سەعید نوورسی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سەعید نوورسی
بدیع الزمان
لێدوان=
سەعید نوورسی ساڵی ١٩١٨
لە دایکبوون ١٨٧٨ز
مردن ١٩٦٠ز
ئورفا ، تورکیا
نیشتەجێ تورکیا
سەردەم دەوڵەتی عوسمانی
کۆماری تورکیا
سەدەی ١٩-٢٠
نەتەوە کورد
بواری زانستی تەفسیری قورئان
ناسراو بە ھۆی پەیامەکانی نوور
کاریگەر بووە بە قورئان ، ئیمام عەلی ، شێخ عەبدولقادری گەیلانی ، ئیمام غەزالی ، ئیمام ڕەببانی ، ئەبو حەسەن ئەشعەری ، جەماللەددین ئەفغانی
کاریگەری بووە لەسەر فەتحوڵڵا گولەن

سەعید نوورسی ناسراو بە بدیع الزمان (٥ی کانوونی دووەمی (مارت) ١٨٧٨ - ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٦٠) زانا و فەیلەسووفی گەورەی ئایینی ئیسلام و نووسەری سەرجەمی پەیامەکانی نوور و مامۆستای کۆمەڵەی نوور بوو.[١][٢][٣][٤][٥] لە سەردەمی خۆیدا و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا زانایانی ئایینی ئەو کاتە نازناوی بدیع الزمانیان (واتە زانای سەردەم) لێناوە.[٦]

لە دوای ڕووداوی ٣١ی مارت لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی تورکیاوە گیرا و فەرمانی بەسەردا درا، بەڵام پاشان کە زانرا بێ تاوانە ئازاد کرا. لەسەر داوای مستەفا کەمال پاشا هات بۆ ئەنقەرە و چاوی پێکەوت و ماوەیەک لەوێ مایەوە. پاشان چوو بۆ شاری وان . لە پاش ماوەیەک دوورخرایەوە بۆ بارلا ، وە پاشانیش بەهۆی نووسینی چەند کتێبێکەوە دوورخرایەوە بۆ بوردور ، ئیسپارتا ، کاستامۆنو لە پاشانیش بۆ ئەمیرداغ. وە بەهۆی کتێبەکانیەوە فەرمانی بەسەردا درا و لەو سەردەمانەدا بە چەندەها مانگ لە بەندیخانەکانی ئێسکی شەهر، دەنیزلی، ئافیۆن گیراو وە پاشانیش خۆیی و کتێبەکانیشی خاوێن و بێ تاوان دەرچوون.

لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ز. دا لە شاری ئورفا کۆچی دوایی کردووە. بەڵام لە ١٢ی تەمووزی ١٩٦٠ دا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە گۆڕەکەی هەڵدرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار کە تا ئێستا نەزانراوە دوورخرایەوە.[٧]

بە شوێن کەوتووەکانی دەوترێت (نوورەکان) یان (کۆمەڵەی نوور). کۆمەڵەی نوور ئەو کتێبانە دەخوێنن (سەرجەمی پەیامەکانی نوور) کە پێکهاتوون لە چەندەها بیروباوەڕی دینی.

ژیانی[دەستکاری]

سەعید نوورسی لە ساڵی ١٨٧٨ز لە شاری بەدلیس و قەزای ھیزان و شارۆچکەی ئیسپاریت و لە گوندی نوورس (ئێستا پێی دەڵێن کەپیرلی) لە دایکبووە. باوکی ناوی میرزایە و دایکیشی ناوی نوورییە یە. ژیانی نوورسی وەکو خۆی دەڵێت بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە "سەعیدی کۆن" ، "سەعیدی نوێ" ، "سەعیدی سێیەم". وەک لە کتێبەکانیدا باسی دەکات تا تەمەنی ٤٥ ساڵی بە قۆناغی "سەعیدی کۆن" دادەنێت. "سەعیدی کۆن" خزمەتی ئیمان و ئیسلام بە رێگای سیاسەت دەکات. بەڵام بەو ڕوداوانەی کە دواتر بەسەری دێت بە تەواوی ڕای دەگۆڕێت و دووردەکەوێتەوە لە سیاسەت.[٨]. ھەروەھا چوارەم مناڵی خانەوادەکەیانە کە یەک لە دوای یەک ئەمانەن (دورریە خانم ، عەبدوڵڵا ، سەعید ، محەمەد ، عەبدولمەجید ، مەرجان). بە ھەوڵ و تەقالای خۆی شارەزایی لە زانستەکانی ڕۆژگاردا ، وەک (کیمیا ، فیزیک ، زیندەزانی ، جیۆلۆجی ، بیرکاری ، گەردوونناسی ، جوگرافیا ،..ھتد) پەیدا کردووە. یەکەم کەسە کە ھەوڵی داوە بۆ دامەزراندنی زانکۆ لە کوردستاندا و کردنەوەی قوتابخانەی کوردی و خوێندنی وانەی زانستەکانی سەردەم شان بە شانی زانستە ئاینییەکان. گەورەترین کەسایەتی کوردی ئەم سەردەمە و مەزنترین زانایە کە لە دوای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە ناو نەتەوەی کورددا ھاتووەتە دنیاوە و ناوبانگی جیھانی بۆ درووست بووە و ، لە ڕووبەرێکی فراوانی سەر زەویدا سوود لە بەرھەمەکانی وەردەگیرێت.

