سەعید نوورسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سەعید نوورسی
بدیع الزمان
لێدوان=
سەعید نوورسی
لەدایکبوون١٨٧٨
گوندی نوورس، ھیزان، بەدلیس (دەوڵەتی عوسمانی)
مردن٢٣ی ئازاری ١٩٦٠ (٨٢−٨٣ ساڵ ژیاوە)
ئورفا، تورکیا
نیشتەجێتورکیا
سەردەمئیمپراتۆریەتیی عوسمانی
کۆماری تورکیا
سەدەی ١٩–٢٠
نەتەوەکورد
بواری زانستیتەفسیری قورئان
ناسراو بە ھۆیپەیامەکانی نوورپەیامەکانی نوور
کاریگەر بووە بەقورئان، ئیمام عەلی، شێخ عەبدولقادری گەیلانی، ئیمام غەزالی، ئیمام ڕەببانی، ئەبو حەسەن ئەشعەری، جەماللەددین ئەفغانی
کاریگەری بووە لەسەرفەتحوڵڵا گولەن

سەعید نوورسی یان سەعیدی کوردی ناسراو بە بەدیعوززەمان (لەدایکبووی ٥ی کانوونی دووەمی (یان ئازاری) ١٨٧٨ – مردووی ٢٣ی ئازاری ١٩٦٠) زانا و فەیلەسووفێکی کوردی ئایینیی ئیسلام و نووسەری سەرجەمی پەیامەکانی نوور و مامۆستای کۆمەڵەی نوور بوو.[١][٢][٣][٤][٥] لە سەردەمی خۆیدا و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا زانایانی ئایینی ئەو کاتە ناسناوی بدیع الزمانیان (واتە ناوازەی سەردەم) لێناوە.[٦]

لە دوای ڕووداوی ٣١ی ئازار لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی تورکیاوە گیرا و فەرمانی بەسەردا درا، بەڵام پاشان کە زانرا بێ تاوانە ئازاد کرا. لەسەر داوای مستەفا کەمال پاشا ھات بۆ ئەنقەرە و چاوی پێکەوت و ماوەیەک لەوێ مایەوە. پاشان چوو بۆ شاری وان. لە پاش ماوەیەک دوورخرایەوە بۆ بارلا، وە پاشانیش بەھۆی نووسینی چەند کتێبێکەوە دوورخرایەوە بۆ بوردور، ئیسپارتا، کاستامۆنو لە پاشانیش بۆ ئەمیرداغ. وە بەھۆی کتێبەکانییەوە فەرمانی بەسەردا درا و لەو سەردەمانەدا بە چەندەھا مانگ لە بەندیخانەکانی ئێسکی شەھر، دەنیزلی، ئافیۆن گیراو وە پاشانیش خۆیی و کتێبەکانیشی خاوێن و بێ تاوان دەرچوون.

لە ٢٣ی ئازاری ١٩٦٠ز. دا لە شاری ئورفا کۆچی دوایی کردووە. بەڵام لە ١٢ی تەممووزی ١٩٦٠ دا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە گۆڕەکەی ھەڵدرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار کە تا ئێستا نەزانراوە دوورخرایەوە.[٧]

بە شوێن کەوتووەکانی دەوترێت (نوورەکان) یان (کۆمەڵەی نوور). کۆمەڵەی نوور ئەو کتێبانە دەخوێنن (سەرجەمی پەیامەکانی نوور) کە پێکھاتوون لە چەندەھا بیروباوەڕی دینی.

ژیانی[دەستکاری]

سەعید نوورسی لە ساڵی ١٨٧٨ز لە شاری بەدلیس و قەزای ھیزان و شارۆچکەی ئیسپاریت و لە گوندی نوورس (ئێستا پێی دەڵێن کەپیرلی) لە دایکبووە. باوکی ناوی میرزایە و دایکیشی ناوی نوورییە یە. ژیانی نوورسی وەکو خۆی دەڵێت بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە "سەعیدی کۆن"، "سەعیدی نوێ"، "سەعیدی سێیەم". وەک لە کتێبەکانیدا باسی دەکات تا تەمەنی ٤٥ ساڵی بە قۆناغی "سەعیدی کۆن" دادەنێت. "سەعیدی کۆن" خزمەتی ئیمان و ئیسلام بە ڕێگای سیاسەت دەکات. بەڵام بەو ڕوداوانەی کە دواتر بەسەری دێت بە تەواوی ڕای دەگۆڕێت و دووردەکەوێتەوە لە سیاسەت.[٨] ھەروەھا چوارەم مناڵی خانەوادەکەیانە کە یەک لە دوای یەک ئەمانەن (دورریە خانم، عەبدوڵڵا، سەعید، محەممەد، عەبدولمەجید، مەرجان). بە ھەوڵ و تەقالای خۆی شارەزایی لە زانستەکانی ڕۆژگاردا، وەک (کیمیا، فیزیک، زیندەزانی، جیۆلۆجی، بیرکاری، گەردوونناسی، جوگرافیا ،.. ھتد) پەیدا کردووە. یەکەم کەسە کە ھەوڵی داوە بۆ دامەزراندنی زانکۆ لە کوردستاندا و کردنەوەی قوتابخانەی کوردی و خوێندنی وانەی زانستەکانی سەردەم شان بە شانی زانستە ئاینییەکان. گەورەترین کەسایەتی کوردی ئەم سەردەمە و مەزنترین زانایە کە لە دوای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە ناو نەتەوەی کورددا ھاتووەتە دنیاوە و ناوبانگی جیھانی بۆ درووست بووە و، لە ڕووبەرێکی فراوانی سەر زەویدا سوود لە بەرھەمەکانی وەردەگیرێت.

