ت. س. ئێلیۆت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە ت. س. ئیلیۆتەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
تۆماس ئیلیۆت، ١٩٢٣

ناوی تەواوی تۆماس ستێرنس ئیلۆت (بە ئینگلیزی: Thomas Stearns Eliot) ھۆنەر و شانۆکار و ڕەخنەگری ئەدەبی و خاوەن خەڵاتی نۆبڵە لە وێژەدا بۆ ساڵی ١٩٤٨. یەکێک بووە لە ھەرە بەناوبانگەکانی بواری وێژەیی لە سەدەی ٢٠ەمدا، لە ٢٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٨٨٨ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩١٤ لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا کۆچی کردووە بۆ شانشینی یەکگرتوو (بریتانیا).

ئێلیۆت ھەر زوو درکی بەوە کردووە کە بەرھەمە شیعریەکانی زۆر کەمن ھەر بۆیە بۆ یەکێک لە مامۆستاکانی نووسیویەتی و دەڵێت ((ناوبانگم لە لەندەن پەیوەستە بە نووسینی دوو بۆ سێ قەسیدە لە ساڵێکدا، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە دەبێت ئەم قەسیدانە بێکەم و کوڕی بن و زۆر نایاب بن بەجۆرێک ھەر یەکێکیان ببێت بەڕووداوێکی تایبەتی)).

لە ساڵی ١٩٢٢ ئێلیۆت قەسیدەیەکی زۆر نموونەیی بڵاوکردەوە و بە گرنگترین و قورسترین قەسیدە دەژمێردرێت لە مێژووی وێژەیی ئینگلیز و جیھاندا و دێڕەکانی بە زمانی فەڕەنسی و ئەڵمانی و ئیسپانی و ھیندی نووسیوەتەوە و لەدوای نووسینی قەسیدەش دەستی کردووەتە نووسینەوەی شانۆگەری شیعری و لە ڕووە نووسیویەتی وە دەڵێت: ((پێم وایە ھەموو شاعیرێک دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕاستەوخۆ بۆ کۆمەڵگا بدوێت... ببێتە مایەی خۆشحاڵی کۆمەڵگا و بە بیروبۆچوونێکی تایبەتەوە بەرھەمەکانی پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات و دەبێت تام و چێژی شیعر نەک تەنھا بە کۆمەڵێک بەڵکو بەزۆرترین کەس بگەیەنێت،، شانۆش باشترین شوێنە بۆ ئەم بابەتە)).

ئێلیۆت لە بواری ڕەخنەگرتنی وێژەییشدا بەشداریەکی بەرچاوی کردووە و بەیەکێک لە مەزنترین ڕەخنەگرانی سەدەی بیستەم دادەنرێت و لەساڵی ١٩٣٩ کتێبێکی بەرھەم ھێناوە کە لەدوای مردنی بۆتە بنەمای شانۆگەریەکی مۆسیقی سەرکەوتوو.

تۆماس ئێلیۆتی شاعیر و شانۆنووس و ڕەخنەگری ئەدەبی ئەمریکی لە ٤ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٥ لەتەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە لەندەن کۆچی دوایی کردووە.