساڵی ١٩٤٦.

شۆڕشەکانی بارزانی لە ساڵانی ١٩٦٠–١٩٧٥و دواھاتەکانی

دوای کودەتایەکی سەربازیی لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە ساڵی ١٩٥٨، بارزانی توانی لە مەنفا بگەڕێتەوە و پارتێکی سیاسیی خۆی دابمەزرێنێت کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە ساڵی ١٩٦٠ شێوەی فەرمیی وەرگرت. دوای ماوەیەکی کەم، قاسم خێڵی برادۆست و زێباریی دژی بارزانی ھاندا. لە تەممووزی ١٩٦١، بارزانی یەکەم شۆڕشی خۆی دژی حکوومەتی عێراقی دەستپێکرد بەمەبەستی پارێزگاری لە زامنکردنی حوکمڕانیی کوردی. بەھۆی ئەو پەشێوییەی لە سوپای عێراقدا دروست بوو دوای کودەتاکەی ١٩٥٨، حکوومەتەکەی قاسم نەیتوانی شۆڕشەکان سەرکوت بکات. ئەم بنبەستە چەند گرووپێکی بەھێزی سوپای توڕەکرد، ئەمەش لەوانەیە یەکێک بووبێت لە ھۆکارە بەھێزەکانی پشت کودەتاکەی بەعس. عەبدولسەلام عارف لە شوباتی ١٩٦٤ ئاگربەستی ڕاگەیاند و ئەمەش بووە ھۆی دابەشبوونی کوردی شارنشینە ڕادیکاڵەکان لە لایەک و ھێزە تەقلیدییەکانی سەر بە بارزانی لە لایەکی تر. بارزانی ڕازی بوو بە ئاگربەستەکە و ڕادیکاڵەکانی لە پارتەکەی دەرکرد. سەرەڕای ئەمە، حکوومەتی بەغدا ویستی جارێکی تر جووڵانەوەکەی بەرزانی بەھۆی ھێزەوە ببەزێنێت. ئەم ھەڵمەتە لە ساڵی ١٩٦٦ دا سەرکەوتوو نەبوو چونکە ھێزەکانی سوپای عێراق لە نزیک ڕەواندوز لەلایەن ھێزەکانی بارزانییەوە بەزێنران. دوای ئەمە، لە حوزەیرانی ١٩٦٦، عارف بەرنامەیەکی ئاشتی خستەڕوو کە ١٢ خاڵی لەخۆ دەگرت، کە لەبەر لەکار لادانی عارف بە کودەتای بەعسییەکان جێبەجێ نەکرا. حکوومەتی بەعس ھەڵمەتی لەناوبردنی شۆڕشەکانی کوردی دەستپێکرد کە لە ١٩٦٩ ڕاگیرا. ئەمە دەتوانرێ بەشێکی بخرێتە ئەستۆی ئەو ناکۆکییە ناوخۆیییەی بەغدا لەسەر دەسەڵات و ئەو ئاڵۆزییانەی لەگەڵ ئێراندا ھەبوون. سەرەڕای ئەمانە، سۆڤێت فشاری لەسەر عێراق دادەنا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بارزانی دا. بەرنامەی ئاشتی لە ئازاری ١٩٧٠ خرایە ڕوو کە ئۆتۆنۆمییەکی فراوانتری بۆ کوردەکان لەخۆ دەگرت. پلانەکە کە ڕێگەی بە کوردەکان دەدا لە حکوومەتی بەغداش نوێنەرو بەشداریان ھەبێت، دەبوو لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، ھەر لەو کاتەدا حکوومەتی عێراقی دەستی کرد بە جێبەجێکردنی بەرنامەی بەعەرەبکردن لە کەرکووک و خانەقین کە بە نەوت دەوڵەمەندن. لە ساڵەکانی دواتردا، حکوومەتی بەغدا بەسەر دووبەرەکییە ناوخۆیییەکانیدا زاڵ بوو و لە نیسانی ١٩٧٢ ڕێکەوتننامەی دۆستایەتی لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت مۆر کرد، ھەروەھا کۆتایی بە تەریکگرتنی خۆی لە وڵاتانی عەرەب ھێنا. لەولاشەوە، کوردەکان ھەر پشتیان بە ھاوکاری سوپای ئێران بەستبوو و توانییان کەمێک ھێزەکانیان بەھێزبکەن.

ڕێکەوتننامەی جەزائیر

لە ساڵی ١٩٧٤ حکوومەتی عێراقی ھەڵمەتێکی شەڕەنگێزی نوێی دژی کوردەکان دەستپێکرد و بەرەو ناوچە سنوورییەکانی ئێران دای ماڵین. عێراق بە ئێرانی ڕاگەیاند کە خواستەکانی ئێران بەدی دەھێنێت بەمەرجێک یارمەتی کوردەکان ڕاگرێت. بە میانگیریی سەرۆکی جەزائیر، ھۆری بۆمدین، ئێران و عێراق گەیشتنە ڕێکەوتنێکی گشتگیر لە ئازاری ١٩٧٥ دا کە بە ڕێکەوتننامەی جەزائیر بەناوبانگە. ئەم ڕێکەوتننامەیە وای کرد کوردەکان بەبێ یارمەتی بمێننەوە و تاران یارمەتییەکانی بزووتنەوەی کوردی نەدات. بارزانی ئاوارەی ئێران بوو، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرەکانیشی. ژمارەیەکی زۆریش خۆیان بەدەستەوە داو شۆڕشەکە دوای چەند ڕۆژێک کۆتایی ھات. لە ئەنجامی ئەمەدا حکوومەتی عێراقی بووە خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانتر بەسەر ناوچەکانی باکووری عێراقدا لەچاو پازدە ساڵی پێشوویدا و بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە بپارێزێت، دەستی بە پلانی بە عەرەبکردن کرد ئەویش بە ھێنانی خەڵکی عەرەب بۆ ناوچە نەوتییەکانی کوردستان، بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی کەرکووکو دەوروبەری. دوای ڕێکەوتننامەکەی جەزائیر، ڕێوشوێنی سەرکوتکەرانە لەلایەن حکوومەتەوە گیرانە بەر دژی کوردەکان و بووە ھۆی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان سوپای عێراقی و چەکدارە کوردەکان. لە ساڵانی ١٩٧٧، ١٩٧٨و ١٩٧٩، ٦٠٠ دێی کوردی خاپوور کران و نزیکەی ٢٠٠٠٠٠ کورد لە ناوچەکانی خۆیان ڕاگوێزران.

