ئیبراھیم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئیبراھیم (بە عیبری : איבראהים) (بە عەرەبی : إبراهيم) پێغەمبەرێکی کورد بوو.[١] بە گوێرەی کتێبی پیرۆز و قورئان یەکێک بووە لە پێغەمبەرانی خودا و باوکی نەتەوەی بەنی ئیسرائیل و باوکی پێغەمبەران و خۆشەویستی خودایە.[٢]

لەئیسلامدا[دەستکاری]

بەپێی قورئان، ئیبراهیم لەو پێغەمبەرانەیە کە بە شکۆمەند (بەعەرەبی: أولى العزم) ناویانبراوە، لە نەوەی "سام"ی کوڕی نوحە. لە قورئاندا، ھاتووە: "وَاتَّخَذَ الله إِبْرَاھِيمَ خَلِيلاً"[٣]، زمانزانانی عەرەب وشەی "الخُلَّة" بە خۆشەویستییەکی توند ناو دەبەن، واتە ئیبراھیم کەسێکی زۆر خۆشەویست بووە لای خودا. ئەو سەردەمەی کەتیایدا ژیاوە لەقورئاندا تەواو دەستنیشان نەکراوە، زانایان دەڵێن[ژێدەر پێویستە] ١٦٨٠ ساڵێک پێش زایین لەدایک بووە، ئیبراھیم لە "ئور" لە زەوی بابل لە عێراق لەدایکبووە، کە دەکەوێتە نێوان ھەردوو ڕووباری (دیجلە و فورات).

ئیبراھیم لە ئاینەکانی دیکەدا[دەستکاری]

ئیبراهیم لەلایەن سێ ئایینە گەورەکەی جیهانەوە ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێت کە بریتین لە ئایینی جوو، مەسیحی و ئیسلام، لە ئایینی جولەکەدا باوکی دامەزرێنەرە و پەیوەندی تایبەتی نێوان گەلی جولەکە و خودایە - باوەڕێک کە جولەکەکان پێگەیەکی ناوازەیان لێوە وەردەگرن وەک گەلی هەڵبژێردراوی خودا، لە ئایینی مەسیحییەکاندا، پۆڵسی نێردراوی خودا باس لەوە دەکات کە باوەڕبوونی ئیبراهیم بە خودا وای لێکردووە ببێتە یەکەم نمونە بۆ هەموو باوەڕداران، چ لەوان خەتەنەکراو چ خەتەنەنەکراو، و لە ئیسلامدا ئیبراهیم وەک موسڵمانێک سەیر دەکرێت و پێشەنگی یەکەمی موسڵمانانە کە بە “ئایینی ئیبراهیم” ناسراوە.

مزگەوتی ئیبراهیم لە شاری ئەلخەلیل، کە ئەشکەوتی ئەلمەکفەلەی لێیە و پێدەچێت ئیبراهیم لەوێ بە خاک سپێردرابێت
مزگەوتی ئیبراهیم لە شاری ئەلخەلیل، کە ئەشکەوتی ئەلمەکمەسیحیی لێیە و پێدەچێت ئیبراهیم لەوێ بە خاک سپێردرابێت

مناڵی ئیبراهیم[دەستکاری]

قورئان بەسەرهاتی ئیبراهیم بەو جۆرە باس دەکات کە رۆژێک له رۆژان گوندێک هه‌بوو خه‌‌ڵکه‌که‌ى بتپه‌رست بوون، بتی زۆریان هه‌بوو، بته‌کانیشیان له‌ شوێنێکدا هه‌موو پێکه‌وه‌ دانابوو، پیاوێکیشیان ناوى ئازه‌ر بوو بته‌کانی دروست ده‌کرد، ئازه‌ر کوڕێکی هه‌بوو ناوى ئیبراهیم بوو، به‌ڵام ئیبراهیم بته‌کانی نه‌ده‌په‌رست و ئه‌یزانی بته‌کان هیچ شتێک ناتوانن بکه‌ن. ئیبراهیم هه‌میشه‌ هه‌وڵی ده‌دا باوکى خۆى و خه‌ڵکی گونده‌که‌ واز له بتپه‌رستی بهێنن به‌ڵام ئه‌وان به‌ قسه‌یان نه‌ده‌کرد و لێی تێ نه‌ده‌گه‌یشتن. ئیبراهیم بیرى کرده‌وه بته‌کان بشکێنێت تا خه‌ڵکی بزانن بته‌کان ته‌نها به‌ردن و خودا نین. خه‌ڵکی گونده‌که‌ى ئیبراهیم جه‌ژنێکیان هه‌بوو تێدایدا بۆ سه‌یران ده‌چوون، به‌ڵام ئیبراهیم له‌گه‌ڵیاندا به‌شدارى نه‌کرد، ئیبراهیم وتی بابه‌ گیان من ناتوانم‌ زۆر بیرده‌که‌مه‌وه‌ و نه‌خۆشم‌. کاتێک خه‌ڵکه‌که‌ رۆیشتن ئیبراهیم چوو بۆ لاى بته‌کان، ئیبراهیم سه‌یرى کرد خه‌ڵکی گونده‌که‌ خواردنیان بۆ بته‌کان هێناوه‌، ئیبراهیم به بته‌کانی وت بۆ نان ناخۆن؟ بۆ وه‌ڵام ناده‌نه‌وه‌؟ ئایا نابیستن؟ پاشان ئیبراهیم به‌ته‌ور بته‌کانی شکاند، ته‌نها بته ‌گه‌وره‌که‌ى نه‌شکاند و ته‌وره‌که‌شی کرد به‌ ملی بته‌ گه‌وره‌که‌وه‌.

