یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
یەکێتیی
ناوی عەرەبی الاتحاد الوطني الكوردستاني
ناوی ئینگلیزی Patriotic Union of Kurdistan (PUK)
ناوی کورتکراوە بەکوردی ی . ن . ک
سکرتارییەت مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دامەزرێنەر جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، فوئاد مەعسوم، کەمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولرەزاق فەیلی
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی
جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی بەرهەم ساڵح
سروودی فەرمیی سروودی مەشخەڵان
دروشم ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەنووس
دامەزراندن ١ی حوزەیرانی ١٩٧٥
جیابوونەوە بزووتنەوەی گۆڕان
پێشینە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان
یەکی گرت لەگەڵ بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان، هێڵی گشتی، کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان
شوێنگەی سەرەکی سلێمانی، هەرێمی کوردستان
ڕۆژنامە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ڕۆژنامەی ئەلئیتیحاد
دەزگای هەواڵگری دەزگای زانیاری[١]
ئایدۆلۆژیا نەتەوەخوازیی کوردی
سۆسیالدیموکراسی
شوێنی سیاسی چەپی ناوەڕاست
ئایین عەلمانی
ئینتیمای نیشتمانی نەتەوەخوازیی کوردی، گەل
ئینتیمای نێودەوڵەتی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ
ڕەنگەکان سەوز
کورسییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
١٧ / ٣٢٥
کورسییەکان لە پەرلەمانی کوردستان
١٨ / ١١١
ماڵپەر
پی یو کەی میدیا

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (بەئینگلیزی: Patriotic Union of Kurdistan، کورت دەکرێتەوە بۆ PUK) کورت دەکرێتەوە بۆ ی. ن. ک و لەنێو خەڵکدا بە "یەکێتیی" ناو دەبرێت، پارتێکی سیاسییە لە باشووری کوردستان کە نیشینگەی سەرەکی دەکەوێتە شاری سلێمانییەوە. یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەندامە لە ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالی جیھانیی.

مێژوو[دەستکاری]

ی. ن. ک ھاوپەیمانێتییەک بوو لە نێوان پێنج قەوارەی سەربەخۆی سیاسی کە لەلایەن جەلال تاڵەبانی، کە کوردەکان بە مام جەلال ناوی دەبەن، و نەوشیروان مستەفا سەرکردایەتی دەکرا. بەشە سەرەکیەکان ئەمانە بوون: کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و شۆڕشگێڕان. چینی خوێندەوار و رۆشنبیر پاڵپشتی سەرەکی یەکێتیی بوون لە کوردستانی عێراق، لە کۆی ١٥ ئەندامی دامەزرێنەر، ١٣ کەسیان کەسی ئەکادیمی و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بوون. لە بنەڕەتدا، پارتەکە زیندووترین جوڵانەوەی سیاسی بوو کە وردەوردە بەرەو ھاتە ناوەڕاستی مەیدانەکەوە و ئێستاش بوو بە پارتێکی سۆشیال دیموکرات و ئەندامە لە سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ. لە سەرەتای ١٩٨٠کان، ی. ن. ک لە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا بڵاوبووەوە بەتایبەتی چینی لادێ. ھەڵبژاردنە ھەرێمییەکەی کوردستان ئەوەی دەرخست کە زۆرینەی لایەنگرانی ی. ن. ک لە ناوچەکانی باشوری کوردستانی عێراقەوەن. لە جەنگی کەنداوی یەکەمەوە، ی. ن. ک لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باکوری عێراق بەڕێوە دەبەن. ھەرچەندە ھاوکاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا ھەمیشە بە ھێمنی نەبووە و چەند جارێک لەنێوان چەکدارانی ھەردوولادا توند‌وتیژیی گراوەتەوە بەر. لە ئەنجامدا ناوچەکە بووە بە دوو بەشەوە، بەشی ژێر دەسەڵاتی پارتی و بەشی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی- کە شاری سلێمانی ناوەندەکەیەتی.

