ساموێل بێکیت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ساموئێل بێکێت
Samuel Beckett
لەدایکبوون١٩٠٦
مردن١٩٨٩
پیشەنووسەر، شاعیر و دراماتورژ
نەتەوەفەڕەنسی

ساموێل بارکلەی بێکێت (بە فەڕەنسی: Samuel Beckett، ماوەی ژیان:١٣ی نیسانی ١٩٠٦ لە دوبلین تاکوو ٢٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩ لەپاریس) یەکێکە لە بەناوبانگترین نووسەرەکانی ئێرلەندا و جیھان، ساموێل ڕۆماننووس و سیناریۆنووس و دەرھێنەری شانۆگەرییە؛ کە بە هۆی نووسی شانۆنامەی کۆتایی کە لە لایەن پێشەوا ڕەهبەری بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێدراوە ناسراوی بێدەنگ ترین شانۆنامەنووسی جیهانی دەدەنێ. ولییەمی باوکی مەساح بووە، و «ڕووی» دایکیشی پێش ئەوەی شوو بکات کاری پەرستاری کردووە، برا گەورەی ساموێل ناوی «فرانک» بووە، ئەو توندوتیژییە ئاینییەی کە دایکی بەرامبەر ئەم دوو کوڕەی کردووە، وایکرد کە بیکێت لە قوڵایی ناخیدا توڕەبوون و ڕق و قینەیەکی زۆری بەرامبەر بە تیۆلۆژیا و ھەروەھا بەرامبەر بە دایکی ھەبێت تا ماوەیەکی زۆر.

خوێندن[دەستکاری]

بیکێت لە ھەمان ئەو قوتابخانەیە خوێندویەتی کە (ئۆسکار وایڵد) تێیدا خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٣٢ چووەتە زانکۆی (ترنتی) کە لەو سەردەمەدا زانکۆیەکی بەناوبانگ بووە لە دبلن، و خەریکی خوێندنی ھەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی بووە لە زانکۆی ناوبراو، دوواتر و لە ساڵی ١٩٢٧ بەکالۆریۆس و لە ساڵی ١٩٣١ ماستەری لە ھونەر وەرگرتووە. ھەروەھا بیکێت دوو ساڵ لە فەرەنسا زمانی ئینگلیزی داوەتەوە.

بیکێت و جێمس جۆیس[دەستکاری]

بیکێت ھەر لە فەرەنسا (جێمس جۆیس) دەناسێت، کە دوواتر دەبێتە یەکێک لە ھاوڕێ دڵسۆزەکانی، ئەو قسەیە ڕاست نییە کە دەڵێن بیکێت بووەتە سکرتێری جۆیس، ھێندە ھەیە بیکێت بووەتە ھاوڕێیەکی نزیکی ئەو، و لەبەر ئەوەی جێمس جۆیس چاوی بە تەواوی کز ببون، بۆیە بۆ نووسینەوەی کارە ئەدەبییەکانی ناچار پەنای دەبردە بەر ئەدیبە لاوەکان، لێرەوە بیکێت یەکێک بووە لەو ئەدیبە لاوانەی کە یارمەتی نووسینەوەی کارە ئەدەبییەکانی جێمس جۆیسی داوە. ساموێل بیکێت تا ڕاددەی پەرستن سەرسام بووە بە جۆیس، تەنانەت لە شێوازی جگەرە کێشان و مەی خواردنەوەش لاسایی جۆیسی کردووەتەوە، ھەمان ئەو پێڵاوانەشی لەپێ کردووە کە ئەو لەپێی کردوون.

بیکێت و خۆشەویستی[دەستکاری]

ئەم سەرسامبوون و نزیکبوونەوەی بیکێت لە جێمس جۆیس وایکرد کە لوسیای کچی جۆیس پەیوەندی خۆشەویستی ببەستێت لەگەڵ بیکێتی لاو، کە لوسیا نەخۆشی دەرونیشی ھەبووە. ساموێل بیکێت ماوەیەکی کەم پێش مردنی، ھەستا بە سووتاندنی تەواوی ئەو نامانەی کە لەگەڵ لوسیا ئالوگۆڕیان کردبوو، لە ئەرشیفەکەی خۆیدا تەنیا یەک وێنەی لوسیای ھێشتووەتەوە کە لە کاتی سەماکردندا کێشراوە.