زیاتر لە سەد و سی کتێب و نامیلکەی لە ژێر ناونیشانی (سەرجەمی پەیامەکانی نوور)دا نووسیوە و بڵاوی کردوونەتەوە. وەرگێڕانی سەرجەمی پەیامەکانی نوور بۆ زمانی عەرەبی لەلایەن (ئیحسان قاسم صاڵحی)یەوە تەواو بووە و لە دە دانە بەرگی قەشەنگدا و لە ھەردوو شاری ئەستەمبوڵ و قاھیرە چەند چاپێکی یەک لە دوای یەکیان تا ئێستا لێ بڵاو کراوەتەوە. بەشێکی زۆریشیان لەلایەن ماری وێڵد (شوکران واحید)ەوە کراون بە زمانی ئینگلیزی. بەشێکی ئەم پەیامانە بۆ ئەم زمانانەی خوارەوەش وەرگێڕدراون ، کە تا ئێستا کاری وەرگێڕان تیایاندا بەردەوامە : (ئەڵمانی ، فەڕەنسی ، ڕووسی ، ئوردوو ، فارسی ، ئیتاڵی ، گوجەراتی ، مەلایا ، ڕۆمانی ، چینی ، بولگاری ، پورتوگالی ، ئەلبانی ، بۆسنی ، ئیسپانی ، مەقەدۆنی..ھەروەھا گەلێ زمانی تریش.

لەو کاتەی کە "سەعیدی کۆن" گۆڕا بە "سەعیدی نوێ" کتێبی (فتوح الغیب) ی شێخ عبدالقادری گەیلانی کاریگەرییەکی گەورەی دروست کرد لەسەر سەعید نوورسی.[٩] بەشی زۆری (پەیامەکانی نوور) لە سەردەمی "سەعیدی نوێ" دا نووسراوە. سەعید نوورسی بە کورتی سەبارەت بە جیاوازی نێوان "سەعیدی کۆن" و "سەعیدی نوێ" دەڵێت " سەعیدی کۆن زیاتر بە پێی مێشکی دەڕۆیشت ، بەڵام سەعیدی نوێ ھەم بایەخ بە مێشک دەدات و ھەم بە دڵیش"

لە دوای بەندیخانەی ئافیۆن لە ساڵی ١٩٤٨ بە قۆناغی "سەعیدی سێیەم" دادەنێت.[١٠]

سەعیدی کۆن[دەستکاری]

سەعید نوورسی بە ناوەکانی زانای سەردەم "بدیع الزمان" ، "مەلا سەعید" ، "مەلا سەعیدی-مەشھوور" ، "سەعیدی نوورسی" و "سەعیدی کوردی" ناسرابوو. یەکەم دەستپێکردنی خوێندنی لە گوندی نوورس لەلای کاک عەبدوڵڵای برا گەورەی بوو. لە تەمەنی ٩ ساڵیدا (١٨٨٧) چوو بۆ گوندی "تاغ" و لە قوتابخانەکەی مەلا محەمەد ئەمین ئەفەندی دەستی کرد بە خوێندن. لە ساڵی ١٨٨٨ قوتابخانەی تەواو کرد.[١١] لە کتێبی (مێژووی-ژیان) نووسیویەتی کە لە گوندی "تاغ" بوو زۆر گرنگی پێ دەدرا بەڵام قوتابیەکان ئەمەیان پێ ناخۆش بوو لەبەر ئەوە قسەی ناشرینیان پێ دەوت لەبەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان. دوای ئەوەی کە لە گوندی "تاغ" گەڕایەوە ھەفتەی یەک جار (کە کاک عەبدوڵڵای برای سەردانی ماڵەوەی دەکرد) دەرسی لێ وەردەگرت. لە ماوەی پێنج ساڵدا لە قوتابخانەکانی "مەلا محەمەد ئەمین ئەفەندی ، میر سەعید وەلی و مەلا محەمەد ئەفەندی" دەرسی خوێند. وەک لە پەیامەکاندا نووسراوە کە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا توانی "قورئانی پیرۆز خەتم بکات و بۆ ماوەی سێ مانگ لە قوتابخانەی شێخ محەمەد جەلالی بخوێنێت و وە ڕۆژانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر کتێب بخوێنێتەوە و یەکسەر لەبەری بکات و وە ھەروەھا بێجگە لەو کتێبانەی کە قوتابخانەدا دەی خوێندن زۆر کتێبی تریش بخوێنێتەوە. وە دوای ئەمە لەوێ ئیجازە وەردەگرێت و لەوێ دەڕوات. لەم ماوەیەدا گفتوگۆی زۆری لەگەڵ مامۆستاکانیدا دەکرد بەڵام قوتابیەکان ئەمەیان پێ ناخۆش بوو وە ئیرەییان پێ دەبرد و ھەندێک جاریش دەبوویە شەڕیان. ڕۆژێکیان یەکێک لە خزمەتکارەکانی ئاغای "جەزیرە" بە مەبەستی کوشتنی سەعید نوورسی دەیەوێت شمشێرەکەی دەربکات بەڵام شمشێرەکەی لە بەرگەکەی گیر دەبێت و ناتوانێت ھیچ بکات ، سەعیدیش دەیخاتە ئاوێکی ساردەوە و پاشان دەری دەھێنێتەوە. لە دوای ماوەیەک سەعید بۆ بەڕێ کردنی زستان دەگەرێتەوە بۆ گوندەکەیان.

