پاساو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

بە شێوەیەکی زۆر گشتی، پاساو یا پاسا ڕوونکردنەوەیەکە کە نیشان دەدات کردەوە یا ھەڵوێستێک چەندە لەگەڵ ستاندارد و پرەنسیپدا تەبایە.[١] پاساودان یا پاسادان واتە ڕوونکردنەوە و بەڵگەھێناوە لەسەر دروستی و ڕەوا بوونی کارێک،[٢] یا کۆشش بۆ بەڕێوجێ نیشاندانی ئەو کارە.[٣] بۆ وێنە کردەوەی تاوانکارانەی کەسێ لەوانەیە بەپێی یاسا پاساوی بێت (پاساو (دادوەری) ببینە).

مەعریفەتناسان گرنگی دەدن بە تایبەتمەندییە مەعریفەتییەکانی باوەڕ، کە یەکێک لەوانە پاساوە. تیۆریی پاساو (بە ئینگلیزی: Theory of Justification) بەشێکە لە مەعریفەتناسی کە تێ دەکۆشێت لە پاساودانی قەزیەکان و باوەڕەکان تێ بگات. لە مەعریفەتناسیدا، پاساو ڕوونکردنەوەیەکە کە دەری دەخات باوەڕەکانی کەسێک چەندە لەگەڵ مەعریفەتدا تەبان، ھەرچەند لە بابەت ئەوەوە کە ئەمە بەوردی چ مانایەک دەدات بڕێ یەکنەکەوتوویی ھەیە. ھەندێ کەس دەڵێن «تەبایی لەگەڵ مەعریفەتدا» دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئاخۆ باوەڕەکان دروستن یا نە، ئەوانی تر دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئاخۆ باوەڕکان بە مەعریفەت و ناسیاری دەژمێردرێن یا نە. کەسانێکی تریش ھەن کە دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئاخۆ ئەو باوەڕانە بە شێوازێکی ڕێکوپێک و بەرپرسانە پێک ھاتوون و جێگیر بوون یا نە.[١]

یەکێک لە شرۆڤە بەناوبانگەکانی پاساو ئەمەیە کە تەنیا کاتێک باوەڕێک بۆ خاوەنەکەی پاساودارە کە ئەو کەسە ھۆکار و بیانووی گونجاوی بێت بۆ دەست ھەڵنەگرتن لە باوەڕەکە. ئەگەر A بانگەشەیەک بکات و B لێی بکەوێتە گومانەوە، کاری دواییی A ڕەنگە ئەوە بێت کە پاساوی بۆ بێنێتەوە. پاساو ڕاڤەیەکە ڕۆشنی دەکاتەوە بۆچی باوەڕەکە ڕاستە.[١]

نموونەکان[دەستکاری]

باوەڕێکی زۆر سادە و ئاشکرا کە ڕەنگە کەسێ بیبێت ئەوەیە کە ئاسمان شینە. ئەگەر یەکێکی تر بێت و لەو کەسە بپرسێ بۆچی لەو باوەڕەدای کە ئاسمان شینە؟ لەوانەیە بڵێ ھەروا لە خۆوە دەڵێم، یا بڵێ لە چارەنووسمدا وا نووسراوە. ئەگەر ھات و بەو چەشنە وەڵامی دایەوە، ئەوە نەیتوانیوە پرسیارکەرەکە دڵنیا بکات لەوە کە بیانوو و ھۆکارێکی شیاو و گونجاوی ھەیە بۆ دەست ھەڵنەگرتن لە باوەڕەکەی. واتە، تەنانەت ئەگەر ئاسمان لە واقیعیشدا شین بێ، باوەڕەکەی بێپاساوە. بەڵام، ئەگەر وتی لە بیرمە دواجار کە سەیری ئاسمانم کرد شین بوو، یا ئێستا کە سەیری دەکەم شینە، ئەو کات پرسیارکەرەکە قورستر لە وەڵامەکەی دەنەوێت. واتە ئەم جارە باوەڕەکەی پاساودراوترە.[١] یا بۆ وێنە لەوانەیە کەسێ بەو بۆنەوە کە لە ناسنامەکەیدا ڕۆژی لەدایکبوونی ۱۵ی مانگی حەوت نووسراوە، باوەڕی وا بێ کە لە ۱۵ی مانگی حەوتدا لە دایک بووە. ئێستا ئەگەر لە واقیعدا یەک ڕۆژ زووتر واتە ڕۆژی ۱۴ی مانگی حەوت لە دایک بووبێ و، بەھەڵە لە ناسنامەدا ڕۆژی ۱۵ تۆمار کرابێ، ئەو کات دەتوانین بڵێین باوەڕەکەی نادروستە، گەرچی بەباشی پاساو دراوە.[٤]

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

وشەی پاساو لە بنەڕەتدا بە مانای «وەڵام»ە و ھاوڕیشەیە لەگەڵ وشەگەلی فارسیی «پاسخ» بە مانای وەڵام و، «سخن» بە مانای قسە و وتاردا.[٥][٦]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ "Epistemic Justification". Internet Enyclopedia of Philosophy.
  2. ^ ماجد مەردۆخ ڕۆحانی، ماناکانی توجیه لە فەرھەنگی فارسی بە کوردی زانستگای کوردستان، لاپەڕەی ۷۱۸.
  3. ^ ماجد مەردۆخ ڕۆحانی، فەرھەنگی زانستگای کوردستان، مانای دووەمی وشەی پاکانە. لاپەڕەی ۴۰۹.
  4. ^ Stanford Encyclopedia of Philosophy entry on Epistemology, 2. What is Justification?
  5. ^ نانەوازادە, عەلی (۲۰۱۸). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. بەرگی دوو پ-ت. ۴۸. Check date values in: |year= (help)
  6. ^ "Reconstruction:Proto-Iranian/cánhati - Wiktionary". en.wiktionary.org. Retrieved 2021-03-26.