بۆ ناوەڕۆک بازبدە

سەلما لاگەرلۆف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سەلما لاگەرلۆف
سەلما لە ساڵی ١٩٠٩
سەلما لە ساڵی ١٩٠٩
لەدایکبوونسەلما ئۆتیلیا لۆڤیسا لاگەرلۆف
(١٨٥٨-١١-٢٠) ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٨٥٨
ڤارملاند، سوید
مردن١٦ی ئازاری ١٩٤٠(١٩٤٠-٠٣-١٦) (٨١ ساڵ ژیاوە)
ڤارملاند، سوید
پیشەنووسەر
نەتەوەسویدی
خەڵاتە بەرچاوەکانخەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەب

سەلما لاگەرلۆف (بە سوێدی: Selma Lagerlöf؛ لەدایکبووی تشرینی دووەمی ١٨٥٨ – مردووی ١٩٤٠) نووسەر و مامۆستایەکی سویدی بوو. لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی (Gösta Berling) بڵاوکردەوە و یەکەم ئافرەت بوو خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت لە بواری ئەدەبدا لە ساڵی ١٩٠٩ و یەکەم ئافرەتیش بوو کە ئەندامێتی پێدرا لە ئەکادیمیای سوویدی لە ساڵی ١٩٠١. سەلما لاگەرلۆف لە ئازاری ١٩٤٠ کۆچی دوای کردوە.

ژیاننامە

[دەستکاری]

سەلما لە مارباکا لە ڤارملاند لە ڕۆژئاوای سوید لە دایکبووە و پێنجم منداڵ بووە لە خێزانەکەیان و بە زکماکی نەخۆشی جومگەکانی ھەبووە لە سمتی و بووەتەھۆی ئەوەی کە نەتوانێت جووڵە بکات بەڵام دواتر لە تەمەنی نزیک جوار ساڵی چارەسەر کراوە.

سەلما ھەر لە منداڵییەوە بەوردی ڕەفتاری کردووە ھەمیشە بە ژیرانەتر وەک لە تەمەنی خۆی دەردەکەوت، ھەمیشە سەرقاڵی خوێندنەوە بووە بەجۆریک لە تەمەنی منداڵی چەندین ڕۆمانی خوێندبووەوە، ھەر لە منداڵیش چەندین شیعری نووسیوە بەڵام بلاوی نەکردبوونەوە تا کۆتایەکانی تەمەنی، نەنکی سەلما بە درێژای ژیانی ھانی سەلمای داوە بۆ بەردەوامی لە کارەکانی و بووە بە ھۆکارێکیش بۆ سەلما کە بتوانێت لە سەرەتاکانی قۆناغی ژیانی گەورەترین ڕۆمانی خۆی بە ناوی Gösta Berling بڵاوبکاتەوە. لە ساڵی ١٨٨٤ فرۆشتنی زۆرێک لە زەوی و زاری خۆیان لە مارباکا و نەخۆشکەوتنی باوکی سەلما کە پیاوێکی ئالوودەبووی کحول بوو کاریگەرییەکی زۆری لە پێشکەوتنەکانی سەلما کرد چونکە باوکی نەیدەویست سەلما درێژە بە خوێندن و فێرکردنی خۆی و بەژداری لە گەڵ بزووتنەوەی ژنان دا بکات. سەلما توانی خوێندن تەواو بکات و دواتر دوای ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت بەو پارەیە توانی زۆرێک لە زەوی و زارەکانی باوکی بکڕیتەوە و تا کۆتایی ژیانی ھەر لەوێ مایەوە. لەئێستادا ماڵەکەی سەلما بووە بە مۆزەخانە و شوێنێکی گەشتیاری، کە ساڵانە ھەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن.

کارەکان

[دەستکاری]

