ویکیپیدیا:وتارە ئاڵۆزەکان ئاسان بکە بۆ تێگەیشتن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ناوەڕۆکی وتارەکان و نووسینەوەکان پێویستە بە سادەیی، لە ھەمان کاتدا پێشکەوتوو، بنووسرێنەوە و تێگەیشتن لێیان بۆ ھەمووان ئاسان بێت. خوێنەرانی ویکیپیدیا ھەر کەسانی پسپۆڕ نین و زۆرێک لە کەسانی ئاسایی ڕوو لە ویکیپیدیا دەکەن بۆ تێگەیشتن لە بابەتە ئاڵۆزەکان. لەکاتی نووسینەوەی وتار لە ویکیپیدیا، پێویستە بالانسی نێوان فەرمییەتی و ئاسانبوون ڕابگیرێت. وتارەکانی ویکیپیدیا ھەموو دەبێت بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و زانستنامەییانە بنووسرێنەوە، لە ئاسانکاریی بۆ تێگەیشتن مەبەست لە دەرچوون لە زانستیبوون نییە بەڵکو کەمکردنەوەی بەکارھێنانی زمانی ئاڵۆز و تەکنیکییە.

خوێنەران[دەستکاری]

ویکیپیدیا وێبگەیەکە کە خوێنەری بە تەمەن و ئاستی جیاواز ھەیە. زۆرێک لە خوێنەران ھیچ زانیارییەکیان لەسەر بابەتەکە نییە بۆیە ڕوو دەکەنە ویکیپیدیا تا شارەزای ببن، ھەندێکی تریش بە ئاستێکی مامناوەند زانیارییان ھەیە و دەیانەوێت زیاتر بزانن، زۆرێکی تریش کەسانی پێشکەوتوون و پسپۆڕن لە بابەتی وتارەکە، بەڵام سەردانی ویکیپیدیا دەکەن تا بزانن لە ویکیپیدیا چۆن بابەتەکە باس کراوە، یانیش بۆ پەرەپێدانی. خوێنەرانی گشتی ویکیپیدیا دەکەونە نێوان، یان ڕێک، کۆمەڵەی یەکەم و دووەمەوە. یان ھیچ زانیارییەک لەسەر بابەتەکە نازانن یانیش بە ئاستی مامناوەند زانیارییان لایە، ھەشە دەکەوێتە نێوان ئەو دووانەوە؛ ھەر بۆیە دەبێت وتارەکان بە شێوەیەک بنووسرێنەوە کە ئەم دوو کۆمەڵەیە بە گشتی بە ئاسانی لێیان تێ بگەن و لە ڕاددە بەدەر ئاڵۆز و ورد نەبن.