کاتێک خه‌ڵکی گونده‌که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ چوون نوێژ بۆ بته‌کان بکه‌ن، به‌ڵام سه‌یریان کرد بته‌کان شکاون، توڕه‌بوون و وتیان هه‌بێ و نه‌بێ ئیبراهیم خوداکانی ئێمه‌ى شکاندووه‌، چونکه‌ ئیبراهیم بڕواى به‌ خوداکانی ئێمه‌ نییه‌ و به‌خراپه‌ باسیان ‌ده‌کات. پاشان ناردیان به‌ شوێن ئیبراهیمدا و وتیان وادیاره‌ تۆ بویت خوداکانی ئێمه‌ت شکاندووه‌؟ ئیبراهیم وتی ئه‌ى بۆچی بته‌گه‌وره‌که‌ نه‌بوبێ؟ ئه‌وه‌تا هه‌موو بته‌کانی تر شکاون و هه‌ر ئه‌و نه‌شکاوه‌! بۆچی لێی ناپرسن؟ یاخود ناتوانێ وه‌ڵامتان بداته‌وه! ئیتر بۆچی ئه‌و بته‌ بێ ده‌سته‌ڵاتانه ئه‌په‌رستن؟ خه‌ڵکی گونده‌که‌ زیاتر توڕه‌بوون و ئاگرێکی گه‌وره‌یان کرده‌وه‌ و ئیبراهیمیان کرده‌ ناوى، به‌ڵام خودا ئاگره‌که‌ى فێنک کرده‌وه‌ و ئیبراهیم نه‌سوتا و سه‌لامه‌ت بوو، خه‌ڵکه‌کەش‌ ترسان و وازیان لێ هێنا.[ژێدەر پێویستە]

په‌یامی ئیبراهیم[دەستکاری]

شه‌وێکیان ئیبراهیم ئه‌ستێره‌یه‌کی بینی، ئیبراهیم وتی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ په‌روه‌ردگاری منه‌ به‌ڵام کاتێک رۆژ ده‌رکه‌وت ئه‌ستێره‌که‌ دیار نه‌ما، شه‌وێکی تر مانگ ده‌رکه‌وت ئیبراهیم وتی ئه‌و مانگه‌ پەروەردگاری منه‌ به‌ڵام کاتێک خۆر هه‌ڵهات مانگه‌که‌ش دیار نه‌ما، ئیبراهیم وتی ئه‌و رۆژه‌ خوای منه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ و مانگ گه‌وره‌تره‌، کاتێکیش شه‌و داهات خۆریش دیار نه‌ماو ئاوا بوو. ئیبراهیم بۆی ده‌رکه‌وت خودا ئه‌ستێره‌ و مانگ و خۆرو خه‌ڵکیی نییە، چونکه‌ خودا له‌ هه‌موویان گه‌وره‌تره‌و نامرێ و زیندووه‌. خودا ئیبراهیمی کرد به‌ پێغه‌مبه‌ر، سه‌ره‌تا ئیبراهیم به‌ باوکی خۆی وت بابه‌ گیان شه‌یتان مه‌پەرستە، شه‌یتان دوژمنی تۆیه‌، بابه‌ گیان بته‌کان مه‌په‌رسته و خودا بپه‌رسته‌، به‌ڵام باوکی ئیبراهیم و خه‌ڵکی گونده‌که‌ به‌ قسه‌یان نه‌کرد و وتیان باو باپیرانمان بتیان په‌رستووه‌ ئێمه‌ش وا ده‌که‌ین، ئیبراهیم وتى من خودا ده‌په‌رستم و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ نابم، خه‌ڵکه‌که‌ش زۆر توڕه‌بوون و چوون له‌لای پاشا شکاتیان له‌ ئیبراهیم کرد، پاشا ناوی نەمرود بوو ئیبراهیمی بانگ کرد، نه‌مرود وتی خوای تۆ کێیه‌؟ ئیبراهیم وتی کردگاری من خوداى گه‌وره‌یه‌[ژێدەر پێویستە]. نه‌مرود وتی خوداى گه‌وره‌ کێیه‌؟ ئیبراهیم وتی خوداى گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵکی ده‌مرێنێ و زیندووشیان ده‌کاته‌وه‌. نه‌مرود وتی منیش ئه‌توانم، نه‌مرود دوو که‌سی بانگ کرد یه‌کێکی کوشت و ئه‌وی ترى ئازاد کرد، نه‌مرود وتی ئه‌وه‌تا منیش ئه‌مرێنم و زیندوو ده‌که‌مه‌وه‌. ئیبراهیم وتی خودا خۆر له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هه‌ڵدێنێ گه‌ر تۆ ئه‌توانی خۆر له‌ ڕۆژئاواوه‌ هه‌ڵبێنه‌، نه‌مروود دۆڕاندى و قسه‌ى پێ نه‌ما.[ژێدەر پێویستە]

