دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو
ژیاننامەی ھەڵبژێردراو ١
دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/١
ڤێرجینیا وولف (٢٥ی کانوونی دووەمی ١٨٨٢ – ٢٨ی ئازاری ١٩٤١)، نووسەر و وتارنووسی ئینگلیز بوو، و یەکێک لە نوێخوازی پێشەنگی (پۆست سەدەی بیستەم و فێمینیست بوو، چیرۆکەکانی بەوە ناوبانگیان دەرکردووە کە ویژدانی مرۆڤ دەھەژێنێت و بەیەکێک لەگرنگترین ئەدیبەکانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێت. لە ٢٥ یەنایری ساڵی ١٨٨٢ لە لەندەن لەدایک بووە، باوکی مێژوو نووس و نوسەر و ڕەخنەگر و شاخەوان بووە، دایکیشی نمونەیەک بووە لەجوانی و بەجوانێکەی ماوبانگی دەرکردووە، لەماڵێکی ڕۆشنبیر و لەسەر دەستی دایک و باوکی خوێندوێتی.
ڤێرجینیا وولف ساڵی ١٩١٢ ھاوسەرگیری لەگەڵ ڕەخنەگر و نووسەری ئابووری لیونارد وولف کردووە، یەکێک بووە لەو ئافرەتانەی زۆر کاریگەریان لەسەر ھەستی مرۆڤ ھەیە، لەساڵی ١٩١٩ بۆ یەکەم جار چیرۆکێکی تەقلیدی بڵاوکردۆتەوە بەڵام دواتر ڕێبازی ڕەوتی وێژدان و ھەستی گرتۆتەبەر و ژمارەیەک چیرۆکی تەعبیری بڵاوکردۆتەوە، ھەروەھا وەکو ڕەخنەگریش کاری کردووە و ووتار و کورتە چیرۆکیشی نووسیوە.
ژیاننامەی ھەڵبژێردراو ٢
دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٢
ئۆریانا فالاچی (ماوەی ژیان: ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٩ تاکوو ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٠٦) ڕۆژنامەنووسی ئیتالی و نووسەری سیاسی و ھەڤپەیڤێنەری سیاسییە، لە ماوەی شەڕی جیھانی دووەم دژی حکوومەتەکەی فاشیزمی ئیتالی وەستاوەتەوە، فالاچی چاوپێکەوتنی گەورەی لەگەڵ سیاسەتمەدارەکانی جیھانی کردووە لەوانە ھێنری کیسینجەر، محەممەدڕەزا پەھلەوی، یاسر عەرەفات، موعەمەر قەزافی، خومەینی، ئیندریا گاندی و چەندانی دیکەش، فالاچی بۆچوونەکانی دژی بیروبۆچوونی مەکسیکییەکان و عەرەب و ئیسلام بوون، بابەتەکانی فالاچی بۆ زێدەتر لە ٢١ زمان وەرگێڕدراون.
لەتەمەنی بیست ساڵی کاری رۆژنامەوانی دەسپێکرد. لەسەردەمی شەڕی ڤێتنام لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو، ئۆریانا بۆ کاری رۆژنامەوانیی چووە ئەو وڵاتەو دواتر کتێبی «ژیان.. جەنگ و ھیچ تر»ی نووسی، کە بەوردی باسی ئەو رۆژانە دەکا لە ڤێتنام بووە. ساڵی ١٩٧٤ کتێبی «گفتوگۆ لەگەڵ مێژوو»ی چاپکرد، ئەو دیدارانە بوو کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر سەرۆک و سیاسییەکان ئەنجامیدابوون. ئۆریانا لەدوای ئەو کتێبە ناوی تەواو درەوشایەوە بەھۆی ئەو بوێری لەگەڵ سەرۆکەکان نواندی.
ژیاننامەی ھەڵبژێردراو ٣
دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٣
ڕۆزا لویس پارکس (بە ئینگلیزی: Rosa Louise Parks) کە بە ناوی ڕۆزا لویس ماکولی (بە ئینگلیزی: Rosa Louise McCouley) لەدایک بووە. لە ٤ی شوباتی ساڵی ١٩١٣ ژیاوە ھەتا ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ کە بە ڕەچەڵەک ئەفریقی ئەمریکییە، داواکاری مافی ھاوڵاتیانی ئەمریکی ئەفریقی بووە. لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٥دا لە مۆنتۆگمرمی سەر بە ویلایەتی ئەلەباما پارکس داوای شۆفێری پاسێکی (جەیمس بلیک) ی ڕەت کردەوە بە دەست ھەڵگرتن لە کورسی دانیشتنەکەی لە "بەشی ڕەش پێستەکان" دا بۆ کەسێکی سپی پێست بەھۆی پڕ بوونی بەشی سپی پێستەکان. پارکس یەکەم کەس نەبوو بۆ بەگژداچوونەوەی ڕەگەزپەرستی بەڵام ئەوە بوو دوای ئەم بەگژداچوونەوە و بەرھەڵستی کردنەی یاساکانی جیاکردنەوەی ویلایەتی ئەلەباما بووە ھۆی گرنگی پێدانێکی زۆر بە پارکس لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی.