شەوێکیان لە خەویدا دەبینێت کە قیامەت ڕوویداوە و ھەموو خەڵکی بەسەر پردی "صرات" دا دەپەڕێنەوە ، ئەویش دەڕواتە سەر پردی صرات و ڕادەوەستێت تا دانە دانە ھەموو پێغەمبەران دەبینێت وە لە کۆتایدا پێغەمەرمان "موحەممەد(د.خ)" دەبینێت و لە خەوەکەی ڕادەچڵەکێت. وە بەھۆی ئەم خەوەوە داوای درێژە پێدانی خوێندن لە باوکی دەکات و لەسەر ئیزنی باوکی دەچێت بۆ قوتابخانەی " میر حەسەن وەلی" .

بەھۆی ئەوەی سەعید نوورسی لە بابەتە ھەرە ئاڵۆزەکان تێدەگەیشت و بە ماوەیەکی کەم کتێبی لەبەر دەکرد و بابەتە زانستیەکانی بە قوڵی دەزانی ، بووە ھۆی سەرسامی "مەلا فتح اللە ئەفەندی" و بەو ھۆیەوە نازناوی (بدیع الزمان)ی لێنا.[١٢][١٣][١٤][١٥]

دوای ماوەک دێت بۆ شاری بەدلیس و کەسایەتی دەگۆڕێت و وە ھەروەھا دەبێتە جێی سەرنجی "عمر پاشا"ی والی بەدلیس و ژوورێکی دەداتێ بۆ بەردەوام بوونی لە خوێندن. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە "پەیامەکانی نوور"ەوە وەرگیراوە "سەعید نوورسی" بۆ ماوەی دوو ساڵ لێرە درێژە بە خوێندنەکانی دەدات و پاشان لەلایەن والی شاری وانەوە دەعوەت دەکرێت و ئەویش دەچێت و لە وانیش بۆ ماوەی دە ساڵ لەو ژوورەی کە والی وان بۆی دابین کردبوو درێژەی بە خوێندنە زانستیەکانی دەدات. لە دوای ماوەیەک کە "حەسەن پاشا"ی والی وان دەستی لە کار کێشایەوە ، "تاھیر پاشا" بوو بە والی تازەی وان و پەیوەندی لەگەڵ "سەعید نوورسی" دا زۆر باش بوو ، وە لەو ژوورەی کە دەرسی تیایدا دەخوێند بەردەوام بوو . وە ھەروەھا قوتابخانەیەکیشی ھەبوو کە دەرسی بە تەلەبەکانی دەخوێند.

سەعید نوورسی بۆ خوێندنی زانستە گشتیەکان و زانستی ئیسلامی ، دەمێک بوو بیری لە دروست کردنی زانکۆیەک کردبوەوە و بۆ گەیاندنی داواکەی بە حکومەت لە ساڵی ١٩٠٧ چوو بۆ ئەستەمبوڵ . وەک برایەتی کردنێک لەگەڵ "زانکۆی الآزھر" لە میسر ناوی "مدرسة زھراء"ی لەم زانکۆیە نابوو. مەبەستی "سەعید نوورسی" لە دروستکردنی ئەم زانکۆیە خوێندنی "زانستە گشتیەکان" و "زانستی ئیسلامی" بوو. وە بە ھەرسێ زمانەکانی عەرەبی و تورکی و کوردی لەم زانکۆیەدا بخوێنرێت. کە ھات بۆ ئەستەمبوڵ یەکەم جار چوو بۆ ماڵی "فەریق ئەحمەد پاشا". دوای ئەوە داوای لە حکومەت کرد کە دەیەوێت لە ڕۆژھەلاتی ئەستەمبوڵ زانکۆیەک دروست بکات بەڵام حکومەت وەڵامی نەبوو. پاشان دوای دوو مانگ مانەوە لە ئەستەمبوڵ چوو بۆ مزگەوتی "فاتیح" و لەوێ لە خانەی "شەکەرجی" مایەوە. وە شتێکی سەیر لێرە ڕوویدا کە بووە ھۆی سەرنج ڕاکێشانی ھەموو زاناکان ئەویش ئەوە بوو کە لەسەر دەرگای ژوورەکەی نووسیبووی " لێرە وەڵامی ھەموو پرسیارێک دەست دەکەوێت و ھەموو دەردێک چارەسەر دەکرێت بەڵام پرسیار لە کەس ناکرێت ".[١٦]