شەڕی ئێران - عێراق و ھەڵمەتی ئەنفال

لە ماوەی جەنگی ئێران - عێراق، حکوومەتی عێراقی سیاسەتی دژە کوردیی گرتەبەر و وەک ئەمرێکی واقیعی شەڕێکی ناوخۆی لێکەوتەوە. عێراق کەوتە بەر ئیدانەکردنێکی بەرفراوان لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، بەڵام ھەرگیز بەشێوەیەکی جددی سزا نەدرا بەرامبەر ئەو ڕێوشوێنە سەرکوتکارانەیەی گرتنییە بەر، لەوانە بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی دژی کوردەکان کە ھەزاران کوژراوی لێ کەوتەوە. ھەڵمەتی ئەنفالیش کۆمەڵکوژییەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو دژی کوردەکانی عێراق جێبەجێکرا. لە ٢٩ی ئازاری ١٩٨٧ تا ٢٣ی نیسانی ١٩٨٩، سوپای عێراقی بە فەرماندەیی عەلی حەسەن ئەلمەجید ھەڵمەتی کۆمەڵکوژیی دژی کوردەکانی گرتەبەر کە لە چەند ڕوویەکەوە دژی مافەکانی مرۆڤ بوو، لەوانە: بەکارھێنانی بەرفراوانی چەکی کیمیاوی، خاپوور کردنی نزیکەی ٢٠٠٠ گوندی و کوشتنی نزیکەی ٥٠٠٠٠ دێنشینی کورد، ئەمە بەپێی محافزکارانەترین خەمڵاندن. قەڵادزێی گەورە شارۆچکەی کوردی (کە ٧٠٠٠٠ کەس دانیشتووانەکەیەتی) بە تەواوی خاپوور کرا لەلایەن سوپای عێراقییەوە. ھەڵمەتەکە تەعریبکردنی کەرکووکیشی لەخۆ گرتبوو، ئەویش دەرکردنی کوردەکان بوو لەو ناوچانەی بە نەوت دەوڵەمەندن و نیشتەجێکردنی عەرەبەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە شوێنیان. سەرچاوە کوردییەکان ژمارەی قوربانییانی ئەم ھەڵمەتە بە زیاتر لە ١٨٢ ھەزار ئەخەمڵێنن.

دوای جەنگی کەنداوی فارس

ھەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا لە ساڵی ١٩٧٠ دا وەک ھەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردی دامەزرا، ئەمەش دوای ئەو ڕێکەوتنە ئۆتۆنۆمییەی لەنێوان سەرکردەکانی حکوومەتی عێراقی و سەرکردەکانی کوردە جڤاتی کوردەکانی عێراق مۆر کرا. ئەنجومەنی یاسادانان لە ھەولێر دامەزرێنرا و دەسەڵاتێکی تیۆریی ھەبوو بەسەر پارێزگا کوردنشینەکانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی دا. ھەرچەندە لە ڕاستیدا ئەنجومەنەکە لە ساڵی ١٩٧٠ دا دامەزرێنرا بەڵام ھەر لەژێر کۆنتڕۆڵی سەدام حسێنی سەرۆکی عێراقدا بوو تا ساڵی ١٩٩١ کاتێک دوای کۆتاییھاتنی جەنگی کەنداو ڕاپەڕینی جەماوەریی سازکرا دژی دەسەڵاتەکەی. بایەخدان بە ئارامی و ئاسایشی ئاوارە کوردەکان ئەوکاتە ڕەنگی دایەوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ٦٨٨ی دەرکرد بۆ پێکھێنانی «سەیڤ ھەیڤن» بۆ کوردەکان بەوەی کە ھێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو بریتانیا پارێزگاری ناوچە کوردییەکانی عێراق بکەن. ناوچەی دژە فڕین دھۆک و ھەولێری دەگرتەوە، بەڵام سلێمانی و کەرکووکی بەجێھێشتبوو. دوای چەند شەڕێکی خوێناوی لەنێوان ھێزە عێراقییەکان و کوردەکاندا، نایەکسانی لە ھێزدا دروست بوو، و حکوومەتی عێراقی سوپاکەی و کارمەندەکانی لە ناوچەکە کێشایەوە لە تشرینی یەکەمی ١٩٩١دا. لە ھەمان کاتدا، حکوومەتی عێراق ئابڵوقەی ئابووریی خستە سەر ھەرێمەکە، بە کەمکردنەوەی نەوت و خواردەمەنی. بەمەش ھەرێمەکە سەربەخۆیییەکی دیفاکتۆی ڕاگەیاند و لەلایەن ھەردوو حزبە گەورەکەوە، پارتی دیموکراتی کوردستا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوچەکەیان بەڕێوە دەبرد لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتەکەی بەغدا. حکوومەتەکە ئاڵاو سروودی نەتەوەیی خۆی ھەیە.

ھەڵبژاردنەکانی لە تەممووزی ١٩٩٢ ئەنجامێکی یەکلانەکەری ھەبوو، لەبەر ئەوەی ئەنجومەنەکە بە نزیکەیی دابەشبوو بەسەر دوو بەشی یەکسان بەسەر دوو پارتە سەرەکییەکە و ھاوپەیمانەکانیان. لەم ماوەیەدا، کوردەکان دوو ئابڵوقەیان چووە سەر، یەکێکیان ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر عێراقدا سەپاندبووی و ئەوەی تر کە سەدام حسێن بەسەر ھەرێمەکەدا سەپاندی. بەھۆی ئەم ئابڵوقانەوە، سەختییەکی ئابووری گەورە دروست بوو و بووە ھۆی دروستبوونی پێکدادان لەنێوان ھەردوو حزبە گەورەکەدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دەستبەسەرداگرتنی جووڵە و سەرچاوەکانی بازرگانی. ئەمە بووە ھۆی کوشتاری ناوخۆ لەنێوان کوردەکان لەنێوان ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٦. دوای ١٩٩٦، ١٣٪ی داھاتی نەوتی حکوومەتی عێراق تەرخانکرا بۆ کوردستانی عێراق و ئەمە بووە ھۆی گەشەیەکی ئابووری لە ھەرێمەکەدا. میانگیریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا ئاگربەستێکی فەرمیی لە نێوان دوو حزبەکەدا لێکەوتەوە کە بە ڕێکەوتننامەی واشنتۆن بەناوبانگە و لە ئەیلوولی ١٩٩٨ دا مۆرکرا. ھەرچەندە بۆچوونی ئەوتۆش ھەیە کە پڕۆگرامی نەوت بە خۆراک -١٩٩٧ کاریگەریی گەورەی ھەبووە لەسەر ڕاگرتنی ناکۆکییەکە. ھێزی حزبە کوردییەکان ھاوکاری ھێزی ھاوپەیمانیان کرد بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی عێراق لە پڕۆسەی ئازادی عێراقدا لە بەھاری ٢٠٠٣. ھێزی سوپایی کوردستان کە بە پێشمەرگە ناودەبرێن ڕۆڵی سەرەکییان زۆر گەورەیان بینی لە ڕووخاندنی حکوومەتی پێشووی عێراق.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکیانگرت و لەگەڵ چەند حزبێکی بچووکتردا ھاوپەیمانێتی کوردییان ڕاگەیاند کە ٥٣ نوێنەری ھەیە لە پەرلەمانی بەغدا، ئەمە لە کاتێکدایە یەکگرتووی ئیسلامی کورد ٥ کورسی ھەیە. سەرکردەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی، بۆ سەرۆک کۆماری عێراقی نوێ ھەڵبژێردراوە و مەسعوود بارزانیی سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە.