سەلما لە ساڵی ١٨٨٥ خوێندنی لە ستۆکھۆڵم تەواوکردووە، لە ساڵی ١٨٨٥ تا ١٨٩٥ لە قوتابخانەی ئامادەیی بۆ کچان لە لاندسکرۆنا کاری کردووە، حەزی لە پیشەو فێرکردنبوو بەھرەیەکی ھەبوو بۆ گرتنی سەرنجی منداڵەکان لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆک. لە ساڵی ١٨٩٤ سەلما چاوی بە نووسەری سویدی سۆفی ئێلکان کەوت و بوون بە ھاوڕێ و ڕەخنەگر لەیەکتری، لە ماوەی چەندین ساڵدا ئێلکان و لاگەرلۆف ڕەخنەیان لە کاری یەکتر دەگرت. لاگێرلۆف نووسیویەتی ئێلکان بە توندی کاریگەری لەسەر کارەکانی ھەبووە و زۆر جار بە توندی ناکۆک بووە لەگەڵی لەسەر ئەو ئاراستەیەی لاگێرلۆف دەیویست لە کتێبەکانیدا بیبات. بنەماڵەی شاھانە و ئەکادیمیای سویدی یارمەتی دارایی گەورەی ئەویان دا بۆ ئەوەی درێژە بە سۆزو ئارەزووەکانی بدەن تا بوو بە کەسایەتییەکی بەناوبانگ ھەم لە سوید و ھەم لە دەرەوە. لەسڵی ١٩٠٠ گەشتێکی کردووە بۆ ئۆرشەلیم و فەلەستین و چەندین ناووچەی تر لە ڕۆژھەڵات. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩١١ لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی مافی دەنگدان لە ستۆکھۆڵم قسەی کرد و ناونیشانی کردنەوەی دا. سەلما لەگەڵ دەستپێکی جەنگی جیھانی دووەمدا مەدالیای خەڵاتی نۆبڵ و میدالی زێڕی لە ئەکادیمیای سویدەوە نارد بۆ حکوومەتی فینلاند بۆ ئەوەی یارمەتی دارایی ئەو وڵاتە بدات لە شەڕی دژ بە یەکێتی سۆڤیەت بەڵام حکوومەتی فینلاند لەڕیگای ترەوە توانی داھاتی تر کۆبکاتەوە وخەڵات و مەدالیاکەی بۆ سەلما گەڕاندەوە. سەلما لاگەرلۆف پێش مردنی لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی لە بنەماڵەی شاھانەی سوید بەردا بۆ ئازاد کردنی دایکە بەتەمەنەکەی ساکس لە ژێردەستی ئەڵمانییە نازییەکان و پەناگەیان بە درێژایی ژیانیاندا لە ستۆکھۆڵم.

سەرکێشییە سەرسوڕھێنەرەکانی نیڵس

[دەستکاری]

دووای ئەوەی شارەزایانی پەروەردەی سوید تێبینی ئەوەیان کرد کە ناتەواوییەک و ئاڵۆزییەک ھەیە لە وانەی جوگرافیا، کۆمەڵەی مامۆستایانی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٠٢ داوایان لە لاگەرلۆف کرد کە کتێبێکی جوگرافیایی بۆ منداڵان بنووسێتەوە. ئەویش ھەستا بە نووسینی ڕۆمانی (سەرکێشییە سەرسوڕھێنەرەکانی نیڵس Nils Holgerssons underbara resa genom Sverige). سەلما بۆ نووسی ئەم ڕۆمانە جەندین ساڵی تەرخان کرد بۆ خوێندنەوەی سروشت و ئاشناکردنی خۆی بە ژیانی ئاژەڵ و باڵندە، ئەو بەدوای فۆلکلۆرو ئەفسانە و ئەفسانە جیاوازەکانی پارێزگا جیاوازەکاندا دەگەڕا بۆ تێکەلکردنی بە ڕۆمانەکە. سەلما لە ڕۆمانەکە باسی کورێکی سەرکێش دەکات لە باشووری سوید کە جادووگەرێک وەک سزایەک پچووکی دەکاتەوە بە قەبارەی پەنجە گەورە و لەسەر پشتی قازێک گەشت دەکات بەسەر ئاسمانی وڵاتدا، لە چیرۆکەکە جوگرافیای ئەو وڵاتە تێکەڵ بە سەرکێشییەکانی ئەم کوڕە کراوە و لە کۆتای چیرۆکەکەش کوڕەکە دەگەرێتەوە قەبارەی ئاسایی خۆی و دەگەرێتەوە بۆ ماڵەوە. ئەم ڕۆمانەی سەلما بە ناسراوترین ڕۆمانی سەلما دادەنێت و بۆ زیاتر لە ٣٠ زمان وەرگێڕدراوە و کراوە بە زنجیرە کارتۆنی مندالان کە ئەویش ناودارییەکی زۆری پەیداکرد بە جیھیاندا.

وێنەی لاگەرلۆف و دیمەنێک لە کارتۆنی نێلس لەسەر ٢٠ کرۆنی سویدی

سەرچاوەکان

[دەستکاری]


بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]