ئەمە وتارێکی باشە. بۆ زانیاریی زۆرتر کرتەی لەسەر بکە.

ھیچخوازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سارجێی نێکایێڤ یەکێک بووە لە ھیچخوازە ڕووسییە کۆنەکان.

ھیچخوازی (بە ئینگلیزی: Nihilism – بە عەرەبی: عدمية • لە Nihilـی لاتینییەوە ھاتووە بە واتای ھیچ) بیر و باوەڕێکی فەلسەفییە کە پێشنیاری باوەڕنەکردن بە یەک یان زیاتر لە لایەنە واتادارەکانی ژیان دەدات. بە گشتی، ھیچخوازی بە شێوازی ھیچخوازیی ھەبوونی دەبیندرێت، بیردۆزەیەکی فەلسەفەیی کە دەڵێت ژیان ھیچ واتا و نرخێکی نییە و مرۆڤەکانیش بێبایەخ و بێ ئامانجن. ھیچخوازە ئاکارییەکان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە ھیچ ڕەوشتێکی خۆیی بوونی نییە، ھەروەھا ئەو پێوەرە ڕەوشتیانەی کە بە پەسەند داندراون بە تەواوی و واتایی داھێندراون. ھیچخوازی لەوانەیە بە شێوازەکانی مەعریفەتناسی، زانینناسی، یان مێتافیزیکی ببینرێن، واتا لە ڕووی ھیچخوازییەوە، لە ھەندێک لایەنەوە زانین لە توانادا نییە، یانیش واقیع بوونی نییە.

ئەم فەلسەفەیە زۆربەی جار لەگەڵ دەستەواژەی بەڕەڵایی کۆمەڵایەتیدا (لامعیاریة) بەکاردێت بۆ دەربڕینی ئەو ھەستە بێ ھیواییەی کە کەسێک لەوانەیە درکی پێ بکات دوای زانینی ئەوەی کە ھەبوون بێ سوود و گرنگییە و ھیچ نەریت و یاسا و ڕێسایەک لە ڕاستیدا بوونیان نییە. جووڵەکانی وەک (مستقبلیة) و (تفکیکیة) لەلایەنی خەڵکی ترەوە بە ھیچخواز لە قەڵەم دراون.

ھەروەھا ھیچخوازی خەسڵەتێکە کە دەدرێتە پاڵ کات و دەمەکان: بۆ نموونە جان بۆدریارد لە پاڵ چەند کەسانێکی تر سەردەمی پۆست مۆدێرنێتی (پۆست مۆدێرنێتی باری ئابووی و کەلتووری کۆمەڵگەیەکە کە دوای نوێخوازی ھاتۆتە ئاراوە) بە ھیچخواز دەزانن، ھەروەھا ھەندێک لە خواناسە دینییەکان و کەسایەتییە دینییە دیارەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە پۆست مۆدێرنێتی یان زۆرینەی لایەنەکانی نوێخوازی ڕەتکردنەوەیەکی باوەڕدارییان لەگەڵدایە، وە بێ باوەڕی بە مەزھەبەکانی ئەوان ھیچخوازی دەنوێنێت.

ھیچخوازی زۆرجار دەدرێتە پاڵ ڕەشبینی و شکی تۆخ کە ھەبوون ڕیسوا دەکات. وا باوە لەلای خەڵکی کە ھیچخوازێکی ڕاستەقینە بڕوای بە ھیچ شتێک نییە، دڵسۆز نییە و لەوانەیە ھیچ مەبەستێکی نەبێت لە لەناوبردن زیاتر. ھیچخوازی زۆرجار دەدرێتە پاڵ فەیلسەسوف فریدریش نیچە، کە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کاتێک دێت کە کاریگەرییە مەزنەکانی ھەموو دین و بیر و باوەڕی ئاکاری و زانستی مێتافیزیکی لەناودەبات، و گەوەرەترین کارەسات دروست دەکات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

لە زووەکانی سەدەی ١٩ھەمدا، فریدریش یاکوبی ئەم دەستەواژەیەی بەکارھێنا بۆ وەسفکردنی ئایدیالیزم بە شێوەیەکی خراپ. ھیچخوازی کاتێک بەناوبانگ بوو کە یەکێک لە ڕۆماننووسە ڕووسییەکان بەناوی ئیڤان ئێس تەرگینێڤ لە ڕۆمانەکەیدا بە ناوی باوکەکان و کوڕەکان (١٨٦٢) دەستەواژەکەی بەکارھێنابوو. لەدوای ئەمەوە لە ڕووسیا جووڵەیەکی گەورە ھاتە ئاراوە کە ھەموو دەسەڵاتێکیان ڕەتدەکردەوە، وەک دینەکان و حکومەت و دەسەڵاتدارەکان (١٨٣٠–١٩١٧).