بیکێت و شیعر[دەستکاری]

ساموێل بیکێت لە ساڵی ١٩٣٠ یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بڵاوکردەوە، ئەم کۆمەڵە شیعرەی لەژێر کاریگەری نووسینەکانی فەیلەسوفی گەورە (ڕێنییە دیکارت) دا نووسیوە، بیکێت تاوەکوو کۆتایی ژیانی لەژێر کاریگەری ئەم فەیلەسوفە بووە؛ و جگە لە نووسینی شیعر، چەندین شیعری ئیتاڵی و فەرەنسی وەرگێڕاوە، ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە ئەوەیە کە ڕەنگە بیکێت یەکەم کەس بوبێت ھەندێک شیعری شاعیرانی سووریالی فەرەنسی وەرگێڕابێتە سەر زمانی ئینگلیزی، وەک ئەندرێ بریتۆن و پۆل ئێلوار. ھەروەھا بیکێت کۆمەڵە شیعری ڕامبۆ و شاعیری ئیتاڵی (ئۆجینیۆ مۆنتالی) وەرگێڕاوە. بیکێت لە پیریدا سەبارەت بە قۆناغەکانی ژیانی و قۆناغی وەرگێڕانی شیعری شاعیران دەڵێ: لەو سەردەمەدا من گەنج بووم و لە توانامدا نەبووە خۆم ھیچ بکەم، بەم کارە ویستومە شتێک ئەنجام بدەم.

بیکێت و شانۆنامە بەناوبانگەکە[دەستکاری]

شانۆنامەی (لە چاوەڕوانی گۆدۆدا) یەکێکە لە بەناوبانگترین شانۆنامەکانی جیھان، کە بیکێت نووسەرەکەیەتی، بەھۆی ئەم شانۆنامەیەشەوە ناوبانگێکی زۆری دەرکرد، کە بۆ یەکەمین جار و لە ساڵی ١٩٥٣ لە ھۆڵی شانۆیی (بابیلۆن) لە پاریس نمایشکرا. بیکێت سەبارەت بە نوسینی شانۆنامەکە دەڵێت: لە ماوەی چوار مانگ و بە قەڵەمێکی ڕەسساس و لەسەر یەکێک لە تێنووسەکانی قوتابخانە نووسیم.

بیکێت و زامدار بوون[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٣٨دا، بیکێت و یەکێک لە ھاوڕێکانی بە شەقامێکی پاریس پیاسە دەکەن، لەناکاو سواڵکەرێک بێ ھیچ ھۆکارێک چەقۆیەک لە بیکێت دەدات، چەقۆکە ھێندەی نامێنێ بگاتە سەر دڵی و بیکوژێ، دووای ئەوەی کە بیکێت چاکدەبێتەوە، بۆ مەبەستی زانینی ھۆکاری بریندارکردنەکە سەردانێکی زیندان دەکات و لە ھۆکاری ئەم کارە دەپرسێت و سواڵکەرەکەش لە وەڵامدا دەڵێ: گەورەم داوای لێبووردن دەکەم، نازانم لەبەرچی ئەم کارەم کرد. ئیتر بیکێت لە سواڵکەرەکە خۆشدەبێت. ڕەنگە ئەم ڕووداوە ھۆکارێک بوبێت بۆ ئەو تێڕوانینە بێھودەیییەی بیکێت کە بۆ جیھان ھەیبوو، وەک زانراویشە بیکێت پێشەنگی شانۆنامەی بێھودەیییە.

بیکێت و نۆبڵ[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٦٩دا، پاداشتی نۆبڵ وەردەگرێت، بیکێت لەوکاتەدا لەگەڵ ژنی دووەمی کە ناوی (سوزان) بوو، لە پاریس دەبن، کاتێک ژنەکەی ھەواڵی وەرگرتنی پاداشتەکە دەبیستێت دەڵێ: وای لەم کارەساتە! چونکە وا تێگەیشتبوو وەرگرتنی ئەو پاداشتە ھەموو شێوازی ژیانیان ھەڵدگەڕێنێتەوە کە لەسەری ڕاھاتبوون. بیکێت بۆ ئەوەی نەڕوات پاداشتەکە وەربگرێت، خۆی لە یەکێک لە گوندەکانی تونسدا حەشار دەدات، و یەکێک لە ھاوڕێکانی و لە ھەمان کاتیشدا بڵاوەکاری بەرھەمەکانیشی بوو بە ناوی (جیرۆم لاندۆن) دەنێرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بیکێت دوواجار سوپاسی ئەکادیمیای سویدی کرد. بیکێت ھاوڕێکەی ڕاسپاردبوو سەرجەم بەھای پاداشتەکە کە دەیکردە نزیکەی ٧٣ ھەزار دۆلار، بۆ ھونەرمەندە موحتاجەکان خەرجبکات.

دوا ساتەکانی بیکێت[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٨٩دا، و دوای مردنی ھاوسەرەکەی، ساموێل بیکێتی پیر دەگوازرێتەوە بۆ خەڵوەتگەیەکی پیری، و لە ھەمان خەڵوەتگە و لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ھەمان ساڵ کۆچی دوایی دەکات. بیکێت لە دوا مانگەکانی ژیانیدا زمانی لەگۆ کەوتوە و نەیتوانیوە قسە بکات. بیکێت و ھاوسەرەکەی لە گۆڕستانی (مۆنبرناس)ی پاریس نێژراون، لە نزیک گۆڕە ساددە و ساکارەکەی ھەردووکیانەوە، بە تەنھا تاقە دارێک ڕواوە، وەک ئەو دارە تەنھایەی لە شانۆنامەی (لە چاوەڕوانی گۆدۆدا) ھەیە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]