نێچیرڤان بارزانی
ئەم وتارە سەبارەت بە نێچیرڤان بارزانی نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە بارزانی (ڕوونکردنەوە).
| نێچیرڤان ئیدریس بارزانی | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١٩٦٦ |
| پەروەردە | زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی تاران |
| حیزبی سیاسی | پارتی دیموکراتی کوردستان |
| هاوسەر(ەکان) | نەبیلە بارزانی کچی مەسعود بارزانی |
| منداڵەکان | ڕانیا و ئیدریس |
| دایکوباوک | ئیدریس بارزانی |
نێچیرڤان بارزانی (لە دایکبووی ١٩٦٦) سەرۆکی پێشووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
نێچیرڤان بارزانی کوڕی ئیدریس بارزانی و نەوەی مەلا مستەفا بارزانی یە. نێچیرڤان لە ساڵی ١٩٦٦ لە دایک بووە. کاتێک لە ساڵی ١٩٧٥، عێراق و ئێران لە جەزائیر لە دژی شۆڕشی کوردستان (شۆڕشی ئەیلول)، ڕێککەوتن و مەلا مستەفای بارزانی خەباتی چەکداری ڕاوەستاند، ئەو دەمە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی ئێران بوون و لەوێ لە زانکۆی تاران، زانستە سیاسیەکانی خوێند.
ئیدریس بارزانی باوکی نێچیرڤان بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستان بوو و ڕۆڵێکی مەزنی لە ناو تەڤگەری ڕزگاریخوازی کوردستاندا ھەبوو، ھەر لە مناڵیەوە لە ناو ڕێزەکانی شۆرشدا بوو و لەتەک پێشمەرگەکان مەزن ببوو. کاتێک ئیدریس بارزانی کۆچی دوایی کرد، نێچیرڤان بارزانی ناچار بوو بنەماڵەکەی بەجێ بھێلێت و بەشداری لە شۆڕش و بەرخودانی چەکداری بکات.
نێچیرڤان بارزانی زوو لە ناو ڕێزەکانی پێشمەرگە و شۆرەشدا پێشکەوت و بەرپرسیاریەتی مەزنی لە ئەستۆ گرت. ھەر لەبەر زیرەکی و لێھاتویی، لە ساڵی ١٩٨٩ بوو بە ئەندامی پۆلیت بیرۆی (مەکتەبی سیاسی) پارتی دێموکراتی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٩٦ بووە جێگرێ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٩٩ بووە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ( کابینەی چوار).
لە ٧-٥-٢٠٠٦ بووە سەرۆک-وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (کابینەی یەکگرتنەوە).
لەژێر سەرۆکایەتی ئەودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سیمای حکوومەتێکی دیموکرات، مەدەنی و فرە حزبی وەرگرت. نێچیرڤان بارزانی خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن، پێشکەوتوو و ئازاد دەکات و ھەروەھا بۆ ئەوەی ژیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان باشتر بکات، و سیستەمی سیاسی و ئابۆری لە ھەرێمی کوردستان ئازاد و سەربەخۆ بێت.
نێچیرڤان بارزانی لە پلەی یەکەمدا گرنگی بە پێشڤەچوونی مرۆڤ، پاراستنی مافی ژنان، گەشەپێدانی پیشەسازی، پێشخستنی دامودەزگاکانی حکوومەت و گرنگیدان بە بواری پەرەوەردە، دەدات.
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نەبیلە بارزانی کچی مەسعود بارزانی ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و چوار مناڵیان ھەیە بە ناوەکانی «ئیدریس»و «ڕانیه» و "چياڤان" و "مايا" .
نێچیرڤان بارزانی جگە لە کوردی، زمانی فارسی باش دزانێت، ھەروەھا عەرەبی و ئینگلیزی با ش دزانێت. نێچیرڤان بارزانی حەز لە ئەسپ سواری، مەلەوانی، بەسەر چیا کەوتن لەگەڵ پێشمەرگەکان دەکات.