لە نێوان ساڵەکانی (١٩١٥-١٩١٧) لە جەنگی نێوان "دەوڵەتی عوسمانی" و "ڕووسەکان" لە شەڕی "قەفقاس" دا وەکو بەرپرسێکی گەورە بەشداری لە جەنگی جیھانی یەکەمدا کرد.[١٧] پاشان لە ساڵی ١٩١٦ دا لە شەڕی بەرگری کردن لە شاری بەدلیس لەگەڵ "ڕووسەکان" بریندار کراو بە ئەسیر کەوتە دەست "ڕووسەکان" ، بۆ ماوەی یەک ساڵ لە کەمپینی ڕووسەکاندا مایەوە. لە ساڵی ١٩١٧ لە کامپینی "کۆسترۆما" لە دەست ڕووسەکان ھەڵھات و بەرەو ئەستەمبوڵ گەڕایەوە. کە گەڕایەوە بۆ ئەستەمبوڵ چووە ڕیزی بەرزترین کۆمەڵەی فەتوای ئەو سەردەمە کە ئەویش کۆمەڵەی "الدار الحکمة الآسلامیة" بوو ، وە بووە ئەندامێکی ئەو کۆمەڵەیە.

پاشان سەرکردەکانی کۆمەڵەی "ھەڵاتنی کورد" داوایان لێ کرد کە بچێتە کۆمەڵەکەیان ، بەڵام سەعید نوورسی داواکەیانی ڕەت کردەوە. لە دوای ١٥ی شوباتی ١٩١٩ چووە کۆمەڵەی "ھەڵاتنی ئیسلام" و لەگەڵ کۆمەڵەی "المدرسیین" دا مایەوە کە پێک ھاتبوون لە "مستەفا سابری ، مامۆستا محەمەد عاتف و ساففەت ئەفەندی". وە لە ساڵی ١٩١٩ دا دەستی کرد بە نووسینی کتێبی "مەسنەویەی نوورییە".

بەھۆی ئەو دەعوەتانەی کە "مستەفا کەمال ئەتاتورک" و والی پێشووی وان "تەحسین پاشا" کردبوویان چوو بۆ شاری ئەنقەرە و بۆ ماوەیەک لەوێ مایەوە. وەکو دووەم گوێگری "کۆبوونەوەی میللی" بەشداری کردووە. بەھۆی ئەو بەیاننامەیەی کە پێشکەشی کرد بە حکومەت بۆ چاککردنی ڕەوشی تورکیا ، لەلایەن چەند کەسێکەوە زۆر بەتوندی بەرپەرچی درایەوە. لە پاڵ ئەمەشدا ھەر وازی لە داوای دروست کردنی زانکۆی "زەھرا" نەدەھێنا.

سەعیدی نوێ[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٢٥ دا کە دوور خرایەوە بۆ بوردور کتێبی "دەرگای یەکەمی نوور" ی نووسی. پاشان دوور خرایەوە بۆ بارلا. لێرە دەستی کرد بە نووینی سەرەتای پەیامەکانی نوور ، ھەردوو کتێبی وتەکان و مەکتوبات بە تەواوی و بەشێکی زۆری بریسکەکانی لێرە نووسییەوە.

لە ساڵی ١٩٣٤ لە "بارلا"وە دوور خرایەوە بۆ ئیسپارتا. لە ساڵی ١٩٣٥ دا بەھۆی دانانی "کۆمەڵەیەکی نھێنی" کەوتە دادگای جەزای قورسی شاری ئێسکی شەھیر و لە ئەنجامی دادگایدا ، بەھۆی نووسینی "پەیامی تەسەتتور" خۆی ١١ مانگ کەوتە زیندان و ١٦ تەلەبەشی بۆ ماوەی ٦ مانگ زیندانی کران. لە ساڵی ١٩٣٦ کە کاتی زیندانیەکەی تەواو بوو بۆ ماوەی ٧ ساڵ دوور خرایەوە بۆ "کاستامۆنو".