زیاتر لە سەد و سی کتێب و نامیلکەی لە ژێر ناونیشانی (سەرجەمی پەیامەکانی نوور)دا نووسیوە و بڵاوی کردوونەتەوە. وەرگێڕانی سەرجەمی پەیامەکانی نوور بۆ زمانی عەرەبی لەلایەن (ئیحسان قاسم صاڵحی) یەوە تەواو بووە و لە دە دانە بەرگی قەشەنگدا و لە ھەردوو شاری ئەستەمبوڵ و قاھیرە چەند چاپێکی یەک لە دوای یەکیان تا ئێستا لێ بڵاو کراوەتەوە. بەشێکی زۆریشیان لەلایەن ماری وێڵد (شوکران واحید) ەوە کراون بە زمانی ئینگلیزی. بەشێکی ئەم پەیامانە بۆ ئەم زمانانەی خوارەوەش وەرگێڕدراون، کە تا ئێستا کاری وەرگێڕان تیایاندا بەردەوامە: (ئەڵمانی، فەڕەنسی، ڕووسی، ئوردوو، فارسی، ئیتاڵی، گوجەراتی، مەلایا، ڕۆمانی، چینی، بولگاری، پورتوگالی، ئەلبانی، بۆسنی، ئیسپانی، مەقەدۆنی.. ھەروەھا گەلێ زمانی تریش.

لەو کاتەی کە "سەعیدی کۆن" گۆڕا بە "سەعیدی نوێ" کتێبی (فتوح الغیب) ی شێخ عبدالقادری گەیلانی کاریگەرییەکی گەورەی دروست کرد لەسەر سەعید نوورسی.[٩] بەشی زۆری (پەیامەکانی نوور) لە سەردەمی "سەعیدی نوێ" دا نووسراوە. سەعید نوورسی بە کورتی سەبارەت بە جیاوازی نێوان "سەعیدی کۆن" و "سەعیدی نوێ" دەڵێت " سەعیدی کۆن زیاتر بەپێی مێشکی دەڕۆیشت، بەڵام سەعیدی نوێ ھەم بایەخ بە مێشک دەدات و ھەم بە دڵیش"

لە دوای بەندیخانەی ئافیۆن لە ساڵی ١٩٤٨ بە قۆناغی «سەعیدی سێیەم» دادەنێت.[١٠]

سەعیدی کۆن[دەستکاری]

سەعید نوورسی بە ناوەکانی زانای سەردەم «بدیع الزمان»، «مەلا سەعید»، «مەلا سەعیدی-مەشھوور»، «سەعیدی نوورسی» و «سەعیدی کوردی» ناسرابوو. یەکەم دەستپێکردنی خوێندنی لە گوندی نوورس لەلای کاک عەبدوڵڵای برا گەورەی بوو. لە تەمەنی ٩ ساڵیدا (١٨٨٧) چوو بۆ گوندی «تاغ» و لە قوتابخانەکەی مەلا محەممەد ئەمین ئەفەندی دەستی کرد بە خوێندن. لە ساڵی ١٨٨٨ قوتابخانەی تەواو کرد.[١١] لە کتێبی (مێژووی-ژیان) نووسیویەتی کە لە گوندی "تاغ" بوو زۆر گرنگی پێ دەدرا بەڵام قوتابییەکان ئەمەیان پێ ناخۆش بوو لەبەر ئەوە قسەی ناشرینیان پێ دەوت لەبەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان. دوای ئەوەی کە لە گوندی "تاغ" گەڕایەوە ھەفتەی یەک جار (کە کاک عەبدوڵڵای برای سەردانی ماڵەوەی دەکرد) دەرسی لێ وەردەگرت. لە ماوەی پێنج ساڵدا لە قوتابخانەکانی "مەلا محەمەد ئەمین ئەفەندی، میر سەعید وەلی و مەلا محەمەد ئەفەندی" دەرسی خوێند. وەک لە پەیامەکاندا نووسراوە کە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا توانی "قورئانی پیرۆز خەتم بکات و بۆ ماوەی سێ مانگ لە قوتابخانەی شێخ محەمەد جەلالی بخوێنێت و وە ڕۆژانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر کتێب بخوێنێتەوە و یەکسەر لەبەری بکات و وە ھەروەھا بێجگە لەو کتێبانەی کە قوتابخانەدا دەی خوێندن زۆر کتێبی تریش بخوێنێتەوە. وە دوای ئەمە لەوێ ئیجازە وەردەگرێت و لەوێ دەڕوات. لەم ماوەیەدا گفتوگۆی زۆری لەگەڵ مامۆستاکانیدا دەکرد بەڵام قوتابییەکان ئەمەیان پێ ناخۆش بوو وە ئیرەییان پێ دەبرد و ھەندێک جاریش دەبوویە شەڕیان. ڕۆژێکیان یەکێک لە خزمەتکارەکانی ئاغای "جەزیرە" بە مەبەستی کوشتنی سەعید نوورسی دەیەوێت شمشێرەکەی دەربکات بەڵام شمشێرەکەی لە بەرگەکەی گیر دەبێت و ناتوانێت ھیچ بکات، سەعیدیش دەیخاتە ئاوێکی ساردەوە و پاشان دەری دەھێنێتەوە. لە دوای ماوەیەک سەعید بۆ بەڕێ کردنی زستان دەگەرێتەوە بۆ گوندەکەیان.