پارکس بووە نیشانەیەکی گرنگی جوڵانەوەی مافی مرۆڤ و مافی شارستانیەتی و نیشانەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاری کردنی ڕەگەزپەرستی.
ڕۆزا لویس مکاولی لە تۆسکیجی ویلایەتی ئەلەبامای (Tuskegee, Alabama) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دایک بووە لە ٤/٢/١٩١٣ دا. دایکی ناوی لیۆنا بووە و مامۆستا بووە و باوکی دارتاش بە ناوی جەیمس ماوکلی. دوای جیابوونەوەی دایک و باوکی لەگەڵ دایکی دا گواستیانەوە بۆ پاین لێڤل (Pine Level) و لە کێڵگەی خێزانی دایکی دا گەورە بوو کە ھەموو خێزانەکەی ماڵی دایکی ئەندام بوون لە (کلێسای پیاوانی ئایینی میسۆدی ئەفریقی - African Methodist Episcopal Church - AME).
ژیاننامەی ھەڵبژێردراو ٤
دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٤
ئێمیلی ئێلیزابێت دیکینسۆن (بە ئینگلیزی: Emily Elizabeth Dickinson) ناسراو بە ئێمیلی دیکینسۆن یان ئێمیلی دیکینسن (١٨٣٠–١٨٨٦) یەکێ لە بەناوبانگترین ھۆزانڤانانی ئەمریکی و زمانی ئینگلیزییە. ئێمیلی لە ساڵی ١٨٣٠دا لە ئەمھێرستی ماساچووسیتسدا لەدایک بووە و ھەر لەوێش ماوەتەوە و کۆچی دوایی کردووە. ھیچ کات ژیانی ھاوبەشی پێک نەھێناوە و ھەتا کۆتایی ژیانی ھەر لە ماڵی باوکیدا ژیاوە. ھۆنراوەکانی جگە لە باری وێژەیی، نوێخوازانە و لە پێش سەردەمی خۆیەوە بوون، بۆیە بە یەکێ لە پێشەنگانی نوێخوازانی ھۆنراوەی ئەمریکی دادەنرێت. ھۆنراوەکانی کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر ھۆزانڤانانی دوای خۆی داناوە، بۆیە ئێمیلی دیکینسۆن بە یەکێ لە گرنگترین ھەڵبەستوانانی ئەمریکا و زمانی ئینگلیزی دادەنرێت. جگە لە ھۆنراوەکانی، شێوازی ژیانی، تەنیا مانەوەی و دووری لە خەڵک لە کۆتایی ژیانیدا ناوبانگێکی زۆریان بۆ درووست کردووە. لە ماوەی ژیانیدا، جگە لە چەن تاکە ھۆنراوەیەک، ھیچ کارە ھۆنراوەییەکی بڵاو نەکردەوە و ھۆنراوەکانی لە دوای مەرگی لە چاپ دران.
ژیاننامەی ھەڵبژێردراو ٥
دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٥
زەھا حەدید (بە ئینگلیزی: Zaha Hadid)، لەدایکبووی ٣١ـی تشرینی یەکەمی ١٩٥٠، نژیاروانێکی عێراقی-بریتانیایییە. زەھا حەدید ساڵی ٢٠٠٤ توانی خەڵاتی نژیاروانیی پریتزکەر مسۆگەڕ بکات. زەھا حەدید، شاژنی دیزاین و بیناسازی ئەگەر لە لیستی ١٠٠ بیناسازە گەورەکەی جیھان بڕوانیت، تەنھا ناوی ژنێکی تێدایە کە ئەویش عێراقیەو زەھا حەدیدە. ئەو ژنەی کە بەپێی گۆڤاری تایم یەکێکە لە ١٠٠ کەسایەتییە ھەرە بەھێزەکەی جیھان و بەپێی گۆڤاری فۆربسی ئەمەریکیش یەکێکە لە ١٠٠ ژنە ھەرە بەھێزەکەی جیھان. زەھا دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، دەچێتە زانکۆی ئەمەریکی لە بەیروت و ساڵی ١٩٧١ بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەھێنێت و پاشان بۆ درێژەدان بەخوێندن دەچێتە کۆلیجی ئەندازیاریی لە لەندەن. زەھا لەکۆتایی دەیەی ١٩٧٠ەوە دەستدەکات بە بیناسازی و دیزانەکانی سەرنجی زۆربەی پسپۆڕانی ئەو بوارە بەرەو لای خۆی دەبات، کاتێک کە لەپێشبڕکێیەکدا لە ئەڵمانیا بەشداری دەکات و دیزاینەکەی خەڵاتی یەکەم دەباتەوە.
