ئۆریانا فالاچی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ئۆریانا فالاچی
لەدایکبوون (١٩٢٩-٠٦-٢٩) ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٩
فلۆرێنس، ئیتالیا
مردن١٥ی ئەیلوولی ٢٠٠٦(٢٠٠٦-09-١٥) (٧٧ ساڵ ژیاوە)
فلۆرێنس، ئیتالیا
شوێنی دیماتیفلۆرێنس، ئیتالیا
پیشەڕۆژنامەنووس، نووسەر، چاوپێکەوتنکاری سیاسیی
زمانئیتالی

ئۆریانا فالاچی (لەدایکبووی ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٩ – مردووی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٠٦) ڕۆژنامەنووسی ئیتالی و نووسەری سیاسی و ھەڤپەیڤێنەری سیاسییە، لە ماوەی شەڕی جیھانی دووەم دژی حکوومەتەکەی فاشیزمی ئیتالی وەستاوەتەوە، فالاچی ئەزموونێکی سەرکەوتووی ھەبووە لەکارەکەی وەک ڕۆژنامەنووس. ئەو لەئاستی جیھان ناوبانگی دەرکرد بەڕووماڵەکانی لەبارەی جەنگ، شۆڕش و چاوپێکەوتنە درێژ و دیارەکانی[١] لەگەڵ سەرکردەکانی جیھان لە شەستەکان، حەفتاکان و ھەشتاکان.

کتێبەکەی چاوپێکەوتن لەگەڵ مێژوو ئەوا چاوپێکەوتن لەگەڵ ھەریەکە لە ئیندریا غاندی، گۆلدا مائیر، یاسر عەرەفات، زولفەقار عەلی بوتۆ، ویلی براندت، شای ئێران محەممەدڕەزا پەھلەوی، ھێنری کیسینجەر، سەرۆکی ڤیەتنامی باشوور نگوین ڤان تیو، ڤۆ نگوین جیاپ لە خۆدەگرێت. چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کیسنجەر لە گۆڤاری پلەی بۆی بڵاوکرایەوە، کەتێیدا کیسنجەر خۆی کاوبۆی وەسفدەکات. دواتر کیسنجەر ئەم چاوپێکەوتنەی بە تاکە خراپترین چاوپێکەوتنی خۆی زانی لەگەڵ میدیادا.[٢] فالاچی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ھەریەکە لە دینگ شیاوپینگ، ئەندریاس پاپاندریۆ، ڕووحوڵڵا خومەینی، ھیلا سیلاسی، لیخ فاونسا، موعەمەر قەزافی و ئەلفرێد ھیچکۆک و کۆمەڵێک کەسایەتی دیکەی ناسراو کردووە.

لەدوای خانەنشینی، ئەوا دەرکەوتەوە بەزنجیرە نووسینێکی مشتوومڕھەڵگر لە وتار و کتێبی ڕەخنەگرانە لەسەر ئیسلام، کەتێیدا ڕەخنە و ستایشی گرتووە.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

فاڵاچی لەشاری فلۆرێنس، ئیتالیا لە ڕۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٩ لەدایکبوو.[٣] باوکی ئێدواردۆ فالاچی، خەریکی دروستکردنی کابینە بوو. فالاچی چالاکوانی سیاسیی بوو، وێڕای بچووکی تەمەنی ئەوا کاریدەکرد بۆ کۆتایی ھێنان بە ڕژێمی دیکتاتۆری ئیتالیای فاشیست کە بینیتۆ مۆسۆلینی سەرکردایەتی دەکرد.

ھەر لەتەمنی گەنجیدا، ئۆریانا فالاچی پەیوەندی دەکات بە گرووپی دژە فاشیزم، بزووتنەوەی گیوستیزیا لیبەرتا، وەک بەشێک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئیتالی. دواتر لەلایەن سوپای ئیتالیا بڕواننامەی ئازایەتی بەخشرایە فالاچی.[٤] لە ساڵی ١٩٧٦، بە ئاوڕدانەوەیەک لەکارەکانی وتی:

چی ئەگەر لە پاشایەک، لە سەرۆکێکی ھەڵبژێردراو، لە ژەنەڕاڵێکی بکووژ، یان سەرکردەیەکی خۆشەویستەوە بێت، ئەوا من دەسەڵات وەک شتێکی نامرۆڤایەتی و ڕق دەبینم… ھەمیشە شێوەی یاخیبووەکان وەک تاکە ڕێگای لەدایکبوونی دەرئاسا لەدژی زۆرداری ھێز دەڕوانم.[٥]

کاری ڕۆژنامەنووسی[دەستکاری]