شەوێکیان لە خەویدا دەبینێت کە قیامەت ڕوویداوە و ھەموو خەڵکی بەسەر پردی "صرات" دا دەپەڕێنەوە، ئەویش دەڕواتە سەر پردی صرات و ڕادەوەستێت تا دانە دانە ھەموو پێغەمبەران دەبینێت وە لە کۆتایدا پێغەمەرمان "موحەممەد (د. خ)" دەبینێت و لە خەوەکەی ڕادەچڵەکێت. وە بەھۆی ئەم خەوەوە داوای درێژە پێدانی خوێندن لە باوکی دەکات و لەسەر ئیزنی باوکی دەچێت بۆ قوتابخانەی " میر حەسەن وەلی".

بەھۆی ئەوەی سەعید نوورسی لە بابەتە ھەرە ئاڵۆزەکان تێدەگەیشت و بە ماوەیەکی کەم کتێبی لەبەر دەکرد و بابەتە زانستیەکانی بە قوڵی دەزانی، بووە ھۆی سەرسامی «مەلا فتح اللە ئەفەندی» و بەو ھۆیەوە نازناوی (بدیع الزمان) ی لێنا.[١٢][١٣][١٤][١٥]

دوای ماوەک دێت بۆ شاری بەدلیس و کەسایەتی دەگۆڕێت و وە ھەروەھا دەبێتە جێی سەرنجی «عمر پاشا» ی والی بەدلیس و ژوورێکی دەداتێ بۆ بەردەوام بوونی لە خوێندن. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە «پەیامەکانی نوور» ەوە وەرگیراوە «سەعید نوورسی» بۆ ماوەی دوو ساڵ لێرە درێژە بە خوێندنەکانی دەدات و پاشان لەلایەن والی شاری وانەوە دەعوەت دەکرێت و ئەویش دەچێت و لە وانیش بۆ ماوەی دە ساڵ لەو ژوورەی کە والی وان بۆی دابین کردبوو درێژەی بە خوێندنە زانستییەکانی دەدات. لە دوای ماوەیەک کە «حەسەن پاشا» ی والی وان دەستی لە کار کێشایەوە، «تاھیر پاشا» بوو بە والی تازەی وان و پەیوەندی لەگەڵ «سەعید نوورسی» دا زۆر باش بوو، وە لەو ژوورەی کە دەرسی تێیدا دەخوێند بەردەوام بوو. وە ھەروەھا قوتابخانەیەکیشی ھەبوو کە دەرسی بە تەلەبەکانی دەخوێند.

سەعید نوورسی بۆ خوێندنی زانستە گشتیەکان و زانستی ئیسلامی، دەمێک بوو بیری لە دروست کردنی زانکۆیەک کردبوەوە و بۆ گەیاندنی داواکەی بە حکومەت لە ساڵی ١٩٠٧ چوو بۆ ئەستەمبوڵ. وەک برایەتی کردنێک لەگەڵ "زانکۆی الآزھر" لە میسر ناوی "مدرسة زھراء"ی لەم زانکۆیە نابوو. مەبەستی "سەعید نوورسی" لە دروستکردنی ئەم زانکۆیە خوێندنی "زانستە گشتییەکان" و "زانستی ئیسلامی" بوو. وە بە ھەرسێ زمانەکانی عەرەبی و تورکی و کوردی لەم زانکۆیەدا بخوێنرێت. کە ھات بۆ ئەستەمبوڵ یەکەم جار چوو بۆ ماڵی "فەریق ئەحمەد پاشا". دوای ئەوە داوای لە حکومەت کرد کە دەیەوێت لە ڕۆژھەلاتی ئەستەمبوڵ زانکۆیەک دروست بکات بەڵام حکومەت وەڵامی نەبوو. پاشان دوای دوو مانگ مانەوە لە ئەستەمبوڵ چوو بۆ مزگەوتی "فاتیح" و لەوێ لە خانەی "شەکەرجی" مایەوە. وە شتێکی سەیر لێرە ڕوویدا کە بووە ھۆی سەرنج ڕاکێشانی ھەموو زاناکان ئەویش ئەوە بوو کە لەسەر دەرگای ژوورەکەی نووسیبووی " لێرە وەڵامی ھەموو پرسیارێک دەست دەکەوێت و ھەموو دەردێک چارەسەر دەکرێت بەڵام پرسیار لە کەس ناکرێت ".[١٦]

