مانگ

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
وێنەی مانگی تەواو یان پڕ کە لە باکووری زەوییەوە سەیر کراوە

وشەی مانگ یان ھەیڤ (بە ئینگلیزی: Moon ، بە عەرەبی: القمر) بەکار ئەھێنرێت بۆ ئاماژەدان بەھەر تەنێکی ئاسمانی یان دەستکرد، کە بە خولگەیێکی دیاری کراو بەدەوری زەویدا ئەسووڕێتەوە ، یان ھەر ھەسارەیەکی تر ، بۆ نموونە ھەسارەی کەیوان (زحل) ھەژدە مانگی - پاشکۆی ھەیە . مانگ ناوێکی تریشی ھەیە ، کە ھەندێ جار پێی ئەگوترێت (لونا) ، لایەکی تری مانگ کە لەسەر زەویەوە نابینرێ پێی ئەوترێ (لای - تەنیشتی - دوور) ، یان (ڕووی تاریک) ، بۆیەش ئەم ناوەی پێ ئەوترێ چونکە مرۆڤ ناتوانێ لەسەر زەوی بیبینێ، وە ئەگەر گالیسکەیەکی بۆشایی بچێ بۆ ئەم ڕووە تاریکە ، پەیوەندی بێ تەلیش ئەپچڕێ لە نێوان زەوی و گالیسکەکەدا. لەم وتنانەش مەبەست مانگە ناسراوەکەی نێو خەڵکانە ، مانگی پاشکۆی زەوی.

جوڵەی مانگ[دەستکاری]

مانگ، نزیکەی چوار ھەفتە جارێک خولێک بە دەووری زەویدا لێ ئەدات، وە لەدوای تێپەڕ بوونی ھەر کاتژمێرێکیش ، بە ئەندازە نیو پلە ئەجوڵێ ، و ڕۆیشتنەکەشی بەسەر خولگەیێکە کە لار ئەبێتەوە بەسەر بازنەی کۆشک (zodiac) بە نزیکەی پێنج پلە. خولانەوەی مانگ بە دەووری زەویشدا ، بەپێوەری مانگە ئەستێرەییەکان ، و مانگە نزیکەکان ئەبێ.

خولی ئەستێرەیی[دەستکاری]

بریتیە لەم ماوە کاتیەیی کە مانگ پێویستی ئەبێ بۆئەوەی خولێک لێ بدات بەدەوری زەویدا، لە ئاست ئەستێرەکان ، کە (٢٧) ڕۆژ و سێ چارەکە ڕۆژ ئەخایەنێت.

خولی لێک نزیک بوونەوەیی[دەستکاری]

بریتیە لەو ماوە کاتیەی مانگ پێویستی پێییەتی ، بۆ ئەوەی خولێک لێبدات ، بە دەوری زەویدا ، لەئاست ڕۆژ، کە (٢٩) ڕۆژ و نیو ئەخایەنێت ، مانگ ھەمان کاتیشی پێویستە بۆ ئەوەی خولێکی تەواو لێبدات بە دەوری خۆیدا، ھەر بۆیشە ئەو کەسەی کە سەیری مانگ ئەکات ، تەنھا ئەم ڕووەی مانگ ئەبینێ.

مانگ و زەوی ، پیشاندانی دووری نێوانیان و قەبارەیان هەروەها ئەو هێڵە زەردە بریتییە لە تیشکی ڕووناکی کە لە زەوییەوە بۆ مانگ دەچێت بە ماوەی (١.٢٦) چرکە


تایبەتمەندیەکانی مانگ[دەستکاری]