لەدوای بەدەستھێنانی بڕواناممەی دبلۆم لە ئامادەیی، فالاچی بۆ ماوەیەکی کەم لە زانکۆی فلۆرێنس لەبەشی پزیشکی و کیمیا دەخوێنێت. دواتر بەشەکەی خۆی دەگۆڕێت بۆ بەشی ئەدەبی بەڵام دواتر واز لەو بەشەش دەھێنێت و خوێندن تەواوناکات. مامی برونۆ فالاچی، کە خۆشی ڕۆژنامەنووس بوو ئەوا ھانی ئۆریانای داوە لەتەمەنی گەنجییەتییەوە بچێتە ناو بواری ڕۆژنامەوانی و خۆی بۆ ئەو کارە تەرخان بکات.[٦] فالاچی ھەر لەتەمەنی ھەرزەکاری دەست بەکاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، کاتێک لە ساڵی ١٩٤٦، بوو بە پەیامنێری ڕۆژنامەی ئیتالی (Il mattino dell'Italia centrale).[٧]

فالاچی ساڵی ١٩٨٧، لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕووحوڵڵا خومەینی. فالاچی ناچارکرا کە عەبا لەبەر بکات، بەڵام لەکاتی چاوپێکەوتنەکەیدا لای دەبات و ھێرشدەکاتە سەر بەزۆر لەبەرکردنی عەبا بۆ ژنان.

دەیەی شەستەکان[دەستکاری]

بۆ چەند ساڵێک، فالاچی پەیامنێری تایبەتی گۆڤاری سیاسیی (L'Europeo) بوو، ھەروەھا دەینووسی بۆ ڕۆژنامە و گۆڤاری ھەرەبەناوبانگ (Epoca). لە شاری مەکسیکۆ، فاڵاچی لەکاتی کۆمەڵکووژی تلاتێلۆکۆ، سێ جار تەقەی لێکرا لەلایەن سەربازە مەکسیکییەکان، ھەروەھا بە قژ ڕاکێشان لەسەر پەیژە ھێنایانەتە خوارەوە و جێیان ھێشتووە بۆئەوەی بمرێت. شایتەحاڵییەکانی فالاچی، بەڵگەی گرنگبوون لەدژی ڕەتکردنەوەی ڕوودانی کۆمەڵکووژییەکە لەلایەن حکوومەتی مەکسیک.[٨]

لە شەستەکان، ئەوا فالاچی لەسەرەتادا چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسە بەناوبانگەکانی بواری ئەدەب و سینەما دەکرد (کە لە ساڵی ١٩٦٣ لە کتێبی Gli antipatici بڵاویکردەوە) و دواتر لە ساڵی ١٩٧٣، لەکتێبی (Intervista con la storia)، چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردەکانی جیھان دەستپێکرد، کە ئەمەش وایکرد لەگەڵ دەیەی حەفتا و ھەشتاکان ناوبانگی جیھانی پەیدا بکات بە بەناوبانگترین، چاونەترسترین چاوپێکەوتنکاری جیھان.[٩][١٠][١١]

دەیەی حەفتاکان[دەستکاری]

لەسەرەتای حەفتاکان، فالاچی لەگەڵ یەکێک لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرد، ئالیساندرۆ پاناگۆلیس دەکەوێتە پەیوەندی خۆشەویستییەوە، کە کەسایەتییەکی ساسیی یۆنانی بوو و لەدژی حکوومەتی سەربازیی یۆنانی ١٩٦٧ کاری دەکرد، ناوبراو دەستگیرکرا و سووکایەتی زۆر پێکرا بەتۆمەتی ھەوڵدان (سەرکەوتوونەبوو) بۆ کووشتنی جیۆرجیۆ پاپادۆپۆلۆس. دواتر ڕاگەیەندرا کە پاناگۆلیس بە ڕووداوێکی ھاتووچۆ لە ساڵی ١٩٧٦ مردووە، بەڵام فالاچی پێی وایە ھەر کەمایەتییەک لەسەرانی ڕۆژێمی دیکتاتۆری جیۆرجیۆ پاپادۆپۆلۆس دەستیان ھەبووبێت لە تیرۆرکردنی ئالیساندرۆ پاناگۆلیس. فالاچی کتێبێکی بەناوی پیاوێک (Un Uomo) نووسی کە لەسەر ژیانی ئالیساندرۆ پاناگۆلیس سەرچاوەی گرتووە.

لەکاتی چاوپێکەوتنەکەی لە ساڵی ١٩٧٢ لەگەڵ ھێنری کیسنجەر، ئاماژەی بەوەدا کە شەڕی ڤیێتنام «شەڕێکی بێ سوود» بوو ھەروەھا خۆشی بەراورد کرد بە «کاوبۆیەک کە بەتەنھا پێشەوایەتی عارەبانەیەک لەسەر ئەسپەکەیەوە».[١٢] دواتر کیسنجەر دانی بەوەدانا کە، «ئەوە تاکە خراپترین چاوپێکەوتنی من بوو، کە لەژیانمدا کردبێتم بەرامبەر میدیاکارێک».[١٣] لە ساڵی ١٩٧٣، چاوپێکەوتنی لەگەڵ شای ئێران محەممەد ڕەزا پەھلەوی کرد.[١٤] دواتر فالاچی لەبارەی شا وتی، «ئەو بەسادەیی و جوانی لەژن دەڕوانێت، پێی وایە ژن لەئاستی بیرکردنەوە ناگەن بەپیاو، تاکوو داوای یەکسانی لە ماف و ئەرکدا بکەن.»[١٤]