لە نێوان ساڵەکانی (١٩١٥–١٩١٧) لە جەنگی نێوان «دەوڵەتی عوسمانی» و «ڕووسەکان» لە شەڕی «قەفقاس» دا وەکو بەرپرسێکی گەورە بەشداری لە جەنگی جیھانی یەکەمدا کرد.[١٧] پاشان لە ساڵی ١٩١٦ دا لە شەڕی بەرگری کردن لە شاری بەدلیس لەگەڵ «ڕووسەکان» بریندار کراو بە ئەسیر کەوتە دەست «ڕووسەکان»، بۆ ماوەی یەک ساڵ لە کەمپینی ڕووسەکاندا مایەوە. لە ساڵی ١٩١٧ لە کامپینی «کۆسترۆما» لە دەست ڕووسەکان ھەڵھات و بەرەو ئەستەمبوڵ گەڕایەوە. کە گەڕایەوە بۆ ئەستەمبوڵ چووە ڕیزی بەرزترین کۆمەڵەی فەتوای ئەو سەردەمە کە ئەویش کۆمەڵەی «الدار الحکمة الآسلامیة» بوو، وە بووە ئەندامێکی ئەو کۆمەڵەیە.

پاشان سەرکردەکانی کۆمەڵەی «ھەڵاتنی کورد» داوایان لێ کرد کە بچێتە کۆمەڵەکەیان، بەڵام سەعید نوورسی داواکەیانی ڕەت کردەوە. لە دوای ١٥ی شوباتی ١٩١٩ چووە کۆمەڵەی «ھەڵاتنی ئیسلام» و لەگەڵ کۆمەڵەی «المدرسیین» دا مایەوە کە پێک ھاتبوون لە «مستەفا سابری، مامۆستا محەممەد عاتف و ساففەت ئەفەندی». وە لە ساڵی ١٩١٩ دا دەستی کرد بە نووسینی کتێبی «مەسنەویەی نوورییە».

بەھۆی ئەو دەعوەتانەی کە «مستەفا کەمال ئەتاتورک» و والی پێشووی وان «تەحسین پاشا» کردبوویان چوو بۆ شاری ئەنقەرە و بۆ ماوەیەک لەوێ مایەوە. وەکو دووەم گوێگری «کۆبوونەوەی میللی» بەشداری کردووە. بەھۆی ئەو بەیاننامەیەی کە پێشکەشی کرد بە حکومەت بۆ چاککردنی ڕەوشی تورکیا، لەلایەن چەند کەسێکەوە زۆر بەتوندی بەرپەرچی درایەوە. لە پاڵ ئەمەشدا ھەر وازی لە داوای دروست کردنی زانکۆی «زەھرا» نەدەھێنا.

سەعیدی نوێ[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٢٥ دا کە دوور خرایەوە بۆ بوردور کتێبی «دەرگای یەکەمی نوور» ی نووسی. پاشان دوور خرایەوە بۆ بارلا. لێرە دەستی کرد بە نووسینی سەرەتای پەیامەکانی نوور، ھەردوو کتێبی وتەکان و مەکتوبات بە تەواوی و بەشێکی زۆری بریسکەکانی لێرە نووسییەوە.

لە ساڵی ١٩٣٤ لە «بارلا» وە دوور خرایەوە بۆ ئیسپارتا. لە ساڵی ١٩٣٥ دا بەھۆی دانانی «کۆمەڵەیەکی نھێنی» کەوتە دادگای جەزای قورسی شاری ئێسکی شەھیر و لە ئەنجامی دادگایدا، بەھۆی نووسینی «پەیامی تەسەتتور» خۆی ١١ مانگ کەوتە زیندان و ١٦ تەلەبەشی بۆ ماوەی ٦ مانگ زیندانی کران. لە ساڵی ١٩٣٦ کە کاتی زیندانییەکەی تەواو بوو بۆ ماوەی ٧ ساڵ دوور خرایەوە بۆ «کاستامۆنو».