ژیاننامەی ھەڵبژێردراو ٦
دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٦
فرووغ ئەلزەمان فەڕوخزاد (٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٤ - ١٣ی شوباتی ١٩٦٧) شاعیری ئێرانییە. ئەو پێنج دەفتەری شیعری بڵاوکردووەتەوە کە لە بەرچاوترین نموونەکانی شیعری فارسین لە سەدەی بیستەمدا. فرووغ لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا بەھۆی ڕووداوی ھاتوچۆ گیانی لەدەست دا. فرووغ چەندین کۆمەڵە شیعری لەسەر بناغەکانی کاری نیما یووشیج نووسی و بەم شێوەیە کاری ھونەریی خۆی دەست پێ کرد. ئەم کۆمەڵە شیعرانە بریتی بوون لە: «اسیر»، «دیوار» و «عصیان». دوای ئەم دەورانە فرووغ لەگەڵ ئیبراھیم گوڵستان، نووسەر و دەرھێنەر، ئاشنا بوو؛ کە ئەم ئاشنایییە بوو بەھۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بیروباوەڕ و شێوازی ھونەریی فرووغدا. کە ئەم گۆڕانکاریانە دواتر خۆی لە کۆمەڵە شیعری «تولدی دیگر» و «ایمان بیاوریم بە آغاز فصل سرد» خۆی پیشاندا؛ ئەم کۆمەڵە شیعرانە بوو بەھۆی پەرەسەندنی ناوی فرووغ و لە نێو کۆمەڵگای ئەدەبیی ئێراندا شوێنێکی تایبەت بۆ فرووغ دیاری کرا.
ژیاننامەی ھەڵبژێردراو ٧
دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٧
ماری کوری (ماوەی ژیان: ٧ی تشرینی دووەم١٨٦٧ لە پۆڵەندا تاکوو ٤ی تەمموزی ساڵی ۱۹۳٤ لە فەڕەنسا). کەسایەتی زانای فیزیک و کیمیایە ، سەرەتای ژیانی لە وارساو بووە ئەمەش تا ئەوکاتەی ماری کوری تەمەنی ٢٤ ساڵان بووەدوایش چۆتەفەڕەنسا لەوێ ژیاوە ، ماری لەتەمەنی دە ساڵانی خوشکەکەی دەمرێت کەناوی زۆفیا بوو وە کاتێ تەمەنی گەیشتە دوازدە ساڵان دایکیشی دەمریت لەدوای ئەو ڕووداوانە دەچێتە پاریس لای خووشکەکەی بەمەستی تەواوکردنی خوێندنی و لەوێش نمرەکانی بەرز بوو لەوانەکانی زانست ، ژنە زانای بوارەکانی فیزیک و کیمیا بوو. ماری لەگەڵ ھاوسەر(مێرد)ەکەیدا کە ناوی پیری کوری بوو توانیان تووخمی کیمیایی پۆلۆنیۆم و ڕادیۆم بدۆزنەوە. خاتوو ماری یەکەم ژن بوو کە خەڵاتی نۆبێلی پێ بەخشراوە. وە تەنھا ژنێکە لە دوو بوواری جیاوازدا و تەنھا کەسێکیشە لە دوو بواری زانستیدا خەڵاتی نۆبڵی بەدەست ھێناوە.
ژیاننامەی ھەڵبژێردراو ٨
دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٨
مەلالە یووسفزای (بە ئوردوو: ملالہ یوسفزئی؛ بە پەشتۆ: ملاله یوسفزۍ /məˈlaːlə jusəf ˈzəj/؛ لەدایکبووی ١٢ی تەممووزی ١٩٩٧)، ناسراو بە مەلالە، کچە چالاکوانێکی بواری خوێندن و پەروەردەی ژنانە. مەلالە بەھۆی چالاکییەکانی لە بواری وەدەستھێنانی مافەکانی ژنان ناسراوە. بەھۆی ئەم چالاکییانەوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا کەوتە بەر ھێرشی تاڵیبان و بەھۆی تەقەی تفەنگەوە بریندار بوو. ئەمەش لەبەرئەوەی چوونی کچان بۆ قوتابخانە لەلایەن تاڵیبانەوە قەدەغەکرابوو. دواتر ئەم ڕووداوە کەوتە بەرچاوی زۆرێک لە میدیاکانی جیھان و گرینگییەکی زۆر بە چالاکییەکانی مەلالە درا و کەمپینگەلێکی ئاشتیخوازانە بۆ پاراستنی مەلالە و مافەکانی ژنان لە وڵاتانێک وەکوو پاکستان بەڕێکەوت.
ژیاننامەی ھەڵبژێردراو ٩
دەروازە:ژن/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٩
ژینا ئەمینی یان بە ناوی کاتی لەدایکبوونی مەھسا ئەمینی (بە فارسی: مهسا امینی؛ ٢٢ی تەممووزی ٢٠٠٠ لە سەقز – ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران) ژنێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە لە ڕۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بە بیانووی نەگونجاویی حیجابەکەی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا و بەھۆی ئەشکەنجە و لێدان کەوتە کۆماوە و دوای سێ ڕۆژ، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران کۆچی دواییی کرد. مردنی ژینا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی ئێرانی لێکەوتەوە کە بەرھەمەکەی لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو بە شۆڕشی ژینا. ھەروەھا لە ئەنجامی کوژرانی ژینا ئەمینیدا بزووتنەوەی جیھانیی ژن، ژیان، ئازادی سەری ھەڵدا. ئەو و بزووتنەوەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە وەک کاندید بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ ھەڵبژێردران بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.