دامەزراندن[دەستکاری]

جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٥ دا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرێنرا نزیکەی دوو مانگ دوای ھەرەسی یاخیبوونی کوردەکان لە ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥. رێکخراوەکە لەکاتێکدا دامەزرا کە کوردی عێراق لەوپەڕی قەیراندا بوو و مەبەست لێی زیندووکردنەوەی بەرگری بوو و ھەروەھا دروستکردنەوە و ئاراستەکردی کۆمەڵگای کوردی بە ئاراستەی مۆدێرن و دیموکراتییدا. ی. ن. ک بووە پارتێکی سەرەکی کوردی و جوڵانەوەیەکی سیاسی عێراقیی کە شوێنکەوتوویەکی زۆری ھەبوو لەناو کوردەکاندا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یاریکەرێکی سەرەکی بوو لە دروستکردنی ڕووداوەکان و گەشەکردنیان لە ناوچەکەدا. جەلال تاڵەبانی، کە پێشتر سەرکردەی قوتابیان، پارێزەر، ڕۆژنامەنووس و سەرکردەی بەرگری بووە، سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە کاتی دامەزراندنییەوە لە ١٩٧٥. لە بنکەکانییەوە لەناو خاکی عێراقدا، سەرکردایەتی بەرگری کوردی دەکرد لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٧٠ و تەواوی ١٩٨٠. تاڵەبانی، بەنوێنەرایەتی یەکێتی بەرەی کوردستانی، سەرکردایەتی چەند ھەوڵێکی کردووە بۆ دەستختنی چارەسەرێکی سیاسی دیموکراتی بۆ دۆزی نەتەوەیی کورد لە عێراقدا.

پڕۆگرام[دەستکاری]

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاردەکات بۆ دەستخستنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ کوردەکان لە عێراقێکی دیموکراتی یەکپارچەدا و داوای چارەسەری سیاسی دەکات بۆ پرسی نەتەوەی کورد لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ھەروەھا داننان بە شوناسی نەتەوەیی و کلتوری کورددا. ی. ن. ک کار بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دەکات بە رێکخراوە مەدەنییەکانەوە لە کوردستانی عێراق. ھەڵبژاردنی ئازاد و کراوە، رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئازادی رادەبڕین و رۆژنامەوانی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بە یەکسانییشەوە لەو بابەتانەن کە ی. ن. ک کاری بۆ دەکات. لەبەرئەوەی خۆی لە ئاراستەی سۆشیال دیموکراتی جیھاندا دەبینێتەوە، ی. ن. ک باوەڕی وایە کە سیاسەتی حکومەت و ھێزی بازاڕ دەبێ یەکبخرێت بۆ گەشەیەکی ھاوتای ئابووری و کۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی. ی. ن. ک باوەڕی وایە کوردەکان تاکە قوربانی دەستی رژێمی عێراق نەبوون و کار بۆ پاراستنی مافی کەمەنەتەوایەتی و کەمایەتییە ئایینییەکانی تر دەکات لە عێراقدا. لەمبارەیەوە، ی. ن. ک کار لەگەڵ نوێنەری جڤاتی تورکمان و ئاشورییەکاندا دەکات، ھەروەھا نوێنەری رێکخراوەکانی ژنانیش. وەک بەشێک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ی. ن. ک رێز لە ھەموو جڤاتە سیاسی و کلتوری و قەومییە جیاوازەکان دەگرێت. ئەم دیدە وای کردووە تورکمان و ئاشورییەکان دامەزراوەی فێرکردن و کلتوری خۆیان ھەبێت، ھەروەھا کەنیسەش گەڕاوەتەوە سلێمانی و شارەکانی تر بۆ ئەوکەسانەی کە مەسیحیین. ی. ن. ک چالاکانە بەشێکە لە ھێزە دیموکراتییەکان لە عێراقدا و کار بۆ ھێنانەدی سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراتی دەکات بۆ عێراق. ی. ن. ک داوای دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵی بۆ عێراق دەکات کە تێیدا کوردەکان و جڤاتە قەومی و کلتورییەکانی تر بتوانن ئابووری، کلتور‌و کۆمەڵگەی خۆیان بەرەوپێشبەرن.