مێژوو[دەستکاری]

سەدەی ١٩[دەستکاری]

ڕۆماننووس ئیڤان ئێس تەرگینێڤ دەستەواژەی ھیچخوازیی بەناوبانگ کرد.

ناوی «ھیچخوازی» سەرەتا لەلایەن فریدریش ھاینریش یاکوبی (Friedrich Heinrich Jacobi) ئەڵمانییەوە بەکارھێنراوە (١٧٤٣–١٨١٩). یاکوبی ئەم ناوەی بەکارھێناوە بۆ ناساندنی ڕاسیۆنالیزم (عقلانیة)، بەتایبەتی فەلسەفە «گرنگ»ەکەی ئیمانوێل کانت کە «وەک دەمەقاڵێیەکە بەرەو بێ مانایی» (برھان الخلف)، کە باس لەوە دەکات کە ھەموو ڕاسیۆنالیزم دەگەڕێتەوە بۆ ھیچخوازی—بۆیەش دەبێت خودی لێ لابدرێت و باوەڕ وەک جێگرەوەی دابندرێت. برێت دەبڵیو دەیڤس لە نووسراوێکدا دەڵێت: «یەکەم پەرەسەندنی فەلسەفەیی بیرۆکەی ھیچخوازی دەگەڕێتەوە بۆ فریدریش یاکوبی، ئەو کەسایەتییەی کە لە پەیامێکی بەناوبانگدا ڕەخنەی لە بیرۆکەکانی یوھان گۆتلیب فیختە گرتووە لە کەوتنە ناو ھیچخوازییەوە.»

دوای بەناوبانگ بوونی دەستەواژەی ھیچخوازی، کە لەلایەن ڕۆماننووس ئیڤان ئێس تەریگنێڤەوە بەناوبانگ بوو، جووڵەیەکی نوێی ڕووسی سەری ھەڵدا بەناوی جووڵەی ھیچخوازی (١٨٦٠–١٩١٧). ئەوان خۆیان بە ھیچخواز ناودەبرت لەبەر ئەوەی ھیچ شتێک کە لەو کاتەدا ھەبوو چاوەکانی تێر نەکردبوون. لەم کاتەدا خەڵکی ھەموو داواکاری و فرمانەکانی حکومەت و کڵێساکان و خێزانەکانیان پشتگوێ دەخست. بزووتنەوەکە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتیی پشتگیری دەکرد لەسەر بنەمای ھۆش و فام، فەلسەفەی مادەخوازی وەک سەرچاوەی تەنھا زانیاری و ئازادیی تاکی دیاری کردبوو، ھەروەھا بڵندترین ئامانجی ئەوان بوو. لەم کاتەدا کە ھیچخوازەکان ھەموو خوا و دین و دەسەڵاتێکیان ڕەت دەکردەوە، ھۆکارەکەیان دابووە پاڵ ئازادی.

کۆنترین بەکارھێنانی فەلسەفی بۆ دەستەواژەی ھیچخوازی پەیوەندیدارە بە شکەوە. لەبەرئەوەی ھیچخوازەکان ڕاستییە جێگیرەکانی شتەکانیان ڕەت دەکردەوە.

سۆرێن کیەرکێگۆر[دەستکاری]

سکێچێکی تەواونەکراوی ١٨٤٠ی سۆرێن کیەرکێگۆر لەلایەن مامییەوە نیل کریستیان کیەرکێگۆر

سۆرێن کیەرکێگۆر (١٨١٣–١٨٥٥) ئاستێژی سەرەتایی ھیچخوازیی ھەبووە، ئەو بە (لێڤێلینگ – Leveling) ناوی بردووە. لێڤێلینگ لای ئەو پڕۆسەی دامرکانەوەی تاک بووە تاکو تایبەتمەندی ئەو کەسایەتییە نامێنێت و ھیچ سوودێک لە ھەبوونیدا ناتواندرێت ببیندرێت:

«کۆتا ئاستی لێڤێلینگ وەک خامۆشی مەرگ وایە، کە تێیدا تاک گوێی لە ترپەی دڵی خۆی دەبێت تێیدا، بێجووڵەیی وەک کاتی مردن، کە ھیچ شتێک ناتوانێت بیبڕێت، کە ھەموو شتێک تێیدا نوقوم دەبێت، بە بێھێزی. تاکێک دەتوانێت سەرپێچی بکات، بەڵام تاکێک ناتوانێت خۆی لەم پڕۆسەیەدا بگرێت، گەر بە پێچەوانەوە، ئەوە دەیکات بە نوێنەر و ئەو خۆی لە لێڤێلینگ لادەدات. ھەر تاکێک دەتوانێت بەشداری ئەم پڕۆسەیە بکات لە سنوورە بچووکەکەی خۆیدا، بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکی خۆییە، لێڤێلینگیش تاک داگیر دەکات.» – سۆرێن کیەرکێگۆر