لە ساڵی ١٩٤٣ خۆی و ١٢٠ لە تەلەبەکانی بە ئیدعای «ڕووخاندنی بنەڕەتی ڕژێم» جارێکی تر گیرایەوە و لە بەندیخانەی «دەنیزلی» بۆ ماوەی ٩ مانگ زیندانی کرا، بەڵام بێ گوناە دەرچوو ئەم جارەشیان گوازرایەوە بۆ «ئەمیرداغ» و لەوێ بە زۆر ڕابەریان پێ دەکرد. لە ساڵی ١٩٤٧ خۆی و ٥٤ تەلەبەی لە بەندیخانەی ئافیۆن بۆ ماوەی ٢٠ زیندانی کرا. دیسانەوە دوور خرایەوە بۆ «ئەمیرداغ». لە‌شۆڕشی شێخ سە‌عیدی پیراندا لە‌و دە‌مە‌دا لە کاتی سە‌رھە‌ڵدانە‌کە دا ئە‌لبای حولیسی یە‌حیا گلی دە‌چێتە لای سە‌عید نە‌ورسی سە‌بارە‌ت بە سە‌رھە‌ڵدانە‌کە‌یان لە‌گە‌ڵی دە‌دوێت، ئە‌و کاتە نورسی پێی دە‌لێ دە‌بێ ھیچ باوە‌رمە‌ندێک دە‌ستی نە‌چێتە خوێنی گە‌لی کورد.

سەعیدی سێیەم[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٥٢ بە ھۆی نووسینی کتێببی «ڕابەری گەنجان» بانگ کرا بۆ ئەستەمبوڵ و ئەم جارەش بە بێ تاوان دەرچوو. لە ١٩٥٣ گەڕایەوە بۆ «ئەمیرداغ». بۆ جاری دووەم ھاتەوە بۆ ئەستەمبوڵ و بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو لەوێ مایەوە. وە لە دوای ئەمە ژیانی بە زۆری لە «ئەمیرداغ» و «ئیسپارتا» بەسەربرد. وە دوای ئەم ماوەیە ئەو پەیامانەی نوور کە نووسرابوون بڵاو بوەوە بەناو خەڵکیدا و سەرنجی ڕادەکێشان. بەم ئامانجەوە لە زۆربەی شار و گوندەکان دا بە نووسینی دەست و یاخود وتنەوەی لە ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە و بەشەکانی ڕۆژھەلات دا بڵاو بوویەوە. وە لەم ماوەیەدا چەندین دەعواو و شکاتیان لە خۆی و تەلەبەکانی کراو زۆربەشیان لە دادگاکاندا بوو. لە ساڵی ١٩٥٠ کە پاتی دیموکرات ھاتە سەر حوکم ھیچ ڕێگرییەکی لە بەردەم کۆمەڵەی نوور و پەیامەکانی نووردا دانەنا و لەم ماوەیەدا پەیامەکانی نوور چاپکران و لە تورکیا و پاکستان و ئەمریکا و ئیتاڵیا بڵاو بویەوە.[١٨]

لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ دا لە شاری ئورفا وەفاتی کردوو لە گۆڕستانی «خلیل الرحمن» نێژرا، بەڵام لە ١٢ی تەممووزی ١٩٦٠ دا لەلایەن حکومەتەوە گۆڕەکەی تێکدراو برا بۆ شوێنێکی نادیار.[٧]

سەعید نوورسی لە ساڵی ١٩١١، لە کتێبی مونازەرات دا وتە «مردن ڕۆژی نەورۆزی ئێمە یە». لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ دا، ٢ ڕۆژ پشتی نەورۆز لە سبەھی شەوی لەیلەتولقەدر دا وەفات کردووە.

جەنگی جیھانی یەکەم[دەستکاری]

ھەرچەندە سەعید نوورسی ڕای وابوو دەوڵەتی عوسمانی بە جەنگەوە نەگلێت، بەڵام ھەر ئەوەندەی بەشداری دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگدا ڕاگەیەنرا، یەکسەر خۆی و قوتابییەکانی ھاوبەشییان لەو جەنگەدا کرد دژی ڕوسیای قەیسەری، کە لە چەندین جەنگی گرنگدا بەشداری ئازاو بەجەرگانەی جیھادیان کردو، ھێندە ئازایەتی و توانا و لێھاتنی لەو جەنگەدا نواند کە سەرنجی فەرماندەی سوپا و تەنانەت چاودێرە بیانییەکانیشی ڕاکێشابوو.[١٩]