له‌گه‌ڵ ئیسماعیل دا[دەستکاری]

ئیبراهیم دوو خێزانی هه‌بوو، هاجه‌ر ‌و سارا. ئیبراهیم له‌ هاجه‌ر‌ ئیسماعیلی بوو، له‌ ساراش ئیسحاقی بوو. سارا کچی مامی ئیبراهیم بوو و به‌پیرى مناڵی بوو. ئیسماعیل چوارده‌ ساڵ له‌ ئیسحاق گه‌وره‌تر بوو و هه‌ردووکیشیان دواتر بوونه‌ پێغه‌مبه‌ر[ژێدەر پێویستە]. ئیسماعیل له‌گه‌ڵ باوکیدا که‌عبه‌ى دروست کرد، ئیسحاقیش له‌ فه‌له‌ستین "بیت المقد‌س" ی دروست کرد. ئیبراهیم و هاجه‌ر و ئیسماعیل به‌ره‌و مه‌ککه‌ هیجره‌تیان کرد، مه‌ککه‌ شوێنێکی چۆڵ و بێ ئاو بوو، ئیبراهیم ویستی ژن و منداڵه‌که‌ی له‌ مه‌ککه‌ به‌جێ بهێڵێ و هیجره‌تی تر بکات، هاجه‌ر وتی ئیبراهیم بۆ کوێ ده‌چی؟ چۆن ئێمه‌ له‌م چۆڵه‌وانیه‌دا جێ ده‌هێڵی؟ ئیبراهیم وتی خودا فه‌رمانی پێ کردووم. هاجه‌ر وتی که‌واته‌ بڕۆ بێ خه‌م به‌ خودا ئاگای له‌ ئێمه‌ ده‌بێ. ئیسماعیل مناڵێکی ساوا بوو له‌ بێ ئاویدا خه‌ریک بوو بمرێ، له‌ تاوا هاجه‌ر به‌ ڕاکردن له‌ ته‌پی سه‌فاوه ده‌چوو بۆ ته‌پی مه‌روه‌و دووباره‌ له‌ مه‌روه‌وه‌ بۆ سه‌فا تا چاره‌یه‌ک بۆ ئیسماعیل بدۆزێته‌وه‌، تا خودا فریشته‌یه‌کی بۆ ناردن و فریشته‌که‌ باڵێکی له‌ زه‌وی داو ئاوی زه‌مزه‌می بۆ ده‌رهێنان، زه‌مزه‌م ئێستاش هه‌ر ماوه‌و وشکی نه‌کردووه‌.[ژێدەر پێویستە] ئیبراهیم له‌ هیجره‌تی گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هاجه‌ر و ئیسماعیل به‌یه‌کتر شاد بوونه‌وه‌، ئیبراهیم ئیسماعیلی زۆر خۆش ده‌ویست چونکه‌ نوری پێغه‌مبه‌رێتى له‌ ئیسماعیل دا ده‌بینی. جارێک ئیبراهیم خه‌وێکى بینى ئیسماعیل سه‌رده‌بڕێت، خه‌وی پێغه‌مبه‌رانیش ڕاسته‌[ژێدەر پێویستە]. ئیبراهیم به‌ ئیسماعیلی وت کوڕی شیرینم له‌ خه‌ومدا تۆم سه‌ربڕی، تۆ چی ده‌ڵێی؟ ئیسماعیل وتی بابه‌ گیان فه‌رمانی خودا جێبه‌جێ بکه‌ خودا یارمه‌تیم بدات ئارام ده‌گرم. هه‌ردووکیان رۆیشتن تا گه‌یشتنه‌ شوێنی مینا، له‌وێ ئیسماعیل له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ دانیشت و ئیبراهیم چه‌قۆی کرده‌ سه‌ر ملی ئیسماعیل به‌ڵام چه‌قۆکه‌ به‌ فه‌رمانی خوای گه‌وره‌ ملی ئیسماعیلی نه ده‌بڕی، خوای گه‌وره‌ خۆشه‌ویستانی خۆى تاقی کرده‌وه‌ تا بزانێ ئه‌وانیش چه‌ندێک خوای گه‌وره‌یان خۆشده‌وێ، له‌ به‌هه‌شته‌وه‌ جوبرائیل مه‌ڕێکی بۆ هێنان و خودا به‌ ئیبراهیمی وت ئیسماعیل سه‌رمه‌بڕه‌ و ئه‌و مه‌ڕه‌ بکه‌ به‌ قوربانی. له‌ کۆتایدا ئیبراهیم و ئیسماعیل پێکه‌وە ماڵی خوا دروست کرد و پاڕانه‌وه‌ تا خودا قبووڵی بکات. خوای گه‌وره‌ش لێی وه‌رگرتن و له‌و ڕۆژه‌وه‌ که‌عبه‌ بۆته‌ قیبله‌ى نوێژى موسوڵمانان. به‌رده‌وامیش موسوڵمانان بۆ حه‌ج و عه‌مره‌ ڕوو له‌ که‌عبه‌ ده‌که‌ن.[ژێدەر پێویستە]

