فرووغ فەڕوخزاد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
فرووغ فەڕوخزاد
ناوی خۆماڵی فروغ فرخزاد
لەدایکبوون فرووغ ئەلزەمانی فەڕوخزادی عەراقی
٢٩ی دیسەمبری ١٩٣٤
تاران
مەرگ ١٣ی فێبریوەری ١٩٦٧
تاران
ھۆکاری مەرگ ڕوودای هاتوچۆ
شوێنی گۆڕ گۆڕستانی زەهیرولدەولەی تاران
نەتەوە ئێرانی
پیشە شاعیر و دەرهێنەر
ناوبانگ

کۆمەڵە شیعری:
"تولدی دیگر"
و

"ایمان بیاوریم به آغاز فصل سرد"
شێواز شیعری نوێی ئێرانی
ھاوسەر پەرویز شاپوور
تێبینی

فرووغ ئەلزەمان فەڕوخزاد (٢٩ی دیسەمبری ١٩٣٤- ١٣ی فێبریوەری ١٩٦٧) شاعیری ئێرانییە.[١] ئەو پێنج دەفتەری شیعری بڵاو کردووەتەوە کە لە بەرچاوترین نموونەکانی شیری فارسین لە سەدەی بیستەمدا. فرووغ لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا.[٢]

فرووغ چەندین کۆمەڵە شیعری لە سەر بناغەکانی کاری نیما یووشیج نووسی و بەم شێوەیە کاری هونەری خۆی دەست پێ کرد. ئەم کۆمەڵە شیعرانە بریتی بوون لە: "اسیر"، "دیوار" و "عصیان". دوای ئەم دەورانە فرووغ لەگەڵ ئیبراهیم گوڵستان، نووسەر و دەرهێنەر، ئاشنا بوو؛ کە ئەم ئاشناییە بوو بە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بیروباوەڕ و شێوازی هونەری فرووغدا. کە ئەم گۆڕانکاریانە دواتر خۆی لە کۆمەڵە شیعری "تولدی دیگر" و "ایمان بیاوریم به آغاز فصل سرد" خۆی پیشان دا؛ ئەم کۆمەڵە شیعرانە بوو بە هۆی پەرەسەندنی ناوی فرووغ و لە نێو کۆمەڵگای ئەدەبی ئێراندا شوێنێکی تایبەت بۆ فرووغ دیاری کرا.

ژیاننامە[دەستکاری]

فرووغ لە ڕۆژی ٢٩ی دێسەمبری ١٩٣٤ لە شەقامی "موعزوددەوڵە" لە کۆڵانی "خادم ئازاد" لەدایکبوو. دایکی لە بنەماڵەیەکی کاشانی بوو و باوکی تەفرشی بوو.[٣] فرووغ مناڵی چوارەمی بنەماڵەکەی بوو. برای ئەو، فەرەیدوونی فەڕوخزاد بوو کە پێشکەشکاری تەلەڤیزیۆنی و گۆرانیبێژ بوو.

فرووغ لە ساڵانی ١٩٥٠ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەگەڵ پەرویز شاپوور هاوسەرگیری کرد. ئەم پێوەندە لە ساڵی ١٩٥٥ بە تەڵاق کۆتایی هات. ئەوان لەم ئیزدیواجە مناڵێکی بە ناو کامیار بوو. فرووگ لە دوای تەڵاق لەگەڵ شووە پێشووەکەی نامەنووسی عاشقانەیان دەکرد و ئەم نامانە دواتر بە دەستی کامیاری کوڕی فرووغ لە کتێبێکدا لە چاپ درا.[٤][٥]

دوای تەڵاق فرووغ دەستی کرد بە گەشتێک بۆ وڵاتانی ئەورووپی و لە ئەم گەشتانەدا لەگەڵ چاند و هونەری ئەورووپیدا ئاشنا بوو و ئەمە کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر ڕوانگەی فرووغ بۆ سەر ژیان. هەر لە هەمان کاتدا فرووغ لەگەڵ ئیبراهیم گوڵستان ئاشنا بوو و ئەمە گۆڕانی فرووغی بەتەوژمتر کرد. فرووغ لە ساڵی ١٩٦٢ فیلمێکی بە ناوی "خانە سیاه" (ماڵی ڕەش) دروست کرد و لە چەندین فیستیڤاڵی جیهانیدا بەشداری کرد و چەندین خەڵاتی گرینگی مسۆگر کرد کە هۆی بەناوبانگتر بوونی فرووغ بوو.