سیاسەت

لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرێنراوە و پایتەختەکەی ھەولێرە. پەرلەمانی ھەرێم بە لایەنگرێکی زۆرەوە ھەڵبژێردراو ناوی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراقە و کابینەیەکی حکومیی لە پارتی و یەکێتیو ھاوپەیمانەکانیان (حزبی شیوعی عێراقی و حزبی سۆسیالیستی کوردستان و تاد) پێکھێنرا. نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە ١٩٩٩ و سەرۆک وەزیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.

دوای ڕزگاری عێراق لە ٢٠٠٣، سیاسییەکانی کورد بوونە ئەندام لە ئەنجومەنی حوکمی عێراق. لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ سێ ھەڵبژرادن ئەنجام درا ١) بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی ئینتیقالی ٢) بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق و ٣) بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان. یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ سەردەمی ئینتیقالی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ئۆتۆنۆم-ی سەلماند بە «سەروەریی تەواو» و ڕێزگرتن لە دەستووری ھەمیشەیی. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دەستووری ھەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیالە و نەینەوا و کەرکووک.

ڕیزبەندیی ڕووداوە سەرەکییەکان بەپێی ساڵەکانی ڕوودانیان[٩]

  • ساڵی ١٩١٨ دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە پاش جەنگی جیھانی یەکەم، ئینگلیزەکان ئەو ناوچانەیان داگیر کرد کە دەوڵەمەند بوو بە نەوت و ناوچەی ویلایەتی مووسڵی دایە دەست دەوڵەتی عوسمانی، بەمەش کورد دەسەڵاتی فراوانتر بوو لەوکاتەی کەوتە ژێر حوکمی ئینگلیز.
  • ساڵی ١٩١٩ ویلایەتی مووسڵ خرایە پاڵ عێراق کە دەوڵەتێک بوو تازە دروست بوو بوو. کە ڕاستەوخۆ دوای داگیرکارییەکەی ئینگلیز ھات.
  • ساڵی ١٩٢٠پەیمانی سیڤەر، کە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی ڕووخاوەوە واژوو کرا، بە ڕەزامەندی (کۆمەڵەی گەلان) تێیدا ئاماژە بە دەوڵەتی کورد دەدات و بەپێی ماددەی ٦٤ی پەیماننامەکە ھەڵبژاردن دەخاتە بەردەم کوردەکان کە لەگەڵ ویلایەتی مووسڵدا بمێننەوە یان پێکھێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە داھاتوودا.
  • ساڵی ١٩٢١ مەلیک فەیسەڵی پاشا ھاتە سەر تەختی عێراق و مووسڵیشی خستە سەر دەسەڵاتی خۆی لە عێراق.
  • ساڵی ١٩٢٣ کوردەکان بە سەرکردایەتی (شێخ مەحموود بەرزنجی) کودەتایەکی لە دژی دەسەڵاتی ئینگلیزەکان بەرپا کرد، بانگەشەی کوردستانی سەربەخۆی کرد لە باکووری عێراق
  • ساڵی ١٩٢٣ کەمال ئەتاتورک ڕەزامەندی بەدەست ھێنا لە پێکھێنانی دەوڵەتێکی کۆماری لە تورکیا بەپێی پەیماننامەی لۆزان. پەرلەمانی تورکیا پابەندی بەرامبەر پەیماننامەی سیڤەریان نەنواند و پەیماننامەکەی شکاند.
  • ساڵی ١٩٢٤ کورد لە دەست ئینگلیزەکان ڕزگاری بوو.
  • ساڵی ١٩٣٢ کوردەکان لە ناوچەی بارزانەوە ڕاپەڕینێکیان بەرپا کرد دژ بە دەوڵەتی عێراقی چونکە چوونە پاڵ کۆمەڵەی گەلان. کە ئەم ھەنگاوە مافی کوردەکانی پێشێل کرد لە داوای خود موختاری کردنی خۆیان.
  • ساڵی ١٩٤٣ مەلا مستەفای بارزان سەرکردایەتی ڕاپەڕینێکی تری نوێی کرد، سەرکەوتنی بەدەست ھێنا لە ئازادکردنی ناوچەکانی ھەولێر و بادینان.
  • ساڵی ١٩٤٦ لە مانگی ئابدا، ھێزەکانی ئینگلیز بۆردومانی ڕاپەڕینی کوردەکانی کرد لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵات کە بە سەرکردایەتی (قازی محمد) بەرپا کرا، و قازی محمدیش کۆماری مھابادی سەربەخۆی پێکھێنا.
  • ساڵی ١٩٤٦ پاش لەناوچوونی کۆماری مھاباد بە دەستی حکوومەتی ئێرانی مەلا مستەفا بارزانی لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا پارتی دیموکراتی کوردستانی پێکھێنا لە کۆنگرەی یەکەمیدا کە لە مەھاباد بەسترا خۆشی سەرکردایەتی ئەو پارتە نوێی گرتە دەست؛ و پاشتر بارزانی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت ڕۆیشت.
  • ساڵی ١٩٥١ نەوە نوێیەکانی کورد لە بەشی باشووری کوردستان لە عێراق سەر لەنوێ پارتی دیموکراتی کوردستانیان زیندوو کردەوە و مەلا مستەفایان بە سەرکردە ھەڵبژاردەوە کە ئەوکات نەفی کرابوو لە یەکێتی سۆڤیەت، سەرۆکایەتی ئەم پارتە ئیبراھیم ئەحمەد گرتییە دەست. کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ حیزبی شیوعی عێراقیدا ھەبوو.
  • ساڵی ١٩٥٨ سیستمی مەلیکایەتی عێراق ڕێگای بە کوردەکان دا کە خۆیان ئاشکرا بنوێنن پاش چەند ساڵ سەرکوت کردنیان و ڕێگای بە بارزانی سەرکردەشدا لە مەنفا بگەڕێتەوە.
  • ساڵی ١٩٦٠ پەیوەندی نێوان کوردەکان و حکوومەتی عێراق ئاڵۆزی تێکەوت. کوردەکان ناڕازی بوون بە دەمکوت کردنیان و ماف زەوتکردنیان.
  • ساڵی ١٩٦١ کوردەکان لە باکووری عێراق کودەتایەکیان دژ بە دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق بەرپاکرد. پێشنیاری مافی خود موختاری پێشکەش بە حکوومەتی عێراقی کرد.
  • لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ کوردەکان پەیماننامەیەکیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی مۆرکرد. کە حکوومەتی عێراقی ڕەزامەندی لەسەر خود موختاری نواند. کە لە پەیماننامەکەدا زمانی کوردی بە شێوەیەکی فەرمی دانی پێدانرا؛ و لە دەستووری عێراقیشدا ئاماژە بەوە درا کە عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکھاتووە کە ئەوانیش (کورد و عەرەب) ن.
  • لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٧١ پەیوەندی نێوان حکوومەتی عیراقی و کوردەکان پشێوی تێکەوتەوە، بە مەبەستی یارمەتیدان و ھاوکاری کردن مەلا مستەفای بارزان پەنای بردە بەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بە ھاناوە ھاتن.
  • لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٧٤ حکوومەتی عێراقی ڕێکەوتننامەیەکی فەرز کرد بەسەر کوردەکان کرد سەبارەت بە مافی خودموختاری بوو، ماوەی دوو ھەفتەی دا بە کوردەکان تا وەڵامی ڕەشنووسی ڕێکەوتننامەکە بدەنەوە. بارزانی ناڕازی بوو لەبەر ئەو خاڵەی تێیدا ھاتبوو کە کەرکووک بە کێلگە نەوتییەکانیشییەوە لەژێر دەسەڵاتی عێراقدا بن نەک کوردەکان؛ و بارزانیش ڕاپەڕینێکی نوێی بەرپا کرد.
  • لە ساڵی ١٩٧٥ پەیماننامەی جەزائیر کە لە نێوان ئێران و عێراقدا واژوو کرا، تیێیدا ئێران کۆتایی بە ھاوکاریکردنی خۆی بۆ ڕاپەڕینی کوردی ھێنا و پاڵپشتی حکوومەتی عێراقی کرد، مەلا مستەفاش پاشەکشەی لە ژیانی سیاسی کرد.
  • لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٦ جەلال تاڵەبانی کە ئەندامێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، پارتێکی سیاسی نوێی دامەزراند بە ناوی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بە سەرکردایەتی خۆی لە دیمەشق.
  • ساڵی ١٩٧٨ ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەیەکی زۆر کوژراوی لێکەوتەوە.
  • ساڵی ١٩٧٩ مەلا مستەفا کۆچی دوایی کرد و مەسعوود بارزانی کوڕی سەرکردایەتی پارتەکەی گرتە دەست.
  • ساڵی ١٩٨٠ جەنگ لە نێوان عێراق و ئێراندا ھەڵگیرسا، ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی پتەویان لەگەڵ ئێران ھەبوو، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھاوکاری تارانی دەکرد.
  • ساڵی ١٩٨٣ ھێرشی ئێران بۆ سەر عێراق لە باکوورەوە لە ناوچە کوردییەکانەوە دەستی پێکرد. بە ھاوکاری شۆڕشگێڕەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ و ھێزەکانی ئێران توانیان دەست بەسەر شارۆچکەی حاجی ئۆمەراندا گرت؛ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ھێزەکانی عێراق لە سزای ئەمە نزیکەی ٨٠٠٠ ھاووڵاتی لە ناوچەی سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان (ناوچەی بارزان) کوشت.
  • ساڵی ١٩٨٣ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆتایی بە ناکۆکی خۆی ھێنا لەگەڵ حکوومەتی عێراقی و دەستیان بە ڕێککەوتن کرد لەسەر حوکمی زاتی بۆ کورد.
  • ساڵی ١٩٨٥ فشارێکی زۆر کەوتە سەر عێراق بۆ ڕاگرتنی شەڕ و حکوومەتیش لە ڕووخاندا بوو، بەڵام میلیشیاکانی حکوومەتی عێراقی براکەی جەلال تاڵەبانی و دوو کچەکەشی کوشت.
  • ساڵی ١٩٨٦ حکوومەتی ئێران سەرپەرستی دانوستانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد. لەبەر ئەوەی ھەردوو پارتە سیاسییەکە لە تارانەوە پشتیوانیان دەکرا.
  • ساڵی ١٩٨٧ مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی ھێزەکانیان و یەکگرتنیان لەگەڵ چەند ھێزێکی بچووکی تری ناوچەکە بۆ سەر خستنی شۆڕشی نوێ.
  • ساڵی ١٩٨٨ وادەی شەڕی نێوان ئێران عێراق نزیک بووەوە، حکوومەتی عێراقی پرۆسەی ئەنفالی بەسەر کوردەکاندا جێ بە جێ کرد؛ و تێیدا ھەزارەھا خەڵکی سڤیل و شۆڕشگێڕ لەناوچوون، سەدان ھەزار کەس نەفی کران ھەموو ئەمانە لەبەر پووکانەوەی شۆڕشی کوردی بەرپاکرا.
  • لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ حکوومەتی عێراق بە نامرۆڤانەترین شێوە و بە چەکی کیمیایی شارۆچکەی ھەڵەبجەی کوردستانی خاپوور کرد، دڕندانەترین کۆمەڵکوژی ڕوویدا بەھۆی گازی ژەھراوییەوە کە تێیدا و دەستبەجێ ٥٠٠٠ کوردی بێ گوناە لە مناڵ و پیر و لاو تیاچوون. پاشتریش ھەزارەھا کەم ئەندام بوون بەھۆی تێکچوونی جیناتەکانیان.
  • لە ئازاری ساڵی ١٩٩١ پاش دەرکردنی ھێزەکانی عێراق لە کوەیت لە ھەمان ساڵدا، ھەندێ لە کوردەکان (جاشەکان) لە ھەردوو پارتەکە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) ھەڵگەڕانەوە و وەک زمانحاڵی حکوومەتی عێراقیکاریان دەکرد، بەڵام گەلی کورد و بە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاپەڕینێکی گەورەی بەرپا کرد بێ گوێدان بە ھەڵگەڕاوەکان و تێیدا زیاتر لە(١٥٠٠٠٠٠)یەک ملیۆن و نیو کورد ئاوارە و سەرگەردانی وڵاتە دراوسێکان بوون، بەڵام وڵاتی تورکیا لەو کاتەدا سنووری خۆی داخست ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی سەدان ھەزار کەس ئاوارەی کێو و چیاکان بن لە نێو چیا و دۆڵەکاندا بۆ ژیان و سەربەستی و ئازادی بگەڕێن.