کاتێک کە سوپای ڕووس بە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە سوپای داگیرکەران ڕژانە ناو شاری بەدلیسەوە بەدیعوززەمان و قوتابییەکانی بەرگیرییەکی مەردانە و فیداکارانەیان لە شارەکەیان دەکرد، تا لە ئەنجامدا بە سەختی پێکراو لە ھۆشی خۆی چوو، ئینجا ڕووسەکانیش لە (٢/٣/١٩١٦) دا بە برینداری دیلیان کرد و بردیان بۆ بەندیخانەی ئەفسەرە دیلەکان لە شاری کۆسترمای سیبیریا و، لە ماوەی دیلیدا بەردەوام وانەی ئیمانی بە ئەفسەرە دیلەکانی ھاوڕێی دەوت کە ژمارەیان نەوەد کەس بوو.[١٩] ھەر لەو ماوەیەدا و لەبەر نواندنی ھەڵوێستێکی بە جەرگانەی ئەو زانا و موجاھیدە خاوەن عیززەتی ئیسلامە و، ھەڵنەسانی لە بەر سەرکردەیەکی گەورەی سوپای ڕووس، لە پەتی سێدارەو بە دەستھێنانی پلەی شەھیدی نزیک بووەوە، بەڵام خودای گەورە بە سەری بەرزەوە ھێنایەدەرو ڕزگاری کرد لە حوکمی لە سێدارەدان.[١٩]

ڕزگاربوونی لە دیلی[دەستکاری]

پاشان بە جۆرێکی گەلێ سەرسوڕھێنەر و ناوازە و بە چاودێرییەکی ئاشکرای پەروەردگار لە دیلی ھەڵھات و، لە ڕێی (وارشۆ، ئەڵمانیا، ڤیێنا) گەڕایەوە وڵات. کە لە ڕێکەوتی (١٧/٦/١٩١٨) دا گەیشتەوە ئەستەمبوڵ و مەدالیای جەنگی خەڵات کراو، لەلایەن خەلیفە و شێًخولئیسلامی دەوڵەتی عوسمانی و سەرکردەی گشتی سوپا و قوتابییانی زانستە شەرعییەکانەوە پێشوازییەکی ناوازە و ڕەنگینی لێ کرا، ھەروەھا کاربەدەستان داوایان لێ کرد کە ھەندێ فەرمانی بەرز لە دەوڵەتدا بگرێتە ئەستۆی، بەڵام مامۆستا ھیچیانی نەویست جگە لە ئەندامێًتی (دار الحکمة الإسلامیة) کە دەزگایەکی زانستی ئەوتۆ بوو گەورە زانایانی تێدا دەکران بە ئەندام.[١٩] لە ماوەی ئەم ئەندمێتییەیدا زۆربەی نووسراوە عەرەبییەکانی خۆی چاپ کرد، وەک: تەفسیرە بەنرخەکەی کە ناوی (إشارات الإعجاز في مڤان الإیجاز)ە و، لە گەرمەی جەنگدا داینابوو، کە ئێستا لە بەشی خوێندنی دکتۆرای وانەی تەفسیر لە زانکۆی ئەزھەر بە دەرس دەخوێنرێت.[١٩]

بیرو بۆچوونەکانی[دەستکاری]

مەدەنییەت[دەستکاری]

سەعید نوورسی لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا پشتگیری تەواوی لە مەدەنییەت بوون کردووە، بەڵام پشتگیری مەدەنیەت بوون بە شێوازی ڕۆژاوا یان ئەورووپا نەکردووە و ڕەتی کردووەتەوە. لە بابەتی مەدەنییەت بووندا لە چەند شوێنێکی پەیامەکانی نووردا نموونەی یابانیەکان بۆ عوسمانییەکان ھێناوەتەوە کە وەک ئەوان بن. لەم بارەشەوە لە پەیامەکانی نووردا لە یەکێک لە بەشەکاندا نووسراوە:

زیرەکی و لێھاتوویی[دەستکاری]

زیرەکی و زەین ڕۆشنی و توانای لەبەرکردنی ھێندە کەم وێنە و لە ڕادەبەدەر بووە کە توانیویەتی نزیکەی «نەوەد» کتێبی مەتنە سەرەکییەکان لەبەر بکات، لە بابەتەکانی (نەحو، صەرف، تەفسیر، حەدیث، فیقھی ئیسلامی.. ھتد). جگە لەمانەش ھەر لە سەرەتای فەرھەنگی بەناوبانگی «قاموس المحیط» وە تا دەگاتە «باب السین» ی ئەو فەرھەنگەی لەبەر کردووە و ئینجا بە ماوەی یەک ھەفتەش کتێبی «جمع الجوامع» ی سەر بە زانستی ئوصوڵی فیقھی خوێندووە و لەبەریشی کردووە!