فالاچی:ھێشتا زۆر پرسیارم ھەیە کە بیپرسم، بۆ نموونە لەبارەی ئەو عەبایە، کە بە زۆر لەبەر من کراوە بۆ ئەوەی چاوپێکەونت لەگەڵدا بکەم، کە تۆ بەزۆریش کردووتە بەری ژنانی ئێران… من تەنیا باسی ئەم جلە ناکەم، مەبەستم بەدیاریکراوی ئەو جیاکارییە ڕەگەزییە بەرامبەر ژنانی ئێران دەکرێت لەدوای شۆڕش. ئەوان ناتوانن لە زانکۆ بخوێنن لەگەڵ پیاوان، ناتوانن لەگەڵ پیاوان کاربکەن، ناتوانن لە دەریا یان لە مەلەوانگە مەلە بکەن لەگەڵ پیاوان. ئەوان دەبێت ھەمووشتێک بە جوودا بکەن، ھەروەھا عەباش لەبەربکەن. باشە چۆن دەتوانیت بەم جلانەوە مەلە بکەیت؟

خومەینی: ھیچ شتێک لەوانە تۆی بێزارنەکردووە، جلەکانی ئێمە بۆتۆ نین. ئەگەر حەزت بەجلی ئیسلامی نییە، ئەوا زۆرت لێنەکراوە لەبەری بکەیت، چونکە ئەوە بۆ خانمانی گەنج و ژنانی بەڕێزە.

فالاچی:ئەوە ڕێزێکی زۆرە لەتۆوە، ئیمام، مادەم تۆ ئەوەت بەمن گووت، ئەوا منیش ھەر ئێستا لەم جلە ھیچ و بەتەمەنانە خۆم ڕزگاردەکەم. لەوێ![١٥]

دەیەی ھەشتاکان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٨٠، فالاچی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دینگ شیاوپینگ ئەنجامدا.[١٦][١٧] مایکڵ ڕانک لە وەسفی ئەم چاوپێکەوتنەدا وتی، «ئەوە درکاندنی زۆرترین زانیارییە لەلایەن سەرکردەیەکی چینی بۆ ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژاوایی» (جگە لە چاوپێکەوتنی ماو تسی تونگ بۆ ئێدگار سنۆ لە دەیەی سییەکان)، لە چاوپێکەوتنەکە، دینگ بە ڕاشکاوانە لەسەر ماو قسەی کردووە کەلای چینییەکان ڕێزێکی بێپایانی لێنراوە. چاوپێکەوتنەکەی دینگ، دەنگدانەوەی گەورەی ھەبووە بەوەی ھەمووجار چاوپێکەوتن لەگەڵ سیاسییەکانی چین وشک و بێزارکەربوون.[١٨]

خانەنشین بوون[دەستکاری]

دوای خانەنشین بوون لە نیویۆرک، ئەمریکا و توسکانی، ئیتالیا دەژیا، وانەبێژی کردووە لە زانکۆی شیکاگۆ، زانکۆی یەیڵ، زانکۆی ھارڤارد و زانکۆی کۆلومبیا.[١٩]

دوای ١١ی ئەیلوول[دەستکاری]

لەدوای ڕوودانی ھێرشەکانی ١١ی ئەیلوول، فالاچی سێ کتێبی ڕەخنەگرانەی لەسەر ئیسلامی سیاسیی و ئیسلام بەگشتی نووسی لە نووسین و چاوپێکەوتنەکانیشیدا، فالاچی ھۆشیاری دا کە ئەورووپا زۆر بیرکراوەیە بۆ موسڵمانان. یەکەم کتێبی بەناوی زە ڕەیج ئاند زە پراید (سەرەتا وەک چوار وتار لە ڕۆژنامەی Corriere della Sera بڵاویکردەوە). لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ واڵ ستریت جۆرنال لە ساڵی ٢٠١٥ وتی، ئەورووپا چیتر ئەورووپا نییە بەڵکو عورەبیایە.[١] ھەردوو کتێبی زە ڕەیج ئاند زە پراید و زە فۆرس ئۆف ڕیزن فرۆشێکی زۆریان ھەبوو.

نووسینەکانی وەرگێڕانی بۆ ٢١ زمان کراوە، لەوانە ئینگلیزی، ئیسپانی، فەڕەنسی، ھۆڵەندی، ئەڵمانی، پۆرتوگالی، ئوردوو، یۆنانی، سوێدی، پۆڵەندی، ھەنگاری، عیبری، ڕۆمانی، فارسی، سڕبی-کڕواتی، دانماڕکی، سلۆڤینی و بولگاری.