ناوچەی ئاسایش سەقامگیر:

  • لە بەھاری ساڵی ١٩٩١ ھێزە ھاوپەیمانەکان بانگەشەی ناوچەیەکی ئازاد کراو و ئارام و ئاسایشیان کرد کە سنووری بە سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقییەوە بوو و چەندەھا ڕێکخراو دەزگا پشتیوانی و ھاوکاریان پێشکەش بە ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە کرد، سەر لە نوێ مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کەوتنە گفتوگۆ و دانوستانن لەگەڵ سەدام حسێنی سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر مافی خود موختاری – ئۆتۆنۆمی.
  • لە تەممووزی ساڵی ١٩٩١ دانیشتنەکان لەگەڵ حکوومەتی بەغداد درێژەی کێشا، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە توانیان ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەولێر بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن و لە بەغدادی جیا بکەنەوە. کە تەحەدایەک بوو بۆ دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقی.
  • لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩١ شەڕی نێوان شۆڕشی کوردی و حکوومەتی عێراقی ھەڵگیرسا، حکوومەتی عێراقی سنوورەکانی باکووری عێراقی بە تەواوی توند کرد و ئابڵووقەی ئابووری بەسەر کوردەکاندا سەپاند.
  • لە ئایاری ساڵی ١٩٩٢ ھەڵبژاردنێکی پەرلەمانی سەرتاسەری لە ناوچەکە کراو، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی ٥٠٫٨٪ ی دەنگەکانی بردەوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ٤٩٫٢٪ی دەنگەکانی بەدەستھێنا، و حکوومەتی نوێی کوردیان بە ڕێژەی یەکسان (٥٠٪) پێکھێنا.
  • لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٢ کۆنگرێسی نیشتمانیی عێراقیی (INC) پێکھات کە کۆمەڵێکی زۆری لە نەیارەکان لەخۆ گرتبوو. لە ھاوینەھەواری سەڵاحەدین کە لەژێر دەسەڵاتی کوردەکان بوو کۆدەبوونەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نوێنەری بەشدار بووان بوون.
  • لە ئایاری ساڵی ١٩٩٤ دا ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان شەڕی ناوخۆی لێکەوتەوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھەردوو شارۆچکەی شەقڵاوە و چەمچەماڵی لە دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان سەند.
  • لە ئایاری ساڵی ١٩٩٦ حکوومەتی عێراقی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوت لەسەر پرۆگرامی (نەوت بەرامبەر بە خۆراک)، و ڕێژەی ١٣٪ی بڕی نەوتەکە بۆ باکووری عێراق بوو کە زۆربەی لەژێر دەسەڵاتی ھەردوو پارتە کوردییەکەدا بوو.
  • لە ئابی ساڵی ١٩٩٦ مەسعوود بارزانی داوای کۆمەکی لە حکوومەتی عێراقی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا.
  • لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٦دا پارتی دیموکراتی کوردستان بە یارمەتی حکوومەتی عێراقی توانی ھەولێر لە دەسەڵاتی یەکێتی بسەنێتەوە و کۆنترۆڵی بکات؛ و سلێمانیشی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتینیشتمانی کوردستاندا دەرکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان حکوومەتێکی نوێی لە پەرلەمانی ھەولێر پێکھێنا.
  • لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ یەکێتی نیشتمانی کوردستان سلێمانی گرتەوە.
  • لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٧ یەکێتی نیشتمانی کوردستان حکوومەتێکی نوێی پێکھێنا کە بنکەکەی سلێمانی بوو. بەم شێوەیە باکووری عێراق بە تەواوی کەوتە کۆتنرۆڵی ھەردوو پارت (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)ەوە.
  • لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٨ ھەردوو سەرۆک پارتەکە (مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی) ڕێکەوتننامەیەکی ئاشتیانەیان واژوو کرد لە واشینگتۆن. لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەکە وەکو خۆی مایەوە لەژێر دەسەڵاتی ھەردوو حکوومەتەکە.
  • لە تشرینی دوومی ساڵی ٢٠٠٠ یەکێتی نیشتمانی کوردستان نامەیەکی ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووکان کرد و تێیدا سکاڵای حکوومەتی عێراقی کردبوو لە ڕاگواستن و دەرکردنی کوردەکانی پارێزگای کەرکووک.
  • لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠١ شەڕێک بەرپا بوو لە ناوچەکانی سنووری سلێمانی لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گرووپێک بە ناوی جنود لئیسلام (جند ڕلاسلام), کە دواتر ناوەکەیان بوو بە ئەنێار و لئیسلام- ڕنێار الاسلام

بەرەو یەکخستنەوەی نیشتمانی

  • لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٢ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ ھەموو ئەو گرووپە عێراقیانەدا دانیشتنیان سازدا کە بە نیاز بوون ھاوکاری ھێرشە عەسکەرییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن لە ڕووخانی حکوومەتی بەعسی عێراقی.
  • لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ دانیشتنی ھاوبەش لە نێوان دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستی پێکرد لە پەرلەمانی ھەولێر بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی ھاوبەشی ئینتیقالی تا وادەی ھەڵبژاردنێکی نوێ.
  • لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٣ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (کۆڵن پاوڵ) گرووپی ئەنسارو لئیسلامی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەوریان ھەبووە لە پەیوەندی نێوان ئوسامە بن لادنی سەرۆکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و حکوومەتی عێراقی.
  • لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٣ سەرکردایەتی کورد ئەو پێشنیارەیان ڕەتکردەوە کە ھێزی عەسکەری تورکیا لە خاکی کوردستانەوە بێت و شانبەشانی ھێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووخانی سەدام حسێن بەشدار بن و بۆ ئەم مەبەستەش ھەموو کوردستانیانی باکووری عێراق گەورەترین ڕێپێوانیان کرد دژ بەم پێشنیازە.
  • لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٣ لە پەرلەمانی کوردستان بە پرۆژە یاسایەک ئەو پلانەیان ڕەتکردەوە کە تێیدا ھاتبوو کە ھێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خاکی تورکیاوە ھێرش بکاتە سەر عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەی باکوور.
  • لە٣/ ئازاری/ ٢٠٠٣ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرکردایەتییەکی ھاوبەشیان پێکھێنا بۆ سەرۆکایەتی ھەردوو سکرتێری پارتەکە مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی.
  • لە٢٠/ ئازاری/ ٢٠٠٣ ھێزە ھاوپەیمانەکان بە سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھێرشیان بۆ سەر عێراق دەستی پێکرد بە ھێرشی ئاسمانی و ھەردوو پارێزگای (کەرکووک و مووسڵ) کە سنووریان بە ھەرێمی کوردستانەوەیە ڕووبەڕووی بۆردومانێکی چڕ بوونەوە.
  • لە٢٢/ ئازاری/ ٢٠٠٣ ھێزی کروزی ھاوپەیمانەکان بە ھێرشی ئاسمانی ساروخ توانیان لە گرووپی بەناو ئەنسارو لئیسلام بدەن کە بارەگایان لە ناوچەی خورماڵ بوو بە سەدان کوژراوی لێکەوتەوە.
  • لە٢٧/ ئازاری/ ٢٠٠٣ سەدان مارێنزی ئەمریکی لە باکووری ھەولێر بە پەرەشووت نیشتنەوە و داخڵی خاکی کوردستان بوون. بەم شێوەیە دەروازی باکوور بۆ ھێزە ھاوپەیمانەکان کرایەوە تا بتوانن ھێرش بکەنە سەر حکوومەتی عێراقی.
  • لە ٩/ نیسانی/ ٢٠٠٣ ھێرشی ھێزە ھاوپەیمانەکان بۆ سەر خاکی عێراق دەستی پێکرد و دەسەڵاتی حکوومەت شکێنرا لە ناو شاری بەغداد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە ھاوکاری ھێزە ھاوپەیمانەکان کۆنترۆڵی شاری کەرکووک و مووسڵ بکەن.
  • لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٣ ئەنجومەنی حکوومەتی ئینتیقالی بۆ یەکەمجار کۆبوونەوە، ھەردوو کوڕەکەی سەدام حسێن (عودەی و قوسەی) لە ھێرشێکی چەکداریدا کوژران.
  • لە ١/ شوبات / ٢٠٠٤ لە دوو ھێرشی خۆ کوژیدا سەدان کەس لە ھەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بووە ھۆی کوشتنی زیاتر لە ٥٦ کەس و بریندار بوونی زیاتر لە ٢٠٠کەس، کە لەناویاندا چەند کەسایەتیکی ناسراوی تێدا بوو کە خاوەن پلەی بڵند بوون لە ھەردوو پارتەکەدا.
  • لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥ یەکەم ھەڵبژاردنی سەرتاسەری لە دوای ڕووخانی حکوومەتی بەعسی عێراق کراو ھاپەیمانی کوردستانیش پلەی دووەمی لەو ھەڵبژاردنەدا بەدەستھێناو ٧٧ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێنا.
  • لە مانگی نیسانی ٢٠٠٥ دا جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆک کۆماری عێراق ھەڵبژێردرا لەلایەن پەرلەمانی کاتیی عێراقەوە.
  • لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٥ لە ھێرشێکی خۆ کوژیدا زیاتر لە ٥٠٠ پۆلیس و ئەفسەر شەھید بوون.