لە ساڵی ١٩٤٣ خۆی و ١٢٠ لە تەلەبەکانی بە ئیدعای "ڕووخاندنی بنەڕەتی ڕژێم" جارێکی تر گیرایەوە و لە بەندیخانەی "دەنیزلی" بۆ ماوەی ٩ مانگ زیندانی کرا ، بەڵام بێ گوناە دەرچوو ئەم جارەشیان گوازرایەوە بۆ "ئەمیرداغ" و لەوێ بە زۆر ڕابەریان پێ دەکرد. لە ساڵی ١٩٤٧ خۆی و ٥٤ تەلەبەی لە بەندیخانەی ئافیۆن بۆ ماوەی ٢٠ زیندانی کرا. دیسانەوە دوور خرایەوە بۆ "ئەمیرداغ". لە‌شۆڕشی شێخ سە‌عیدی پیراندا لە‌و دە‌مە‌دا لە‌ کاتی سە‌رھە‌ڵدانە‌کە‌ دا ئە‌لبای حولیسی یە‌حیا گلی دە‌چێتە‌ لای سە‌عید نە‌ورسی سە‌بارە‌ت بە‌ سە‌رھە‌ڵدانە‌کە‌یان لە‌گە‌ڵی دە‌دوێت ، ئە‌و کاتە‌ نورسی پێی دە‌لێ دە‌بێ ھیچ باوە‌رمە‌ندێک دە‌ستی نە‌چێتە‌ خوێنی گە‌لی کورد.

سەعیدی سێیەم[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٥٢ بە ھۆی نووسینی کتێببی "ڕابەری گەنجان" بانگ کرا بۆ ئەستەمبوڵ و ئەم جارەش بە بێ تاوان دەرچوو. لە ١٩٥٣ گەڕایەوە بۆ "ئەمیرداغ". بۆ جاری دووەم ھاتەوە بۆ ئەستەمبوڵ و بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو لەوێ مایەوە. وە لە دوای ئەمە ژیانی بە زۆری لە "ئەمیرداغ" و "ئیسپارتا" بەسەربرد. وە دوای ئەم ماوەیە ئەو پەیامانەی نوور کە نووسرابوون بڵاو بوەوە بەناو خەڵکیدا و سەرنجی ڕادەکێشان. بەم ئامانجەوە لە زۆربەی شار و گوندەکان دا بە نووسینی دەست و یاخود وتنەوەی لە ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەو بەشەکانی ڕۆژھەلات دا بڵاو بوویەوە. وە لەم ماوەیەدا چەندین دەعواو و شکاتیان لە خۆی و تەلەبەکانی کراو زۆربەشیان لە دادگاکاندا بوو. لە ساڵی ١٩٥٠ کە پاتی دیموکرات ھاتە سەر حوکم ھیچ ڕێگرییەکی لە بەردەم کۆمەڵەی نوور و پەیامەکانی نووردا دانەنا و لەم ماوەیەدا پەیامەکانی نوور چاپکران و لە تورکیا و پاکستان و ئەمریکا و ئیتاڵیا بڵاو بویەوە.[١٨]

لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ دا لە شاری ئورفا وەفاتی کردوو لە گۆڕستانی "خلیل الرحمن" نێژرا ، بەڵام لە ١٢ی تەمموزی ١٩٦٠ دا لەلایەن حکومەتەوە گۆڕەکەی تێکدراو برا بۆ شوێنێکی نادیار.[٧]

سەعید نوورسی لە ساڵی ١٩١١، لە کتێبی مونازەرات دا وتە «مردن رۆژی نەورۆزی ئێمە یە». لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ دا، ٢ رۆژ پشتی نەورۆز لە سبەھی شەوی لەیلەتولقەدر دا وەفات کردووە.

جەنگی جیهانی یەکەم[دەستکاری]

ھەرچەندە سەعید نوورسی ڕای وابوو دەوڵەتی عوسمانی بە جەنگەوە نەگلێت، بەڵام ھەر ئەوەندەی بەشداری دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگدا ڕاگەیەنرا، یەکسەر خۆی‌ و قوتابیەکانی ھاوبەشییان لەو جەنگەدا کرد دژی ڕوسیای قەیسەری، کە لە چەندین جەنگی گرنگدا بەشداری ئازاو بەجەرگانەی جیھادیان کردو، ھێندە ئازایەتی‌ و توانا و لێھاتنی لەو جەنگەدا نواند کە سەرنجی فەرماندەی سوپا و تەنانەت چاودێرە بیانییەکانیشی ڕاکێشابوو.[١٩]

کاتێک کە سوپای ڕووس بە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە سوپای داگیرکەران ڕژانە ناو شاری بەدلیسەوە بەدیعوززەمان‌ و قوتابیەکانی بەرگیرییەکی مەردانە و فیداکارانەیان لە شارەکەیان دەکرد، تا لە ئەنجامدا بە سەختی پێکراو لە ھۆشی خۆی چوو، ئینجا رووسەکانیش لە (٢/٣/١٩١٦) دا بە برینداری دیلیان کرد و بردیان بۆ بەندیخانەی ئەفسەرە دیلەکان لە شاری کۆسترمای سیبیریا و، لە ماوەی دیلیدا بەردەوام وانەی ئیمانی بە ئەفسەرە دیلەکانی ھاوڕێی دەوت کە ژمارەیان نەوەد کەس بوو.[١٩] ھەر لەو ماوەیەدا‌ و لەبەر نواندنی ھەڵوێستێکی بە جەرگانەی ئەو زانا‌ و موجاھیدە خاوەن عیززەتی ئیسلامە و، ھەڵنەسانی لە بەر سەرکردەیەکی گەورەی سوپای ڕووس، لە پەتی سێدارەو بە دەستھێنانی پلەی شەھیدی نزیک بووەوە، بەڵام خودای گەورە بە سەری بەرزەوە ھێنایەدەرو ڕزگاری کرد لە حوکمی لە سێدارەدان.[١٩]