ژیانی کارکردن[دەستکاری]

لەتەمەنی بیست ساڵی کاری ڕۆژنامەوانی دەسپێکرد. لەسەردەمی شەڕی ڤێتنام لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو، ئۆریانا بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی چووە ئەو وڵاتەو دواتر کتێبی «ژیان.. جەنگ و ھیچ تر» ی نووسی، کە بەوردی باسی ئەو ڕۆژانە دەکا لە ڤێتنام بووە. ساڵی ١٩٧٤ کتێبی (گفتوگۆ لەگەڵ مێژوو) ی چاپکرد، ئەو دیدارانە بوو کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر سەرۆک و سیاسییەکان ئەنجامیدابوون. ئۆریانا لەدوای ئەو کتێبە ناوی تەواو درەوشایەوە بەھۆی ئەو بوێری لەگەڵ سەرۆکەکان نواندی. لەو سەرۆکانەی کە لەوڵاتانی خۆیان کەس نەیدەوێرا بڵێ بەری چاوتان کلی پێوەیە، ئۆریانا بەبێ ڕوپامایی پرسیاری لێدەکردن، ئەو سیاسی و سەرۆکانەی دواجار بەشی زۆریان بوونە دیکتاتۆرو لەمێژوودا شوێنێکی خراپ و ناوێکی خراپیان تۆمارکرد. ئۆریانا سڵی لێنەدەکردنەوە. کتێبەکانی: - گفتوگۆ لەگەڵ مێژوو - ئەگەر خۆر بمرێ - پەیام بۆ ئەو کۆرپەی ھەر لەدایک نەبوو - پیاوێک - ژیان.. جەنگ و ھیچی تر - ڕەگەزی بێ کەڵک - سێکسی بێ خەرجی - حەوت تاوانی ھۆلیۆد - پەنە پۆلۆ دەچێ بۆ شەڕ

ئۆریانا کاتێ بۆی دەرکەوت دوو چاری نەخۆشیی شێرپەنجە -سەرەتان ھاتووە، بڕیاریدا دەستھەڵگرێ لە نووسین و ڕۆژنامەنووسی و بۆخۆی لەگۆشەی ماڵێ بحەوێتەوە تا مردن. کاتێ گروپە ئیسلامییەکان لەپای دوایین کتێبی ھەڕەشەی کوشتنیان لێکرد بێ باکانە وتبووی: من ھێواش ھێواش چاوەڕێی مردنم بەھۆی سەرەتانەوە، بێ مننەتم لێتان ئێوەیش ببنە ھەڕەشەیەکی دیکە بۆسەر مردنە نزیکەکەم.

ڕۆژی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٠٦ لەو شارەی لێی لەدایکبوو، بەھۆی نەخۆشییەکەیەوە کۆچی دواییکرد. مردنێک کە دەنگدانەوەی ھەبوو، دۆستەکانی بۆیان نووسی «ئەو ژنەی لەگوللە نەدەترسا شێرپەنجە کوشتی».

مردن[دەستکاری]

گۆڕی ئۆریانا فالاچی.

لەکۆتا ساڵانی ژیانی فالاچی بووە چالاکوانێکی کارا لەبواری کۆنەپارێزی کۆمەڵایەتی، ئەو دژی لەباربردنی منداڵ بوو (جگە لە منداڵێک بەھۆی دەستدرێژییەوە بووبێت)، ھەروەھا پشتگیری مردنی بەسۆز، ھاوسەرگیری ھاوڕەگەزخوازان و ھەڵگرتنەوەی منداڵ لەلایەن ھاوڕەگەزخوازان دەکرد.[٢٠]

لە ٢٧ی ئابی ٢٠٠٥، فالاچی دانیشتنێکی تایبەتی لەگەڵ پاپا بەندیکتی شانزدەھەم کرد، وەک بێباوەڕێک.[٢١] فالاچی ڕێزێکی گەورەی لە پاپا نواندنووە لە نووسینەکانی، نموونەش لە ساڵی ٢٠٠٤ لە وتارێکیدا بەناونیشانی «ئەگەر ئەورووپا ڕقی لەخۆی بێت».[٢٢][٢٣] فالاچی وێڕای ئەوەی کە بێباوەڕە بەڵام لە کتێبی زە فۆرس ئۆف ڕیزن، خۆی وەک کریستانێکی بێباوەڕ دەناسێنێت.[٢٤][٢٥]

ڕۆژی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٠٦ لە فلۆرێس، لەو شارەی کە لێی لەدایکبوو، بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دواییکرد. مردنێک کە دەنگدانەوەی ھەبوو، دۆستەکانی بۆیان نووسی «ئەو ژنەی لەگوللە نەدەترسا شێرپەنجە کوشتی». فالاچی ھەر لە فلۆرێنس، لە نزیک گۆڕی بنەماڵەکەی نێژرا و تاشە بەردی یادەوەری بۆ خۆی و خۆشەویستەکەی ئالیساندرۆ پاناگۆلیس دروستکراوە.