پەرلەمانی کوردستان

  • لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٥ دا یەکەم خولی پەرلەمانی لە ھەولێر پێکھێنرا و مەسعوود بارزانی بە سەرۆکی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ھەڵبژێردرا.
  • لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥ کۆمپانیایەکی بیانی دەستی بە دەرھێنانی نەوت کرد لە باکووری عێراق (لە سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێم) , ئەم ھەنگاوەش بووە ھۆی دروستبوونی ترس و دڵە ڕاوکێ لە دڵی سەرکردایەتی کوتلەی سوننی لە عێراق. دواتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی ئاشکرا کرد لەسەر بوونی بیرێکی گەورەی نەوت لە باکوور.
  • لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦ سەرۆک بارزانی داوای گۆڕینی ئاڵای عێراقی کرد بۆ ئاڵایەک کە گوزارشت لە ھەموو پێکھاتەو نەتەوەکانی عێراق بکات و وتیشی بەھیچ جۆرێک ئەو ئاڵایە لە خاکی کوردستان ھەڵنادرێت، بەڵام نوری مالیکی وتی ئەم ئاڵایەی ئێستا ئاڵای عێراقە و دەبێت لە ھەموو گۆشەیەکی عێراق ھەڵبدرێت.
  • لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦ لە پێنج کردەوەی خۆکوژی لە کەرکووک ڕوویدا کە یەکێکیان لە ئۆتۆمبێلێکی بار ھەڵگر و ئەوانیتریش ئۆتۆمبێلی بچووک بوون بووە ھۆی کوشتنی زیاتر لە ٢٣ ھاووڵاتی.
  • لە کەناڵی (BBC) دابەزێنرا کە تێیدا ھاتووە ھێزە کوردییەکان لەلایەن ھێزە ئیسرائیلییەکان بە نھێنی مەشقیان پێ کراوە لەسەر چۆنێتی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر و پارێزگاریکردنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی.
  • لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٧ دا سەرۆکی سوپای تورکیا وتی پێویستە تورکیا ھێرش بکاتە سەر ھێزە کوردە ھەڵگەراوەکانی باکووری عێراق – گەریلاکان.
  • لە ئایاری ساڵی ٢٠٠٧ دا ھێزە کوردییەکان ئاسایشی ھەرسێ پارێزگای (دھۆک، ھەولێر، سلێمانی) لە ھێزە ھاوپەیمانەکان وەرگرتەوە.
  • لە تەممووزی ساڵی ٢٠٠٧ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیھانی ڕاپۆرتێکی لەسەر خراپی گوزەران و ژیانی بەندیخانەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە باکووری عێراق بڵاو کردەوە.
  • لە ئابی ساڵی ٢٠٠٧ لە چەند کردەوەیەکی خۆکوژی بە نارنجۆکی دەستی بووە ھۆی کوشتنی زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە یەزیدییەکان لە باکووری عێراق.
  • لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٧ ئێران بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی باکووری عێراقی کرد. ئێران سنوورەکانی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردیتان داخست بە بیانووی ئەوەی ھاووڵاتییە ئێرانییەکان لەلایەن ھێزە کانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستگیر دەکرێن.

ھێرشەکانی تورکیا

  • لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ پەرلەمانی تورکیا ئیشارەتی سەوزی بۆ ھێزی سوپا ھەڵکرد بۆ ھێرشکردنە سەر کوردە ھەڵگەڕاوەکانی باکووری عێراق، تورکیا فشاری نێودەوڵەتی خرایەسەر بەوەی ھێرش دەکاتە سەر سنوور.
  • لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ تورکیا بە ھێرشی ئاسمانی بۆردومانی ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد لەناو خاکی عێراق.
  • لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٨ تورکیا ھێرشی سوپایی کردە سەر ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد لەناو خاکی عێراق.
  • لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٨ پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەند کرد. بەڵام کەرکووکی لەناو پارێزگاکانداجیا کردەوە، چونکە کوردەکان دەیانبردەوە.
  • لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٩ تورکیا بە فرۆکە جەنگییەکانی ھێرشی کردەوە سەر پارتی کرێکارانی کورستان بە بیانووی ئەوەی پارتی کرێکاری کوردستان لە دوو ھێرشدا بوونەتە ھۆی کوشتنی سەربازانی تورک.
  • لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٩ حکوومەتی ھەرێمیکوردستان نەوتی ھەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کرد، بڕی ٩٠٬٠٠٠ بۆ ١٠٠٬٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەکێڵگەکانی کوردستانەوە بەرەو تورکیا دەنێررێت. حکوومەتی ناوەندی بە مەرجی وەرگرتنەوەی ڕێژەی یاسایی لە حکوومەتی ھەرێم مۆڵەتی دەرکردنی نەوتی داوە.
  • لە تەممووزی ساڵی ٢٠٠٩ مەسعوود بارزانی بۆ جارێکی تر بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی فیدراڵ ھەڵبژێردرایەوە، و لیستی ھاوپەیمانی کوردستان کە پێکھاتووە لە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەست ھێنا و لیستێکی نوێش بە ناوی گۆڕان توانی ڕێژەی ٢٥ کورسی پەرلەمان لە کۆی ١١١ کورسی بەدەست بھێنێت.
  • لە شوباتی ساڵی ٢٠١١ خۆپیشاندان دژی ئەو گەندەڵیانە سازدرا کە لەلایەن ھەردوو (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) و دەکرێت لە سلێمانی، و گرووپی گۆڕان ڕێکخەری خۆپیشاندانەکەبوو، و تێیدا دوو خۆپیشاندەر کوژران.

ئابووری

ئابووری ھەرێمی کوردستان پشت دەبەستێت بە داھاتی نەوت، کشتوکاڵ و گەشتیاری. بەھۆی ئەو سەقامگیرییە ڕێژەیییەی کوردستان، ھەرێمەکە لە ڕووی ئابوورییەوە لە ناوچەکانی تری عێراق پێشکەوتووترە.

