ئۆرھان پاموک
ئەمە ژیاننامەی کەسایەتییەکە کە زیندووە و پێویستی بە سەرچاوەی زیاترە بۆ سەلماندنیبوون. (ئەیلوول ٢٠٢١) (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
شێوازی ئەم وتارە لەگەڵ پێوەرە فەرمییەکانی ویکیپیدیا ناگونجێت. لەوانەیە پەڕەی وتووێژ پێشنیاری گونجاوی بۆ ئەم مەبەستە لەخۆ گرتبێت. بۆ ڕێنوێنیی زیاتر بڕوانە شێوازی ستانداردی نووسینی ویکیپیدیا. |
ئۆرھان پاموک | |
---|---|
لەدایکبوون | ٧ی حوزەیرانی ١٩٥٢ |
نیشتەجێی | نیویۆرک، ویلایەتە یەکگرتووەکان |
پیشە | نووسەر، ڕۆماننووس، سیناریۆنووس |
چالاکبوون | ۱۹۷٤-تائێستا |
ئایین | ئیسلام |
وێبگە | http://www.orhanpamuk.net |
ئۆرھان پاموک لەدایکبووی ٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٢ لە ئەستەنبوڵ، نووسەر و ڕۆماننووسی تورک و براوەی خەڵاتی نۆبڵی وێژەیە لە ساڵی ٢٠٠٦. ئەو یەکەم تورکە کە خەڵاتەکەی وەرگرتبێت. ئۆرھان لەناو خێزانێکی دەوڵەمەند و گەلێ خوێندەوار و ڕۆشنبیردا گەورە بووە، بەڵام باوکی ھەر زوو ماڵ و سامانی خۆی لە دەست داوە. ناوبراو لە شاری ئەستەمبووڵ بەشی ئەندازیاری و ڕۆژنامەوانی تەواو کردووە. ماوەیەکیش ویستوویەتی ببێ بە ھونەرمەند، ناوبراو ڕۆمانووس و سیناریۆنووسێکی ناسراوی تورکە، لەساڵی ٢٠٠٦ خەڵاتی نۆبێل لە ئەدەب پێی بەخشرا، ناوبراو لەساڵی ۱۹۷٤ تا ئێستا لەبواری ئەدەبی کاردەکات، بەرھەمەکانی ئەو زیاتر لە ٦٠ زمان ھەیە لەنێوانیان زمانی کوردیش ھەیە لە وەڕگێڕانەکانی بەکر شوانی و سامان کەریم، لەبەشێ لەبەرھەمەکانی باسی کۆمەڵکووژی ئەرمەن و کوردی کردووە لەلایەن عوسمانیەکان بەو ھۆیەشەوە چووەتە دەرگا بەڵام بەھۆی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ددادگاییکردنی بەخشرا.
ژیان
[دەستکاری]ئۆرھان پاموک لە ٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٢ لە ئەستەنبوڵ لەدایک بووە لە ماڵباتێکی ھاوشێوەی ماڵباتەکانی ناو ڕۆمانەکانی "جەودەت بەگ و کوڕەکانی" و "کتێبی ڕەش"، لە نیشانتاشی، بەشەشاری دەوڵەمەندنشین و بە ڕۆژئاواییبووی ئەستەنبوڵ پێ گەیشتووە. وەک خۆیشی لە کتێبی ئۆتۆبیۆگرافی ئیستانبوڵدا باسی کردووە، لە منداڵییەوە تا تەمەنی ٢٢ ساڵی خووی داوەتە نیگارکێشان و پێی وا بووە لە داھاتوودا دەبێت بەنیگارکێش. قۆناغی ئامادەییی لە قوتابخانەی (Robert College)ی ئەمریکایی لە ئیستانبوڵ خوێندووە. دوای سێ ساڵ خوێندنی نیگارکێشی و بیناسازی لە زانکۆی تەکنەلۆژی ئیستانبوڵ، تێ دەگات نابێت بە بیناساز و نیگارکێش، بۆیە دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت. لە زانکۆی ئیستانبوڵ دەست دەکات بە خوێندنی ڕۆژنامەگەری. پاموک لە تەمەنی بیست و سێ ساڵییەوە بڕیار دەدات ببێت بە ڕۆماننووس، دەست لە ھەموو شتێکی تر ھەڵدەگرێت، خۆی دەخزێنێتە سووچی ماڵەوە و دەست دەداتە نووسین و ئێستاش یەکێکە لە باشترین
و ناودارترین ڕۆماننووس و نووسەر تورکەکان[١]
ژیانی پاموک وەک نووسەر