ئەو ڕووداوەی کە ژیانی گۆڕی[دەستکاری]

لە ساڵی ١٨٩٧ز دا مامۆستا سەعید ھەواڵێکی لە ڕۆژنامە ناوخۆییەکاندا خوێندەوە کە بریتی بوو لەوەی کە «گلادستۆن» ی وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا نوسخەیەکی قورئانی بە دەستەوە گرتووە و بە ئەندامانی پەرلەمانی وتووە: (ھەتا ئەم قورئانە لە ناو موسوڵماناندا بمێنێت ئێمە ناتوانین حوکمڕانیان بکەین، کەواتە چار تەنھا ئەوەیە کە قورئان لەسەر زەویدا نەھێڵین، یاخود پەیوەندی موسوڵمانەکانی پێوە ببچڕین)! ئەم ھەواڵە تەزووی بە جەستەی «بدیع الزمان» دا ھێنا و حەوانەوە و سرەوتی لێ بڕی و بۆ ھەموو کەسانی دەوروبەی خۆی بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە: (دەبێ بە بەڵگە بۆ ھەموو جیھان بچەسپێنم و پێیان بسەلمێنم کە قورئان خۆرێکی مەعنەویە تیشکی ئەو خۆرە ھەرگیز کز نابێت و ڕووناکییەکەشی بە ھیچ کەسێک ناکوژێتەوە).

مژدەی پێدانی زانستی قورئان لەلایەن پێغەمبەرەوە[دەستکاری]

ھەر لە تافی لاوی و لە خەونێکی ڕاستدا بە خزمەتی پێغەمبەر شەرەفمەند بووە و داوای (زانستی قورئان)ی لێ کردووە، حەزرەتیش لەو خەوەدا مژدەی داوەتێ کە :"سیوھب لک علم القرآن ما لم تسأل شیئا من الامة"! واتە زانستی قورئانت پێ دەبەخشرێت بە مەرجێک "سوئال"ی ھیچ شتێک لە نەتەوەکەم نەکەیت. ئەویش تا لە ژیاندا ما سوئالی لە کەس نەکرد، نە بە واتای "پرسیار" و نە بە واتای "سواڵکردن" تەنانەت لە موحتاجترینی کاتەکانی تەمەنیدا دیاری و سەدەقە و زەکاتیشی لە خەڵکی وەرنەگرتووە!

تایبەتکاری پەیامەکانی نوور[دەستکاری]

گرنگترین تایبەتکاری ئەم پەیامانە لەوەدایە کە: تەفسیرێکی خەستوخۆڵی ڕاستییەکانی قورئانەوە و بە ئینسایکڵۆپیدیا (مەوسوعە) یەکی ئیمانی بایەخدار دادەنرێن و بە دەم خواستە ئیمانییەکانی خەڵکی سەردەمەوە دەڕۆن و ئیمانی تەحقیقی لە دڵ و دەروون و بیر و ژیری مرۆڤی ھاوچەرخدا دادەمەزرێنن و بینای کوفر و ئیلحاد لە بنج و بێخدا ھەڵدەتەکێنن و، قەڵای مەحکەمن و بۆ ئیمانداران و گرنگترین و چەکی پێشکەوتووی «ئیمان» ن لەم سەردەمەدا، کە نوێترین و چەکی فرت و فێڵی کوفر و ئیلحادی تێدا بەکار دەھێنرێت!

پەیامەکانی نوور لە دوای وەفاتی مامۆستا نوورسی[دەستکاری]

  • لە دوای خۆی، قوتابییە دڵسۆزەکانی بەوپەڕی چوست و چالاکی پەیامەکانی نووریان بە خەڵکی گەیاند و بە ئاستە زانستی و فیکرییەکانی ناوخۆ و جیھانیان ناساندن و گەورە بیریاران (مفکرین) ی ئیسلامی و جیھانیان پێ ئاشنا کردن.
  • تا ئێستا لە تورکیادا ھەشت کۆنگرەی جیھانی و دەیان کۆڕ و سیمیناری ناوخۆیی لەسەر ژیان و بیری مامۆستا نوورسی گیراوە. ھەروەک لە چەندین شوێنی تری جیھاندا چەشنی (میسر و مەغریب و جەزائیر و ئەردەن و مالیزیا و ئوسترالیا و ئەندۆنیسیا و یەمەن و چاد و ئەڵمانیا و بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا و فلیپین و شوێنانی تریش) کۆنگرەی جیھانی و کۆڕ و سیمیناری زانستیی لە ئاستە ئەکادیمییەکاندا لەسەر پێشکەش کراوە. جگە لەو دەیان لێکۆڵینەوە و باس و کتێبانەی کە بە زمانە جیاجیاکان بۆ ئەم مەبەستە نووسراون و جگە لەو نامە زانکۆیی و ئەکادیمیانەش کە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە جەندەھا زانکۆی ناوخۆ و جیھاندا (ھەر لە مالیزیاوە تا دەگاتە فەڕەنسا) لەسەر ژیانی «مامۆستا نوورسی» خۆی و لەسەر پەیامەکانی نووسراون و ئامادە کراون.
  • لە چەند زانکۆیەکی جیھاندا زانست و بیری «مامۆستا نوورسی» لە ناوەندی مەنھەجە ڕەسمییەکان و سەرچاوە زانستییەکاندا دانراون و بە دەرس دەخوێندرێن، وەک زانکۆی ئەزھەری میسر و زانکۆی «محمد الخامس» لە مەغریب و زانکۆی ئیسلامی جیھانی لە مالیزیا.