کیەرکێگۆر، داکۆکیکارێکی فەلسەفەی ژیان، بە گشتی دژی لێڤێلینگ و ئەنجامە ھیچخوازەکانی دواوە، ھەرچەندە ئەو باوڕی وابوو کە «پەروەردەیی دەبێت ئەگەر لە تەمەنێکدا بژیت کە لێڤێلینگ تێیدا ڕوودەدات [لەبەرئەوەی] خەڵکی ناچار دەبن کە بە تەنھا ڕووبەڕووی حوکمی لێڤێلینگ ببنەوە» جۆرج کاتکین دەڵێت کە کیەرکێگۆر دژی لێڤێڵینگ بووە، بۆ ھەر مەبەستێک بێت. کیەرکێگۆر دەڵێت کە ئەو کەسانەی کە دەتوانن بەسەرکەوتوویی بەسەر پڕۆسەی لێڤێڵینگدا زاڵ بن بەھێزتر دەبن و ئەوەش پێیەکی تر دەنوێنێت بەرەو بوون بە خودی خۆی.

جیاوازییەک ھەیە لە نێوان بیرکردنەوەی ھیچخوازەکەی کیەرکێگۆر و ھیچخوازیی سەردەمی مۆدێرندا، کیەرکێگۆر بڕوای وابوو کە لێڤێڵینگ دەبێت بە ھۆکار بۆ ژیانێکی بێ واتا، مەبەست، لەگەڵ نرخ. لەکاتێکدا کە ھیچخوازەکانی سەردەمی ھاوچەرخ پێیان وایە کە ھیچ کاتێک ھەر لە سەرەتاشەوە واتا و مەبەست و نرخی نەبووە ھەرچۆنێک بێت.

فریدریش نیچە[دەستکاری]

نیچە لە ١٨٧٥دا

ھیچخوازی زۆرجار دەدرێتە پاڵ فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش نیچە، فریدریش کەسایەتییەک بووە کە توانیوێتی ھیچخوازی بە وردی وەک دیاردەیەکی بەربڵاو لە چاندی خۆرئاوادا دەستنیشان بکات. ھەرچەندە خەسڵەتەکانی ھیچخوازی لە کارەکانی ئەودا دەبیندرێن، ئەو دەستەواژەکەی بە چەند شێوازێکی جیا جیا بەکارھێناوە، کە واتا و پەیوەندی جیا دەدەن. (کارێن کار) لە بارەی کارەکان و شێوازی تێگەیشتنی نیچە لە ھیچخوازی دەڵێت: «ھەروەک حالەتێکی گرژی وایە، وەک لارسەنگیێک لەنێوان ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت بە نرخی بزانین (یان پێویستمان پێیەتی) و چۆن جیھان کاردەکات.» کاتێک ئێمە درک بەوە دەکەین کە جیھان ئەو بەھا و واتایەی نییە کە ئێمە دەمانەوێت ھەیبێت یان بۆ چەند کاتێکی زۆر پێمان وابووە ھەیبووە، دەکەوینە قەیرانەوە. نیچە دەڵێت لەگەڵ ڕەت کردنەوەی مەسیحییەت و بەرزبوونەوەی پووکانەوەی سایکۆلۆجی، ھیچخوازی لە ڕاستیدا خەسڵەتی سەردەمی ھاوچەرخە، پێشی وایە کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ھیچخوازەکان ھێشتا ناتەواوە و ھێشتا زیاتری ماوە بەرز ببێتەوە. دەفتەرەکانی نیچە کە بڵاوکراونەتەوە، بە وردی باسی کێشەکانی ھیچخوازی دەکات.

