کاروان عوسمان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کاروان عوسمان

لەدایکبوون
کاروان عوسمان تۆفیق

(١٩٦٨-0٧-0١) ١ی تەممووزی ١٩٦٨
گەڕەکی ئیبراھیم پاشا، سلێمانی، ھەرێمی کوردستان
مەرگ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١(١٩٩١-١٢-٣١) (٢٣ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگلەسێدارەدان
شوێنی گۆڕگردی سەیوان
35°32′59″N 45°27′02″E / 35.54968416652112°N 45.450435421816955°E / 35.54968416652112; 45.450435421816955
پیشەی مۆسیقی
پیشە(کان)
ئامێرەکان
ساڵانی چالاکبوون١٩٨١–١٩٩١

کاروان عوسمان تۆفیق (١ی تەممووزی ١٩٦٨ – ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٩١) ناسراو بە کاروان عوسمان گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنێکی کورد بوو کە لە گەڕەکی ئیبراھیم پاشای شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨١ ڕووی لە جیھانی مۆسیقا کردووە و بە ئامێری کەمانچە دەستی پێکردووە، و دواتر دەستی داوەتە ئامێری عوود و لە ساڵی ١٩٨٨ لە فێستیڤاڵێک لە عێراق پلەی یەکەمی لە ئامێری عووددا بەدەست ھێناوە. لە کۆتاییشدا دەستی داوەتە ئامێری گیتار و بەم ئامێرەوە زۆرینەی گۆرانییەکانی تۆمار کردووە. یەکەم گۆرانی کە خۆی پێ ناساندووە گۆرانیی «ئاھێک» (وەرە لام) بووە کە لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ تەلەڤیزیۆن تۆمار کراوە، و ئاوازی ماملێ و ھۆنراوەی سیروان حەمە ڕەشید بووە. لە ڕۆژی ١٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٩دا دەستگیر دەکرێت و لە ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٩١دا لە زیندانی ئەبوو غرێبی بەغدا لە سێدارە دەدرێت.[١]

بەشێک لە گۆرانییەکانی کاروان ڕۆمانسی بوون، و زۆرینەی گۆرانییەکانی تری کوردپەروەرانە بوون و دژی ڕژێمی بەعسی ئەوکات بوون، و باسی کێشەکانی کۆمەڵگەی کردووە.[٢]

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

کاروان عوسمان لە ساڵی ١٩٦٨ لە گەڕەکی ئیبراھیم پاشای سلێمانی لەدایکبووە. لە قوتابخانەی بێخود خوێندنی سەرەتاییی تەواو کردووە. ساڵی ١٩٨٤–١٩٨٥ خوێندنی ناوەندیی تەواو کردووە و فۆڕمی بۆ پەیمانگای ھونەرەجوانەکان پێشکەش کردووە، بەڵام وەرنەگیراوە. دواتر چووەتە ئامادەییی کشتوکاڵ لە بەکرەجۆ و ساڵی ١٩٨٨ تەواوی کردووە.[٣][١][٤]

پیشە[دەستکاری]

لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا، لەسەر دەستی ولیەم یوحەننا دەست دەکات بە خوێندنی مۆسیقا و لە چالاکییەکانی قوتابخانەدا بەشداری دەکات. دوای چەند ساڵێک دەچێتە لای جەمال سابیر و ئیبراھیم سابیر و کوردە سابیر، و لەلای ئەوان زیاتر پەرە تواناکانی دەدات. لە ساڵی ١٩٨٣دا، باوکی کۆچی دوایی دەکات، و کامەرانی برای دەڵێت کە «کاتێک باوکم کۆچی دواییی کرد، ئەو کاتە کاروان لە ماڵەوە نەبوو، کاتێک گەڕایەوە ئێمە خەریکی شۆردنی تەرمی باوکم بووین لە مزگەوت. دواتر کاروان ھۆنراوەی گەڵاوەرینی پاییزی نووسی بۆ مردنی باوکم و ئاوازی بۆ دانا و بوو بە گۆرانی و بڵاوی کردەوە».[٤] لە ساڵی ١٩٨٧دا، لەگەڵ کەمال محەممەددا کاسێتێک بڵاو دەکەنەوە بە ناوی «نائومێدی»، کاسێتەکە گیتارژەنینی کاروانی تێدایە و تێیدا لەگەڵ کەمال محەممەددا چەند گۆرانییەکیان پێکەوە وتووە.[٥] لە ساڵی ١٩٨٨دا، لەگەڵ دوو ھاوڕێیدا، حەمید بانەیی و ڕەزا، گۆرانییەک بە ناوی «بێنە پێش چاو» تۆمار دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە. دەقی گۆرانییەکە لە گۆرانیی «ئیماجن»ی جۆن لێنۆنەوە وەرگێڕدراوە. بەھۆی سروشتی شۆڕشگێڕانەی گۆرانییەکەوە، گۆرانییەکە بە تەواوی سانسۆر دەکرێت.[٢][٦] پێش دەستگیرکردنی نامەیەک دەنێرێت بۆ سیروان حەمە ڕەشید کە تێیدا نووسیبووی «لەگەڵ کەمال محەممەد سەرقاڵی بەرھەمێکم کە چەند ھۆنراوەیەکی سیاسیی تێدایە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین دوای بڵاوبوونەوەی، ڕژێم گەڕمان تێبئاڵێنێت، بۆیە دوای بڵاوبوونەوەی دەچینە ئێران».[٧]