کۆتایی ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٦٣دا فرووغ جارێک ویستی خۆی بکوژێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە ساڵی ١٩٦٧ لە کاتی شۆفێڕی کردن بە ترۆمبیلی "جیپی" ئیبراهیم گوڵستان، تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و گیانی لەدەستدا. [٦][٧]

کتێبەکان[دەستکاری]

  • ١٩٥٢ - "اسیر"، کۆی ۴۳ شیعر
  • ١٩٥٦ - "دیوار"، کۆی ٢٥ شیعر
  • ١٩٥٧ - "عصیان"، کۆی ١٧ شیعر
  • ١٩٦٢ - "تولدی دیگر"، کۆی ٣٥ شیعر
  • ١٩٦٣ - "ایمان بیاوریم به آغاز فصل سرد"، کۆی ٧ شیعر

فروغ بە کوردی:

خضری، حیدر: "تەنیا دەنگە کە ئەمێنێتەوە: ژیان و هونەری فروغ فەڕوخزاد لەگەڵ وەرگێڕانی کۆمەڵە هۆنراوەکانی "لە دایکبوونێکی تر" و "باوەڕ بێنین بە سەرەتای وەرزی سارد" - چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین ٢٠١٦

قەرەداخی، ناصح (ئارام قەرەداخی). ئافرەتێکی تەنیا، ژیان و هەڵبژاردەی هۆنراوەکانی فروغ فەڕڕوخزاد. (چاپی یەکەم، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، هەولێر 2001)، (چاپی دووەمی ئەلەکترۆنی 2008).

بەرزەنجی، ئازاد (هەڵبژاردن و وەرگێڕانی). فروغ فەڕوخزاد، ژنێ لە بەردەم وەرزێکی سارددا –ژیان و شیعر-، سلێمانی 2002.

فەڕوخزاد، فروغ. یەکەمین ترپە عاشقانەییەکانی دڵم، نامەکانی فروغ فەڕوخزاد بۆ (پەرویز شاپور)ی هاوسەری، بە هەوڵ و کۆششی کامیار شاپور و عومرانی سەلاحی، وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ئەبوبەکر قەرەداغی، وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەرێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، ژمارەی 720، سلێمانی، 2006.

Ferroxzad, Furûx. Em Baweriyê Bi Destpêka Demsala Sar Bînin, Werger: Cewad Pale & Muhsîn Ozdemîr, Çapa Yekemîn, Ronahî, Amed 2013. 48 L


چەند نموونە لە شێعرەکانی فروغ بە کوردی:

ئایەتە زەمینییەکان (وەرگێڕانی: د. حیدر خضری) <poem> ئەنجا

خۆر سارد هەڵگەڕا و

بەرەکەت لە زەمینڕا بڕا

شیناییەکان لە دەشتەکانا هاتنه وشک­بوون و

ماسییەکان لە دەریاکانا هاتنە وشک بوون و

خاک مردووەکانی

ئیتر له خۆ ڕانەگرت

شەو لە هەموو پەنجەرە رەنگ سوواوەکاندا

وەک وەهمێکی گوماناوی

بەردەوام لە چڕبوون و هەڵچووندا بوو و

ڕێگاکانیش لە تاریکیدا

وازیان لە درێژەی خۆیان هێنا

ئەوسا کەس بیری لە عەشق نەکردەوە

ئەوسا کەس بیری لە سەرکەوتن نەکردەوە و

ئەوسا هیچ کەس بیری لە هیچ نەکردەوە

لە ئەشکەوتەکانی تەنیاییدا

بێ­هوودەیی لەدایک بوو

خوێن بۆنی بەنگ و هەپیونی لێ­ئەهات

ژنانی ئاوس

مناڵانی بێ سەریان لێ­ئەزا و

بێشکەکان لە شەرمان

پەنایان بۆ گۆڕەکان برد.

چ سەردەمێکی ڕەش و تاڵ

نان، بە سەر هێزی سەمەرەی ڕەساڵەتدا زاڵ بووبوو

پێغەمبەرە برسی و بەد بەختەکان

لە جێژوانی خودا هەڵاتن و

بەرخه ونبووەکانی عیسا

چیتر گوێێان له دەنگی هەرای شوانێک

لە تێڕاماویی دەشتەکاندا نەبوو.

 تۆ دەتگوت لە چاوی ئاوێنەکاندا

رەنگدانەوەی جووڵە و ڕەنگ و وێنەکان

بە ئاوەژوو بوو و

بە شێوەی تریفەیەکی پیرۆزی رووناک

بە شێوەی خەرمانەیەکی گڕ تێبەربوو

 لە دەوری سەری گاڵتەجارانی بێ­بەها و

سیمای ناحەزی سۆزانییەکاندا ئەسووتا.