میرات[دەستکاری]

لە ئێستادا، چەندین شەقام و چواریان بەناوی فالاچی کراوە لە شارەکانی پیسا و ئەریزۆ لە ناوەڕاستی ئیتالیا، ھەروەھا لە شاری جەنەوا لە باکوور. باخێکی گشتی بەناوی ئەوکراوە لە سیستۆ سان جیۆڤانی، لە شارێکی پێشەسازی نزیک میلان. لە تەممووزی ٢٠١٩، پلانی ئەوە داڕێژرا کە دراوی ٢٠ یۆڕۆیی وێنەی فالاچی لەسەربێت.[٢٦]

خەڵاتەکان[دەستکاری]

فالاچی لە ساڵی ١٩٨٧.

فالاچی دووجار بووەتە براوەی خەڵاتی ست. ڤینسێنت بۆ ڕۆژنامەنووسی لە ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٧١. لە ساڵی ١٩٧٠، خەڵاتی بانکارێلای بردەوە. دواتر لە ساڵی ١٩٧٩، خەڵاتی ڤیاریگیۆ پێدراوە. لەلایەن زانکۆی کۆلۆمبیا (لە شیکاگۆ) دکتۆرای باڵای ئەدەبیاتی پێدراوە.

لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٥، لە شاری نیویۆرک ستی، فالاچی خەڵاتی ئانی تایلەری پێدرا بۆ ئازایەتی، لەلایەن سەنتەری ستەدی ئۆف پیپڵ. لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥، فالاچی خەڵاتی ئەمبرۆگینۆی زێڕینی پێدراوە، کە بەرزترین خەڵاتە لە شاری میلان.[٢٧] ھەروەھا ئەو خەڵاتی جان کارسکی پێدراوە.

لەسەرداوای وەزیری پەروەردە، لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥، سەرۆکی ئیتالیا، کارلۆ چامپی خەڵاتی مێدالیای زێڕینی بە فالاچی دا بەھۆی بەشدارییەکانی لە بواری کەلتوور. بەڵام بەھۆی نالەباری تەندرووستی نەیتوانی لەڕێوەڕەسمی ئاھەنگەکە ئامادەبێت، لەمبارەیەوە فالاچی نووسی، «ئەم مێدالیا زێڕە منی جوڵاندەوە چونکە چاکەیەکە لەبەرامبەر ئەوشتانەی کە کردم لە نووسین و ڕۆژنامەنووسی، بەشدارییەکانم لە سەنگەری پێشەوە بۆ بەرگریکردن لە کەلتووری وڵاتەکەمان، خۆشەویستیم بۆ وڵات و ئازادی. باروودۆخی من کە ئێستا لای ھەمووان ئاشکرایە، ڕێگربوو لە گەشتکردنم و وەرگرتنی خەڵاتەکە لەلایەن خودی خۆمەوە، ئەم دیارییە بۆ منە، ژنێک کە مێدالیای وەرنەدەگرت و بەدوای خەڵاتەوە نەبوو، و ڕەوشت و مۆڕاڵی بەرزبوو».[٢٨]

لە ١٢ی شووباتی ٢٠٠٦، سەرۆکی توسکانی، ڕێکاردۆ نینچینی خەڵاتێکی دیکەی مێدالیا زێڕی بەخشییە فالاچی. لە ساڵانی ٢٠١٠، لە یادی فالاچی ئەوا خەڵاتێکی لەلایەن دامەزراوەی ئیتالیا-ئەمریکا پێدرا.

دژایەتییەکان[دەستکاری]

فالاچی ناوبانگی زیاتر وەرگرت، بەھۆی نووسینەکانییەوە لەبەرەی ئیسلام و ئەورووپای ئیسلامی. بەھۆی نووسینەکانییەوە، فالاچی چەندین جار بابەتی مشتوومڕ ھەلگری لەنێو خوێنەرانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دروستکردووە.[٢٩][٣٠]

فالاچی پێی وایە کە ئیسلام جۆرێکی دیکەیە کە دەکریت فاشیزم بگەڕێنێتەوە، کە خۆی لەکاتی گەنجییەتیدا شەڕی لەدژیدا کردووە، پێی وابووە سیاسییەکانی ئەورووپا بەھەڵە لە ھەڕشەکانی ئیسلام تێگەیشتوون، بەھەمان ھەڵەی کە لەساڵانی سییەکان بەرامبەر ئەڵمانیای فاشی ھەیانبوو. ئەو پێی وایە کە ئیسلامی میانڕەو بوونی نییە و درۆیە.[٣١] کریستینا دی ستیفانۆ، پێی وایە کە ناوەڕاستی ئایدیای سیاسیی فالاچی و قسەکانی ئەو بۆ ئیسلام یەک نییە بەڵکوو بۆ فاشیزمی بووە.[٣٢] ئەو پێی وایە کە یەکەم قۆناغی فاشیبوون، بێدەنگبوونی خەڵکە؛ و بۆ ئەو ئیسلامی سیاسیی جۆرێکی دیکەیە لە فاشیزم.[٣٣]

وتارەکان لەسەر پشتوانی و دژایەتی فالاچی لە ڕۆژنامەکانی لا ڕیپەبلێکا و کۆریەری دێلا سێرا بڵاودەکرانەوە بەشێوەی زنجیرە، ھەروەھا دەیڤد ھۆلکبێرگ لە پەیمانگای ئاین ڕاند پشتگیری فالاچی کردووە لە نامەیەکی بۆ واشینگتن تایمز.[٣٤]