[دەستکاری]ڕۆمانی یەکەمی، "جەودەت بەگ و کوڕەکانی"، ساڵی ١٩٨٢ بڵاو کرایەوە. ئەم ڕۆمانە خەڵاتی ئۆرھان کەمال و خەڵاتی ڕۆمانی ڕۆژنامەی میللیەتی وەرگرت. ساڵی دواتر، پاموک ڕۆمانی "ماڵی کپ"ی خستە بازاڕەوە. ئەم ڕۆمانە، پاش وەرگێڕانی بۆ زمانی فەڕەنسی، ساڵی ١٩٩١ خەڵاتی (Prix de la Découverte Européene)ی پێ درا. ڕۆمانی "قەڵای سپی"، چیرۆکی ناکۆکی و دۆستایەتیی نێوان کۆیلەیەکی ڤینیسیایی و زانایەکی عوسمانی دەگێڕێتەوە و نووسەر لە ساڵی ١٩٨٥دا بە چاپی گەیاندووە. پاش ئەوەی ساڵی ١٩٩٠ بۆ زمانی ئینگلیزی و چەند زمانێکی تری ڕۆژئاوایی وەرگێڕدرا، یەکەم ڕۆمان بوو ناوبانگی پاموکی گەیاندە ئاستی نێودەوڵەتی. ساڵی ١٩٨٥ خۆی و ھاوسەری چوونە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ماوەی سێ ساڵ لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک وەک "زانای میوان" کاری کرد. لەوێ، بەشێکی زۆری ڕۆمانی "کتێبی ڕەش"ی نووسی. نووسەر لەو ڕۆمانەدا، لە میانەی پارێزەرێکەوە کە بەدوای ھاوسەری ونبووی خۆیدا دەگەڕێت، باسی کۆڵان و شەقامەکانی ئیستانبوڵ، ڕابردووی شار، پێکھاتە و ڕایەڵەکانیمان بۆ دەگێڕێتەوە. "کتێبی ڕەش" ساڵی ١٩٩٠ لە تورکیا بڵاو کرایەوە و دوای وەرگێڕانی بۆ زمانی فەڕەنسی، خەڵاتی (Prix France Culture)ی وەرگرت. "کتێبی ڕەش"، ئەزموونێکە باس و خواسی زۆری ھەڵگرتووە و ناوبانگی پاموکی زیاتر بە تورکیا و جیھاندا بڵاو کردەوە. "ژیانی نوێ" ڕۆمانێکی تری پاموکە و بەسەرھاتی فێرخوازێکی زانکۆ دەگێڕێتەوە کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کتێبێکی جادوو ئامێزەوە. ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٩٤ بڵاو کراوەیەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی لە فرۆشتندا تۆمار کرد. نووسەر، ساڵی ١٩٩٨ ڕۆمانی "من ناوم سوورە"ی بڵاو کردەوە. ئەم ڕۆمانە چیرۆکی وەستایانی نیگارکێشی عوسمانی و ئێرانی و جیھانی ڕۆژئاوامان بۆ دەگێڕێتەوە. ساڵی ٢٠٠٢ لە فەرەنسا خەڵاتی (Prix du Meilleur Livre étranger)، لە ئیتاڵیا خەڵاتی (Grinzane Cavour) و ساڵی ٢٠٠٣ لە ئیرلەندا خەڵاتی (International Impac-Dublin)ی وەرگرت. پاموک لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردوو دەستی دایە وتارنووسین لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی بیر و ڕا دەربڕیندا و کەوتە ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی تورکیا، بەڵام خۆی زۆر بە سیاسەتەوە سەرقاڵ نەکرد. گوڵبژێرێکی لە وتارە ئەدەبی و کولتوورییەکانی بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کۆ کردەوە و ساڵی ١٩٩٩ لە دوو توێی کتێبێکدا بەناوی "ڕەنگەکانی تر" بە چاپی گەیاند. ساڵی ٢٠٠٢ ڕۆمانی "بەفر"ی بڵاو کردەوە و نووسەر خۆی "بە یەکەمین و دوایین ڕۆمانی سیاسی"ی دادەنێت. ڕووداوەکانی "بەفر" لە شاری قارس دەقەومێن و ئیسلامی سیاسی، سوپا، لایست و توندوتیژی و ناکۆکییەکانی نێوان نەتەوەپەرستانی کورد و تورک دەخاتە بەرچاوان. نووسەر بەم ڕۆمانە شێوازێکی نوێی نووسینی ڕۆمانی سیاسیی تاقی کردەوە. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ساڵی ٢٠٠٤دا ڕۆمانی "بەفر"ی خستە ڕیزی باشترین ١٠ کتێبی ساڵەوە لەسەر ئاستی جیھان. "ئیستانبوڵ" کتێبێکی تری ئۆرھان پاموکە لە ساڵی ٢٠٠٣دا چاپ کراوە. نووسەر لەو کتێبەدا، بیرەوەرییەکانی خۆی تا تەمەنی ٢٢ ساڵی دەگێڕێتەوە. ئەو کتێبە شیعر ئامێزەی نووسەر بە وێنەی ئەلبومی تایبەتیی نووسەر خۆی، وێنەی ھونەرمەندانی نیگارکێشی بیانی و ناوخۆیی ڕازێندراوەتەوە و پۆلێنکردنیشی کارێکی دژوارە. "مۆزەخانەی پاکیزەیی" نوێترین ڕۆمانی پاموکە لە ھاوینی ٢٠٠٨دا کەوتە بازاڕەوە و مانگێک دوای بڵاوبوونەوەی بە زمانی تورکی، وەرگێڕدرایە سەر ٣٠ زمانی زیندووی جیھانی. یەکەم کاری نووسەرە لە دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبیاتی نۆبڵ و سەرانسەریش بۆ ئەڤین و ڕۆمانسییەت تەرخان کراوە. بە زمانی کوردی و بە کوردستانەوە، بەرھەمەکانی ئۆرھان پاموک بە زیاتر لە ٥٠ زمان لە ١٠٠ و ھێندە وڵاتی جیھاندا دەخوێندرێنەوە. پاموک ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی ئاشتیی کۆبەندی وەشانخانەکانی ئەڵمانیای وەرگرت. ئەمە دیارترین خەڵاتی بواری کولتووریی ئەڵمانیایە و لە ساڵی ١٩٥٠وە دابەش دەکرێت. خەڵاتی ساڵانەی (Le Prix Médicis étranger) بۆ باشترین ڕۆمانی بیانی لە فەرەنسا، ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕۆمانی "بەفر" ڕەوا بیندرا. نووسەر لە ھەمان ساڵدا خەڵاتی (Richarda Huch)ی وەرگرت. ئەو خەڵاتە ھەر سێ ساڵ جارێک لە شاری دارمشتادتی ئەڵمانیا دەدرێت بە "کەسایەتیی خاوەن بیری ئازاد و ھەڵوێستی بوێرانە." گۆڤاری (Time) لە ساڵی ٢٠٠٦دا ئۆرھان پاموکی وەک یەکێک لە ١٠٠ کەسایەتیی کاریگەری ساڵ ھەڵبژارد. ڕۆمانی "بەفر" لە ھەمان ساڵدا خەڵاتی (Le Prix Méditerranée étranger)ی پێ درا. پاموک ئەندامی شانازیی (American Academy of Arts and Lettes)ی ئەمەریکی و ئەندامی شانازیی ئەکادیمیای زانستی مرۆیی چینە. نووسەر ساڵی ٢٠٠٦ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی وەرگرت و بوو بەدووەم لاوترین کەس لە مێژووی پێدانی خەڵاتی نۆبڵدا.
ڕۆمانەکانی پاموک
[دەستکاری]پاموک کە لە تورکیادا ناوبانگی خۆی ھەیە، زۆر لە ڕۆمانەکانی باسی ژیانی کۆمەڵایەتی و ناکۆکی و ناتەباییە ناوخۆییەکانی ئەوێندەرێ دەکات. ئەستەمبووڵ شوێنێکی تایبەتی و بەرجاوی لە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکانی پڕ کردۆتەوە. ئۆرھان پاموک لە ھەندێ ھەڤپەیڤیندا کە لەگەڵیدا ساز دراون، سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی ئەرمەنی و کوردەکان لە تورکیای عوسمانیدا ھاتۆتە زمان. ناوبراو لەو چاوپێکەوتنانەدا باسی لە کوشتنی یەک میلیۆن ئەرمەنی و ٣٠٫٠٠٠ کورد کردووە، کە لە سەدەی ڕابردوودا لە لایەن تورکە عوسمانییەکانەوە قڕکراون.