نیچە ھیچخوازی بە واڵاکردنەوەی جیھان، بە تایبەتی مرۆڤ، لە واتا، مەبەست/ئامانج، ڕاستی، و نرخ لە قەڵەم دەدات. قەدەکانی ئەم تێبینییانە بەشێکن لە تێڕوانینناسی (Perspectivism)ـی نیچە، یان بیرۆکەکەی کە دەڵێت: زانین بەردەوام لەلایەن کەسێکی شتێکەوەیە: بەردەوام بە تێڕوانینەوە بەستراوەتەوە و ھەرگیز ڕاستییەکی سەلمێنراو نییە. تا ڕادەیەک، لێکدانەوە ھەیە کە وا لە ئێمە دەکات لە جیھان و واتاکەی تێبگەین. لێکدانەوە شتێکە کە ناتوانین بەبێی بژین؛ لەڕاستیدا، شتێکە کە پێویستە. ڕێگەیەک لە لێکدانەوەی جیھان سەرنجدانی ڕەوشتە، کە یەکێکە لە ڕێگە سەرەکییەکان کە خەڵکی بەکاری دەھێنن بۆ دۆزینەوەی واتا لە جیھاندا. نیچە جیاوازی دەکات لە بەینی ڕەوشتێک کە بەھێز و تەندروستە، لەگەڵ دانەیەک کە بێھێزە، بێ گوێدانە ڕادەی بەھێزییەکەی، ڕەوشت بە واتامان دەناسێنێت، جا ئەمە دروست کراو بێت یان چێنراو بێت، یارمەتیمان دەدان کە ژیان ببڕین، ھەرچۆنێک بێت.

ھیچخوازی و بودیزم[دەستکاری]

Buddha anjali mudra.JPG

لە بودیزمدا، بەتاڵی شتەکان لێکچوونێکی ھەیە لەگەڵ ھیچخوازیدا. ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن فریدریش نیچەوە ئاماژەی پێ کراوە، زانا بودییەکانیش ھۆکاری ئەو لێکچوونەیان گەڕاندۆتەوە بۆ وەرگێڕانە بێھێزەکەی ئەو کاتە. بودا وتوێتی کە ھەموو شتێک، جا فیزیکی بن یان خەیاڵی، بەتاڵن لە ھەر ماددەیەکی ھاوڕا یان سروشتی گرنگ. ئەناتایەکی تری بودیزمش دەڵێت کە ھەبوون لە سروشتدا لە ڕاستیدا گرنگییەکی وای نییە و خودی کەس ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. بەپێی ناجارجونا، فەیلەسوفی سەدەی دووەم، بوونەوەرە ھەستیارەکان بۆ ماوەیەکی کاتیی لە پێنج توخم پێکھاتوون و بەتەنھا بوونیان نییە، واتە لە ڕاستیدا خود بوونی نییە.

«ڕاستی ڕەسەن بەتاڵە لە پێکھاتەی چەمکی» – ناجارجونا

بەپێی تێگەیشتنی بودییەکان، ئەگەر «ھەبوون» ھەبێت، ئەوا دەبێت ڕێژەیەکی بێ کۆتا بێت. بەپێی لێکۆڵینەوە کۆنەکانی بودیزم، وەک ئەوانەی سارڤاستیڤادا، سروشت بە شێوەیەکی دیالێکتیکی کار دەکات کە تێیدا ھەموو بوونەوەرەکان یەکتری پشتگوێ دەخەن، بەھۆی بەردەوامبوونیشیانەوە ئەمە دەبێتە سیستمێک بۆ ئەوان، دواتریش وردە وردە ئەم سیستمە ون دەبێت و ھەموو دەکەونە حاڵەتێکەوە کە ناسراوە بە حاڵەتی پۆسەسیۆنلەس، کە حاڵەتێکە ھیچ گرنگییەک، دانەپاڵێک، یانیش ڕێکییەکی تێدا نابیندرێت.

ھۆشی مرۆڤایەتی بە گشتی، ئەو کردارەیە کە مرۆڤەکان دەبەستێتەوە بە ئەفسانە و خەیاڵەوە، کە دەبێتە ھۆکاری بێ ھیوایی و خەمۆکی، ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە ئەو واتایەی ئێمە بە ژیان یان ئەو شتانەی ناویمان داوە بەتاڵە.

لەکاتێکدا کە بودیزم و ھیچخوازی بە شێوازێک پەیوەندیدارن، شیاو نییە کە بووترێت بودیزم شێوازێکە لە ھیچخوازی. بودیزم ھیچخوازی نییە چوونکە دین و ڕەوشت و بایەخداری ڕەت ناکاتەوە.