ئەرک[دەستکاری]

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەی وایە کە کار بۆ مافی چارەی خۆنووسین، مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات، سەرەڕای ئاشتی و ئارامی بۆ کوردەکانی عێراق.

پێکھاتە[دەستکاری]

بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەرکردایەتی یەکێتی لەلایەن جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتییەوەیە، کە ئێستا سەرۆک کۆماری عێراقە. سیاسەت و بڕیارەکانی ی. ن. ک لەلایەن دەستەیەکەوە دائەڕێژرێن کە مەکتەبی سیاسیە. ی. ن. ک پارتێکی سیاسی مۆدێرنی رێکخراوە. بڕیاردەران دەستەیەکن لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە ٣٢ کەسن. ئەنجومەنی سەرکردایەتی سکرتێری گشتی و ١١ ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵدەبژێرن، کە بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی رۆژ بە رۆژی رێکخراوەکە و جێبەجێکردنی بڕیار و فرمانەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی. لە بنەڕەتدا ی. ن. ک دامەزرێنرا وەک چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ئاراستە سیاسییە کوردییە جیاجیاکان لە عێراقدا. لە ساڵی ١٩٩٢، پێکھاتە جیاجیاکانی ناو ی. ن. ک یەکیانگرت و بوون بە جوڵانەوەیەکی یەکپارچەی سۆشیال دیموکراتی. ی. ن. ک لقی لە ھەموو شار و شارۆچکە سەرەکییەکانی کوردستانی عێراق ھەیە و لایەنگر و ئەندامی لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی کوردیدا ھەیە. ژمارەی ئەندامەکانی ی. ن. ک بەپێی ئامارێکی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨، ١٤٨٢٨٠ کەسن. ی. ن. ک لە ھەڵبژاردنەکەی ١٩٩٢ی کۆمەڵەی نەتەوەیی کوردستان بەشداری کرد و لیستەکەی توانی ٤٢٣٦٨٢ دەنگ بەدەست بھێنێت لە کۆی ٩٥٧٤٦٩ دەنگی دروست کە زۆرینەی لە سێ پارێزگا لە کۆی چوار پارێزگاکەی کوردستان بەدەستھێنا.

ئۆرگانە رێکخراوەییەکانی ی. ن. ک[دەستکاری]

مەکتەبی رێکخستن[دەستکاری]

مەکتەبی ڕێکخستن (پێشی دەگووترێت مەکتەب ڕێکخستن) رێکخراوەکانی ی. ن. ک لە سەرتاسەری ھەرێمەکەدا بەڕێوە دەبات و بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی بابەتی پەروەردەیی و زانیاری بەسەر ئەندامەکاندا لە ئەستۆی ئەم مەکتەبەیە. جگە لەمانە، سەرپەرشتی و چاودێری پرۆسەکانی ھەڵبژاردن دەکات لە رێکخراوەکەدا بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان. مەکتەبی رێکخستن دەربارەی ھەل‌و مەرجی ئەندامێتی لە ی. ن. ک و پێشنیارەکان بۆ ھێشتنەوەی ی. ن. ک لەئاستێکدا کە زۆرترین ئەندامی ھەبێت، راپۆرت بۆ مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەرز دەکاتەوە. مەکتەبەکە سەنتەرەکانی راھێنان بەڕێوەدەبات کە تێیدا کادرەکان یەکێتی ھۆشیار دەکرێن و رادەھێنرێن لەرووی یاسایی و فکری و مەیدانی سیاسی و رێکاری چالاکییەکان. ئەم راھێنانە ئەندامەکانی پارتەکە ئامادەدەکات بۆئەوەی چالاکانە بەشداری بکەن لە چالاکییەکانی پارتەکە‌و پێگە ئیدارییەکان لە پارتەکەدا و یان پێگە ئیدارییەکان لە ناوچەکەدا.

