باوەڕ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

کاتێ ئینسان شتێک بە ڕاست و دروست دەزانێت، بەتایبەت ئەگەر بەڵگە و ئیسپاتی پێ نەبێ، ئەوە لە ڕوانگەیەکەوە سەیری ئەو شتە دەکات یا ھەڵوێستێکی بەرامبەر بەو شتە گرتووە، بەو ڕوانگە و ھەڵوێستە دەڵێن باوەڕ یا بڕوا. ئینسانێکی پێگەیشتووی ئاسایی باوەڕی بە زۆر شت ھەیە، بەڵام لەو زۆرە لە ھەر ساتدا تەنیا ژمارەیەکی کەمیانی لە پێش زەیندایە. واتە باوەڕمەندی بە شتێ پێویستی بە بیرکردنەوەی چالاکانە لەبارەی ئەو شتەوە نییە. زۆرێ لەو شتانەی باوەڕمان پێیانە تا ڕادەیەک ئاسایی و ناسەرنجڕاکێشن: ئەوەی کە ئێمە سەرمان ھەیە، ئەوەی کە ئێستا لە سەدەی ٢١داین، یان ئەوەی کە گوڵدانەکە لەسەر مێزەکەیە. بۆیە، دروستکردن و شێوەدان بە باوەڕەکان بە یەکێک لە بنەڕەتیترین و گرینگترین تایبەتمەندییەکانی زەین دەژمێردرێ و تێگەیشتەی باوەڕ ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ لە فەلسەفەی زەین و مەعریفەتناسیدا. لە فەلسەفەی زەیندا، بۆ وێنە، «پرسی زەین-لەش» پرسێکی زۆر بنچینەیییە و، بەشێکی دەپەرژێتە سەر ئەوە کە ئاخۆ ئۆرگانیزمێکی بەتەواوی فیزیکی چۆن دەتوانێ خاوەن باوەڕ بێ. بەشێکی زۆری مەعریفەتناسیش لە دەور ئەم پرسیارە دەسووڕێتەوە کە چۆن بۆ باوەڕەکانمان پاساو دەھێنینەوە و چ باوەڕێک ھێژای ئەوەیە پێی بوترێ ناسیاری (knowledge).[١]

لە فەلسەفەی ھاوسەردەمدا[دەستکاری]

بە لای زۆربەی فەیلەسووفانی ھاوسەردەمەوە باوەڕ «ھەڵوێستێکە لەبارەی قەزییەیەکەوە». لێرەدا قەزییەش ھەمان قەزییەیە لە لۆژیکدا، واتە ئەوەی کە وتەیەک یا ڕستەیەک دەری دەبڕێت. «ھەڵوێست لەبارەی قەزییەوە» وەھا شێوەیەکی ھەیە: S A that P، کە تێیدا S کەسی خاوەن ھەڵوێستە، A ھەڵوێستەکەیە و، Pش قەزییەکە. بۆ نموونە: ئەحمەد (خاوەن ھەڵوێست) بە ھیوایە (ھەڵوێست) کە ژیان لەسەر مەریخ دەدۆزرێتەوە (قەزییە)، یا ئالان (خاوەن ھەڵوێست) گومانی ھەیە لەوە (ھەڵوێست) کە چوارسەد ساڵی تریش شاری لەندەن ھەیە (قەزییە).[١]

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

وشەی بڕوا شێوەی شێواوی وشەی باوەڕە. var لە ئەوێستادا بە مانای باوەڕپێکردنە. باوەڕ و بڕوا ھەر لەم ڕیشەن و ئەوانەش تاقیکردنەوەیەکی ئیلاھی بوون بۆ جیاکردنەوەی ڕاست لە درۆ. ڤەر دوو جۆر بووە: ڤەری سارد و ڤەری گەرم. لە ڤەری گەرم بۆ سەلماندنی بێتاوانی، لە ئاگر و ڕۆنی داخ کەڵکیان وەرگرتووە و لە ڤەری سارد، ژەھر و شتی لەم بابەتەیان بەکار ھێناوە. واتە بۆ نموونە کابرایان دەخستە ئاگرەوە، ئەگەر نەدەسووتا دەیانوت ئەوە ڕاست دەکا و دەبێ باوەڕ بە قسەی بکەین، ئەگەریش دەسووتا (کە دیارە دەسووتا) دەیانوت ئەوە درۆی دەکرد بۆیە سووتا.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ی ا Schwitzgebel، Eric (2019)، دەستکاریکەر: Zalta، Edward N.، "Belief"، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (وەشانی Fall 2019)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە ڕێکەوتی 2020-10-30 ھێنراوە 
  2. ^ نانەوازادە، عەلی (۲۰۱۷). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. بەرگی یەک ئا- ب. هم صدا. ۳۳۶ و ۳۷۱. 

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]