کۆنگرەی جیھانی[دەستکاری]

تا ئێستا زیاتر لە پازدە کۆنگرەی جیھانی و دەیان کۆڕی زانستی و پێشبڕکێی ڕۆشنبیری لە ئاستی جیھاندا لەسەر کراوە و دەیان کتێب و سەدان لێکۆڵینەوەی لەسەر نووسراوە، چەندین بەڵگەنامەی زانکۆییشی لە خوێندنی باڵا لە سەر وەرگیراوە.

دواھەمین کۆنگرەی جیھانی لەسەر مامۆستا سەعید نوورسی لە شاری ئەستەمبوڵ لە ڕێکەوتی (٢٠١٠/١٠/٣)دا سازکرا و چەندین کەسایەتی زانستی لە (٤٤) وڵاتەوە بەشدارییان تێداکرد کە توێژەرانی (٣٣) وڵات لەوانە (١٠٥) توێژینەوەی زانستییان پێشکەش کرد.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

پەیامەکانی نور
  • وتەکان (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • مەکتووبات (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • بریسکەکان (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • تیشکەکان (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • پاشبەندەکان (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • پاشبەندەی بارلا
  • پاشبەندەی قەستەمۆنی
  • پاشبەندەی ئەمیرداغ
  • مێژووی ژیان
  • الإشارات الإعجاز
  • مەسنەوی نوورییە
  • سکەیی تصدیقی غەیبی
  • عەسای موسا
  • زولفەقار
  • سراجی نوور
  • تلسمەکان
  • ئاساری بەدیعیە (ئەسەرەکانی پێشین)(بە ناوی «داوەری‌یەکان» وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • موحاکەمات
  • مونازەرات
  • خوتبەی شامیە و خوتوواتی ستە
  • شەھادەتنامەی دوو مەکتەبی موسیبەت (یاخوود دیوانی حەربی عورفی و سەعیدی کوردی)
  • ...

فیلم[دەستکاری]

  • (Hür Adam) بە کوردی پیاوی ئازاد "٢٠١٠"
  • Bediüzzaman: Said Nursi Çizgi Film (بدیع الزمان: سەعید نوورسی_فیلم کارتۆن)
  • Allah'ın Sadık Kulu (بەندەی ڕاستگۆی خوا)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Mektubat, Yirmi Dokuzuncu Mektup, s.407 ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ مەکتووبات، مەکتووبی بیست و نۆیەم، لا.٤١٠ ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "Divan-ı Harb-i Örfî, s.20". Archived from the original on 27ی Augustی 2016. Retrieved 21ی Marchی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ٢٧ی ئابی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ Divan-ı Harb-i Örfî, s.161 ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ Divan-ı Harb-i Örfî, s.169 ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ "Bediüzzaman Said Nursi (Ocak-Mart 1878 - 23 Mart 1960)" Köprü dergisi- Bahar 2000-70. Sayı ٨ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. URL erişim tarihi: 19 Temmuz 2011
  7. ^ ئ ا "قسەکەر تەنھا حەقیقەتە". Archived from the original on 13ی Novemberی 2013. Retrieved 21ی Marchی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  8. ^ Said Nursi, Şualar - On Dördüncü Şua s.426 ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ Lem'alar - 8.Lem'a - Envar Neşriyat s.49
  10. ^ مێژووی ژیانی سەعید نوورسی - ژیانی ئیسپارتا - لا. ٥٢٥
  11. ^ Said Nursi Tarıhçe-i Hayatı, Envar Neşriyat, sh.32
  12. ^ Tarihçe-i Hayat | Birinci Kısım: İlk Hayatı | ٤١
  13. ^ Bediüzzaman Said Nursi, İçtimai Reçeteler, İstanbul 1990, C.1, s. 23
  14. ^ Abdülkadir Badıllı, Bediüzzaman Said Nursi: Mufassal Tarihçe-i Hayatı, İstanbul 1990, C.1, s.76
  15. ^ "Emre Aköz, Bir rüya gördü hayatı değişti, Sabah". Archived from the original on 31ی Augustی 2016. Retrieved 21ی Marchی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  16. ^ Tarihçe-i Hayat | Birinci Kısım: İlk Hayatı | ٤٥
  17. ^ Said Nursi Tarıhçe-i Hayatı, Envar Neşriyat, sh.107
  18. ^ Said Nursi Tarihçe-i Hayatı - Isparta Hayatı - Envar Neşriyat s.527 ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  19. ^ ئ ا ب پ ت "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 25ی Octoberی 2012. Retrieved 17ی Augustی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help) ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ژیاننامەی سەعید نوورسی: (نووسەر: حبیب محمد سعید)
  • کتێبی وتەکان (سەعید نوورسی)
  • پوختەی ژیانی بدیع الزمان؛ سەعید نوورسی (فارووق ڕەسوول یەحیا)
  • ویکیپێدیای تورکی