ڕزگاربوونی لە دیلی[دەستکاری]

پاشان بە جۆرێکی گەلێ سەرسوڕھێنەر‌ و ناوازە و بە چاودێرییەکی ئاشکرای پەروەردگار لە دیلی ھەڵھات‌ و، لە ڕێی (وارشۆ، ئەڵمانیا، ڤیێنا) گەڕایەوە وڵات. کە لە بەرواری (١٧/٦/١٩١٨) دا گەیشتەوە ئەستەمبوڵ و مەدالیای جەنگی خەڵات کراو، لەلایەن خەلیفە و شێًخولئیسلامی دەوڵەتی عوسمانی و سەرکردەی گشتی سوپا و قوتابییانی زانستە شەرعییەکانەوە پێشوازییەکی ناوازە و ڕەنگینی لێ کرا، ھەروەھا کاربەدەستان داوایان لێ کرد کە ھەندێ فەرمانی بەرز لە دەوڵەتدا بگرێتە ئەستۆی، بەڵام مامۆستا ھیچیانی نەویست جگە لە ئەندامێًتی (دار الحکمة الإسلامیة) کە دەزگایەکی زانستی ئەوتۆ بوو گەورە زانایانی تێدا دەکران بە ئەندام.[١٩] لە ماوەی ئەم ئەندمێتیەیدا زۆربەی نووسراوە عەرەبیەکانی خۆی چاپ کرد، وەک: تەفسیرە بەنرخەکەی کە ناوی (إشارات الإعجاز في مڤان الإیجاز)ە و، لە گەرمەی جەنگدا داینابوو، کە ئێستا لە بەشی خوێندنی دکتۆرای وانەی تەفسیر لە زانکۆی ئەزھەر بە دەرس دەخوێنرێت.[١٩]

بیرو بۆچوونەکانی[دەستکاری]

مەدەنیەت[دەستکاری]

سەعید نوورسی لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا پشتگیری تەواوی لە مەدەنیەت بوون کردووە ، بەڵام پشتگیری مەدەنیەت بوون بە شێوازی ڕۆژئاوا یان ئەوروپا نەکردووە و ڕەتی کردووەتەوە. لە بابەتی مەدەنیەت بووندا لە چەند شوێنێکی پەیامەکانی نووردا نموونەی یابانیەکان بۆ عوسمانیەکان هێناوەتەوە کە وەک ئەوان بن. لەم بارەشەوە لە پەیامەکانی نووردا لە یەکێک لە بەشەکاندا نووسراوە :


   
سەعید نوورسی
بۆ بە دەست هێنانی مەدەنیەت پێویستە نموونە لە یابانیەکان وەربگیرێت کە ئەوان لە پاش ئەوەی کە هەموو لایەنە باشەکانی مەدەنیەت بوونیان وەرگرت ، لە پاڵ ئەمەدا نەریتە نەتەوەییەکانی خۆیان لە دەست نەداو پاراستیان کە سەرچاوەی ڕەوشتیان بوو
   
سەعید نوورسی

زیرەکی و لێهاتوویی[دەستکاری]

زیرەکی و زەین ڕۆشنی و توانای لەبەرکردنی هێندە کەم وێنە و لە ڕادەبەدەر بووە کە توانیویەتی نزیکەی "نەوەد" کتێبی مەتنە سەرەکیەکان لەبەر بکات ، لە بابەتەکانی ( نەحو ، صەرف ، تەفسیر ، حەدیث ، فیقهی ئیسلامی..هتد) . جگە لەمانەش هەر لە سەرەتای فەرهەنگی بەناوبانگی "قاموس المحیط"وە تا دەگاتە "باب السین"ی ئەو فەرهەنگەی لەبەر کردووە و ئینجا بە ماوەی یەک هەفتەش کتێبی "جمع الجوامع"ی سەر بە زانستی ئوصوڵی فیقهی خوێندووە و لەبەریشی کردووە!