لە ئیتالیا، فالاچی دژایەتی و پشتگیری ھەبوو، ھەروەھا کتێبەکانی زیاتر لە یەک میلیۆن دانە فرۆشران.[٣٥][٣٦] لە کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی ئەورووپی، کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ لە فلۆرێنس بەڕێوەچوو، فالاچی داوای لەخەڵکی شارەکە کرد کە واز لەکارەکانیان بھێنن و لە ماڵەوە بمێننەوە. ھەروەھا، ئەو بەراوردی بەرواردی کۆڕبەندەکەی بە داگیرکردنی نازی بەسەر شاری فلۆرێنس چواند. گرووپێکی ناڕەزایی لەدژی بەرپابوون و وتیان. «ئێمە بێزاربووین فالاچی، لەبەرئەوەی ١٢ ساڵە قەسەی بۆ خەڵک نەکردووە، و ٥٠ ساڵیشە پێنەکەنیوە.»[٣٧]

لە ساڵی ٢٠٠٢، لە سویسرا، سەنتەری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵەیەکی سۆماڵی، لەپاڵ خەڵکانێک، ئەوا سکاڵایەکی یاساییان لەدژی فالاچی تۆمارکرد بەتۆمەتی نووسینی ڕەگەزپەرستیانە لە کتێبی زە ڕەیگ ئاند زە پراید.[٣٨][٣٩] لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٢، دادگای سوویس بڕیاری ناردنی ئاگادارکردنەوە بۆ گرتنی فالاچی دەکرد بەتۆمەتی پێشێلکردنی بەندەکانی ٢٦١ لە یاساکانی سوویس، ھەربۆیەش داوای لە حکوومەتی ئیتالی کرد کە ڕاستییان بکات یانیش سزاکەی بەسەردا بسەپێنێت. وەزیری دادی ئیتالی، ڕۆبەرتۆ کاستێلی داواکەی ڕەتکردەوە و نووسینەکانی فالاچی لەژێر مافی ئازادی ڕادەربڕین لەژێر دەستووری ئیتالیا زانی.[٤٠]

لە ئایاری ٢٠٠٥، عادل سمیت، سەرۆکی یەکێتیی موسڵمانانی ئیتالیا، سکاڵایەکی یاسایی لەدژی فالاچی بەرزکردەوە، «ھەندێک لە نووسینەکانی لە کتێبی زە فۆرس ئۆف ڕیزن سووکایەتین بە ئیسلام». سمیت ١٨ ئایەتی ھێنایەوە لەسەر پاکی ئیسلام.[٤١][٤٢] دوابەدوای ئەوە، دادوەر داوای لە فالاچی کرد کە بێتە بەردەم دادگا لەسەر «ناوزڕاندنی ئیسلام». دادگایی سەرەتایی لە ١٢ی حوزەیران و ٢٥ی حوزەیرانی دەستیپێکرد، دادوەر ڕایگەیاند کە دەبێت فالاچی لەڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەم لە دادگا ئامادەبێت.[٤٣] فالاچی دادوەری تۆمەتبارکرد کە گرنگی بەو ڕاستییانە نەداوە کە سمیت ھەڕەشەی کووشتن لێکردووە ھەروەھا لەگەڵ سووکایەتیکردن بە کریستیان.[٤٤]

لە فەڕەنسا کۆمەڵێکی ڕێکخراوی موسڵمانان و عەرەبەکان، سکاڵایان لەسەر کتێبەکانی فالاچی تۆمارکرد بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بەئیسلام.[٤٢] گیلس ویلیامز، لەم کەیسە پارێزەری بۆ فالاچی کرد، ناوبراو سەرۆکی ڕێکخراوی فەڕەنسا-ئیسرائیلە، ھەروەھا لە کەیسێکی ھاوشێوەش بۆ ئەلێکساندرێ دێل ڤالی کاری پارێزەری کردووە.[٤٥]

کتێبەکان[دەستکاری]

بەشێک لە کتێبەکانی فالاچی:

  • حەوت تاوانی ھۆلیۆد (I sette peccati di Hollywood)
  • گفتوگۆ لەگەڵ مێژوو
  • ئەگەر خۆر بمرێ
  • پەیام بۆ ئەو کۆرپەی ھەر لەدایک نەبوو
  • پیاوێک
  • ژیان
  • جەنگ و ھیچی تر
  • ئافرەت ڕەگەزی بێکەڵک
  • سێکسی بێ خەرجی
  • پەنە پۆلۆ دەچێ بۆ شەڕ
  • ئینشائەلڵا

وەرگێڕان بە کوردی[دەستکاری]

تا ھەنووکە چەندین کتێبی ئۆریانا فالاچی بە زمانی کوردی وەرگێڕدراوەتەوە و بە ناونیشانی ژێر بە چاپ گەیشتووەتەوە.