مەکتەبی راگەیاندن[دەستکاری]

مەکتەبی ڕاگەیاندن سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی راگەیاندنەکانی ی. ن. ک ـی لە ئەستۆیە. ئێستا ی. ن. ک چەند کەناڵێکی ھەیە: تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان (لە سلێمانی)، کە کەناڵی سەرەکی تەلەفزیۆنە و چەند کەناڵێکی تری تەلەفزیۆنی ناوخۆیی لە شار‌و شارۆچکەکاندا لە ناوچەکە، دەنگی گەلی کوردستان، کە رادیۆیەکە پەخشی کوردی و عەرەبیی ھەیە. دەگاتە سەرتاسەری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا. کوردستانی نوێ، رۆژنامەیەکی رۆژانەیە، ھەفتەنامەی ئەلئیتیحادی عەرەبی و (زی مۆنیتەر)، چاپکراوێکی رۆژانەی کوردی و عەرەبییە، کە چاودێری ئاژانسە جیھانییەکان دەکات دەربارەی ئەو بابەتانەی تایبەتن بە کورد‌و عێراقەوە.

مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان[دەستکاری]

مەکتبەی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان وەک ھاوکارێکی رێکخراوە پیشەیی و کلتورییەکان کاردەکات نمونە وەک کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، یەکێتیی ژنانی کوردستان و کۆمەڵەی نووسەران.

مەکتەبی ئیدارە‌و دارایی[دەستکاری]

مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی کاروباری دارایی و ستافی کارگێڕی رێکخراوەکە بەڕێوەدەبەن. ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە رێگەی کۆمیسیۆنێکی وردبینییەوە چاودێری چالاکییەکانی ئەم مەکتەبە دەکات.

مەکتەبی مافی مرۆڤ[دەستکاری]

مەکتەبی مافی مرۆڤ بەمەبەستی چاودێریی ھەلومەرجی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی عێراقدا بنیاد نرا، بە تایبەت بۆ لەبەرچاوگرتنی ھەڵسوکەوتی ئەندامانی ی. ن. ک و سەرکردایەتییەکەی. ئەم مەکتەبە وەکو ھاوکارێکی رێکخراوە ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ کاردەکات و بە شێوەیەکی بەرفراوان ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوە دەربارەی بنەماکانی مافی مرۆڤ، رۆڵی یاسا و دیموکراسی ئەنجامدەدات. ھەروەھا بۆ دڵنیابوون لە پابەندیی ی. ن. ک بۆ جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ. ئەم مەکتەبە راستەوخۆ راپۆرتەکانی بۆ سکرتێری گشتی ی. ن. ک بەرز دەکاتەوە.

مەکتەبی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

مەکتەبی کۆمەڵایەتی بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوچەکە، ئەم مەکتەبە کارئاسانی بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بەتایبەت لەو بابەتانەدا کە پەیوەستە بە زەوی و زار و کێشەی عەشایرییەوە.

مەکتەبی شەھیدان[دەستکاری]

ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کاروباری پەیوەند بە شەھیدان و دابینکردنی مافەکانی شەھیدانە، بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە لە داموو دەزگاکانی ی. ن. ک و حکومەتدا دیاری کراوە. ھەروەھا بەرنامە بۆ ڕاگرتنی سەروەری و یادی شەھیدان و تۆمارکردنی میژووی خەباتیان دا دەڕێژێت و پلانی جێبەجێکردنیان دادەنێت. ئەم مەکتەبە بەشێکی تایبەت دەکاتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروبار و پێداویستییەکانی نەوەکانی شەھیدان، کە لەلایەن نەوەکانی شەھیدان خۆیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.[٢]

دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان[دەستکاری]

دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان پێکدێت لە ٥-٧ ئەندام دەزگا. ئەرکی دەزگاکە بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەت و ڕێزلێنانی پێویست و شایستە بە پێشمەرگە و ڕێکخستنی دێرین و زیندانە سیاسییەکان. ھاوکات کار بۆ بە دواداچوونی داخوازییەکانیان لە مەڕ دابینکردن و جێبەجێکردنی مافەکانیان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان وڕەچاوکردنی یەکسانی، دەکات. کاردەکات بۆ داکۆکیکردن لە سەروەری و بەرھەمی خەبات و تێکۆشانیان. پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان، بە حوکمی خەباتیان لە ھەر دەزگایەکدا بن، لە کاتی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانیان، مافی خۆیانە لە ڕێگەی ئەم دەزگایەوە بەرگری لە خۆیان بکەن.[٣]

مەکتەبی پەیوەندییە گشتیەکان[دەستکاری]

مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکان پێکدێت لە (٩) ئەندام مەکتەب. مەکتەبی پەیوەندییەکان ئەرکی ڕێکخستن و پەرە پێدانی پەیوەندی ی. ن. ک ـە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ولاتانی دەرەوە دەگرێتە ئەستۆ. مەکتەبەکە لە چەند بەشێک پێک دێت و ھەر بەشێک ئەندام مەکتەبێک سەرپەرشتی دەکات.[٤]

دەزگای چاودێریی دارایی[دەستکاری]

دەزگای چاودێری دارایی پێکدێت لە ٧ ئەندام دەزگا بە لێپرسراوەکەیەوە کە خەڵکی پسپۆڕن لەو بوارەدا. چاودێری چۆنیەتی داھات و خەرج دەکات لە گشت ئۆرگان و مەکتەب و دەزگاکان ی. ن. ک. پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سکرتێری گشتی ی. ن. ک ـەوە دەبێت. ڕاپۆرتی وەرزیی و ساڵانە پێشکەش بە سکرتێری گشتی دەکات.[٥]

مەکتەبی چاودێریی و بەدواداچوون[دەستکاری]

مەکتەبی چاودێری و بەدواداچوون پێکدێت لە ٧ ئەندام مەکتەب. ئەرکی چاودێری کردنی ڕەوشی کاروباری ئۆرگانەکان و بە دواداچونی ئیشوکارەکانیان دەگرێتە ئەستۆ. لە کەمو کوڕی ئۆرگانەکان دەکۆڵێتەوە و ڕاپۆرت لەو بارەیەوە ئامادە دەکات و بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی بەرز دەکاتەوە.[٦]

ئەکادیمیای ھۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران[دەستکاری]

پێکھاتە و ئەرکەکانی ئەکادیمیای ھۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران: ئەم ئەکادیمیایە بە پێی پێویست پێکدێت لە چەند کادریرێکی شارەزاو پسپۆڕ. کردنەوەی خول لە بواری جیا جیادا بۆ کادیرانی ی. ن. ک لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. ھەروەھا ڕێکخستنی ئەرشیف و دۆکیومێنت کردنی مێژووی ی. ن. ک و دەرکردنی گۆڤارێکی فیکری. بایەخدان بە توێژینەوە و بیر و ڕۆشنبیریی ھاوچەرخ و سازکردنی کۆڕ و کۆنفرانس. ئامادە کردنی لێکۆڵینەوەی ناو بە ناو دەربارەی رووداوەکانی ناوچەکە، جیھان و ئاڕاستەکانی ڕای گشتی خۆماڵی کە تایبەتە بە ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و ئۆرگانەکان.[٧]

دەزگای ھەڵبژاردن[دەستکاری]

دەزگای ھەڵبژاردن پێکدێت لە ٥-٧ ئەندام و ئامادەکاریی و سەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکان بە ھەموو قۆناغەکانیەوە دەکات، کە بریتین لە ئامادەکردنی لیستی دەنگدەران و پاڵێوراوان، ڕاگەیاندنی پرەنسیب و ڕێساکانی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن، ڕێکخستنی پرۆسەی دەنگدان، جیاکردنەوەی دەنگەکان، وردبوونەوەی لە تانە و سکاڵاکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن. دەزگای ھەڵبژاردن، سەرپەرشتی ھەموو ئەو ھەڵبژاردنانە دەکات کە لە دەستووری عێراق و یاساکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، لەگەلا ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ناو خۆی ی. ن. ک و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان بە ھەموو قۆناغەکانیەوە. دەزگای ھەڵبژاردن، لە پەیڕەوی کاری خۆیدا ئەو بەش و ئەرکانە دیاری دەکات کە لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردندا لە کۆنگرەدا پەسەند کراوە.[٨]