جووڵەی ڕووسی[دەستکاری]

بە جووڵەی ھیچخوازی ناسراوە، کە جووڵەیەکی ڕووسی بوو کە لە ساڵی ١٨٦٠ەکاندا سەری ھەڵدا کە ھەموو دەسەڵاتێکی پشتگوێ دەخست و ڕەتی دەکردەوە. دوای کوژرانی ئەلێکساندەری دووەم لە ساڵی ١٨٨١، ھیچخوازەکان لە سەرانسەری ئەورووپادا سەریان ھەڵدا بۆ ئەوەی ناڕەزاێتی خۆیان دەرببڕن لە بەکارھێنانی زۆرەملێ و توندوتیژی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ڕامیاری. ھیچخوازەکان تووڕەیی خۆیان دەردەبڕی بەرامبەر بە توندوتیژییەکەی کڵێسای ئارتاداکسی خۆرھەڵات لەگەڵ ئیمپڕاتۆرییەت و ئۆتۆکراسی زاریست (Tsarist)ـی ڕووسی. ھیچخوازی لە مێژووی ڕووسیادا دەکرێت بە دوو بەشەوە:

دوو ھیچخوازی ڕووسی بەسراونەتەوە بە کورسییەکانیانەوە لەکاتێکدا کە بەرەو لەسێدارەدانیان دەبەن
  1. دەمی سەرەکی (١٨٦٠–١٧٦٩): کە دەمی بڵاوبوونەوەی بیر و باوەڕە سەرەکییەکانی ھیچخوازی و بەناوبانگبوونی بوو. لەم کاتەدا بچووکترین جووڵەی ھیچخوازی ببیندرایە لەلایەن کەسێکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن زیندان دەکران و یانیش دەنێردران بۆ سیبریا. بە دوای ئەمیشدا،
  2. دەمی شۆڕشگێڕانە (١٨٧٠–١٨٨١): کاتێک نامیلکەکەی سێرجەی نیچیاڤ (Catechism of a Revolutionary) جووڵەکەی گۆڕی، کە بریتی بوو لە تەنھا چاوەڕوانکردن و ھێرشکرشنە سەر پروپاگەندە بەربڵاوەکان. لەم دەمەدا ئارەزوو بەرەو گێڕانی شۆڕش دژی ڕژێمی زاریست زیادی کرد و چەندەھا کردەوە ئەنجام درا دژی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا. دەمی شۆڕشگێڕی لەگەڵ کوژرانی تزار ئەلێکساندەری دووەم کۆتایی پێ دێت (١٣ی ئازار ١٨٨١).

پێش کۆتایی ھاتنی دەمی شۆڕشگێڕان، حکومەتی ڕووسیا لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی چالاک دەستیان کرد بە ڕاوکردنی ھیچخوازەکان دوای ئەوەی ھەوڵی کوژرانی زار شکستی ھێنا، ئەمەش وای کرد کە چەند کۆمەڵگەیەکی ھیچخوازی شاردراوە سەر ھەڵبدەن، کە یەکەمینیان پێکھاتووە لە «ڕێکخراوەکە – The Orginization»، ئەم ڕێکخراوە ھەستا بە کردنەوەی قوتابخانەیەکی کوڕان لە مۆسکۆ بۆ ڕاھێنانی شۆڕشگێڕە گەنجەکان. لە پاڵ ئەمەدا، ئەوان گرووپێکی تریان لێ بۆوە بە ناوی «دۆزەخ»، کە کاریان تەنھا تاوانی ڕامیاری بوو، و کوشتنی زار ئامانجی سەرەکییان بوو. دیمیتری کاراکۆسۆڤ ھەوڵی کوشتنەکەی دا، بەڵام شکستی ھێنا، بۆیە لە ٤ی نیسانی ١٨٦٦ لەسێدارە درا لە مەیدانی قەشە پیتەرسبێرگ.

شێوازەکان[دەستکاری]

ھیچخوازی چەند پێناسەیەکی جیا جیای ھەیە، بەھۆی ئەمەشەوە دەتوانێت خۆی لە چەند فەلسەفەیەکی جیا و سەربەخۆدا بدۆزێتەوە.

ھەبوونی[دەستکاری]

ھیچخوازیی ھەبوونی یان وجودی (وجودیة) ئەو باوەڕەیە کە ژیان ھیچ واتا و نرخێکی درکپێکراوی نییە. ھیچخوازیە ھەبوونییەکان پێیان وایە کە تاقە مرۆڤێک بەتەنھا یانیش ھەموو مرۆڤایەتی بێ بایەخە، بێ مەبەستە. بێ واتایی ژیان بە فراوانی باس کراوە لە بوونخوازی (وجودیة). بەپێی بیردۆزەکە، ھەر تاکێک بوونەوەرێکی دابڕاوە کە دێتە گەردوونەوە، ھەر لە سەرەتاشەوە لە وەڵامی پرسیاری «بۆچی من ھەم؟» دابڕاوە، بەڵام ھەر ناچار دەکرێن کە خۆیان واتایەک دروست بکەن یان دابھێنن. لە ھەموو جۆرەکانی ھیچخوازی دا، ئەم جۆرەیان گرنگی زیاتری پێدراوە لە ڕووی فەلسەفیی و وێژەییەوە.

ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت ژیان بەبێ واتا و نرخە پێکھاتووە لە پێکھاتەی سەرەکی بنیاتنانی ھیچخوازی، ھیچخوازیە ھەبوونییەکان دەڵێن کە (واتا) «بابەتێکی بیردۆزیی خاوەن بیر نییە» و بەڵکو «سەرەنجامێکی بەشداری کردن و پابەند بوونە.»

ئەم بیردۆزەیە بە کەڵک دێت بۆ باسکردنی حاڵی مرۆڤایەتی لەکاتی ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی واتا لە ژیاندا، ھیچخوازەکانیش لەسەر ئەمە دەڵێن «بە فیزین، دڵڕەنجاوین، و خۆمان ھەڵدەخڵەتێنین، ژیانی ئێمە ھیچ بایەخێکی نییە، و گەڕان و دان پێنان بە واتایەکدا لە ژیان کە لە ڕاستیدا نییە بێکەڵکە.» ھیچخوازە ھەبوونییەکان دەڵێن کە دەبێت ھەر تاکێک ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببێتەوە کە دەمرێت، و ھەردووک ئایین و مێتافیزیک ئەنجامی ترسە لە مردن.

بەپێی دۆناڵد کرۆسبی، «ھیچ پاساوێک نییە بۆ ژیان، بەڵام ھیچ مەرجێکیش نییە بۆ نەژیانی. ئەو کاسانەی کە بانگەشە دەکەن کە واتایەکیان دۆزیوەتەوە لە ژیانیاندا نە درۆ دەکەن و نە خۆیان ھەڵدەخڵەتێنن، بەڵکو ئەوان شکستیان ھێناوە لە بینینی حاڵی مرۆڤایەتی.» ھیچخوازیی ھەبوونی لە ڕاستیدا بەشێک بووە لە دابونەریتی کۆمەڵگەی ڕۆژاوا لە سەردەمی کیرینایکییەکانەوە. لە سەردەمی ڕێنێسانسدا، ویلیام شێکسپیر بە ڕوونی و پاراوی بینین و بۆچوونی ھیچخوازیە ھەبوونییەکانی خستە ڕوو لە کۆتایی یەکێک لە شانۆگەرییەکانیدا.

یەکێک لە کۆنترین خاوەن بیری ھیچخوازیی ھەبوونی فەیلەسوف ھێگەسێس بوو (٢٥٠ پ.م)، ئەو پێی وابوو کە ناخۆشی و کارەسات خۆی بەسەر خۆشحاڵی و خۆشبەختیدا زاڵ کردووە، بۆیە دڵخۆشی لە توانادا نابێت و خۆکوشتنی بە تەنھا چارەسەر داناوە. ھیچخوازە ھەبوونییەکان بەبێ بایەخدانانی سروشتی مرۆڤ و ھەموو واتا سەرەکییەکان ژیان ھەڵدەبژێرن و باوەڕیان بە ھیچ شتێک نییە لە ژیاندا. لە ساڵەکانی ١٩٠٥–١٩٨٠، ژێن-پۆل ساخت، ڕۆماننووس و فەیلەسوفی فەڕەنسی ئەم بیروباوەڕەی بەناوبانگتر کرد لە ناوخۆی فەڕەنسادا و وەک جووڵەیەکی لێ ھات.

ئاکاری[دەستکاری]

تابلۆی ھیچخوازەکە، لەلایەن پۆڵ مێروات (١٨٨٢)

ھیچخوازیی ئاکاری یان ڕەوشتی، ھەروەھا ناسراوە بە ھیچخوازیی ئێتیکاڵ، بیر و باوەڕێکی مێتائێتیکییە (أخلاقیات فوقیة) کە دەڵێت ڕەوشت بە شێوەیەکی زگماگی بوونی نییە لە ڕاستیدا، بەھۆی ئەمەشەوە ھیچ کردەوەیەک ناتواندرێت بەسەر ئەوی تردا پەسەند بکرێت. بۆ نموونە ھیچخوازێکی ئاکاری لەوانەیە بڵێت کوشتنی کەسێک، بۆ ھەر ھۆکارێک بێت، خۆی لە ناو خۆیدا نە ھەڵەیە و نە ڕاست. چوونکە بنەماکانی ڕەوشت لە کۆمەڵگادا دوولەتکارییەکی سادەبنچیبە بنیانت دراوە. ھیچخوازەکانی تر لەوانەیە مشتومڕ لەسەر ئەوە بکەن و بڵێن نەک ڕەوشت بوونی نییە، ئەگەر ھەبێت، ئەوە داھێنانی مرۆڤە و بۆیەش دەستکردە. ئەوەی کە بە خراپ ناسراوە لە ناو مرۆڤایەتیدا کێشێکی قورستری خراوەتە سەر وەک لەوەی کە بە باش لە قەڵەم دراوە. بەھۆی ئەمەوە ھیچخوازێکی ئاکاری پێی وایە کە بانگەشە ڕەوشتییەکان لە ھەموو ڕاستییەک دوورن و ھیچ نرخێکیان نییە.