  • فالاچی، ئۆریانا، ئافرەت ڕەگەزی بێکەڵک، وەرگێڕانی عەزیز گەردی.
  • فالاچی، ئۆریانا، پەنەلۆپە لە جەنگدا، وەرگێڕانی عەزیز گەردی.
  • فالاچی، ئۆریانا، پیاوێک، وەرگێڕانی عەزیز گەردی.
  • فالاچی، ئۆریانا، حەفت گفتوگۆ، وەرگێڕانی عەزیز گەردی.
  • فالاچی، ئۆریانا، ژیان و جەنگ و ھیچی تر…، وەرگێڕانی عەزیز گەردی.
  • فالاچی، ئۆریانا، گفتگۆ لەگەڵ مێژوودا، وەرگێڕانی عەزیز گەردی.
  • فالاچی، ئۆریانا، نامەیەک بۆ ئەو کۆرپەلە نێرینەی کە ھەرگیز لەدایک نەبوو، وەرگێڕانی عەزیز گەردی.
  • فالاچی، ئۆریانا، ئەگەر خۆر بمرێت، وەرگێڕانی عەزیز گەردی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ی ا Ian Fisher, "Oriana Fallaci, Incisive Italian Journalist, Is Dead at 77," The New York Times, 16 September 2006. Retrieved 7 April 2020.
  2. ^ Cristina De Stefano, The Interview that Became Henry Kissinger’s “Most Disastrous Decision”: How Oriana Fallaci Became the Most Feared Political Interviewer in the World Archived ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٠, لە وەیبەک مەشین., lithub.com. Retrieved 26 November 2018.
  3. ^ The Guardian, most sources indicate Fallaci was born on 29 June, but some sources indicate 24 July
  4. ^ "Oriana Fallaci Official site". Oriana-fallaci.com. لە ڕێکەوتی ٢٤ی نیسانی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  5. ^ The New Yorker. F-R Publishing Corporation. 1975. پەڕە 229. لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئازاری ٢٠١٣ ھێنراوە. Out of that experience there came a literal xenophobia. … Colonel George Papadopoulos, who became Prime Minister and later President under the junta, said his purpose was to recreate the Greece of the Christian Greeks — "Ellas Elllnon ... 
  6. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٥. لە ڕێکەوتی ٨ی نیسانی ٢٠٢٠ ھێنراوە. 
  7. ^ Arico، Santo L. (1998). Oriana Fallaci: The Woman and the Myth. Southern Illinois University. پەڕە 26. ISBN 0-8093-2153-X. 
  8. ^ "The Agitator: Oriana Fallaci directs her fury toward Islam", Margaret Talbot, The New Yorker, 5 June 2006.
  9. ^ Caroline Moorehead, "Speak ill of everyone", The Times Literary Supplement, 22-29 December 2017. Retrieved 8 April 2020.
  10. ^ "Oriana Fallaci", The Times, 16 September 2006. Retrieved 8 April 2020.
  11. ^ Sylvia Poggioli, "Fallaci Shed Light on the World's Leaders", National Public Radio. Retrieved 8 April 2020.
  12. ^ Fallaci, Oriana. Interview with History, p.40-41. Translated by John Shepley. 1976, Liveright Press. ISBN 0-87140-590-3
  13. ^ Adam Bernstein (15 September 2006). "Reporter-Provocateur Oriana Fallaci". The Washington Post. لە ڕێکەوتی ٢٤ی نیسانی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  14. ^ ی ا Jerome، Carole (1 September 1980). "Back to the Veil". New Internationalist (091). لە ڕێکەوتی ٠٣ی ئابی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  15. ^ OF – La prego,: devo chiederle ancora molte cose. Di questo "chador" a esempio, che mi hanno messo addosso per venire da lei e che lei impone alle donne,[...] non mi riferisco soltanto a un indumento ma a ciò che esso rappresenta: cioè la segregazione in cui le donne sono state rigettate dopo la Rivoluzione. Il fatto stesso che non possano studiare all'università con gli uomini, ad esempio, né lavorare con gli uomini, né fare il bagno in mare o in piscina con gli uomini. Devono tuffarsi a parte con il "chador". A proposito, come si fa a nuotare con il "chador"? AK – Tutto questo non la riguarda. I nostri costumi non vi riguardano. Se la veste islamica non le piace, non è obbligata a portarla. Perché la veste islamica è per le donne giovani e perbene. OF – Molto gentile. E, visto che mi dice così, mi tolgo subito questo stupido cencio da medioevo. Ecco fatto. Oriana Fallaci, intervista a Khomeini, Corriere della Sera, 26 September 1979 Archived ٥ی ئازاری ٢٠٢٠, لە وەیبەک مەشین.
  16. ^ "Answers to the Italian Journalist Oriana Fallaci: August 21 and 23, 1980", People's Daily, people.cn. Retrieved 7 April 2020.
  17. ^ Oriana Fallaci, "Deng: Cleaning up Mao's mistakes" Archived ٢٩ی ئابی ٢٠١٩, لە وەیبەک مەشین., The Washington Post, 31 August 1980, online clipping at digitalcollections.library.cmu.edu. Retrieved 7 April 2020.
  18. ^ Michael Rank, "Oriana Fallaci", The Guardian, 19 September 2006. Retrieved 7 April 2020.
