ویکیپیدیا:ئەتەکێت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەم پەڕەیە چەند ڕێنماییەکی ئەتەکێت لەخۆ دەگرێت و پێشبینی لە ھەمووان دەکرێت کە دوای ئەم ڕێنماییانە بکەون بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ویکیپیدیا. بەشداربووانی ویکیپیدیا لە چاند و کۆمەڵگەی جیاجیاوە بەشداری دەکەن و ھەر یەکە لە ئەندامەکانی بیر و بۆچوونی جیاوازیان ھەیە لەسەر بابەتەکان. ڕێزگرتن لە بیر و بۆچوونی یەکتری کلیلی بەشداریکردنێکی باشە لە ئینسایکڵۆپیدیایەکی سەر ھێڵی وەک ویکیپیدیا.

ڕێساکانی ئەتەکێت[دەستکاری]

  • لێکدانەوەت باش بێت.
  • چۆن حەز دەکەیت مامەڵەت لەگەڵ بکرێت، بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تر بکە
  • بەڕێز بە.
  • پێش نووسینی لێدوانەکانت، دووجار بیر بکەرەوە. بە ئاگادارییەوە قسە بکە لە پەڕەکانی لێدوان و ھەستی کەس بریندار مەکە.
  • شارستانی بە.
  • خۆت لە پەلاماری کەسی بەدوور بگرە. ڕەخنە لە بیرۆکە بگرە نەک کەسایەتییەکان.
  • سووکایەتی بە کەس مەکە. بە ئەنقەست بووبێت یان نا، باشترە زوو داوای لێبوردن بکەیت تاکوو پەیوەندیتان گرژ نەبێت.
  • پرسیار و پێشنیاری گرنگ پشتگوێ مەخە.
  • ئەگەر یەکێک لەگەڵ دەستکارییەکەتدا کێشەی ھەبوو و پووچەڵی کردەوە، شەڕە دەستکاری مەکە، بدوێ و ڕوونی بکەرەوە کە بۆچی ئەوەی کردووتە باشە و شایەنی گەڕاندنەوە نییە. ھەروەھا، ئەگەر تۆ گەڕێنەرەوەکە بوویت، ڕوونی بکەرەوە کە بۆچی گەڕاندووتەتەوە.
  • ھەرچەندە قورسە لەکاتی دەمەقاڵێدا، ئەگەر یەکێک ناشارستانی بوو، تۆ وەک ئەوان مەبە و زیاتر شارستانی بە.
  • ئەگەر شێوازی دوانی کەسێک نامورتاحی کردیت، شەرم مەکە و ئاگاداریان بکەرەوە.
  • داوای لێبوردن بە شەرم و کەمیی تێمەگە. لەسەر ھەڵەی بچووکیش باشترە داوای لێبوردن بکرێت.
  • دان بە ھەڵەکانی خۆتدا بنێ و خۆت ڕاست بکەرەوە لەجیاتی ئەوەی پۆزش بھێنیتەوە.
  • سپاسی بەکارھێنەرانی تر بکە و ھانیان بدە کاری زیاتر بکەن. ھەموو کەسێک حەز دەکات دان بە کارە باشەکانیاندا بنرێت.
  • یارمەتی ھێورکردنەوەی لێدوانی دوولایەنی تر بدە.
  • ئەگەر زۆر تووڕەبوویت، لەو کاتەدا لە ویکیپیدیا دوور بکەوەرەوە و شتێک مەڵێ کە دوایی لێی پەشیمان ببیتەوە. کاتێک ھێور بوویتەوە دەتوانی لە دەستکاریکردن بەردەوام بیت و بیرۆکەکانت بە شێوازێکی ڕێک و پێک و دوور لە ناشارستانییەت بگەێنیت.
  • لەبیرت بێت ویکیپیدیا چی نییە.
  • خۆت لە گەڕاندنەوەی دەستکاریی بەردەوام بپارێزە و گوێڕایەڵی سیاسەتی سێ جار گەڕاندنەوە بە.
  • کاتێک دەستکارییەک دەگەڕێنیتەوە، ھۆکارێک بۆ گەڕاندنەوەی بدە.