پێش لابردنی سەدام حسێن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٣٪ی داھاتی پڕۆگرامی نەوت بە خۆراکی عێراقی وەردەگرت. بە ھاتنی ٢٠٠٣و ئازادکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، پڕۆگرامەکە ٨٫٣٥ ملیارد دۆلاری لە کوردستاندا خەرج کردبوو. ئاسایشی خۆراکی کوردستانی عێراق وای کرد کە زۆرینەی داھاتەکان لە پڕۆژەی گەشەسەندن دا سەرف بکرێن وەک لە ناوچەکانی تری عێراق. بە کۆتاییھاتنی پڕۆگرامەکە لە کۆتایی ٢٠٠٣ دا، ٤ ملیارد دۆلار لە داھاتی نەوت بە خۆراکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە خەرجنەکراوی مابووەوە.

دوا بەدوای لابردنی حکوومەتەکەی سەدام حسێن و زنجیرە توندوتیژییەکەی بەدوایداھات، سێ پارێزگاکەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەنھا سێ پارێزگای عێراقیی بوون کە سوپای ئەمریکی بە "ئارام" پۆلینیان کردبوو. ئەو ئارامییە ڕێژەیییەی ھەرێمەکە ڕێی دا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند گرێبەستێکی وەبەرھێنان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا مۆر بکات. لە ٢٠٠٦ دا، یەکەم بیرە نەوت لە دوای ئازادکردنی عێراقەوە لە ھەرێمی کوردستان لێدرا لەلایەن کۆمپانیایەکی وزەی نەرویجییەوە بەناوی "دی. ئێن. ئۆ". لە سەرەتادا وا دەرکەوت کە کێڵگە نەوتییەکە لانی کەم ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی تیا بێتو لە سەرەتای ٢٠٠٧ دا ڕۆژانە ٥٠٠٠ بەرمیل نەوتی لێ دەربھێنرێت. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێکەوتننامەی گەڕانیان مۆرکردووە لەگەڵ دوو کۆمپانیای تری نەوت دا، "وێسترن ئۆیەڵ ساندس"ی کەنەدیو "ستێرلین ئینرجی" بریتانی. سەقامگیرییەکەی ھەرێمی کوردستان بووەتە ھۆی ئەوەی لە بەشەکانی تری عێراق پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت. لە ٢٠٠٤ داھاتی تاکەکەس لە ھەرێم بە ڕێژەی ٢٥٪ لە ناوچەکانی تری عێراق زیاتر بوو. دوو فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی لە ھەولێرو سلێمانی ھەیە کە بە گەشتی ئاسمانیی بەستراونەتەوە بە وڵاتانی خۆرەڵاتی ناوەڕاستو ئەورووپاوە. حکوومەتەکە بەردەوامە لە وەرگرتنی داھاتی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق، و بەم زووانەش یاسایەکی یەکخراو بۆ وەبەرھێنانی بیانی دەردەکات. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی بۆ دروستکردنی شارێکی میدیایی لە ھەولێرو چەند ناوچەیەکی بازرگانیی ئازاد لە نزیک ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئێرانو تورکیادا بنیاد بنێت.

لە ساڵی ٢٠٠٣ و، ھێزە ئابوورییە بەھێزەکەی کوردستان زیاتر لە ٢٠٠٠٠ کرێکاری عەرەبی لە ناوچەکانی تری عێراقەوە ڕاکێشاوە. بە وتەی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق، لە ٢٠٠٣وە ژمارەی ملیۆنێرەکانی شاری سلێمانی لە ١٢ەوە بووە بە ٢٠٠٠، ئەمەش دەرخەری گەشەی ئابووری ھەرێمەکەیە.

جوگرافیا

کوردستانی عێراق بە گشتی ناوچەیەکی شاخاوییە کە لە بەرزترین خاڵدا ٣٦١١ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە، ناوچەکە بە «چیکەدار» ناودەبرێت. چەندین ڕووبار بەنێو شاخەکاندا تێدەپەڕنو ناوچەکە تایبەتمەند دەکەن بە زەوی بەپیتو ئاوی زۆرو سروشتێک کە لە وێنە بچێت.

سروشتە شاخاوییەکەی کوردستان، جیاوازیی پلەی گەرما لە ناوچە جیاجیاکانیو دەوڵەمەندییەکەی بە سامانی ئاو وا لە کوردستان دەکەن ببێت بە ناوچەیەکی کشتوکاڵیو گەشتیاری. سەرەڕای ئەمانە، چەند کانزایەک، بەتایبەت نەوت، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەرێگەی ھێڵی بۆرییەوە لە کوردستان دەردەھێنرا.

گەورەترین دەریاچەی ھەرێم دەریاچەی دوکانە و زێی بچووک لە تەق تەق.

دەستەواژەی «باکوری عێراق» ناڕوونییەکی جوگرافی لە بەکارھێنانیدا ھەیە. «باکور» بەگشتی بۆ ئاماژەکردن بە ھەرێمی کوردستان بەکاردەھێنرێت. «ناوەڕاست» و «باشوور»یان «ناوەڕاست- باشوور» بە تایبەت بۆ ئەو ناوچانەی عێراق بەکاردێن کە ھەرێمی کوردستانی لێ بەدەر کرابێت. زوربەی سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن زۆر جار «باکور» و «باکوری عێراق» بۆ ھەر ناوچەیەک بەکاردەھێنن کە بکەوێتە باکووری بەغداوە.

باشووری کوردستان بەسەر ٨ پارێزگادا دابەش کراوە کە ئێستا چوار دانەیان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و چوارەکانی دیکەش لەلای حکوومەتی فێدراڵ داوای بەڕێوەبەریان لێدەکرێت.

ئەو پارێزگایانەی کە بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندان ئەمانەن:

ئەو پارێزگایانەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای بەشێکی یان تێکڕای دەکات:

پلان بۆ ڕاپرسییەک دانرا لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ بۆ بڕیاردان لەسەر گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی پارێزگاکان یان بەشەکانیان بۆ ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. ئەم ڕیفراندۆمە دەیویست ھەموو ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک، خانەقین و کفری لە پارێزگای دیالە، توزخورماتی لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئاکرێ و شێخان لە پارێزگای نەینەوا بگرێتەوە. ئەم ڕاپرسییە دواخرا بۆ ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧، و دواتر بۆ شەش مانگی تر درێژکرایەوە. کوردەکان پێداگری لە ھەرچیزووتر جێبەجێکردنی ڕاپرسییەکە دەکەن.

شارە گەورەکان

دیمۆگرافیا

ژمارەی دانیشتووانی ھەرێم نزیکەی ٥–٦ ملیۆن کەسە کە ٩٥٪ کوردی موسوڵماننو سەر بە مەزھەبی سوننەن. ژمارەیەکی بەرچاوی ئێزیدی و کاکەیی، جوولەکە و مەسیحییش ھەن. لە ڕووی نەتەوەیییەوە کوردەکان زۆرینەی ناوچەکە (نزیکەی ٩٥٪) پێک دێنن و ئەوی تر لە تورکمانی عێراق و ئاشووریی و ئەرمەن و عەرەبەکانی پێکھاتووە کە بە گشتی لە نیشتەجێی بەشی خۆراوای ھەرێمەکەن.

