جەلال تاڵەبانی
| جەلال تاڵەبانی | |
|---|---|
| لەدایکبوون | جەلال حوسامەدین تاڵەبانی ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٣ کلکان[١]، سلێمانی، ئێراق |
| نەتەوە | کورد |
| پەروەردە | کۆلێژی یاسا |
| ساڵانی چالاکی | ١٩٤٧ - ئێستا |
| ناسراو بە هۆی | سەرۆکایەتیی یەکیتیی نیشتمانی کوردستان، سەرۆک کۆماری عێراقی دوای سەدام |
| سەرناو | سەرۆک کۆماری ئێراق |
| حیزبی سیاسی | یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان |
| بیروڕای ئایینی | عهلمانی |
| هاوسەر(ەکان) | ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد |
| منداڵەکان | قوباد تاڵەبانی، پاڤێڵ تاڵەبانی |
جەلال تاڵەبانی (ئینگلیزی: Jalal Talabani، عەرەبی: جلال طالباني) ناسراو بە مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری ئێستای عێراقە. تاڵەبانی لە ٦ی نیسان دوای ھەڵبژاردنی لەلایەن کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقەوە لە ٢٠٠٥ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی پێدرا، بەوەش بوو بە یەکەم سەرۆکی کورد لە مێژووی سیاسی عێراقدا کە پۆستی سەرۆکی وڵات لە ئەستۆ بگرێت، ھەروەھا یەکەم سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مێژووی دروستبوونی عێراقەوە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە.
[دەستکاری] سەرەتای ژیان
جەلال تاڵەبانی کوڕی شێخ حیسامەددین کوڕی شێخ نورەڵڵای تاڵەبانی، ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی کلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە. سەرەتای منداڵی ھەر لەو گوندە دەبێ، پاشان کاتێک باوکی دەبێتە ڕێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە، بە ماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتایی لەو شارە تەواو دەکا.[٢]
جلال تاڵەبانی لە تازە لاوی بە پەیوەست بوون بە پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبێ. لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ سەرپەرشتی سازدانی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکات و ھەر لەم کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵدەبژێردرێ و ھەر لە ھەمان ساڵدا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ساڵانی ١٩٥٣-١٩٥٥ دەبێتە سکرتێری گشتی لاوان.[٣] ساڵی ١٩٥٩، لە کۆلێژی یاسا لە بەغدا، خوێندنی باڵا تەواو دەکات.[٤]