  19. ^ Chamy، Israel (2007). Fighting Suicide Bombing: A Worldwide Campaign for Life. Greenwood. لە ڕێکەوتی 2016-02-10 ھێنراوە. 
  20. ^ Talbot، Margaret (29 May 2006). "The Agitator" – بە www.newyorker.com. 
  21. ^ Gianni Pasquarelli, I naturali sentieri della tranquillità, Rubbettino Editore, 2004, p. 132.
  22. ^ "Phi Beta Cons on National Review Online". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە 8 June 2008. 
  23. ^ Prophet of Decline, The Wall Street Journal, 23 June 2005.
  24. ^ "Oriana Fallaci (1929-2006), Italian journalist, atheist and feminist, who was anti-Islam, also said she was a Christian atheist". Anti-Sharia. 2011-11-13. لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە 2012-11-03. لە ڕێکەوتی 2016-02-10 ھێنراوە. 
  25. ^ Mark Steyn, "She Said What She Thought", The Atlantic, December 2006. Retrieved 7 April 2020.
  26. ^ Ghiglione، Giorgio. "The resurgence of Oriana Fallaci's anti-Islam message in Italy". www.aljazeera.com. 
  27. ^ "Per oriana Fallaci un ambrogino d' oro rovente", La Repubblica, 18 November 2005. Retrieved 8 April 2020.
  28. ^ "Questa medaglia d'oro mi commuove perché gratifica la mia fatica di scrittore e di giornalista, il mio impegno a difesa della nostra cultura, il mio amore per il mio Paese e per la Libertà. Le attuali e ormai note ragioni di salute mi impediscono di viaggiare e ritirare direttamente un omaggio che per me, donna poco abituata alle medaglie e poco incline ai trofei, ha un intenso significato etico e morale".
  29. ^ Holy Writ, The Atlantic, June 2006.
  30. ^ "We cannibals and Medea's offspring", Oriana Fallaci, June 2005. Archived 23 October 2013 لە وەیبەک مەشین.
  31. ^ Talbot، Margaret (29 May 2006). "The Agitator" – بە www.newyorker.com. 
  32. ^ Annabelle Timsit, "How Oriana Fallaci's Writings on Islamism Are Remembered—and Reviled", The Atlantic, 15 December 2017. Retrieved 7 April 2020.
  33. ^ Annabelle Timsit, "How Oriana Fallaci's Writings on Islamism Are Remembered—and Reviled", The Atlantic, 15 December 2017. Retrieved 7 April 2020.
  34. ^ Oriana Fallaci and Freedom of Speech Archived ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣, لە وەیبەک مەشین., letter to The Washington Times by David Holcberg of the Ayn Rand Institute, 1 June 2005.
  35. ^ Italy has a racist culture, says French editor, The Guardian, 8 August 2004.
  36. ^ Oriana in Exile Archived 11 January 2006 لە وەیبەک مەشین., The American Spectator, 18 July 2005.
  37. ^ Sabina Guzzanti became Fallaci, La Repubblica, 8 November 2002.
  38. ^ Country Reports on Human Rights Practices for Switzerland 2002 Archived ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٠, لە وەیبەک مەشین., United States Department of State, 31 March 2003
  39. ^ Swiss Muslims File Suit Over "Racist" Fallaci Book Archived ٢١ی ئایاری ٢٠١٠, لە وەیبەک مەشین., from The Milli Gazette, 1 July 2002.
  40. ^ "The force of Reason'". Padania (بە زمانی ئیتالی). لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە 23 October 2013. لە ڕێکەوتی ٢٤ی نیسانی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  41. ^ "Oriana Fallaci Trial Begins in Italy". Never yet melted. 12 June 2006. لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٠. لە ڕێکەوتی ٢٤ی نیسانی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  42. ^ ی ا "French Court Throws Out Lawsuit on Anti-Islam Book". Icare. لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٤ی ئازاری ٢٠١٦. لە ڕێکەوتی ٢٤ی نیسانی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  43. ^ Fallaci, the trial continues in December Archived ٧ی حوزەیرانی ٢٠٠٨, لە وەیبەک مەشین., L'Eco di Bergamo, 26 June 2006.
  44. ^ "Il nemico che trattiamo da amico". Corriere della Sera. 15 September 2006. لە ڕێکەوتی ٢٤ی نیسانی ٢٠١٣ ھێنراوە. 
  45. ^ Caldwell، Christopher (2002-10-01). "The Fallaci Affair". Commentary Magazine. لە ڕێکەوتی 2016-02-10 ھێنراوە. 
  • پێشەکی کتێبی (گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕی) کە کاوە شێخ عەبدوڵڵا لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردیی، کتێبەکە ھاوینی ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن کۆمپانیای شار چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]