ئۆکتاڤیۆ پاس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئۆکتاڤیۆ پاز

ئۆکتاڤیۆ پاز (ماوەی ژیان:٣١ی ئازاری ١٩١٤ تاکوو ١٩ی نیسانی ١٩٩٨)، شاعیر و ئەدیب و سیاسەتمەدارێکی مەکسیکی بووە، لە ٣١ ئازاری ساڵی ١٩١٤ لەشاری مەکسیک لەدایک بووە، ساڵی ١٩٩٠ خەڵاتی نۆبڵی لەئاداب وەرگرتووە و یەکەم شاعیر و ئەدیبی مەکسیکی بووە کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، دژ بەفاشیسزم وەستاوە و لەچەند وڵاتێک وەکو دیبلۆماتکار کاری کردووە و لەچەند بوارێکی جیا جیا چالاکی ھەبووە، سەرەڕای ئەوەی شاعیر بووە ژمارەیەکی زۆر نووسینی ھەبووە لەبواری ڕەخنەگرتن و مێژوو ھەروەھا ووتاری سیاسیشی نووسیوە. ئەکتافیۆ باس باوکی مەکسیکی بووە دایکیشی خەڵکی باشووری ئیسپانیا بووە، باوکی پارێزەر و سیاسەتمدار بووە و لە ڕوداوی ھاتوچۆی شەمەندەفەر گیانی لەدەستداوە، دایکیشی ھەرچەندە نەخوێنەوار بووە ھەر لەمنداڵیەوە ھانی داوە بخوێنێ و شیعر بنوسێ. ئەکتافیۆ باس کەتەمەنی گەشتۆتە ١٧ ساڵان بۆ یەکەم جار یەکێک لەشیعرەکانی بڵاوکردۆتەوە، ساڵی ١٩٤٥ بۆتە دیبلۆماتکار و بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ لەو بوارەدا کاری کردووە و لەھەر یەکە لە وڵاتەکانی فەرەنسا و سویسرا و ھیندستان و یابان وەکو باڵیۆزی وڵاتەکەی دامەزراوە و کاری کردووە، ساڵی ١٩٦٨ دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی مەکسیک توندوتیژیان بەرامبەر بە قوتابیان بەکارھێنا و خۆپیشاندانی قوتابیانیان سەرکوتکرد و نزیکەی ٣٠٠ قوتابیان کوشت، دەستی لەکاری دیبلوماتکاری کێشایەوە و کاتەکانی خۆی بۆ ڕۆژنامەنووسی تەرخان کردووە. باس لەبوارەکانی شیعر و ھونەر و ئایین و مێژوو و سیاسەت و ڕەخنەگرتنی ئەدەبی چالاک بووە و ٥ دیوانی شیعری بڵاوکردۆتەوە یەکەمیان لەساڵی ١٩٤٩ بووە و دوا دیوانی شیعریشی لەساڵی ١٩٨٧ بووە، ساڵی ١٩٨١ خەڵاتی سیربانتسی وەرگرتووە کە گەورەترین خەڵاتی ئەدەبیە و دەبەخشرێت بەکەڵە نوسەرە ئیسپانیەکان، ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاوە خەڵاتکراوە، زیاتر لەجارێکیش پاڵاوتراوە بۆ خەڵاتی نۆبڵ دواجار لەساڵی ١٩٩٠ بەدەستی ھێناوە و لە ١٩ی نیسانی ساڵی ١٩٩٨ لەتەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

سەرچاوە[دەستکاری]