زەلکاوەکانی ئەلکهۆڵ

بەو هاڵاوە تفت و ژەهراویانەوە

 خێڵی سڕکراوی رووناکبیرانی

بۆ قووڵای خۆی هەڵمژی و

دێزە مشکەکان

لاپەڕەکانی بەزێڕ نووسراوی کتێبەکانیان

لە دۆڵابه کەونەکاندا کروژاند

خۆر مردبوو

خۆر مردبوو و "سبەینێ"ش

لە زەینی منداڵاندا

واتایەکی ئاڵۆزی بزری هەبوو.

ئەوان لە دەفتەرەکانی خۆیاندا

شێوەی نامۆیی ئەم کەونە وشەیان

بە پەڵەیەکی ڕەشی گەورە ئەکێشا.

خەڵک،

دەستەی بەزیوی خەڵک

مردوودڵ و چەوساوە و حەپەساو

لە ژێر قورسایی نەگریسی جەستەکانی خۆیاندا

لە غۆربەتێکەوە بۆ غۆربەتێکی تر ئەچوون و

ویستی ژاناوی تاوان

لە دەستەکانیاندا هەڵ دەئەوسا

جار به جار پریسکێ

وردیله پریسکێ

ئەم کۆمەڵە بێ­دەنگه بێ­گیانەی

لە پڕدا

لە ناخەوە هەڵئەوەشاندەوە

ئەوانیش پەلاماری یەکتریان ئەدا

پیاوان گەرووی یەکتریان به چەقۆ هەڵئەدڕی و

لە پێخەفێکی خوێن

لەگەڵ کچانی ناباڵق جووت ئەبوون.

ئەوان لە تۆقانی خۆیاندا نوقم بوون و

هەستی ترسناکی تاوانباری

رۆحی کوێر و گەمژەی ئەوانی ئیفلیج کردبوو.

بەردەوام لە ڕێوڕەسمی لە سێدارەدانا

کاتێ پەتی سێدارەکە بەپاڵەپەستۆ

چاوانی لەرزۆکی تاوانبارێکی

لە کاسە دەرئەپەڕاند

ئەوان بە خۆ دەچوونەوە

لە خەیاڵێکی شەهوەتناکدا

دەماره پیر و ماندووەکانیان مۆچرکەی پێدائەهات

کەچی بەردەوام لە قەراغ مەیدانەکانا

ئەم تاوانبارە گچکەیانەت ئەدی

کە ڕاوەستاون و له پرژانی بەردەوامی فوارەکانی ئاو ڕاماون

ڕەنگە ئێستاکەش

لەو دیوی چاوە هەڵ­فلیقاوەکاندا

لە قوڵایی بەستەڵەک بوونا

شتێکی نیوەگیانی شێواو

بەجێمابوو

کە لە هەوڵە بێ­هەناکەی خۆیدا

دەیویست ئیمان بهێنێ بە پاکژی سترانی ئاوەکان.

ڕەنگە..... بەڵام چ بۆشاییەکی بێ کۆتا

خۆر مردبوو

کەسیش نەیدەزانی

 ناوی ئەو کۆترە خەمبارەی کە لە دڵەکان هەڵاتووە، ئیمانە

ئای، ئەی دەنگی زیندان کراو

 تۆ بڵێی سۆزی نائومیدی تۆ قەت

لە هیچ شوێنێکی ئەم شەوە شوومەدا

کونێک بەرەو رووناکی هەڵنەکۆڵێ؟

ئای، ئەی دەنگی زیندان کراو

ئەی دوا دەنگی دەنگەکان . . .

پەڕاوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ http://www.bbc.co.uk/persian/arts/2011/12/111230_l06_forough_tajik_afghan.shtml
  2. ^ * Daniel, Elton L.; Mahdi, Ali Akbar (2006). Culture and Customs of Iran. Greenwood Press. pp. 81–82. ISBN 978-0-313-32053-8.
  3. ^ http://www.iranchamber.com/literature/ffarrokhzad/forough_farrokhzad.php
  4. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە، نووسراوەی سەرەکی لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨. وەرگیراوە لە ١١ی تەممووزی ٢٠١٤. 
  5. ^ http://www.perslit.com/forughbipayan.bbc.htm
  6. ^ http://jahed.malakut.ws/archives/2012/02/post_236.html
  7. ^ http://khabaronline.ir/detail/357249/culture/cinema