ئەو ڕووداوەی کە ژیانی گۆڕی[دەستکاری]

لە ساڵی ١٨٩٧ز دا مامۆستا سەعید هەواڵێکی لە ڕۆژنامە ناوخۆییەکاندا خوێندەوە کە بریتی بوو لەوەی کە "گلادستۆن"ی وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا نوسخەیەکی قورئانی بە دەستەوە گرتووە و بە ئەندامانی پەرلەمانی وتووە : ( هەتا ئەم قورئانە لە ناو موسوڵماناندا بمێنێت ئێمە ناتوانین حوکمڕانیان بکەین ، کەواتە چار تەنها ئەوەیە کە قورئان لەسەر زەویدا نەهێڵین ، یاخود پەیوەندی موسوڵمانەکانی پێوە ببچڕین )! ئەم هەواڵە تەزووی بە جەستەی "بدیع الزمان"دا هێنا و حەوانەوە و سرەوتی لێ بڕی و بۆ هەموو کەسانی دەوروبەی خۆی بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە : ( دەبێ بە بەڵگە بۆ هەموو جیهان بچەسپێنم و پێیان بسەلمێنم کە قورئان خۆرێکی مەعنەویە تیشکی ئەو خۆرە هەرگیز کز نابێت و ڕووناکیەکەشی بە هیچ کەسێک ناکوژێتەوە ).

مژدەی پێدانی زانستی قورئان لەلایەن پێغەمبەرەوە[دەستکاری]

هەر لە تافی لاوی و لە خەونێکی ڕاستدا بە خزمەتی پێغەمبەر شەرەفمەند بووە و داوای (زانستی قورئان)ی لێ کردووە ، حەزرەتیش لەو خەوەدا مژدەی داوەتێ کە :"سیوهب لک علم القرآن ما لم تسأل شیئا من الامة"! واتە زانستی قورئانت پێ دەبەخشرێت بە مەرجێک "سوئال"ی هیچ شتێک لە نەتەوەکەم نەکەیت. ئەویش تا لە ژیاندا ما سوئالی لە کەس نەکرد ، نە بە واتای "پرسیار" و نە بە واتای "سواڵکردن" تەنانەت لە موحتاجترینی کاتەکانی تەمەنیدا دیاری و سەدەقە و زەکاتیشی لە خەڵکی وەرنەگرتووە!

تایبەتکاری پەیامەکانی نوور[دەستکاری]

گرنگترین تایبەتکاری ئەم پەیامانە لەوەدایە کە : تەفسیرێکی خەستوخۆڵی ڕاستیەکانی قورئانەوە و بە ئینسایکڵۆپیدیا (مەوسوعە)یەکی ئیمانی بایەخدار دادەنرێن و بە دەم خواستە ئیمانیەکانی خەڵکی سەردەمەوە دەڕۆن و ئیمانی تەحقیقی لە دڵ و دەروون و بیر و ژیری مرۆڤی هاوچەرخدا دادەمەزرێنن و بینای کوفر و ئیلحاد لە بنج و بێخدا هەڵدەتەکێنن و ، قەڵای مەحکەمن و بۆ ئیمانداران و گرنگترین و چەکی پێشکەوتووی "ئیمان"ن لەم سەردەمەدا ، کە نوێترین و چەکی فرت و فێڵی کوفر و ئیلحادی تێدا بەکار دەهێنرێت!

پەیامەکانی نوور لە دوای وەفاتی مامۆستا نوورسی[دەستکاری]

  • لە دوای خۆی ، قوتابیە دڵسۆزەکانی بەوپەڕی چوست و چالاکی پەیامەکانی نووریان بە خەڵکی گەیاند و بە ئاستە زانستی و فیکریەکانی ناوخۆ و جیهانیان ناساندن و گەورە بیریاران (مفکرین)ی ئیسلامی و جیهانیان پێ ئاشنا کردن.
  • تا ئێستا لە تورکیادا هەشت کۆنگرەی جیهانی و دەیان کۆڕ و سیمیناری ناوخۆیی لەسەر ژیان و بیری مامۆستا نوورسی گیراوە. هەروەک لە چەندین شوێنی تری جیهاندا چەشنی ( میسر و مەغریب و جەزائیر و ئەردەن و مالیزیا و ئوسترالیا و ئەندۆنیسیا و یەمەن و چاد و ئەڵمانیا و بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا و فلیپین و شوێنانی تریش ) کۆنگرەی جیهانی و کۆڕ و سیمیناری زانستیی لە ئاستە ئەکادیمیەکاندا لەسەر پێشکەش کراوە. جگە لەو دەیان لێکۆڵینەوە و باس و کتێبانەی کە بە زمانە جیاجیاکان بۆ ئەم مەبەستە نووسراون و جگە لەو نامە زانکۆیی و ئەکادیمیانەش کە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە جەندەها زانکۆی ناوخۆ و جیهاندا ( هەر لە مالیزیاوە تا دەگاتە فەڕەنسا ) لەسەر ژیانی "مامۆستا نوورسی" خۆی و لەسەر پەیامەکانی نووسراون و ئامادە کراون.
  • لە چەند زانکۆیەکی جیهاندا زانست و بیری "مامۆستا نوورسی" لە ناوەندی مەنهەجە ڕەسمیەکان و سەرچاوە زانستیەکاندا دانراون و بە دەرس دەخوێندرێن ، وەک زانکۆی ئەزهەری میسر و زانکۆی "محمد الخامس" لە مەغریب و زانکۆی ئیسلامی جیهانی لە مالیزیا.