بەرھەمەکان
[دەستکاری]- جەودەت بەگ و کوڕەکانی، ڕۆمان، ١٩٨٢[٢]
- ماڵی بێدەنگ، ڕۆمان، ١٩٨٣[٣] ((وەرگێڕدراوە بۆ کوردی لەلایەن سامان کەریم))
- قەڵای سپی، ڕۆمان، ١٩٨٥،[٤] ((وەرگێڕدراوە بۆ کوردی لەلایەن بەکر شوانی))
- کتێبی ڕەش، ڕۆمان، ١٩٩٠[٥]
- ڕووخساری شاراوە، سیناریۆ، ١٩٩٢
- ژیانی نوێ، ڕۆمان، ١٩٩٤[٦] ((وەرگێڕدراوە بۆ کوردی لەلایەن ئیبراھیم شێخ شەرەفی))
- من ناوم سوورە، ڕۆمان، ١٩٩٨،[٧] ((وەرگێڕدراوە بۆ کوردی لەلایەن بەکر شوانی))
- ڕەنگەکانی تر، ھەڵبژاردەیەک لە وتار و دیمانە، ١٩٩٩[٨]
- بەفر، ڕۆمان، ٢٠٠٢،[٩] ((وەرگێڕدراوە بۆ کوردی لەلایەن بەکر شوانی))
- ئیستانبوڵ، بیرەوەرییەکان و شار، بیرەوەری، ٢٠٠٣[١٠]
- جانتاکەی باوکم، بیرەوەری، ٢٠٠٧[١١] ((وەرگێڕدراوە بۆ کوردی لەلایەن ئیبراھیم شێخ شەرەفی))
- مۆزەخانەی پاکیزەیی، ڕۆمان، ٢٠٠٨((وەرگێڕدراوە بۆ کوردی لەلایەن بەکر شوانی))
- چەند پارچەیەک لە دیمەنەکە، ھەڵبژاردەیەک لە وتار و دیمانە، ٢٠١٠
- ڕۆماننووسی سادە و ڕۆماننووسی بیرکەرەوە، وتار، ٢٠١٢،[١٢] ((وەرگێڕدراوە بۆ کوردی لەلایەن بەکر شوانی))
بەستەری دەرەکی
[دەستکاری]کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ئۆرھان پاموک تێدایە. |
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ Kinzer، Stephen (1998-12-15). «ARTS ABROAD; A Novelist Sees Dishonor in an Honor From the State». The New York Times (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). ISSN 0362-4331. لە 2021-09-08 ھێنراوە.
- ^ «Cevdet Bey ve Oğulları». www.goodreads.com. لە 2021-09-08 ھێنراوە.
- ^ «Orhan Pamuk - Sessiz Ev.pdf». vk.com. لە 2021-09-08 ھێنراوە.
- ^ Pamuk، Orhan (2006). Beyaz kale (بە تورکی). İletişim. ISBN 978-975-470-454-9.
- ^ Pamuk، Orhan (1994). Kara kitap (بە تورکی). İletişim. ISBN 978-975-470-453-2.
- ^ Pamuk، Orhan (1994). Yeni hayat (بە تورکی). İletişim. ISBN 978-975-470-445-7.
- ^ Pamuk، Orhan (1998). Benim adım kırmızı (بە تورکی). İletişim. ISBN 978-975-470-711-3.
- ^ Pamuk، Orhan (2008). Other Colours: Essays and a Story (بە ئینگلیزی). Faber. ISBN 978-0-571-23687-9.
- ^ Pamuk، Orhan (2005). Kar (بە عەرەبی). al-Kamel.
- ^ Pamuk، Orhan (2006-12-05). Istanbul (بە ئینگلیزی). Knopf Doubleday Publishing Group. ISBN 978-0-307-38648-9.
- ^ Pamuk، Orhan (2006). My Father's Suitcase: The Nobel Lecture (بە ئینگلیزی). Faber & Faber. ISBN 978-0-571-23861-3.
- ^ Anadolu-Okur، Nilgun (2009). Essays Interpreting the Writings of Novelist Orhan Pamuk: The Turkish Winner of the Nobel Prize in Literature (بە ئینگلیزی). Edwin Mellen Press. ISBN 978-0-7734-4754-7.
- ئەو پەڕانەی ژێدەری ئینگلیزیی ئەمەریکایییان ھەیە (en-us)
- ئەو وتارە ژکزانەی سەرچاوەیان کەمە لە ئەیلوول ٢٠٢١
- شێوەزاری وتارەکانی ویکیپیدیا
- ڕۆماننووسانی سەدەی ٢٠ەم
- ڕۆماننووسانی سەدەی ٢١ەم
- زیندووان
- خەڵکی ئەستەمبوڵ
- ڕۆماننووسانی تورک
- سانسۆر لە تورکیا
- وەرگرانی خەڵاتی نۆبێلی وێژە
- لەدایکبووانی ١٩٥٢
- وتارنووسەکانی سەدەی ٢٠ەم