»بیردۆزەی ھەڵە»، بیردۆزەیەکە کە لەسەر سێ بنەما پێکھاتووە و دەتوانێت بیرکردنەوەی ھیچخوازێکی ئاکاری بە ئاسانی بخاتە ڕوو:

  1. ھیچ پێکھاتەیەکی ئاکاریی سروشتی لەم گەردوونەدا نییە؛ کەواتە ھیچ شتێک ھەڵە و ڕاست نین
  2. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە ھیچ بڕیارێکی ڕەوشتی دروست نییە، بەڵام،
  3. حوکمە ڕەوشتییەکانمان ھەوڵی باسکردنی شتە ڕەوشتییەکان دەدەن، بەڵام بەردەوام شکست دەھێنن.

ئەمەش وا دەکات کە ئێمە بەردەوام بکەوینە ھەڵەوە لەکاتی بڕیاردان لەسەر شتەکان بە شێوەیەکی ئاکاریی. ئێمە ھەوڵی دەربڕینی ڕاستییەکان دەدەین لەکاتی حکومدان یان بڕیاردانی ڕەوشتی، بەڵام چوونکە ھیچ ڕاستییەکی ڕەوشتیی یان ئاکاریی بوونیان نییە، بانگەشە ڕەوشتییەکانی ئێمەش ھەڵە دەبن. ێەم سێ بنەمایە و بیردۆزەکە بەرەو ئەوەمان دەگەیێنێت یان ھەوڵی دەدات ئەوەمان پێ بڵێ کە ھیچ زانیارییەکی ڕەوشتی نییە. زانین و زانیاری پێویستییان بە ڕاستی ھەیە. واتە ئەگەر ڕاستی ڕەوشتی نەبێت، ناکرێت زانیاری ڕەوشتی ھەبێت، ئەمەش وا دەکات کە ڕەوشت بە تەواوەتی ئەفسانەیی بێت.

مێتافیزیکی[دەستکاری]

ھیچخوازی مێتافیزیکی ئەو بیردۆزە فەلسەفەییەیە کە وای دادەنێت شتومەکی بینرا و فیزیایی لەوانەیە بوونیان نەبێت لە جیھانی موحتەمەلدا، ئەگەر تەنانەت دانەیەکیش ھەبێت کە شتومەکی فیزیایی تێدا بەدی بکرێت، ئەوا ھەر دەبێت دانەیەکیش ھەبێت کە تەنھا شتومەکی واتایی تێدا بێت. (شتومەکی واتایی شتێکە کە لە ھیچ کاتێک یان شوێنێکی دیاریکراودا بوونی نییە.) ھیچخوازیی سەختی مێتافیزیکی بە گشتی بەو باوەڕە دێتە برچاو کە ھیچ شتێک بوونی نییە لە جیھانی خۆ-کارادا. «فەرھەنگی ئەمریکی کەلەپووری پزیشکی» بە «دڕدۆنگییەکی سەخت کە ھەموو ھەبوون ڕەت دەکاتەوە» پێناسەی ھیچخوازی دەکات. گۆمانڕاییەکی ھاوشێوەی جیھانە موحتەمەلییەکان لە «سۆلیپسیزم»دا بەرچاو دەکەوێت (سۆلیپسیزم لە «سۆل» بە واتای تەنھایی و «ئیپس» بە واتای خودی لاتینییەوە وەرگیراوە، ئەو بیرۆکە فەلسەفییەیە کە دەڵێت تەنھا ھۆشی خود بە بێ گومان ھەیە.) ھەرچەندە ھەردوو بیرۆکەکە ھاوشێوەی یەکتری ھەبوونی شتومەک ڕەت دەکەنەوە، ھیچخواز ھەبوونی خودیش ڕەت دەکاتەوە، لەکاتێکدا سۆلیپسیستێک بە پێچەوانەوە، ھەبوونی خود پەسەند دەکات.

