ھێرمینۆتیک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھێرمینۆتیک تیۆری و میتۆدۆلۆژیی لێکدانەوەی مانایە،[١][٢] بەتایبەت لێکدانەوەی مانای دەقە دینی و فەلسەفییەکان.[٣] کاتێ لە مانای وتەیەک یا نووسراوەیەک تێ نەگەین، دەستەودامێنی ھێرمینۆتیک دەبین و پرەنسیپەکان و میتۆدەکانی لێکدانەوەی بە کار دەبەین تا ماناکەمان بۆ ڕوون بکەنەوە. بەڵام، ھێرمینۆتیک زیاترە لەو پرەنسیپ و میتۆدانە و، ھونەری تێگەیشتن و ڕاگەیاندنی پەیامەکانیش لە خۆ دەگرێت.[٤]

ڕابردە[دەستکاری]

ھاوکات لەگەڵ تێپەڕبوون لە سەدەکانی ناوین و لەناوچوونی زاڵێتیی مەسیحییەتی کاتۆلیک، کتێبی پیرۆزیش لە ژێر سێبەری کڵێسە دەرچوو و ھاتە ناو خەڵک. لەم کاتەدا کە خەڵک بۆ خوێندنەوە و فامکردنی کتێبی پیرۆز بە ئازادی گەییبوون، قانوون و ڕێسایەکی پێدەویست تا بەر بە شپرزی و شێواویی تەفسیر بگرێت و بۆ فامکردنی دروست و تێگەیشتن لە مانای ڕاستەقینەی دەقە دینییەکان دەستی خوێنەران بگرێ. شلایەرماخەر و دیلتای دوو کەس لە زانایانی ئەو سەردەمە بوون کە بنەڕەتی یەکەم پرەنسیپەکانی زانستی تەفسیر یا ھێرمینۆتیک - یان لە سەدەی نۆزدەیەمدا دانا. ئەم دوو کەسە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە مانایەکی دوایی یا تێگەیشتنێکی کۆتایی لە دەقدا ھەیە و ئەرکی لێکدەرەوە ئەوەیە کە بە ناسینی دەقەکە و چوونەوە بە نیشانەکانی ناو دەقەکە و گۆڕینی ڕێگاکانی تەفسیر، ھەوڵ بدات بەو مانا دواییە بگات. ھەروەھا دیلتای باوەڕی ئەوە بوو کە بۆ تێگەیشتنی باشتر لە دەقەکە، دەبێ بزانرێ قەست و نیەتی دانەرەکەی چی بووە.[٥]

لە سەدەی بیستەما، بارەوباربوونێکی گەورە لە ھێرمینۆتیکدا ڕووی دا و ئەم زانستە پێی نایە ناو گۆڕەپانێکی تازەوە. ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بارەوباربوونە، کارەکانی زانایان و فەیلەسووفانێ وەک نیچە و ھایدەگەر و گادامێر بوون. لەم قۆناغەدا، لە باتیی ھەوڵدان بۆ دیاریکردنی میتۆدۆلۆژیی شێوازی تێگەیشتن، باسی چییەتیی تێگەیشتن ھاتە ئاراوە. فەیلەسووفانی ئەم سەردەمە دەیانویست ئەوە بسەلمێنن کە شتێ بە ناوی «مانای دوایی» و «نیەتی دانەر» لە کاردا نییە. تێگەیشتن ئەو شتەیە کە لە زەینی لێکدەرەوە و ڕاڤەکاردا دەنەخشێت. تێگەیشتنی ھەر ڕاڤەکار و لێکدەرەوەیەک ڕەگ و ڕیشەکەی وا لە کۆمەڵگا و کولتوور و سەردەم و شێوەی بارھاتنی ویدا و، ئەم هۆکارانە سنووری زەینی ڕاڤەکار پەرژین دەکا. ئەو ناتوانێ لە دەرەوەی ئەو پەرژینە بیر بکاتەوە و تێ بگات. کەوایە، تێگەیشتن شتێکی ھەڵکەوتە و پێشینەدارە و دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردووی ڕاڤەکار و ئەزموونەکانی ژیانی و وەکوو ڕووداوێک لە ناو زەینی ویدا شێوە دەگرێت و بە ھیچ لەونێ شیاوی دەستبەسەرداگرتن و دەسنیشانکردن لە قاڵبی میتۆد و ڕێکاردا نییە. ھەر خوێنەرێک تێگەیشتنێکی تایبەت بە خۆی ھەیە لە دەق. لەم بابەتەوە، دوو بەرھەمی ناسراوی سەدەی بیستەم «بوون و کات»ی ھایدگەر و «ڕاستی و میتۆد»ی گادامێرن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Publishers, HarperCollins. "The American Heritage Dictionary entry: hermeneutics". www.ahdictionary.com. Retrieved 2023-05-01.
  2. ^ "Definition of HERMENEUTICS". www.merriam-webster.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-05-01.
  3. ^ Audi, Robert (1999). The Cambridge dictionary of philosophy. Library Genesis. Cambridge ; New York : Cambridge University Press. ISBN 978-0-521-63136-5.
  4. ^ Zimmermann, Jens (2015). Hermeneutics: A Very Short Introduction (بە ئینگلیزی). Oxford University Press. ISBN 978-0-19-968535-6.
  5. ^ ساختار و تأویل متن، بابک احمدی، ص ۵۳۵.