ئیبراھیم و شکاندنی بتەکان[دەستکاری]

باوکی ئیبراھیم ھەڵکۆڵەری بت بوو، کەسێکی ئاسان نەبوو لە دژایەتی کردنی یەکتاپەرستیدا، بەھۆی پیشەی باوکییەوە خێزانەکەی ناسراو بوون لای دەسەڵاتداران و پلە و پایەیەکی تایبەتیان بۆ دانرابوو. ئیبراھیم لە منداڵییەوە پرسیاری دەکرد ئەم بتانە نە قسە دەکەن نە نان دەخۆن نە دەجوڵێن ئیتر چۆن دەتوانن ببن بە خودا؟ کاتێک کە باوکی دواند لەو ڕوانگەیەوە، زۆر بەتوندی وەڵامی دایەوە.[٤] ئیبراھیم ڕەوانە کرا بۆ خەڵکی بابل ئەوانەی کە بۆ ھەموو شارێک خودایەکیان دانابوو، وە ئەم خودایانە کۆ کرابوونەوە بۆ مل کەچ کردن بۆ خوایەک کە ناوی (مردک) بوو کە خوداای بابل بوو و زۆر بە گەورەیان دەزانی، ئینجا ئیبراھیم بانگی کردن بۆ ڕزگار بوون لەم بیر و باوەڕانە ھەتا بیان گەیەنێتە ڕاستی ھەرە گەورە کە ئەویش بەندایەتی خودایە بەتەنھا. قورئان بەم شێوەیە باسی دەکات: إِذْ قَالَ لِأَبِیھِ وَقَوْمِھِ مَا ھَذِھِ التَّمَاثِیلُ الَّتِی أَنتُمْ لَھَا عَاکِفُونَ (٥٢) قَالُوا وَجَدْنَا آبَاءنَا لَھَا عَابِدِینَ (٥٣) قَالَ لَقَدْ کُنتُمْ أَنتُمْ وَآبَاؤُکُمْ فِی ضَلَالٍ مُّبِینٍ (٥٤) قَالُوا أَجِئْتَنَا بِالْحَقِّ أَمْ أَنتَ مِنَ اللَّاعِبِینَ (٥٥) قَالَ بَل رَّبُّکُمْ رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ الَّذِی فَطَرَھُنَّ وَأَنَا عَلَی ذَلِکُم مِّنَ الشَّاھِدِینَ (٥٦) (الأنبیاء)[٥]