زانینناسی[دەستکاری]

ھیچخوازیی زانینناسی شێوازێکە لە گومانڕایی کە تێیدا کەسەکە ھەموو زانیارییەکان بە ھەڵە لەقەڵەم دەدات بەھۆی ئەوەی کە لەوانەیە ھەڵە بن یانیش ناتوانرێن کە دڵنیا بکرێنەوە کە ڕاستن.

میریۆلۆجیکال[دەستکاری]

ھیچخوازی میرۆلۆجیکال لەسەر میرۆلۆجی (علم الأجزاء) یان پارچەناسییە، حاڵەتێکە کە باوەڕ وایە شتە فیزیاییەکان پارچە و بەشی شیاویان نییە و تەنھا پارچەی سەرەتایی شتەکانیان پێکھێناوە، ئەمەش واتا ئەو جیھانەی ئێمە تێیدا دەژین کە پڕە لە شتی تەواو بە پارچەوە بەرھەمێکی ھەستە خەڵەتێنەرەکانی مرۆڤە. لێکدانەوەی ھەبوونی شتێک پێویستە بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەو شێوازەی کە مرۆڤەکان «پارچە نادروستەکان»ی سەر زەوی پێ دەبینن ڕاستییەکی سەلمێنراوی واقیع نییە، بەڵکو تایبەتمەندیێکی شاراوەیە کە تەنھا دەتوانرێت بەجۆریی و سەرنجدان دەرببڕدرێت. بەھۆی ئەمەشەوە ھیچ ڕێگەیەکی سەلمێندراو نییە بۆ پێوانی ئاستی ڕاستی ھیچخوازیی پارچەناسی.

پارچەکان بەکاردێن بۆ ڕوونکردنەوەی ھەموو شتەکانی کە لەسەر زەوی و گەردووندان و ھەموو شتە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانە دەگرێتەوە. بۆ نموونە تۆپێک لە دوو پارچەی نیوەیی پێکھاتووە، بۆیە ئەم تۆپە شتێکی تەواوە کە لە دوو پارچە پێکھاتووە. پارچەزانی دەڵێت کە ھەموو شتێک ئێمە دەیبینین لە گەردووندا شتێکی تەواوە کە لە پارچە پێکھاتووە. تەنھا ئەو شتانەی کە تاکو ئێستا مرۆڤایەتی دۆزیبێتییەوە کە پارچەی نەبێت لاپتۆن و کوارکە، چوونکە بە چاو نابیندرێن و ناتواندرێن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ درکیان پێ بکرێت.

بۆ دژایەتی کردنی پارچەناسی یان ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت ھەموو شتێک تەواوە و پارچەی ھەیە، ژمارەیەک لە فەیلەسوفان دەرکەوتن کە دەڵێن کە ھیچ شتێک نییە کە پارچەی ھەبێت. ئەم فەیلەسوفانە دەڵێن کە ھەستەکانمان تەنھا زانیارییەکی کز و کەممان دەدەنێ دەربارەی واقیع، بۆیە نابێت پشتیان پێ ببەسترێت. بۆ نموونە ئێمە ناتوانین بچووکترین ئەو کەرەستەکانە ببینین کە کەرەستەی لەخۆ گەورەتریان بەرھەمھێناوە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە چاوەکانی ئێمە لاوازن و ناتوانین پشتیان پێ ببەستین بۆ تێگەیشتنی ھەمووشتێک.

ڕامیاری[دەستکاری]

ھیچخوازیی ڕامیاری لقێکی ھیچخوازیە کە دوای خەسڵەتەکانی ھیچخوازێک دەکەوێت لە ڕەتکردنەوەی شتی نابەجێ یان پێداگری نەسەلمێنراو. ئەمەش سەرەکی ترین پێویستییەکانی بنەماکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەگرێتەوە، وەک حکومەت، خێزان، لەگەڵ یاسا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

", retrieved at December 2, 2009.

  • Rose, Eugene Fr. Seraphim (1995), Nihilism, The Root of the Revolution of the Modern Age, Forestville, CA: Fr. Seraphim Rose Foundation.
  • Rosen, Stanley (2000), Nihilism: A Philosophical Essay, South Bend, Indiana: St. Augustine's Press (2nd Edition).
  • Slocombe, Will (2006), Nihilism and the Sublime Postmodern: The (Hi)Story of a Difficult Relationship, New York, NY: Routledge.
  • Villet, Charles (2009), Towards Ethical Nihilism: The Possibility of Nietzschean Hope, Saarbrücken: Verlag Dr. Müller.
  • Williams, Peter S. (2005), I Wish I Could Believe in Meaning: A Response to Nihilism, Damaris Publishing.