بەھۆی ئەم ھاوکاتیەی کە مانگ وەریئەگرێ، بۆ خولانەوە بە دەووری خۆی ، و خولانەوە بەدەووری زەویدا، خەڵکانی سەر زەوی تەنھا ئەم ڕووە ئەبینن کە ڕوو بە ڕووی زەویە ، و ناگۆڕدرێ. جوڵان و خولانەوەی مانگ بەدەووری زەویدا کاریگەری ئەبێ بەسەر دەریا و زەریاکانی زەویدا، وە ئەبێتە ھۆی دیاردەی ھەڵکشان و داکشان. ھەر لە کۆنیشەوە زانایان ناکۆکن لەسەر سەرەتا و چۆنیەتی سەرھەڵدانی مانگ ، بەڵام بە بۆچوونی زۆرینەی گەردوونناسان ، کاتی خۆیی و لە زوودا زەوی تەنێکی گەورەی بەرکەوتوووە ، کە بە ئەندازە بە قەد ئەندازەی مەریخ ئەخەمڵێندرێت ، و لەکاتی بەرکەوتنەکەیشیدا، زەوی ھێندێک پارچەی لێ بوەوە، و بڵاو بۆتەوە و پاشان یەکیان گرتۆتەوە ، و ئەم مانگە یان لێ دروست بووە ، ئەم بیردۆزەش بە بیردۆزی (بەریەککەوتنی گەورە) ئەناسرێ، لە مانگی (٨) ساڵی (٢٠٠١)دا زانایان کاریان کرد بۆ لێکچوواندنی بیردۆزی بەریەککەوتنی گەورە ، وە لەسەر پێگەش بڵاوکرایەوە ، لە وێکچوونی پێکھاتەکانی مانگ ، بەم کانزاییانەی کە ھەن لەسەر ھەسارەی زەوی ، بیردۆزی بەریەککەوتنی گەورەی پەسەند و وەرگیراو ترکرد لەنێوندە زانستیەکاندا.

پێکھاتەکانی مانگ[دەستکاری]

وێنەی پێکهاتەی ناوەکی مانگ

بەر لە چوار ملیار ساڵ و نیو ، ڕووی مانگ داپۆشرابوو بە بڵێسە گڕکانیە ھەڵگیرساوەکان ، کە وەک زەریا وابوون. توێکڵی مانگیش لەم پێکھاتە سەرەکیانە پێک ھاتووە: (یۆرانیۆم ، وپوریوم ، پۆتاسیۆم ، ئۆکسجین ، سلیکۆن ، مەگنیسیۆم ، ھایدرۆجین) و کاتێکیش کە تیشکە گەردوونیەکان ئەکەون بەسەر ئەم پێکھاتە سەرتاییانە ، ئەوا ئەم پێکھاتانە ھەڵدەستن بەڕەنگدانەوەی ئەم تیشکانە ، بەتایبەتمەندی جۆراوجۆر ، کە پشت ئەبەستێ بە سروشتی پێکھاتەی یەکەمی ھەڵگێرەڕەوەی تیشکەکان ، و بە شێوەی تیشکەکانی (گاما) ، شایانی باس کردنە ، ھێندێک لە پێکھاتە سەرتاییەکانی سەر ڕووی مانگ، تیشکەکانی گاما دەر ئەدەن بێ ئەوەی پێویستیان بەبەرکەوتنی پێکھاتە سەرتاییەکان ھەبێ ، بۆ ھەر جۆرێکی تیشکی گەردوونی ، وەک (یۆرانیۆم ، پۆتاسیۆم ، پوریوم).

بوونی ئاو[دەستکاری]

زۆر جاران نەیزەک ، و ئەستێرە کلکدارەکان خۆیان بە مانگ داداوە ، ئەمەش بە روو ئەبینرێ لە چاڵەکانی سەر رووی مانگ، زۆریش لەم نەیزەک و ئەستێرانە ئاویان ھەڵگرتووە ، و کەوتۆتە سەر ڕووی مانگ لەگەڵ ئەم نەیزەک و ئەستێرانە، وە کە گەرمایی خۆریش بەر ئاوەکە ئەکەوێ یەکسەر ئاوەکە ئەگەڕێتەوە بۆ پێکھاتە سەرەکیەکانی - ھایدرۆجین - ئۆکسجین و بڵاوئەبێتەوە بە بۆشاییدا ، و ئەگەری بوونی ئاویش وەک خۆی بمێنێتەوە ، یان ئەوەتا لەسەر ڕووی مانگ ، یان لەژێر توێکلەکەیتی، و ئەندازە و بڕی ئاوەکەش بەیەک بلیۆن مەتری چوارگۆشە مەزندە ئەکرێ.