کۆنگرەی جیھانی[دەستکاری]

تا ئێستا زیاتر لە پازدە کۆنگرەی جیھانی و دەیان کۆڕی زانستی و پێشبڕکێی ڕۆشنبیری لە ئاستی جیھاندا لەسەر کراوە و دەیان کتێب و سەدان لێکۆڵینەوەی لەسەر نووسراوە، چەندین بەڵگەنامەی زانکۆییشی لە خوێندنی باڵا لە سەر وەرگیراوە.

دواھەمین کۆنگرەی جیھانی لەسەر مامۆستا سەعید نوورسی لە شاری ئەستەمبوڵ لە بەرواری (٢٠١٠/١٠/٣)دا سازکرا و چەندین کەسایەتی زانستی لە (٤٤) وڵاتەوە بەشدارییان تێداکرد کە توێژەرانی (٣٣) وڵات لەوانە (١٠٥) توێژینەوەی زانستییان پێشکەش کرد.

بەرهەمەکانی[دەستکاری]

  • وتەکان (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • مەکتووبات (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • بریسکەکان (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • تیشکەکان (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • پاشبەندەکان (وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • پاشبەندەی بارلا
  • پاشبەندەی قەستەمۆنی
  • پاشبەندەی ئەمیرداغ
  • مێژووی ژیان
  • ‌الإشارات الإعجاز
  • مەسنەوی نوورییە
  • سکەیی تصدیقی غەیبی
  • عەسای موسا
  • زولفەقار
  • سراجی نوور
  • تلسمەکان
  • ئاساری بەدیعیە (ئەسەرەکانی پێشین)(بە ناوی «داوەری‌یەکان» وەرگێڕدراوە بۆ کوردی)
  • موحاکەمات
  • مونازەرات
  • خوتبەی شامیە و خوتوواتی ستە
  • شەهادەتنامەی دوو مەکتەبی موسیبەت (یاخوود دیوانی حەربی عورفی و سەعیدی کوردی)
  • ...

فیلم[دەستکاری]

  • (Hür Adam) بە کوردی پیاوی ئازاد "٢٠١٠"
  • Bediüzzaman : Said Nursi Çizgi Film (بدیع الزمان : سەعید نوورسی_فیلم کارتۆن)
  • Allah'ın Sadık Kulu (بەندەی ڕاستگۆی خوا)

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. Mektubat, Yirmi Dokuzuncu Mektup, s.407
  2. مەکتووبات, مەکتووبی بیست و نۆیەم , لا.٤١٠
  3. Divan-ı Harb-i Örfî, s.20
  4. Divan-ı Harb-i Örfî, s.161
  5. Divan-ı Harb-i Örfî, s.169
  6. "Bediüzzaman Said Nursi (Ocak-Mart 1878 - 23 Mart 1960)" Köprü dergisi- Bahar 2000-70. Sayı URL erişim tarihi: 19 Temmuz 2011
  7. ٧٫٠ ٧٫١ قسەکەر تەنها حەقیقەتە
  8. Said Nursi, Şualar - On Dördüncü Şua s.426
  9. Lem'alar - 8.Lem'a - Envar Neşriyat s.49
  10. مێژووی ژیانی سەعید نوورسی - ژیانی ئیسپارتا - لا.٥٢٥
  11. Said Nursi Tarıhçe-i Hayatı, Envar Neşriyat, sh.32
  12. Tarihçe-i Hayat | Birinci Kısım : İlk Hayatı | ٤١
  13. Bediüzzaman Said Nursi, İçtimai Reçeteler, İstanbul 1990, C.1, s. 23
  14. Abdülkadir Badıllı, Bediüzzaman Said Nursi: Mufassal Tarihçe-i Hayatı, İstanbul 1990, C.1, s.76
  15. Emre Aköz, Bir rüya gördü hayatı değişti, Sabah
  16. Tarihçe-i Hayat | Birinci Kısım : İlk Hayatı | ٤٥
  17. Said Nursi Tarıhçe-i Hayatı, Envar Neşriyat, sh.107
  18. Said Nursi Tarihçe-i Hayatı - Isparta Hayatı - Envar Neşriyat s.527
  19. ١٩٫٠ ١٩٫١ ١٩٫٢ ١٩٫٣ ١٩٫٤ http://www.miyanrewi.org/babetekan/34


سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ژیاننامەی سەعید نوورسی : (نووسەر : حبیب محمد سعید)
  • کتێبی وتەکان (سەعید نوورسی)
  • پوختەی ژیانی بدیع الزمان ؛ سەعید نوورسی (فارووق ڕەسوول یەحیا)
  • ویکیپێدیای تورکی