پڕۆژەکانی ئەم دواییە[دەستکاری]

ی. ن. ک لەگەڵ پارتی و چەند حزبێکی بچوک دا ھاوپەیمانیی دیموکراتیی نیشتمانیی کوردستانیان ڕاگەیاند وەک چەترێک بۆ کۆکردنەوەی پارتەکان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ٢٠٠٥. ئەم لیستە یەکخراوە کوردییە ٢٥٫٦%ی دەنگەکانی یەکەم ھەڵبژاردنی دوای سەدامی بەدەستھێنا لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥. جەلال تاڵەبانی ئێستا سەرۆک کۆماری عێراقە. ئەمەش بڕیارێکی بەدوای خۆیدا ھێنا‌و لە کانونی دووەمی ٢٠٠٦ ھاوپەیمانییەکی لەگەڵ پارتیی رێکخست بۆ بەڕێوەبردنی کوردستانی عێراق لە ئیدارەیەکی ھاوبەشدا.

ڕووداوە گرنگەکان[دەستکاری]

کۆبوونەوەی یەکێتیی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[٩][دەستکاری]

کۆبوونەوەیەک بوو کە لە ٢٨ی کانوونی دووەم ٢٠١٤دا بەسترا بۆ تاوتووێکردنی یەکێتیی لە ناو خودی حیزبەکەدا[١٠]. لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە ئەگەرەکانی ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا[١١]. جێی باسە کە ئەم کۆبوونەوەیە ٣ ڕۆژ بەر لەڕێکەوتی بڕیارلێدراوی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کە لە پێنچەمین پلنیۆمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بڕیاری لێ درا، ئەنجام درا. ئەم کۆبوونەوەیە بۆ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەنگاوێکی گرنگ بوو چوونکە لەپاش دابڕانی مام جەلال، سکرتێری گشتی حیزبەکە، یەکەمین جاری مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە بوو کە لەسەر کۆمەڵێک خاڵی گرنگ کۆک بن. لەم کۆبوونەوەیەدا، بڕیار درا کۆبوونەوە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەنجام بدرێت کە ئەنجامدان یاخود ئەنجام نەدانی کۆنگرە یەکلایی دەکاتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی[دەستکاری]

پاش کۆبوونەوەکە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بۆ میدیاکان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

هەڤاڵان.. دڵسۆزانی یەکێتی! مەکتەبی سیاسی، دوای کۆکردنەوەی رەخنە، ناڕەزایی، بۆچون ‌و پەرۆشی هەموو ئۆرگان، هەڤاڵان، لایەنە دۆستەکان ‌و پشتیوانانی یەکێتی، بەئەرکی مێژوویی سەرشانی خۆی زانی رابگەیەنێ‌ کە: یەکێتی دڵی هەموو دڵسۆزان ‌و تێکۆشەران ‌و هەموو ئەوانەی پەرۆشی یەکێتین، خۆشدەکات ‌و سەرەنجام بەئاڕاستەیەکی رۆشن ‌و سیاسەتێکی دیموکراسیانە، خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی چوار ئامادە دەکات. بەم بۆنەیەوە، داوا لە هەموو هەڤاڵا ‌و ئۆرگانەکان دەکەین، وەک هەمیشە هاوکاری جێبەجێکردنی بڕیارو راسپاردەکانی مەکتەبی سیاسی ‌و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بن ‌و بەزووترین کاتیش، کۆبونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ‌و ئەنجومەنی ناوەندی ئەنجام دەدرێ‌. راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

28/1/2014[١٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]