خۆر گیران و مانگ گیران[دەستکاری]

مانگ ئەگیرێ ئەو کاتەی کە زەوی ئەکەوێتە نێوان تیشکی خۆر ، و بەشێک لە مانگ یان ھەمووی ، چونکە سێبەری زەوی ئەکەوێتە سەر مانگ ، ئەو کاتەی کە زەوی لەسەر ڕێرەوی خۆیدا بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە ، و خەڵکانی سەر زەوی مانگ وا ئەبینن، کە بەشێک لە ڕووناکیەکەی پچڕاوە. لێرەوەش ئەوە باس ئەکەین کە ، مانگ خۆی ھیچ ڕووناکیەکی سروشتی خۆی نییە ، و ئەم ڕووناکیەی کە لێشی ئەدرەوشێتەوە ، ڕەنگدانەوەی تیشکی خۆرە ، وە بۆ زەوی دێتەوە، وە خەڵکانی سەر زەوی ئەیبینن وەک ڕوناکیەکی درەوشاوە . ھیچ کاتێکیش دیاردەی مانگ گیران ڕوونادات ، تەنھا ئەم کاتەی کە مانگ تەواو بێ - مانگی چواردە - خۆر گیرانیش لەم کاتەدا ڕوودەدات کە مانگ بەری تیشکی خۆر ئەگری لەزەوی ، لەسەرتای تەواو بوونی مانگ ، واتە لە کاتی کەوانە بوونی مانگ.

دۆزینەوەکانی مانگ[دەستکاری]

وێنەی هەسارەی زەوی لەسەر ڕووی مانگەوە کە لە کۆتایی ساڵی (١٩٦٨ز) وێنەی گیراوە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی ئەپۆلۆی ٨ لەلایەن دەزگای ناسا


یەکەم کەسێک کە ھەڵسابێت بە دۆزینەوەی بەشە تاریکەکەی مانگ ، گالیسکەی بۆشاییگەری سۆڤیەتی (لۆنا ٢) بوو ، کاتێک کە ھەڵسا بە ھەندێ گەشتی خولگەیی بە دەووری مانگ، لە (١٥)ـی سێبتێمبەری ساڵی (١٩٥٩)ز، یەکەم کەسێکیش پێی نابێتە بەسەر ڕووی مانگ (نیل ئارمسترۆنگ)ـی ڕێبەری گالیسکەی بۆشاییگەری ئەمریکی (ئەپۆلۆ ١١) بوو ، لە (٢٠)ــی یۆلیۆی ساڵی (١٩٦٩)ز. ئەمە لە کاتێکدا کە شەڕی ساردی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤیەت لە لووتکەدا بوو، بۆیەش ئەم دەستکەوتە ئەمریکیە پێشبڕکییەکی دروست کرد، بەرە و بۆشایی لە نێوان یەکێتی سۆڤیەت و، وڵاتە یەکگرتووەکان. جا گەشتیاری بۆشایی (نیل ئارمسترۆنگ) تابلۆییەکی کانزایی لەسەر مانگ دانا، کە تیایدا نووسرابوو (لێرەوە بۆ یەکەم جار ھێنری یەکەم پیاوی ھەسارەی زەوی پی دانا سەر مانگ، و لە مانگی یۆلیۆ، لە ساڵی (١٩٦٩)ز، بە ئاشتی ھاتووین بەناوی گشتی مرۆڤایەتی) ، ھەرسێ گەشتیارەکە ئیمزای خۆیان لەسەر تابلۆ کانزاییەکە کرد ، بەھەمان شێوەش سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا (ڕیچارد نیکسۆن) ئیمزای کردبوو.

سەرچاوە[دەستکاری]