وە لەسەرەتاوە لە باوکی یەوە دەستی پێ کرد، ئینجا نەتەوەکەی، بەڵام ئامۆژگاری سودی نەبوو بۆیان بۆیە بڕیاری دا کە بە کردار بیسەلمێنێت کە ئەم بتانە نە زیانیان ھەیەو نە قازانج بۆیە ڕۆژێک کە خەڵکەکەی ھەموو لە ئاھەنگ گێڕان بوون، ھەموو بتەکانی تێکشکاند تەنھا (مردک) نەبێت کە بتە گەورەکەیان بوو، تاکوو بگەڕێنەوە بۆلای ((لَّھُمْ لَعَلَّھُمْ إِلَیْھِ یَرْجِعُونَ))، کاتێ کە خەڵکەکە ھاتنەوە لە ئاھەنگەکە و بینیان خواوەندەکانیان تێکشکاوە تووڕە بوون، (قَالُوا مَن فَعَلَ ھَذَا بِآلِھَتِنَا إِنَّھُ لَمِنَ الظَّالِمِینَ)، دەستی تاوانیان بۆ ئیبراھیم ڕاکێشا، لە سزای ئەو کارەی بڕیاریاندا بەزیندووی بیسوتێنن، بەڵام خودا ئاگرەکەی لەسەر گێڕا بەساردی و سەلامەتی (بَرْدًا وَسَلَامًا عَلَی إِبْرَاھِیمَ).[٦] پێش ئەوەی کۆچ بکات و نەتەوەکەی بەجێبھێڵێت جارێکی تر ھاتەوە لای باوکی و داوای لێکرد کە باوەڕ بە خوای تاک و تەنھا بھێنێت، بەڵام باوکی دیسانەوە دڵی شکاند و بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە نەھات، ئەویش بڕیاریدا پەیوەندی لەگەڵ ببڕێت بەتەواوەتی.[ژێدەر پێویستە]

کۆچکردن و جێھێشتنی نەتەوەکەی[دەستکاری]

لەدوای ڕزگاربوونی لە ئاگر، لەگەڵ سارای خێزانی و لووت ی برازای کۆچیان کرد بۆ ئور، پاشان بۆ حاران، ئینجا بۆ فەڵەستین وە لە نابلس جێگیر بوو ئینجا لەدوای ئەو بێ بارانی و برسێتی ئەوناوەیان گرتەوە کۆچی کرد بۆ مێر.

ئیبراھیم جاریەیەکی لە مێر خواست کە ناوی ھاجەر بوو وە لەم خێزانەی ئیسماعیل بوو و ھاجەرە لەگەڵ ئەم کوڕەی ئیسماعیل کۆچی کرد بۆ مەککە و سارای خێزانی یەکەمی، ئیسحاقی بوو کە لەدوای ئەوەی کەوتبووە ساڵەوە و پیر ببوو.[ژێدەر پێویستە]

کۆچی دوایى[دەستکاری]

ئیبراھیم لە قورئاندا ۷۰ جار ناوی ھاتووە و سوورەتێکیش بەناویەوەیەتی، لە تەمەنی ۲۰۰ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە "مغارە المکفیلە" لە حەبرون شاری خەلیل لە ئیسرائیلی ئێستا نێژراوە.

پەیوەندی ئیبراهیم و لووت[دەستکاری]

قورئان لە سوورەتی عنكبوت ئایەتی ٣٠تا٣٢ ئەوە دەگێڕێتەوە،کە کاتێک فریشتەکان هاتن بۆ لای ئیبراهیم وتیان:(ئێمە خەڵکی ئەو دێیە لەناو دەبەین خەڵکەکەی ستەمکەرن*مەبەست،لە ستەمکەر هاورەگەزبازی* )،پاشان ئیبراھیم وتی:(ئەی ئەوێ لووتی تێدایە) فریشتەکان جوابیان داوە وتیان:(ئێمە لە تۆ باشتر دەزانین کێ تێدایە، خۆی و ئەو کەسانەی شوێنی کەوتن رزگاری دەکەین، بێجگەلە ژنەکەی ئەو یەکێک بو لە ناتاواوەکان).

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ حكيم, گۆران. "خەڵکە بەتەمەنەکان ڕاست دەکەن کە دەڵێن حەزرەتی ئیبرایم کورد بووە؟". History Of Kurdistan. Retrieved 2021-08-05.
  2. ^ قورئانی پیرۆز، سوورەتی نەحل، ئایەتی ١٢٠
  3. ^ سورەتی ئەلنیسا ئایەتی ١٢٥
  4. ^ David Rohl, The Lost Testament
  5. ^ قورئان سورەتی ئەنبیا
  6. ^ قورئان سورەتی ئەنبیا ئایەتی ٦٩


سەرچاوە[دەستکاری]


قورئان،سوورەتی عنكبوت،ئایەتی ٣٠تا٣٢ نەخشەی گۆگڵ