دەستگیرکردن و لەسێدارەدان[دەستکاری]

لە ١٢ی ١ی ١٩٨٩دا پۆلیس دێنە سەر ماڵی کاروان بۆ دەستگیرکردنی، بەڵام کاروان ئەوکات بەھۆی سەربازییەوە لە ماڵ نابێت؛ کە دێتەوە دایکی پێی دەڵێت کە پۆلیس ھاتوون و ھەواڵیان پرسیوە. کاروان بۆ خۆی دەچێت بۆ بنکەی پۆلیس تاکوو بزانێت چییە و لەوێ یەکسەر بە تۆمەتی کوشتنی ھاوڕێیەکی دەستگیر دەکرێت. ڕۆژی دواتر، دایکی و براکەشی دەستگیر دەکرێن و دەبرێن بۆ کەرکووک و پاشان دەبرێنە چەمچەماڵ. لە زینداندا زۆر ئەشکەنجە دەدرێت تاکوو دان بە تاوانەکەدا بنێت. دوای ئەوەی کە کاروان بۆی دەردەکەوێت کە ناتوانێت ئازاد ببێت بە کامەرانی برای دەڵێت کە گیتارەکەی و تۆمارکەرێکی بۆ بھێنێت. لە زینداندا دوو کاسێت پڕ دەکاتەوە، کاسێتی یەکەم دەنێرێت بۆ تیپی مۆسیقای کۆژین و کاسێتی دووەم لای براکەی دەمێنێتەوە. سێ ڕۆژ پێش لە سێدارەدانی دەستنووسێک دەنێرێت بۆ محەممەد عومەر عوسمان بە ناوی " «پاڵتۆ» وە، کە بەشێک بووە لە چەند پەخشانێکی بڵاو نەکراوە بە ناوی «گیتارێکی پرچ سپی».[٨] لە ٣١ی ٩ی ١٩٩١دا کامەرانی برای دەچێت تاکوو سەردانی بکات، «کاروان بە پۆلیسەکانی وت با ئەم کوڕە [کامەران] بۆ ماوەی چارەکێک لەگەڵم بمێنێتەوە. کۆمەڵێک شتی خۆی ھەبوو دای بە من و وتیشی: کامەران ڕەنگە کاتژمێرێکی تر تەرمەکەی من ببینیت، بەڵام زۆر دڵنیام لەوەی کە من پیاوکوژ نەبووم.» دواتر لە زیندانی ئەبوو غرێب لە سێدارە دەدرێت و لە گردی سەیوان دەنێژرێت.[٤][٧]

کاریگەرییەکان[دەستکاری]

کاروان عوسمان حەزی بە دەنگی حەمە ساڵح دیلان، تایەر تۆفیق، محەممەد ماملێ و ڕەفیق چالاک بووە و لە فارسیشدا زۆر حەزی لە دەنگی داریووش بووە و زۆر کاریگەریی ھەبووە لەسەری، وەک کامەرانی برای دەڵێت «داریووش زۆر کاریگەریی لەسەری ھەبووە و کاری تێکردووە، تەنانەت لەڕووی ئەداکردنیشەوە».[٤]

بەرھەمەکان[دەستکاری]

کاسێتەکان
  • مۆمێکی تری تەمەنم (١٩٨٨)[٩]
سی دییەکان
ڤیدیۆکلیپ
  • ئاھێک (١٩٨٧)[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب بەڵگەفیلمی گیتارێکی تەنھا (٢٠١٠)
  2. ^ ئ ا "ئاوازی مەرگ و سەمای گەمژان". ئەمڕۆ. Retrieved 7 June 2023.
  3. ^ "کاروان عوسمان - ھونەرمەندى چەوساوەکان". ئەمڕۆ. Retrieved 7 June 2023.
  4. ^ ئ ا ب پ "ساڵیادی کۆچی دوایی کاروان عوسمان کرایەوە". www.pukmedia.com (بە کوردی). Retrieved 2023-06-30.
  5. ^ "Karwan Osman". www.dengekan.com. Retrieved 2023-06-30.
  6. ^ "گۆرانییەکی لەیادکراو و سێدارەی یادەوەرییەک" (PDF): 6. Retrieved 30 June 2023. {{cite journal}}: Cite journal requires |journal= (help)
  7. ^ ئ ا "سلێمانی کاروان عوسمانی لەبیرنییە". Baran. Retrieved 2023-06-30.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  8. ^ "نامەیەک لە کامەران عوسمانەوە بۆ محەممەد عومەر عوسمان" (PDF). پەیک (9): 1. 2 December 2007.
  9. ^ کاروان عوسمان - مۆمێکی تری تەمەنم, Discogs, 1988, retrieved 2023-06-30
  10. ^ کاروان عوسمان - ئاھێک, Discogs, 2011, retrieved 2023-06-30

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

وێبگەی فەرمی

دیسکۆگرافیی کاروان عوسمان لە دیسکۆگز