زاراوەی بابانی لە سلێمانی و زاراوەی ھەولێری لە ھەولێر قسەی پێ دەکرێ. زاراوەی ھەولێری وێکچونێکی زۆری لەگەڵ زاراوەی موکریانی دا ھەیە کە لە مەڵبەندی موکریان و شارەکانی پیرانشار و مەھاباد دا قسەی پێ دەکرێ. ھەروەھا زاراوەی بابانی وێکچونێکی زۆری لەگەڵ زاراوەی جافی دا ھەیە کە لە مەڵبەندی کرماشان دا قسەی پێ دەکرێ.

ژمارەی دانیشتووان

بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵانی ١٩٢٧–١٩٨٧ بەمجۆرە بووە:

  • لە ساڵی ١٩٢٧ ژمارەی ئەم بەشەی کوردستان ٦١٣٫٣٤٧ کەس بووە
  • ساڵی ١٩٣٧ ڕێژەکەی گەیشتووەتە ١٫٠١٠٫٩٠٥کەس.
  • لە ساڵی ١٩٤٧ گەیشتووەتە ١٫٢٨٢٫٣٧٨ کەس.
  • لە ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتووانەکەی گەیشتووەتە ١٫٨٢٢٫٣٩٠کەس.
  • لە ١٩٦٥ گەیشتووەتە ٢٫٢١٧٫١٠٩کەس.
  • بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی١٩٧٧ ی گەیشتە ٣٫٣٠٣٫٣٠٠ کەس.
  • لە ساڵی ١٩٨٧ یش گەیشتە٤٫٤٨٦٫٦٩٧ کەس.

کەش و ھەوا

تێکرای گەرمی مانگی کانوونی دووەم کەساردترین مانگی ساڵە لەھەرێمدا لەنێوان (٣٫١) پلەی سەدیدایە لەوێستگەی سەڵاحەدین، (٩٫٩) سەدییە لەخانەقین، بەگشتی چەند بەرەو باکوورو باکووری ڕۆژھەڵاتی ھەرێم بڕۆین پلەی گەرمی دادەبەزێت لەبەرئەوەی چەند بەرەوە باکوورو باکووری ڕۆژھەڵات بچین زەوییەکە بەرزو بڵند دەبێت، لایەکانی باکووری ھەرێم دەکەونە ئەو ناوچانەی کەلەکەمەرەی زەوییەوە دورترن کە دەبێتە ھۆی کورتی ڕۆژ لەنیوەی زستانی ساڵدا و کەمبوونەوەی گۆشەی تیشکی ھەتاو کەوتن. کەمی لاربوونەوەی گۆشەی کەوتنی تیشکی ھەتاو ھەروەھا ڕۆژ درێژی و ساماڵ و تۆپەڵی ھەوایی کیشوەری وشک کە لەھاویناندا ھەرێم دەگرێتەوە، یاریدەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەدەن لەو وەرزەدا. تێکڕاکانی گەرمای مانگی تەممووز کەگەرمترین مانگی ساڵە لەھەرێمدا لە ٣٠ پلەی سەدی پترە. جیاوازییەکی زۆر لەبڕی بارانبارین لەھەرێمدا ھەیە ناوەندی بارانی ساڵانە لەھەرێمدا لەنێوان ٣٢٨ ملم دایە لەخانەقین و زیاتر لە ٧٠٢ملم لە زاخۆ و لەرواندز٦٩٦ ملم و لەئاکرێ ١٠٠٨ ملم و لەپێنجوێن ١٢٦٣ ملم، بەگشتی لەبارەی بڕی بارانی داباریو لەھەرێمدا دەتوانین بڵێین کەبارانی ھەرێم تابەرەو باکوورو باکووری ڕۆژھەڵات بڕۆین پتر دەبێت، ئەمەش لەبەر ھۆکاری بەرزی و نزمی لەلایەک گوزەرکردنی ژمارەیەکی زۆرتر لە نەورایییەکانی کەش وھەوا بە ھەرێمدا جگە لەوەی کە جۆری نەورایییەکانیش تا بەرەو باکوور بڕۆین قووڵتر دەبن، لەڕووی بارانەوە دەتوانین ھەرێم بۆ دوو ھەرێمی لاوەکی دابەش بکەین کەبریتییە لە

  1. ھەرێمی بارانی مسۆگەر
  2. ھەرێمی بارانی نامسۆگەر

ھەرێمی بارانی مسۆگەر

ئەم ھەرێمە بەشەکانی باکوور و باکووری ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستانی عیراق دەگرێتەوە و سنوورەکانی باشووری لەگەڵ سنووری باشووری ناوچەی شاخاوی لەھەرێمدا دەڕۆن ئەم ھەرێمە بەزۆری ڕێژەی بارانەکەی جیادەکرێتەوە کەناوەندی ساڵانەی باران ٥٠٠ملم کەمتر نییە، بۆیە کشتوکاڵی زستانە لەم ھەرێمەدا ساڵانە ئەم ھەرێمە دەتوانێت بەتەواوی پشت بەباران ببەستێت.

ھەرێمی بارانی نامسۆگەر

ئەم ھەرێمە ناوچە نیمچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە کەبەرێژە بارانی کەمە (ساڵانە لە ٥٠٠ملم) کەمترە، ئەم ھەرێمە لاوەکییە دیسان بەوە ناسراوە کەبڕی بارانی مانگانە و ساڵانە و وەرزانە ھەڵبەز و دابەزێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بەبەراورد کردن لەگەڵ ھەرێمی پێشوودا، بۆیە کشتوکاڵی زستانەی بەتایبەتی لەبەشەکانی باشوورو باشووری ڕۆژاوادا ڕەنگە ڕوبەڕوی ھەڕەشەی وشکی ببێتەوە.

ئەمانەش ببینە

krd.—دۆمەینی تایبەتی حکوومەتی ھەرێم

سەرچاوەکان

  1. ^ "Iraq's Constitution of 2005" (PDF). 2005. Retrieved 31 August 2019.
  2. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری constitution نەدراوە
  3. ^ "A Reading for the Law of Protecting Components in Kurdistan" (PDF). July 2015. Retrieved 15 September 2019.
  4. ^ "Iraqi Kurds 'withdraw to 2014 lines'". 18 October 2017. Retrieved 31 August 2019.
  5. ^ Gordon W. Rudd (2004). Humanitarian Intervention - Assisting the Iraqi Kurds in Operation PROVIDE COMFORT, 1991. Washington, D.C.: Department of the Army. p. 12.
  6. ^ Arash Reisinezhad (2018). The Shah of Iran, the Iraqi Kurds, and the Lebanese Shia. p. 126. ISBN 978-3319899473.
  7. ^ Mari R. Rostami (2019). Kurdish Nationalism on Stage: Performance, Politics and Resistance in Iraq. Bloomsbury Publishing. p. 67. ISBN 978-1788318709.
  8. ^ E. O'Ballance (1995). The Kurdish Struggle, 1920-94. Palgrave. p. 20.
  9. ^ BBC News (لە ڕێکەوتی ١٩ی نیسان). ڕووداوەکانی کوردستانی عێراق(ئینگلیزی). BBC News. سەردان لە ڕێکەوتی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠١٢.

سەرچاوەکان