نووح

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کەشتی نووح لە هونەری ئیسلامیدا

نووح (بەئینگلیزی: Noah، بەعەرەبی: نُوح، بەعیبری: נֹחַ, נוֹחַ، بەسریانی: ܢܘܚ، بەگریکی کۆن: Νῶε).

نووح کوری لامەک کوری متلۆشەخ کوری پێغەمبەر ئیدریس کوری یارید کوری میهلاییل کوری قەینان کوری ئانۆش کوری پێغەمبەر شەیس کوری پێغەمبەر ئادەمە.

لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا دەیەمین و دواھەمین پەتڕیکی پێش زریانەکەیە. چیرۆکی کەشتیی نوح باس کراوە لە گێراندنەوەی زریان لە بەسەرھاتەکانی درووستبووندا، ھەروەھا لە سوورەتی ٧١ی قورئاندا باسی لێوە کراوە. لەکتێبی پیرۆزدا دوا بەدوای چیرۆکی نووح، چیرۆکی نەفرەتی حام دێت. لەپاڵ بەسەرھاتەکانی درووستبووندا، بەسەرھاتی نووح لە کرۆنیکڵسی یەکەم، ئایزایە، ئێزیکیڵ، ئینجیلی مەتتا و لۆقا، کتێبی عیبرییەکان و ھەردوو نامەکەی بتڕووسدا باس کراوە.

کەشتیی نوح[دەستکاری]

بەپێی ئیسلام[دەستکاری]

بەپێی قورئان، نوح بۆ ماوەی ٩٥٠ ساڵ ئامۆژگاریی گەلەکەی خۆی کرد، بەڵام ئەوان باوەڕیان نەھێنا. خودا نوحی ئاگادار کرد کە ئیتر بێجگە لەو چەند کەسە کەمەی باوەڕیان پێکردووی کەسی تر باوەڕت پێناھێنێ. بەڵام نوح جارێکی تریش خەڵکەکەی بۆ خواپەرستی بانگکردەوە کەچی لە وەڵامدا وتیان: "ئەی نوح ماوەیەکی زۆرە ئەم قسانەمان بۆ دەکەی ئێمە باوەڕناھێنین. بڕۆ چی دەکەی بیکە. "[ژێدەر پێویستە]

نوح گووتی: "خوایە گیان خۆت دەزانی ماوەیەکی زۆرە ئارامم گرتووە، ھەموو کاتێک ئەم قەومەم بۆ خواپەرستی و وازھێنان لە بتپەرسیتیی بانگکردووە، بەردەوام بووم لەگەڵیان بەشەو و بە رۆژ، بە ئاشکراو بەنھێنی، بە کۆمەڵ و بەتاک تاک قسەم بۆ کردوون، بەڵام ئەوان ھەر باوەڕناھێنن و بێزاربووم لە دەستیان، ئەی خوای گەورە کەس لەم کافرانە مەھێڵە لەسەر رووی زەویدا. "[ژێدەر پێویستە]

باوەڕی موسوڵمانان وایە کە خودا پاڕانەوەی نوحی وەرگرت و فەرمانی کرد بە نوح کەشتییەک دروست بکات چونکە قەومەکەی نوقمی دەریا دەکات. کاتێک خەڵکەکە چاویان بە نوح کەوت کەشتی دروست ئەکات، گاڵتەیان پێ کرد. نوحیش ئارامی گرت و وتی: "کاتێکیش دێت ئێمە گاڵتە بە ئێوە بکەین. "[ژێدەر پێویستە]چیرۆکی ناو قورئان وا دەگێڕێتەوە کە پەیمانی خودا ھات و باران دەستی پێکرد و ئاو ھەستا و ھەموو شوێنێکی پڕکرد. خودا فەرمانی کرد بە نوح: "خۆت و باوەڕداران بچنە کەشتییەکەوە و لە ھەموو گیاندارێک جووتێک ھەڵبگرە نێرێک و مێیەک. "[ژێدەر پێویستە]قورئان وا دەگێڕێتەوە کە لەدوای ئەوەوە کەشتییەکە بەناوی خوداوە کەوتە سەر ئاو و بێباوەڕەکانیش لە ترسی ئاوەکە بەرەو شاخەکان رایان دەکرد، کوڕێک و ژنێکی نوحیش لەگەڵ کافرەکان بوون. نوح کوڕەکەی خۆی بینی لە ئاوەکەدا خەریک بوو ئەخنکا، نوح وتی: "کوڕم لەگەڵ ئێمە سواری کەشتییەکە بەو لەگەڵ کافران مەبە. " کوڕەکەی وتی: "دەچمە سەر شاخێکی بەرزو ئاو پێم ناگات. " نوح وتی: "کوڕم ئەمڕۆ جگە لە پەنای خوای گەورە ھیچ پەنایەکی تر نییە. "[ژێدەر پێویستە]

بەڵام کوڕەکەی باوەڕی نەھێنا و شەپۆلی ئاو دووری خستەوە و خنکا. نوح زۆری پێناخۆش بوو چونکە کوڕی بوو ئەیویست لە ئاگری دۆزەخ رزگاری بکات بۆیە نوح لە خودا پاڕایەوە و وتی: "خودای گەورە کوڕەکەم لە منە و تۆش پەیمانت راستە و باشترین دادوەری. " لەسەر ئەو بنەمایەی کە موسوڵمانان بڕوایان وایە کە خودا ناڕوانێتە بنەماڵە و ڕەچەڵەک و دادوەرێکی ڕاستە، خودا نوحی ئاگادارکردەوە: "ئەو کوڕە لە تۆنییە، ئەوە کردەوەیەکی خراپە، کافر نەوەی پێغەمبەر نییە با کوڕیشت بێت، داوای شتێک مەکە کە نایزانی و وەک نەزانەکان مەبە. "[ژێدەر پێویستە]نوحیش داوای لێبووردنی لە خودا کرد.

بەپێی چیرۆکەکەی قورئان، لە کۆتاییدا بە ویستی خودا باران وەستا و کەشتییەکە لەسەر چیای جودیی لە باکووری کوردستان وەستایەوە، نوح و ھاوەڵانی ھاتنە سەر زەوی و ھەموو کافرەکانیش لە ناوچوون.[١]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ Van Bruinessen, M. (2000). Kurdistan in the 16th and 17th centuries, as reflected in Evliya Çelebi’s Seyahatname. The Journal of Kurdish Studies, 3.1:1-11.

سەرچاوەکان[دەستکاری]